۸/۰۷/۱۴۰۲
شێرە و شێراو
یەغدان
یەغدان یان یەخدان سندووقێکی بڕێک گەورەی لە دار و تەختەیە کە دوای هەڵبەستران، تەنەکەی گاڵوانیزەکراوی نەخشێندراو لەسەر دەدرا. زۆر جار دیوی ژوورەوەشی ڕۆژنامە و کاغەزی لێدەدرا. لە هێندێک شوێن باوەڵیشی پێ دەگوترێ. یەغدان لە موکریان ئەو جلوبەرگە تازە و خاوێنانەی تێدا هەڵدەگیرا کە بۆ ڕۆژانی جێژن و شایی دەبەر دەکران. جاری وابوو بۆ بۆنخۆشی چەند ڕۆژێک شەمامەی تێدا دادەندرا یان پاییزان بەهێیەکیان تێداویشت. سندووقێکی هەر لەو گوێنە بەڵام بچووکتریش هەبوو کە پتر بۆ هەڵگرتنی کاغەز و ناسنامە و بەڵگە و شتی لەو بابەتە کەلکی لێ وەردەگیرا و ئەوە مجری"یان پێ دەگوت.
سەبارەت بە بنەمای وشەی یەغدان، ئەگەرچی یەغ لە زمانی تورکیدا واتای ڕۆن و چەورییە بەڵام یەغدان ناتوانێ وشەیەکی تورکی بێ. لانیکەم پاژی دووهەمی وشەکە کە لە پێکهێنانی زۆر وشەی وەک خوێدان، قەندان و..دا دەوری هەیە، پاشگری هەڵگرتن و پاراستنە و کوردییە. لە بواری بەکارهێنانیشدا یەغدان پێوەندیی بە ڕۆن و شتی لەو جۆرە نییە. هەروەها پێوەندی بە یەخ و سەهۆڵیشەوە نییە وەک هێندێک کەس پێیان وایە. یەغدان زیاتر جێگای هەڵگرتن و بە خاوێنی ڕاگرتنی جلوبەرگ و قوماشی خاوێن و تازەیە. بەو پێیە وشەکە دەبێ پێوەندی بە جلوبەرگ و پارچە و قوماش و پەڕۆ و شتی لەو بابەتە هەبێ. لەو پێوەندییەدا نیزیکترین وشە لە ناوەکە، ئاغەری یان ئاغارییە کە ئەویش بریتی لە کووتاڵ یان پارچەی لە هەوریشم یان لە خورییە و جلوبەرگی پیاوانە و ژنانەی لێ دەدروا. پێوشوێنی ئەم وشەیە لە پێکهاتەی یەغدان و لە پاژی یەکەمی وشەکەدا دەوری هەیە. ئاغاری لە پێکهێنانی وشەکەدا سواوە و بووە بە ئاغ و ئا لە سەرەتای وشەکەدا بووە بە یا یان یە. بەو پێیە ئاغاریدان بووە بە ئاغدان یان یەغدان و یەغدانیش ئەو سندووقەیە کە کووتاڵ و قوماشی بە نرخی لە پەشم و ئاوریشمی تێدا هەڵدەگیرێ.
۷/۰۹/۱۴۰۲
پاییز
لێرە پاییز؛
وەک ئەو شەنگە ژنە دەچێ
بسکی بە مۆد هەڵدەپاچێ
چاوانی پڕ دەکا لە کل
تۆقی زێوین دەکاتە مل
تاجی زێڕین دەخاتە سەر
زوڵفی بە مۆد دادەهێنێ
سەر بۆ تەمەن دانانوێنێ
لێرە پاییز؛
وەک ئەو شەنگە ژنە دەچێ
کە بە دوایین جبەی جوانی
بەگژ پیریی خۆیدا دەچێ
۷/۰۵/۱۴۰۲
چەمەریی شەهیدانی بۆکان
هونەر وێڕای ئەوە کە دەتوانێ پاژێکی گرینگی بەرگری و بەرخۆدان بێ، پشتیوان و هاندەرێکی بەهێزیشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەیەک یان چین و توێژێکی ناڕازیی کۆمەڵگا لە حاند زوڵم و زۆر و چەوسانەوەدا. هونەر و ئەدەبی بەرگری لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاری، سەرکوت، دیکتاتۆری، پێشێلکرانی ماف یان زەوتکرانی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا لە دایک دەبێ و خۆی نیشان دەدا. بەرخودانی بە بێ ئەدەب و هونەری بەرگری، بەرخودانێکی سست و بێدەنگە. هونەری بەرگری هاوکات کە قارەمانەتی و ئازایەتییەکان تۆمار دەکا و تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ بەرگری و بەرخودان هان دەدا، کەوشەن و سنوورەکانی بەرخودانیش تا دوورەدەست دەبڕێ و بە گوێی خەڵکی دیکەی دەگەیەنێ.
بۆکان هاوکات کە بە شاری ئەدەب و هونەر ناسراوە، لەو شارانەی کوردستانە کە بە درێژایی سەد ساڵی
ڕابردوو، هەمیشە وەک سەنگەرێکی کۆڵنەدان لە ڕیزی پێشەوەی بەرخودان و بەرەنگاریی
خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا ڕاوەستاوە. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە هەموو
بەژنە بچووک و لاوازەکەی ئەو سەردەمی، شانبەشانی مەهاباد، کانگایەکی خەبات
و تێکۆشانی کوردایەتی بوو. دوای هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی خومەینی و فەرمانی هێرش
بۆ سەر کوردستانیش، بۆکان سەرەڕای جوغرافیا نالەبارەکەی، درێژماوەترین بەرخودانی کرد
و دوایین شاری کوردستان بوو کە داگیر کرایەوە. بە درێژایی چل ساڵی ڕابردووش، ئەو
شارە بەردەوام گۆڕەپانی سەرهەڵدان و خۆپێشاندان بووە. لەوانە خۆپێشاندان و پاشان
مانگرتنی چەند ڕۆژەی خەڵکی شار دژ بە کوژرانی چەند کەسی شارەکە بە دەستی جاشێک بە
ناوی "سمایلی وەلیە ترک" لە ساڵی ١٣٧٠، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کوژرانی "سومەییە فەیزوڵڵاپوور" لە ساڵی ١٣٩٨ و پێشەنگایەتی و بەشداریی هەراو لەو ناڕەزایەتییانەدا کە لە سەر بانگەوازی حیزبی دێموکرات وەک خۆی یان لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ مەحکوومکردنی
جنایەتەکانی ڕێژیم بەرەو ڕووی خەڵکی کوردستان کراونەتەوە، تەنیا چەند نموونەی لەسەرپێبوونی بەردەوامی ئەم
شارە خەباتکارەن. ئەو ڕۆحی خەبات و بەرخودانەش هەم شوێنی لە سەر هونەرمەندان و ئەدیبانی شار و دەڤەرەکە داناوە و هەمیش کەم و زۆر ئیلهامی لە هونەر و ئەدەبی بەرگری وەرگرتووە. تا ئاستێک کە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا، بۆکان بە کانگایەکی
دەوڵەمەندی هونەر و ئەدەبی بەرەنگاری و کوردایەتی هەژمار دەکرێ.
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
ئەمە سەربەند یان یەکێک لە سەربەندەکانی
ئەو گۆرانی یان سروودەیە کە باوکانی شەهیدانی
شۆڕشی ژینا لە بۆکان، لە کاتی ناشتنی ڕۆڵەکانیاندا دەیانخوێند. وەک خوێندنەوەی ئەو
وێرد و سروودە دەچوو کە ئیماندارێک لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لە پێش بارەگای خودای
خۆیدا دەیخوێنێ. ئەو دایک و باوکانە لە ڕاستیدا بە دەم خوێندنەوەی ئەم سروودەوە، قوربانیی خۆیان
پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەیان دەکرد و بەم جۆرە شەهیدەکانیان بە کوردستان و هەرمان دەسپارد.
سروودەکە هەتا ئێستا بە تێکستی
جۆراوجۆری پێکهاتوو لە شێعری چەندان شاعیری بەناوبانگی کوردستان گوتراوە و
دەگوترێتەوە. شاعیرانێک کە زۆربەی شێعرەکانیان دەکەونە خانەی شێعری بەرگریی نیشتمانی
و بەرەنگاریی نەتەوەییەوە. لەوانە چەند بەیت لە شێعری "ڕەوەز ورد ناکرێ"ی
مامۆستا هێمن کە لە پاشەرۆکدا چاپ کراوە:
نەڕووخای ئاسمانی پیری پشت کووڕ؟
...کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە
بەرۆکی پیرە دایکان دادڕاوە
کە کوندی شووم لە گوندی کورد دەخوێنێ
کە گەنجی کورد دەگەوزێنێ دەخوێنێ
..بەناهەق خوێنی تێکۆشەر دەڕێژن
شەهیدی بێ سەر و بێ شوێن دەنێژن
بەڵام با تێ بگا ئەو دوژمنەی پەست
ڕەوەز ورد ناکرێ هەرگیز بەداردەست
دەبێ کوند هەر بەرەو وێرانە بفڕێ
هەروەها چەند دووبەیتی لە
شێعری شەریف حوسێن پەناهی، شاعیری بەرەنگاری کە لە دیوانی ملوانکەی شیندا چاپ
کراوە:
دەپۆشێ بەژن و باڵاکەت بە چارشێو
دەزانم من چ سیحرێکە ئەگەر بێ و
کە هاتە باغی ژین و هەڵوەری زوو
وەکوو لاولاوی ناکامی بەهاران
بێجگە لە باوک و دایکی
شەهیدان و خەڵکانی تێکۆشەر و سەوداسەری ئازادی، چەندان هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوچەیی
و ناسراو سروودەکەیان خوێندووە. سروودێک کە ئێستا ئیدی لای خەڵکی ناوچەکە و لە ئاستی کوردستاندا یەکجار
ناسراو و خۆشەویستە. لە کاتی بەرەنگاربوونەوە یان لاواندنەوەی ئازیزانی شەهیدیاندا، سروودێکی سوکناییهێنەرە و ئەوەندە کەوتووەتە سەر زار و دووپات کراوەتەوە کە سنوورە
ناوچەییەکانی بڕیوە. بەڵام ئاخۆ چ شتێک ئەم سروودەی تا ئەو ڕادەیە خۆشەویست و گشتگیر کردووە
کە هیندە لەگەڵ پێشوازیی خەڵکی تێکۆشەر بەرەوڕوو بێ؟
بەڵام وەک بڵێی هەموو ئەو شێعرە بەرزە نیشتمانی و نەتەوەییانە نەیانتوانیبێ کوڵی دڵ و ڕقی پیرۆزی ئەو ئینسانە نیشتمانپەروەرە دامرکێننەوە، بۆخۆیشی چەند سەربەندی شۆڕشگێڕانەی هۆندۆتەوە و ئاوێتەی گۆرانییەکەی کردووە کە هیندەی دیکە سروودەکەیان جوان و واتادار کردووە. لە ڕاستیدا وەک چۆن گۆرانییەکە بە شێعر و هۆنراوەی جیاواز دەگوترێ، سەربەندی هەر کام لە بەندەکانیشی سەرەڕای وێکچوونیان، جیاواز و تایبەتن:
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە
وەتەن دێوانەکەی خۆتم
وەتەن من خاکی بەرپێتم
ئەگەر بێتو قەبووڵم کەی
بە دڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەر سووتاوی لاوانی
بە بێ ماڵ و بە بێ جێتم
لە باغی عیشقی میللەتدا
فیداکاری نەکەم شێتم
وەتەن هۆی ژین و ژیوار
وەتەن ئامێز و دڵدار
وەتەن قەوم و کەس و کار
بە کورتی "وەتەن" هەم چەمەرییە و هەم سروود، هەم شینە و هەم قین، هەم خۆشەویستییە و هەم ڕق. پڕە لە شین و خەم بۆ شەهیدان، دارماڵە لە ڕق و تووڕەیی لە داگیرکەر و لێوڕێژە لە سۆز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ئاوێتەکردنی هەمووی ئەوانە لە کوڵی دڵی داخکراوی هونەرمەندێکەوەیە کە خۆی باوکی شەهیدێکی کوردستانە. سۆزێکی پاک و شۆڕشگێڕانە کە چۆڕاوەی هەستی کۆمەڵێک شاعیری نیشتمانپەروەری کوردە و لە دەنگی هونەرمەندێکی سەوداسەری ئازادییەوە لە دڵی نەتەوەیەکی مافخوراوی مافخواز نیشتووە.
*لە کوردستانی ژمارە ٨٥٦، نیوەی دووهەمی ڕەزبەری ١٤٠٢دا چاپ کراوە
۷/۰۲/۱۴۰۲
ئیجباریی سەربازی و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبی فۆلکلۆریی کورددا
ئاگری بە جلی سەربازییەوە |
ئەگەرچی نە بە ڕادەی
نیگەرانیی دایک و باوکانی کورد کاتێ کوڕەکانیان ناچار دەبن سەربازی بۆ دەسەڵاتی
دیکتاتۆر و داگیرکەری وڵاتەکەی خۆیان بکەن، بەڵام ڕۆیشتنی ئاگری بۆ ئێمەش بێ نیگەرانی
نەبوو. تەنانەت نیگەرانییەکەمان پەڕیبووە لای کەسوکار و بنەماڵەکانیشمان لە
کوردستان و ڕۆژانە دایک و باوک و خزم و کەسی من و کەژاڵ تەلەفۆنیان دەکرد و
هاودەردییان لەگەڵ دەکردین. هەرچەند بەردەوام بۆمان ڕوون دەکردنەوە کە سەربازی
لێرە وەک لای خۆمان نییە و فەرقی زۆرە بەڵام ئەوان بە تایبەت دایکم وەک ئەوێی
حیساب بۆ دەکرد و بەو پێوانەیەش نیگەران بوو. ڕەنگە سەردەمی لاوەتیی خۆمی وەبیر هاتبێتەوە کە لە نێو نیگەرانی و
پێداگریی ئەودا ناچار بووم بچمە سەربازی بەڵام پاش ماوەیەکی کەم خۆم لە ڕیزی
پێشمەرگەی کوردستاندا دیتەوە. لە نێو ئەم نیگەرانیانەیدا ڕۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم و وەک هەمیشە حاڵی ئاگریی لێ
پرسیم. زۆریش چاوەڕێی وڵامدانەوەم نەما و چەند بەندی زۆر
بە سۆزی لە سەر هەوای "کەویار"(١) تێ هەڵکرد:
دەچمە سەربازی مەمڕازێنەوە
دەستم لێ مەدە و مەمکولێنەوە
بەرگی سەربازی بە قۆڵم تەنگە
لە حاست سەرهەنگی زمانم لەنگە
کوڕم بەخێو کرد بە نوقڵی شاری
ڕەزا شا بردی لەبۆ ئیجباری
کوڕم بەخێو کرد بە نوقڵی شاران
ڕەزا شا بردی بۆ شەڕی تاران
ئەو بەندانە منی خستە سەر یادی ئەو بەند و گۆرانی و لاواندنەوە زۆرانەی کە لە زمان دایک و باوک و برا و خوشک و گراوییەوە بۆ کوڕە سەرباز گوتراون و تێیایاندا خەم و نیگەرانییەکانی ئەوان ڕەنگی داوەتەوە. نەک هەر خەم و نیگەرانی بەڵکو بێزاری و دژایەتیش. گەلی کورد لە هیچکام لە بەشەکانی کوردستان قەت هەستی بەوە نەکردووە ئەو دەسەڵاتانەی لە ناوەندی ئەو وڵاتانە سەقامگیرن، دەوڵەت و دەسەڵاتی ئەوانیشە. ئەم دەسەڵاتانە هەمیشە وەک داگیرکەر لەگەڵ کورد و کوردستان هەڵسوکەوتیان کردووە و لای کوردیش هەروا سەیر کراون. هەر بۆیەش خزمەتکردن پێیان و سەربازی کردن بۆیان وەک بێگار سەیر کراوە. تاک و بنەماڵە و کۆمەڵگای کورد هەمیشە حەولیان داوە خۆیان لە سەربازی کردن ببوێرن و خۆیانی لێ بشارێتەوە. ئەم هەستەشە کە لە گۆرانی و فۆلکلۆردا ڕەنگی داوەتەوە. بۆخۆم پێشتر بەشێک لەو هۆنراوە فۆلکلۆریانەم بیستبوو کە دایکم بە نەوە سەربازەکەیدا هەڵدەگوت. لە بیرمە لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەتی هەتاوی، ئەو سەردەمان کە نیشتەجێی هەولێر بووم، ئێوارەیەک لەگەڵ دۆستێک ڕێم لە نووسینگەی گۆڤاری گوڵان کەوت. لە پرسگەکە چاوەڕوانی وڵام بووین کە پیاوێکی بە ساڵداچووش وەک ئێمە چاوەڕوان بوو. پاش پرسین و کەمێک یەکتر ناسین، کە زانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتین، بێ سێ و دوو چەند بەند لە گۆرانیی "ڕەعنا"(٢)ی زۆر بە سۆزەوە گوت. سەرجەم بەندەکانی گۆرانییەکەشی هەر باسی ئیجباری و دژایەتی و ناڕەزایەتی لەم بارەوە بوو:
کوڕم بەخێو کرد بە قەندی شاری
ڕەببی ڕەزاشا تەختت وەرگەڕێ
ئیجباری کوردی دەبا بۆ شەڕێ
مانگێ حەڤدە قڕان، ڕۆژێ دە شایی
چی بدەم بە نان و چی بدەم بە چایی
چی بدەم بە سیغار بۆ شەو تەنیایی
سەربازی کردن و سەربازی دان و سەرباز گرتن و
سەربازی چوون ئەگەر بە لەگەڵ لەشکر کەوتن و چوون یان ناردن بۆ شەڕدا پێناسەی بکەین، لە نێو کورددا مێژوویەکی درێژی هەیە. هەر بەو پێیەش بوارێکی دەوڵەمەندی لە ئەدەبی فۆلکلۆری و زارەکیی کورددا گرتووە. بەیتی سوارۆ ڕەنگە یەک لە کۆنترینی ئەوان
بێ:
ئەی سوار ئەمڕۆ دەنگت نایە
ئەمن ناتبینم نە لە چۆلان نە لە بەڕیان نە لە سەحرایە
ئەوڕۆ ئەگەر سوار دەبووی بۆ سەفەرێکی تەپە و تورکمان و کاولە لەحسایە
داوای دوو ماچانی لە من دەکرد
بە سەری بە تاڵ
ڕووم لێ وەردەگێڕا و نەمدەدایە (٣)
ئەوە کیژ دەڵێ: سوار! ئەگە دەچیەوە سەفەرێ
ئەوەت وەسیەت بێ لە سەر دەستی من
ئەسپێکە خۆت باژوێ لە کەناری دە ڕێگایە
ڕەبی سوارە! بە دوور بی لە ئەسپی ئەجەلێ
لە شەڕی پاشنوێژان، تەپە و تورکمانی هەرامەتی لە هەڵڵایە
ڕەبی خودایە! ئاگاداری سووکەڵە سوارەکەی من بی
بیپارێزی لە دەردان، لە بەڵایان
لە هاژەی دە گوللان
لە بریقەی دە شیران و موسیبەتی دە دنیایە
ئەوە کیژ دەڵێ؛ لە قرچەی دەروونی منی بابان وێران
ئەوە ماسیان، نەهەنگان، دەحبایان سەریان دێنا دەرێ لە گۆمی نیلووفەڕێ
وەک من جەرگیان دە تۆقا، لێی دەدانەوە شیددەتی ئەوێ گەرمایە
هەی سوار! وەرە سوار! مەڕۆ لە من بە تەنێ (٤)
لەم بەیتەدا گراوی ئەوپەڕی
نیگەرانی و خەمی خۆی سەبارەت بە ڕۆیشتنی یارە شەڕڤانەکەی بەرەو مەیدانی جەنگ
دەردەبڕێ. ڕێنوێنی دەکا کە چۆن خۆی بپارێزێ و لە خودا دەپاڕێتەوە کە بیبپارێزێ بەڵام لێرەدا هیچ کەس و لایەنێک خەتابار ناکا. لۆمەی ئەو کەس و دەسەڵاتەی تێدا نییە کە سووکەڵە سوارەکەی ئەو دەبا بۆ شەڕێ. تەنانەت لۆمەی گراویەکەشی ناکا کە پێی وا بێ بۆ شەڕێکی بەخۆڕایی دەڕوا و
نابێ بڕوا. ئەوانە نیشانەی ڕەوایی ئەو شەڕەن کە لەشکری سووکەڵە سوار بۆی دەچێ. لێ ئەوین و خۆشەویستی ماکێکی جیاوازە و ڕەوایی شەڕ هۆی ئەرخەیانیی کچە حەیران لە
چارەنووسی دڵدارەکەی نییە. ئەم سۆزی خۆشەویستی و نیگەرانییە لە سەدەی بیستەم
و سەردەمی سەربازگیریشدا لە ئەدەبی فۆلکلۆردا ڕەنگی دایەوە:
ئەستێرەی حاسمان بە جووت دەژمێرم
یارم سەربازە بە خودای دەسپێرم
یان؛
بریا کۆترێک بام لەو حاسمانە
یەکسەر فڕیبام بۆ سەربازخانە
یان:
کەس نازانێ بۆ بێ وازم
گیرۆدەی دەستی سەربازم
بە جێی هێشتووم ئاواتخوازم
بەڵام ئیدی لێرە بە پێچەوانەی ئەوینداری سوارۆ، گراوی پێی وایە یارەکەی لە شوێنێکە کە شیاوی ئەو نییە، سەربازی بۆ وڵاتێک دەکا کە هی ئەو نییە. بۆیەش داوای لێ دەکا بگەڕێتەوە:
سەربازە چکۆڵەی کۆڵ بە کۆڵەوە
ئارەق دەڕێژی بە ڕێی چۆڵەوە
ئەوێ جێی تۆ نێ، هەستە وەرەوە
ڕەببی ڕەزا شا تەختت وەرگەڕێ
یارم منداڵە، دەیبا بۆ شەڕێ
بەرامبەر بەو هەستە کچانەیە، هەستی
خۆشەویستیی کوڕە سەرباز زۆر زیاتر لە گۆرانی و ئاوازە فۆلکلۆرییەکاندا ڕەنگی
داوەتەوە. بەشی زۆری ئەو گۆرانیانەی لەم بارەوە وتراون وەک "نیزام نیزامە" کە زیاتر بە دەنگی عەلی کەردار بەنێوبانگە یان "ئای نیزام بۆخۆم نیزام" کە بە گۆرانیی حەسەن زیرەک دەناسرێ، سۆز و خۆشەویستیی کوڕە سەرباز بۆ کچە خۆشەویستەکەیەتی کە لە سۆنگەی گیران بە سەربازی ناچارە بە جێی بێڵێ:
نیزام نیزامە خۆم کوڕە سەرباز
تۆ مەرگی کاکت مەمکوژە بە ناز
یان:
ئای نیزام بۆخۆم نیزام
لێرەکانە سەربازم
موفتەلای دوو چاوی بازم
دەڵێم بمدەیە ماچێ
سەفەریم پێم دەبێ لازم
سەفەرم دوور و درێژە
دێم ئیزنت لێ دەخوازم
یان؛
ئای نیزام بۆخۆم نیزام
نیزام نیم و ئەسکەرم
موفتەلای ڕەش ئەسمەرم
دەڵێم بمدەیە ماچێ
دەڕۆم لەسەر سەفەرم (٥)
یان:
وام لە سەربازی بە سەر پۆستەوە
نامەیەک نایە لە لای دۆستەوە
لە کۆمەڵگای کوردەواریدا خوشک هەمیشە سۆز و خۆشەویستییەکی زیاتری بۆ برا هەیە و لە کۆمەڵگایەکی پیاومەزیندا، برا دەتوانێ گەورەترین پشتیوانی ژن بێ. سۆزی خوشکانە و خوشکایەتی بڕێکی دیکەی لەو بەشە لە ئەدەبی فۆلکلۆری کورد پێکهێناوە:
کەواوپاتۆڵ ڕەش بە مۆدی تازە
من مێردی ناکەم، کاکم سەربازە(٦)
ئەم سۆزی خوشکایەتییە هەروەها لە ئەدەبی
زارەکیی منداڵانیشدا ڕەنگی داوەتەوە:
تەق تەق دەروازە
هاتووم بۆ نانی تازە
برا چکۆڵەم سەربازە
برا گەورەم ژنخوازە
خەمی برا بۆ براش بەشێکی دیکە لە
نیگەرانییەکانی سەربازی و بە سەربازگیرانە:
نیزام ئەی نیزام، نیزامی تازە
بۆخۆم مەشموولم، کاکم سەربازە
مەشموول وشەیەکی عەرەبییە بە واتای "لەخۆگر" و "وەبەرخۆدەر" و ئەوە کە کەس یان کەسانێک بڕیارێکی گشتی بیانگرێتەوە. مەشموول بوون لە ئێران دەستەواژەیەکی سەربازییە بە مانای وادەی چوون بۆ سەربازی و بەم بۆنەیەشەوە وشەیەکی بێزارکەر بووە. ئەوەش ڕەنگدانەوەی زۆری لە ئەدەبی زارەکیی ئەو بوارەدا هەبووە
مەشموول مەشموول پەیدا بوون خۆزگەم بەوانەی
پیرن
بە مەشموولیان نووسیوم دەمبەن بۆ قەسری شیرن
خۆزگەم بەو جحێڵانە کا دەستیان لە مەمکان
گیرن (٧)
لێرەدا بێژەر ئاوات بۆ ئەو پیرانە دەخوازێ کە تەمەنیان تێپەڕیوە و ئیدی بە سەرباز ناگیرێن. لە کۆتاییشدا هۆی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئیدی دەستی لە مەمکی یارەکەی بەربووە و دەبێ بچێ بۆ سەربازی.
هاوار و هەوڵدان بۆ قوتاربوون لە دەست
سەربازی پاژێکی گرینگی ئەدەبی ئەو بوارەی بە خۆوە گرتووە. لەو بەیتەی خوارەوەدا بە
سەربازگیراوێکی ناوچەی مەنگوڕایەتی هاوار بۆ خزم و کەس و هۆز و خێڵەکەی دەبا کە بە
فریای کەون و نەهێڵن بۆ سەربازی بەرن:
کادەروێشی کوێستانێ
وەرنە سەر خەیابانی
بە مەشموولیان نووسیم
لە دەفتەری بۆکانێ
دەمگرن بە عەسکەر، دەڕۆم
مەک بۆ تەختی تارانێ (٨)
پاڕانەوە و بیانووهێنانەوەی مەشموول بۆ ئەوەی نەیگرن و نەیبەن بۆ سەربازی، هەروەها ڕەنگدانەوەی بەرچاوی هەیە:
نیزام ئەی نیزام، نیزام ئەسیرە
مەمگرن بە سەرباز چون بابم پیرە (٩)
یان؛
بیکەن بە خاتر حەزرەتی عەباس
منداڵم وردن، مەمگرن بە سەرباز (١٠)
بەڵام ئەوانە هیچی کاریگەرییان نییە. دوای دەسەڵاتی ڕەزاخان، سەربازگیری و ڕەشبگیرکردنی لاوان بۆ سەربازی لە ئێراندا بە یاسایی کرا. ئەمنییە و پۆلیس گوند بە گوند بە دوای لاواندا دەگەڕان کە بیانگرن و بیانبەن بۆ سەربازی. زۆر کەس خۆیان لە وەرگرتنی پێناس دەبوارد، زۆریان تەمەنی خۆیان زیاتر لەوەی هەبوو، دەنووسی و ژمارەی زۆر زیاتریشیان ناچار بوون خۆیان بشارنەوە و لە ترس و دڵەڕاوکێدا بژین. ئەرکی دۆزینەوە و دەستنیشان کردنی ئەوانەی مەشموولی سەربازی بوون، لە سەر شانی "کوێخا سجیل" بوو. کوێخا سجیل لە ڕاستیدا نوێنەری دەوڵەت لە نێو ئاوایی بوو. ئەو دەیزانی کێ مەشموولی سەربازییە و کێ خۆی شاردۆتەوە. چاوساغی ئەمنیە و ژاندارمێری بوو. ئەرکی دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ئەوانەی کە دەبوو بچن بۆ سەربازی بە دەست ئەو بوو. تەنیا شتێک کە بۆ ماوەیەک دەیتوانی لاوێک لە گیران ڕزگار بکا، بەرتیل و واسیتە بوو:
سەرهەنگ بۆ خاتر چاکێک لەو گردە
مەمگرە بە سەرباز، منداڵم وردە
یان؛
چ بکەم بۆ دەڵاڵێکی بۆ من بێتە وەسیلە
بەرگی سەربازیم بۆ هات، خەتای کوێخا سجیلە (١١)
ئەوانەی دەستیان ڕۆیشتبا و توانیبایان
بەرتیل بدەن، بۆ ماوەیەک دەیانتوانی خۆیان لە چوون بۆ سەربازی قوتار بکەن. بەڵام
ئەو سەردەمە زۆربەی خەڵک هەژار و بێدەرەتان و مەئموورانی دەوڵەتیش تا
بڵێی چنۆک و چڵێس و تێر نەخۆر بوون. بۆیەش خۆ شاردنەوە لە دەستیان ئاستەم بوو.
ماشێنێ هاتووە چادرەکەی سەوزە
هەر من مەشموولم دەمبەن بۆ حەوزە (١٢)
دوای بردن بۆ حەوزە، ئەو کوڕە کوردانەی کە تا ئەو دەم لە گوندەکەی خۆیان واوەتر هیچ شوێنێکیان نەدیبوو، زمانەکەی خۆیان لە دەرەوەی کوردستان هیچ برەوێکی نەبوو و هیچ قوتابخانە و مەدرەسەیەکیش نەچووبوون و نەبوو تا فارسیی زمانی داسەپاو فێر بن و بە قەولی خۆیان هەڕەی لە بەڕەی بکەنەوە، بێ سەر و زمان بۆ دوورترین شارەکانی
ئێران ڕەوانە دەکران و دوو ساڵ بە زۆر لە پادگان و سەربازخانەکاندا مەشقیان پێ دەکرا و کاریان لێ دەکێشان:
نیزام ئەی نیزام، خۆم کوڕە سەرباز
لێرە نامهێڵن، دەمبەن بۆ شیراز
یان؛
نیزام ئەی نیزام، نیزام بگیرە
وەرەقەم هاتووە، بۆ ئەردەبیلە (١٣)
ئەم بە سەرباز گیران و بۆ سەربازی ناردنە لە
ڕوانگەی کوردەوە هیچی کەمتر لە دوورخرانەوەی تاوانبارێک بۆ شارێکی دوور نەبووە. لە
شێوەیەکی دیکەی ئەو بەندەی سەرەوەدا دەڵێ:
نیزام نیزامە،دەمگرن
بەسەرباز
دوورم ئەخەنۆ بۆ موڵکی شیراز (١٤)
دووری کوڕ لە دایک و باوک و بنەماڵە یەکێکی
تر لەو بوارانەیە کە ڕەنگدانەوەی زۆری لە ئەدەبی کوردیدا هەبووە. ئەوانەی لە
سەرەتادا سەبارەت بە تووک و نزا لە ڕەزا شا باس کران، بەشێک لە هەستی دایک سەبارەت بە
کوڕە سەربازەکەیەتی:
کوڕم بەخێو کرد بە نوقڵی شاری
ڕەزا شا بردی لە بۆ ئیجباری
ئەم دووری و دابڕانە لای کوڕە سەربازیش هیندە بە ژان و ئازارە و ئەم ژان و ئازارەش ڕەنگدانەوەی بووە. ڕەنگە لە نێو گۆرانییەکانی حەسەن دەرزیدا
زیاترین هەستی کوڕە سەرباز لە دووری دایک بدۆزینەوە. ئەو کە بۆخۆی
ڕاست لە سەردەمی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران - عێراقدا بە سەرباز گیرا و دوو ساڵ
ژیانی سەختی سەربازی لەو هەلومەرجەدا تێپەڕ کرد، لە گۆرانییەکیدا ئاوا سۆزی خۆی لە
دووری دایکی دەردەبڕێ:
ئەگریم بۆو خەوەی کەوتووە لە چاوت
بۆ لێوی وشک و تینوو و بێ ئاوت
ئەگریم بۆ قرچەی جەرگی دایکی دڵ سووتاو
بۆ کڵپەی دروون خوشکی لێقەوماو (١٥)
نیزام نیزامە خۆم کوڕە سەرباز
لێرەم ناهێڵن [دایە گیان] دەمبەن بۆ ئەهواز
دەترسم بمرم [دایە گیان] لەوێ بە بێ ناز (١٦)
هەروەها لە گۆرانیی نەورۆزیشدا ئەو هەستی دوورییە بەر
گوێ دەکەوێ:
نەورۆز دێ دایە گیان! ماڵەکەت جێی شینە
شەرتە بێمە خەوت پڕ بە دڵ بمبینە (١٧)
دووری و ئازارەکانی بە سەرباز گیران، بێگاری
و چەوساندنەوە لە سەربازخانەکاندا بەشێکی دیکە لە ئەدەبی سەربازیی کورد پێک دەهێنێ
و سەربازە بە زۆر گیراوەکانی کورد ئاوا حاڵی خۆیان لە سەربازخانە زۆرملییەکاندا
دەربڕیوە:
دادمە لە دەست شەیپوور نیمە شەو
فەرماندەی گورهان، نیزام قەدەم ڕەو
شاعیر و هاوڕێ ئاسۆ خەبات لە کاتی سەربازیی زۆرەملیدا |
بە شەو نیگابان دەرکی زیندانم
بە ڕۆژ زەلیلی دەست گروبانم
نیزام ئەی نیزام، یار ئازیزەکەم
میوەی ڕەنگاوڕەنگ، شەو پاییزەکەم
خودا بیبڕێ نانی سەربازی
بە شەو قەرەوڵ، بە ڕۆژ پێبازی (١٨)
یان؛
با بێژم بۆتان باسی سەربازی
ئەمان ڕفێنن وەک موتور گازی
باسی سەربازی با بێژم بۆتان
بە ڕۆژ کار ئەکەین، بە شەو نیگابان
دەردی سەربازی لە من بپرسە
پۆتینەکانی چوار کیلۆ قورسە
پۆتین سەربازی سێ کیلۆ و نیمە
سەروان سەر تاشیاو ئێژی یەتیمە
ئەگەر دەپرسی غەزامان چۆنە
یا یەرەڵماسی یان هێلکەوڕۆنە
دوو ساڵ سەربازی بە شەو دیژبانم
بە ڕۆژ بێچارەی دەست گروبانم
دایانێ بە من شيیپوور نیمەشەو
فەرماندە گوردان نیزام قەدەم ڕەو (٢٠)
یان؛
بە شەو قەرەوڵ دەرکی زیندانم
بەڕۆژ خزمەتکار جەناب سەروانم
مەمگرە بە سەرباز، تفەنگێ ناتوانم
تفەنگ وا لە شان، کۆڵەپشت لە کۆڵ
ئەو شاخ بۆ ئەو شاخ، ئەو دۆڵ بۆ ئەو دۆڵ
بۆ جەبهەی جەنگێ دەگرم ڕێگای چۆڵ
من ناخۆم سەنگەک، سەنگەک سندانە
بەڕۆژ و بە شەو تەقڵە و لێکدانەوە(٢٥)
لە ژێر ئەو دۆخە زۆرە ملییەدا کەم نەبوون ئەو سەربازانەی تاقەتیان نەدەهێنا و بیریان لە ڕاکردن و بەجێهێشتنی ئەو دوو ساڵ زۆرەملییە دەکردەوە:
ئەمن کە کورد بم، لە
کوردستان بم
بۆچی سەربازی لای ئیسفەهان بم؟ (٢١)
خودا و پێغەمبەر لێتان بێ ڕازی
فیرارێ دەکەم نایکەم سەربازی (٢٢)
ڕاکردووەکان زۆر جار خۆیان لە ڕیزی
پێشمەرگەی کوردستاندا دەدیتەوە و سەربازییەک کە ئامادە نەبوون بۆ داگیرکەری بکەن، سەختترەکەیان بە گیان دەکڕی و لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و وەدەرنانی ئەو
داگیرکەرەی بە زۆر سەربازیی لە کورد دەگرت، گیانبازییان دەنواند. هەشبوون کە بەر لە پەیوەستبوون بە شۆڕشی کوردستان، ژێر بە ژێر پێوەندییان بە پێشمەرگەوە دەگرت و پایەگا یان گوردانەکەیان بە خۆیانەوە ڕادەستی ئەوان دەکرد. ئەو هەستە
لانیکەم لە چەند بەند گۆرانیی حەسەن زیرەک و لە گۆرانیی "نیزام"دا کە
تایبەت بە دەربڕینی ژان و ئازارەکانی سەربازییە، ڕەنگی داوەتەوە:
"ئاغا نیم دێهاتم بێ
کورد نیم دێموکراتم بێ..." (٢٣)
هاتنی ئەو بەندە لە گۆرانیی نیزامدا ئاماژەیەکی بەدەر لەو هەستە نییە کە ڕێگای ڕزگاری لە دەست سەربازی بۆ داگیرکەر، لە گرتنە بەری ڕێگای پێشمەرگایەتی
بۆ کورددا دەستنیشان دەکا و لە بەرامبەر دەوڵەت و دەسەڵات و لەشکری داگیرکەردا، دێموکرات و پێشمەرگە بە سامان و دەسەڵاتی خۆی دەزانێ. ئەو هەستە لە بەندێکی دیکەشدا ڕەنگی داوەتەوە و بێژەر ئەمجار ڕاستەوخۆ خۆی لە ڕیزی سەربازانی نیشتمانی خۆیدا دۆزیوەتەوە:
ئای نیزام بۆخۆم نیزام
سەربازی دێموکڕاتم
بەرماڵی نوێژەکانم
دەسماڵی دەستم فاتم... (٢٤)
ژێدەر:
١- گۆرانییەکی فۆلکلۆریی بەنێوبانگی کوردە
٢- گۆرانییەکە کە بە کوردی و بە فارسی گوتراوە و ڕوون نییە کامیان لە ئەویدی وەرگرتووە بەڵام زیاتر وەک کوردی دەچێ.
٣- سوارۆ بە دەنگی حەمە جان
٤- سوارۆ بە دەنگی شۆڕش غەفووری
٥- گۆرانیی "ئای نیزام بۆخۆم نیزام" بە دەنگی حەسەن زیرەک
٦- فەرهەنگی زارەکیی موکریان - سەلاح پایانیانی
٧- گۆرانی مەشموول بە دەنگی محەممەدی ماملێ
٨- لە دەنگی حەسەن زیرەک
٩، ١٠، ١١، ١٢ و ١٣- لە دەنگی محەممەد کێلەشینی
١٤- ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا - بەرگی یەکەم، قادر ئەلیاسی
١٥، ١٦، ١٧: دوو گۆرانیی حەسەن دەرزی ؛ دایە گیان و نەورۆز دێ
١٨- لە دەنگی محەممەد کێلەشینی
١٩- لە دەنگ و ڤیدیۆی کوڕە سەربازێکی نەناسراو
٢٠- ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا - قادر ئەلیاسی
٢١- دەنگی محەممەد کێلەشینی
٢٢ و ٢٣- گۆرانیی ئای نیزامی حەسەن زیرەک کە لە ماڵان تۆمار کراوە
٢٥- دەنگی کەریم حەیدەری دانیشتووی ئاوایی عەوڵابات
بابەتی نوێ:
بۆچی دوا پێنجشەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە
لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنجشەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...