۸/۰۱/۱۴۰۴

تۆ دەریامی؛ چیڕۆکی باوەش پێکداکردنی شێعر و ئاوازێک

 

هونەر لەنێو نەتەوەیەکی بندەستدا پێش ئەوەی ئامرازی خۆشی یان خەم بێ، هەڵگری پەیامە. پەیامێک کە لە دەردی کۆمەڵگەکەی خۆی دەدوێ و هەوڵ دەدا بانگی ئازادی و سەربەستیخوازیی ئەو گەلە بە گوێی دنیا بگەیەنێ. شاعیران بە دروست‌ترین و  هەست بزوێن‌ترین شێوە ئەو پەیامانەیان لە شێعری خۆیاندا گونجاندوە لێ، نووسینی شێعر هەمیشە ڕێگایەکی ڕاست و ڕەسا بۆ گەیاندنی پەیامی شێعر نییە. هەمیشە ئەو شێعرانە زیاتر گوڵ دەکەن کە ئاوازیان لەسەر دادەندرێ و دەبن بە گۆرانی یان سروود.    

پێوەندیی نێوان شێعر و گۆرانی لە مۆسیقای کوردیدا، لە یەکەم تۆمارە دەنگییەکانەوە کە بۆمان ماوەتەوە بەرچاوە. ڕەنگە یەکەم دەنگ، دەنگی میرزا جەوادی قازی و گۆرانیی "زوڵفت بە قەدتدا کە پەرێشان و بڵاوە" بێ کە شێعری نالییە. سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی گرینگییەکی یەکجار زۆری بە وتنەوەی شێعری شاعیرانی کورد هەر لە بابەتاهیرەوە تا تاهیربەگ لە گۆرانی و مەقامەکانیدا داوە و زۆر جار وەستایانە شێعری چەند شاعیری لە گۆرانییەکدا بەکار بردوە. نموونەی دواتر گۆرانیی "بەهاران چ مەحزوون" بە دەنگی مەلا کەریمی سابڵاغی‌یە کە شێعری میسباحودیوانی ئەدەبە. لە قۆناغی دواتردا شێعر لە گۆرانییەکانی تاهیر تۆفیق و حەمەساڵح دیلان و ئەوانی‌تردا ڕەنگدانەوەی زیاتر و ڕێکوپێکتری هەیە و ئەوان هەروەها بە گوتنەوەی شێعری وەک شیرین بەهارەی برایم ئەحمەد یان ئەژدەهاکی گۆران، بەرگی خەبات و تێکۆشانی سیاسی دەکەنە بەر گۆرانییەکانیان و پەیامی سیاسیی شێعر بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەگوازنەوە. قوتابخانەیەک کە بە تایبەت لە سەروبەندی شۆڕشی ساڵی ١٩٨٧ و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران، بە ڕادەیەکی زۆر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گواسترایەوە. 

لە دەیەی چلی زایینی بە دواوە، بەرەبەرە ڕەوتی نوێبوونەوەی شێعری کوردی لەباری فۆرمەوە دەستی پێکرد و شاعیرانی کورد بە پێشەنگایەتیی گۆران، شێخ نووری شێخ ساڵح و هیتر لە باشووری کوردستان هەوڵیان دا شێعر لە بەند و بەستی عەرووز و سەروا ڕزگار بکەن. دوو دەیە پێشتر شێعری فارسی لەسەر دەستی نیما یوشیج ئەو ڕەوتی نوێبوونەوەیەی دەست پێ کردبوو. لە سەرەتای دەیەی شەستی هەتاویدا، لە ژێر کارتێکەریی ئەو دوو گۆڕانکارییە ئەدەبییەدا، ڕەوتی نوێبوونەوەی شێعر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پەلی هاویشت و هەر سێ شاعیری نوێخواز هاوار، چاوە و سوارە بە یەکەوە ئەرکەکەیان بە ئەستۆ گرت. 

ئەگەرچی ئەدەبی زارەکیی کورد لە شێوەی بەیت و حەیران و لاوک وهیتردا لەگەڵ ئەو فۆرمەی کە بە ناوی شێعری نوێ هاتە ئاراوە، نامۆ نەبوو بەڵام دەرکەوتنی شێعر بە فۆرمێکی جیاواز لەوەی تا ئەودەم باو بوو، بە ئاسانی لەلایەن کۆمەڵگەوە وەرنەگیرا و زۆرێک لە شاعیران و ئەدیبانیش تا درەنگانێک دانیان بە شێعرایەتیی ئەو جۆرە شێعرەدا نەدەهێنا. فۆرمە نوێیەکە هەروەها لەگەڵ ئەو شێوازەش ناتەبا بوو کە هەتا ئەو کات و ئێستاش لە تێکستی گۆرانی و مۆسیقای هاوچەرخی کوردی و نەتەوە جیرانەکانیشدا باوە. ئاوازدانەران خوویان بە شێعری کێشدار گرتبوو و گۆرانیبێژان گەروویان بە شێعری سەروادار ڕاهاتبوو. هەر بۆیە شێعری نوێ زۆر درەنگتر جێگای خۆی لە نێو ئاواز و گۆرانیی گۆرانیبێژان و مووزیکزاناندا کردەوە. 

هەرچەند شێعر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درەنگتر ڕەوتی نوێبوونەوەی خۆی دەست پێکرد بەڵام شێعری نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زووتر خۆی لەنێو ئاواز و گۆرانیدا دیتەوە. ئەویش دەرەنجامی هاوکاری و هاوڕێیەتیی نێوان بەنێوبانگترین شاعیری نوێخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە سوارە ئیلخانی‌زادە و هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەزیزی شاڕوخ بوو. 


کاتێک لە سەرچاوەکانی هونەری مۆسیقا و گۆرانیی هونەرمەند عەزیزی شاڕووخ ورد دەبینەوە، دەبینین لە بادینانەوە جۆبارێک لە دەنگی کاوێساغا و حەسەن جزراوی، لە سنە و هەورامان و ئەردەڵانەوە دەراوێک لە دەنگی عەلی ئەسغەری کوردستانی، لە باشووری کوردستانەوە چەند سەرچاوەی ڕوون لە دەنگی تاهیر تۆفیق و حەمەساڵح دیلان، تێکەڵ بە کانیاوە ڕوونەکانی فۆلکلۆری ناوچەی موکریان بوون و ئەو ڕووبارە خوڕێنەیان پڕ ئاو کردوە، بەڵام سەرچاوەکانی هونەری گۆرانیی هونەرمەند شاڕوخ تەنیا هەر ئەوانە نین. کەسانی دەستڕەنگینی ئەوتۆ هەبوون کە لە نیزیکەوە ئاواز و تێکستیان بۆ گۆرانییەکانی داناوە و بۆخۆشی گەلێک شەستەبارانی لە ئاواز و تێکستی نوێ بەسەر ئەو ڕووبارەدا باراندوە. وێڕای ئەوە چەندان ئاوازیشی لەسەر شێعری شاعیرانی بەنێوبانگ داناوە کە ئەوە بەشێکی زۆر گرینگی هونەری ئەو هونەرمەندە پێکدەهێنێ. مەقامی "تۆ دەریامی" کە لەسەر شێعرێکی نەمر سوارە ئیلخانی‌زادە بە هەمان ناو داندراوە، یەک لەو ئاواز و گۆرانیانەیە کە لە جۆری خۆیدا کەموێنەیە. ناوێک دوا جار بۆ ئەو کتێبەش هەڵبژێردراوە کە بەسەرهات و گۆرانییەکانی عەزیزی شاڕوخی تێدا کۆ کراوەتەوە.

لەنێو خەرمانی گۆرانییەکانی شاڕوخ‌دا گەلێک گۆرانی و سروود و ئاوازی بەناوبانگی وەک زەمانە، نامەی یار، ترۆپکی ڕزگاری، ڕەنجی هەژاری و هیتر هەن کە ڕەنگە لەنێو خەڵکی ئاساییدا لە "تۆ دەریامی" بەنێوبانگتر، لەگەڵ ئەزموونی ژیانی پڕ لە ئازاری هونەرمەند گونجاوتر و، بۆ ناوی کتێبێکیش بەو ناوەرۆکە سەرنجڕاکێش‌تر بن. بۆیەش هەڵبژاردنی ناوی ئەو گۆرانی یان مەقامە لەنێو ئەو هەموو گۆرانییە بەناوبانگەکەدا و، ئەو ناوە لەنێو ئەو هەموو ناوە گونجاوەدا، گرێی پرسیارێک بوو کە پێویستی بە کرانەوە هەبوو.  

لە پێشەکییەکی کتێبی "تۆ دەریامی‌"دا کە بە قەڵەمی یۆسف ئەحمەد، نووسراوە، لە زمان هونەرمەند خۆیەوە ئاماژە بەو گرینگییە کراوە و هاتوە: "نەمر سوارە زۆر بە تاسەوە بوو کە ئاهەنگ بۆ یەک لە شێعرەکانی دابنێم و بیبیسێ. تەنانەت زۆر جاران دەیگوت: پێم خۆشە یەکێک لە شێعرەکانم بکەی بە گۆرانی. منیش شێعری تۆ دەریامی ئەوم کرد بە گۆرانی بەڵام بە داخەوە ئەجەل مۆڵەتی پێ نەدا و هەر ئەو ڕۆژەی کە تۆمارم کرد، فەوتی کرد. هەر بۆ شادی ڕوحی شاعیری پایەبەرز و نەمری کورد، کاک سوارە، ناوی کتێبەکەشمان ناوە "تۆ دەریامی". تۆ دەریامی هەم شێعرێکی شاکارە و هەم ئاهەنگێکی شاکار."

بەو پێیە ئاوازی تۆ دەریامی بەرهەمی ڕاستەوخۆی دۆستایەتیی نێوان سوارەی شاعیر و شاڕوخی هونەرمەندە بەڵام ئاخۆ ئەوان چۆن و لە کوێ بە یەکەوە ئاشنا بوون، پێوەندیی و دۆستایەتییان چۆن بوو و ئاوازی تۆ دەریامی کە ڕەنگە بە یەکەم ئاواز لەسەر شێعری نوێ دابندرێ، چۆناوچۆن لەدایک بوو.

 

 لە ژیاننامەی هونەرمەند عەزیز شاڕوخدا کە بە قەڵەمی خۆی نووسراوە، هاتوە؛ "لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لەلایەن ساواکەوە قۆڵبەست کرام و بۆ ماوەی سێ ساڵ واتە هەتا ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە بەندیخانە مامەوە."

دەزانین ئەوە هەمان ساڵ و هەمان ئەو شەپۆلی قۆڵبەستکردنەیە کە تێیدا سەدان تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە نێویاندا سوارە و چاوە و هاواریش وەک سێکوچکەی نوێکردنەوەی شێعر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەبوون، دەستبەسەر کران و بۆ چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی پاشایەتی گواسترانەوە. بەو پێیە سەرەتای ئاشنایەتیی شاڕوخ و سوارە بۆ ساڵی ١٩٦٤ی زایینی دەگەڕێتەوە. ئەو کاتەی هەردووکیان وەک دوو تێکۆشەری سیاسی، بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەو ڕێگایەشەوە پشتیوانی لە شۆڕشی باشووری کوردستان، لەلایەن دەزگای ڕەشی ساواکەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی تاران دەکرێن. پاش چەند مانگ هێشتنەوەیان لە زیندانە تاکەکەسییەکاندا، بە مەودایەکی جیاواز، هەردووکیان بۆ زیندانی قزڵحەسار دەگوازرێنەوە. وا دیارە شاڕوخ زووتر بۆ ئەو زیندانە گواستراوەتەوە، چونکە وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، ئەو، لەوێ دەبێ کە لە زمان عەلی حەسەنیانی‌ (هاوار) و کەسانی دیکەوە خەبەری هاتنی سوارە دەزانێ. شاروخ، سوارە ناناسێ و حەسەنیانی تاریفی ئاستی بەرزی زانایی و توانایی ئەوی بۆ دەکا: "کە سوارە هات، بە گۆچان دەڕۆی. پرسیاری کرد؛ عەزیزی شاڕوخ لە کوێیە؟ فەقەت دەچمە کن وی! منیش بەرەوپیری چووم و لەلای دانیشتم. گوتی من تا لە زیندانێ بم، لە تۆ جودا نابمەوە."

ئەو دیدارە و ئەو قسەیە و ماوەیەک هاوبەندبوون و مانەوە لە پەنای یەکتر، شەتڵی خۆشەویستیی سوارە لە دڵی شاڕوخدا دەگوورێنێ و وەک خۆی دەڵێ هەمیشە یادی کردوە و شێعرەکانیشی قەت لەبیری ئەو ناچن. بۆ ئەوەش کە ئەو ڕاستییەمان پێشان بدا، هەرچەند بڕێک بە زەحمەت کۆپلەیەک لە شێعری "کچی بەیان"ی وەبیر دێتەوە و بۆمان دەیخوێنێتەوە. شێعرێکی دیکەی سوارە کە شاڕوخ لە کۆتایی دەیەی شەستی هەتاویدا بە مەقام گوتی و زۆری دەنگ دایەوە:

خۆشەویستەکەم!

لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە

لە حەنجەرەی زەمانەوە گوێم لە زەمزەمەی خیزە وردەکانی کانییە

 سوارە بێجگە لەو دیدارە کە تێیدا ڕێز و خۆشەویستیی زۆری خۆی بۆ شاڕوخ دەردەبڕێ، لە چەند فایلی گۆرانی بە دەنگی خۆی، شێوازی گۆرانی گوتنی شاڕوخ و لاسایی کردنەوەی ئەو بە ئەدای دەنگیەوە دیارە. ئەوەش دەریدەخا کە سوارە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی خۆی و هاوار و چاوە بۆ نوێکردنەوەی شێعر، هیوای ئەوەی لە هونەر و دەنگی شاڕوخ‌دا بەدی کردوە کە هاوتەریب لەگەڵ ئەوان، ئەویش بە دانانی ئاواز و شێوازی نوێ بۆ شێعری نوێ،  بەرگی نوێ بە بەر گۆرانیی کوردیدا بکا. 

سوارە زووتر ئازاد دەبێ و شاڕوخ سێ ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە تا ساڵان دەگەنە سەرەتای دەیەی حەفتای زایینی. ئەو کات شاڕوخ زۆر بە زەحمەت جێگایەک بۆخۆی لە ڕادیۆ و تلویزیۆنی مەهاباددا دەکاتەوە تا هەم خۆی و بنەماڵەی پێ بژێنێ و هەمیش پەرە بە هونەرەکەی بدا بەڵام زۆر زوو بە قسەی جاسووس و شۆفاران کارەکەی لێ دەستێندرێتەوە و بە تانەی سیاسی بوون، پاوان لەسەر بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکانی دادەنێن. بابەتەکە دەگاتەوە ناوەند و سوارە کە ئەو کات لە بەشی کوردیی ڕادیۆی تاراندا کاری دەکرد، لەلایەن بەرپرسانی ڕادیۆوە بۆ چارەسەری کێشەکە ڕەوانەی مەهاباد دەکرێ. سوارە لە مەهەباد کارمەندانی ڕادیۆ و تلویزیۆن کۆ دەکاتەوە و سەبارەت بەو جاسووسی و شۆفارییە بە توندی دەیانداتە بەر لۆمە و تەنانەت جنێوبارانیان دەکا. پاش کۆتایی کۆبوونەوە، خەڵکەکە وەدەردەکەون و سوارە و شاڕوخ زۆر بە گەرمی باوەش بە یەکتردا دەکەنەوە. هەر لەوێ سوارە شێعری تۆ دەریامی پێشانی شاڕوخ دەدا و داوای لێدەکا ئاوازێکی بۆ دانێ و بە گۆرانی بیلێ. شاڕوخ وێڕای ئاماژە بە سەختیی دانانی ئاواز بۆ شێعرێکی ئاوا، داوای لێدەکا شێعرەکەی بۆ کورت بکاتەوە؛

"کوتی؛ شێعرێکم بۆت هێناوە، پێم خۆشە کە ئاهەنگی لەسەر دانێی. شێعرەکەم کە خوێندەوە، کوتم کاک سوارە! ئەو شێعرە بێحەد زۆرە، بۆ ئاهەنگ ناتوانی، مەگە بە حەیران بیڵێی، حەیرانیش بۆ ئەو شێعرەی نابێ، ئەوە شێعری نەوە. دەبێ بەڵام ئەو ڕەسایەی نابێ و ئەو کایەی کەم کەس لە حەیرانی حاڵی دەبێ. پێم خۆشە مەقامێکی لەسەر دانێم کە خەڵک چاکی لێ حاڵی بێ. ئەلحانیش ئەو شێعرەی بزانە خۆلاسەیەکی بکەوە و بۆم بنێرەوە. [..] کاک سوارە چۆوە بە ڕەحمەت بێ، پاشی تەقریبەن مانگێکی شێعرەکەی خۆلاسە کردبۆوە؛

تۆ دەریامی

بە ڕوانینی دوو چاوی شینی بێ بنت

بە خاوێنیت، بە ئارامیت

تۆ دەریامی

بە شەپۆلی لەنجەولارت

بە تووڕەیی جار بە جارت

تۆ دەریامی.. تۆ دەریامی.

خودایە! ئەو شێعرە چ ئاهەنگێکی لەسەر دانێم؟! چون شێعرەکە شێعری نەو بوو، بۆ لەحنی ئاسان نەدەچوو. ئەزقەزا ڕۆژێکی دەچوومەوە ماڵێ، ئەو ئاهەنگەم بۆ هات؛

تۆ دەریامی...

......................

خێرا زەبتم کرد. پاشی... لەو لەحزەیەدا یادی بەخێر هونەرمەندی گەورە سەیاحی هاتبوو.. سێ ساڵان بەرنامەی خاو و خێزانم دەنووسی، هاتوچۆی ئەوێم دەکرد. ئەگەر تەمەشام کرد سەیاحی لەوێیە. کوتم وەرە توخودا نەوارێکی زەبت کەین. بڕێکم ئاهەنگی تازە پێیە، جا دەیناڵی بۆ قەرەنەی وی. کوتم ئاوام بۆ لێدە.. لێیدا... جا نازانم گوێت لێ بووە یان نا، شاهکارە. نەوارەکەمان زەبت کرد. گوزەرا تا ئەمن بتوانم تەماس لەگەڵ کاک سوارەی بگرم و پێی بڵێم ئاهەنگەکە ئامادەیە و بۆت دەنێرم. ئەزقەزا هەر ئەو چەند ڕۆژەی بوو کە کاک سوارە ئەمری خودای کرد. ئیدی ئەمن نەمتوانی بۆی بنێرم."

 ئەوە کە شێعری "تۆ دەریامی" بۆ گۆرانی تا ڕادەیەک درێژ و دەتوانێ گۆرانیبێژ زۆر ماندوو بکا، ڕاستە، بەڵام ڕەنگە هەموو گلەییەکەی شاڕوخ هەر لەبەر درێژیی شێعرەکە نەبووبێ. ئەو کە تازە بە یارمەتیی سوارە لە درۆی خەڵک و دەهۆی ساواک ڕزگاری بووە، سروشتییە ئەگەر پارێزی لە گوتنەوەی شێعرێک کردبێ کە باسی گرمەی تۆپ لە چیاکان و خەنجەری تۆڵەی ڕق تیژ دەکا.

بەڵام ئەی کیژ

ئەی چاو نەرم

ئەی خەنجەری تۆڵەی ڕق تیژ

ئەمڕۆ من لە خەستەخانەم

نە وشیارم نە لەسەرخۆ

لایەکی بیرم لای ئەو گەنجەیە

بە دەمی برین پێکەنی

بەشوورەی وەک پۆڵای لەشی

ڕێگای چەکمەی سووری خوێن و

دەستی ڕەشی بەعسی تەنی

لایەکی بیریشم لای تۆ

نا ئەی هەنیەت وەک مانگەشەو

نا دەریای مەندی چاوبەخەو

گڕی ئاخ بەر مەدە گیانم

بە نیگای ئاشنای لێ کوژراوان مەمتاسێنە

خۆم زامارم

بە خوێی توانج

مەمکولێنەوە، مەمسووتێنەوە

مەڵێ خۆزگە دەزگیرانم

پاڵەوپشتی ژیانم

بمردایە...!

***

بەڵام ئەمڕۆ

کە هەر ساتێ دڵی دایکێ

لە کوردستان هەڵئەقرچێ

بە هەر بۆمبای سووتێنەرێک، پێشمەرگەیەک

داری چاکێک دائەقرچێ

نەتکوتبایە لایەکی بیرم لای تۆیە

مەگری و مەڵێ دەزگیرانت ڕەنجەڕۆیە

بەو زارەی لە زەردە زیزە

بە ئارامی کە شێوەی دڵمەندی تۆیە

مەڵێ بەس ئەم گوفتوگۆیە

تۆ لات وایە

من نازانم

سکاڵای دڵداری خۆشە

بەڵام ئەمڕۆ من بەشێکی کوردستانم

کیژی سەد برا کوژراوی نیشتمانم

تازەماسیی تاسەباری دەستی تینووت

ڕێی نییە بۆ دەریای سینەم

هێندی خوا خۆشەویستی

بەڵام من کیژێکی کوردم

جەهەننەمە گڕی سینەم

ئەم کورتکردنەوە یان کەمکردنەوەیە وای کردوە کە پەیامی سیاسیی شێعرەکەی بە تەواوی نەگا و زیانیشی لە کاری هونەرمەند داوە بەو حاڵەش ئاواز و دەنگ و موسیقایەک کە بە بەر ئەو شێعرەدا کراوە، کارێکی نوێ و وەک هونەرمەند خۆی بە حەق دەڵێ شاکاری خوڵقاندوە. 

 هەڵبەت تۆ دەریامی تاکە کاری شاڕوخ بۆ شێعری سوارە و شێعری نوێ بە گشتی نییە. ئەو چەند بڕگە لە شێعری درێژی "خەوە بەردینە"شی بە ئاواز خوێندوە و لە کۆتاییەکانی دەیەی هەشتای هەتاوی، شێعری کچی بەیانیشی خوێند کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. بێجگە لە شێعری سوارە، شاڕوخ هەروەها دارێنەی موسلیح شێخولئیسلامی کە بۆ شەهید سمایلی شەریفزادە وتراوە و چەند شێعری عەبدوڵا پەشێویشی بە ئاواز وتووە بەڵام وەک خۆی دەڵێ هیچیان ناگەنەوە بەو کارەی کە بۆ تۆ دەریامی ئەنجامی داوە. خۆشەویستیی شاڕوخ بۆ سوارە و بۆ ئەو شێعرە و بۆ ئاواز و گۆرانییەک کە بە هاوکاریی هونەرمەند قادری سەیاحی بە بەر ئەو شێعرەیدا کردوە بە ڕادەیەکە کە کتێبی ژیان و گۆرانییەکانی خۆی بە ناوی "تۆ دەریامی" نووسیوە کە ساڵی ٢٠٠٣ لە هەولێر و دواتر لە سەقز جارێکی دیکە لە چاپ درایەوە.  

"تۆ دەریامی" ڕەنگە یەکەم ئاواز بێ کە لەسەر شێعرێکی نوێ داندراوە. تا ئەو کات لە نێو مووزیکی کوردی و فارسیشدا نموونەی دیکەی لەو شێوەیە دەگمەن یان هەر نەبوو. ئەویش بۆ گۆرانیبێژێکی خۆڕسک کە قوتابخانەی موزیکی نەدیتبوو و بە تایبەتیش مۆسیقای نەخوێندبوو. وا دیارە سوارە وەک دوڕناسی دونیای ئەدەب و هونەر، زۆر بە وردی توانای دەنگ و هونەری هونەرمەند عەزیزی شاڕوخی هەڵنابوو و دەیزانی شکاندنی ئەو ڕچەیە هەر لە دەست ئەو دێ. یەکەم ئاواز و گۆرانی بۆ شێعری نوێی فارسی چەند ساڵێک دوای ئەو کارەی شاڕوخ ئەنجام درا و سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە ئەویش هەر لە لایەن کوردێکەوە (شەهرامی نازری) خوێندرا.

<iframe width="560" height="315" src="https://www.youtube.com/embed/qM8AHPAQPvk?si=ZHaUE7g-dm0gSB33" title="YouTube video player" frameborder="0" allow="accelerometer; autoplay; clipboard-write; encrypted-media; gyroscope; picture-in-picture; web-share" referrerpolicy="strict-origin-when-cross-origin" allowfullscreen></iframe>

بڕگەیەک لە ژیانێکی پڕ ململانێ

 دوێنێ لە ڕێگای دۆستێکەوە، کتێبی بڕگەی دووهەمی بیرەوەرییەکانی کاک حەسەن ڕەستگارم بەدەست گەیشت. لێرەوە سپاسی مامۆستا و ئەو دۆستە بەڕێزە دەکەم کە کتێبەکەیان بۆ ناردم. دەمێک بوو بڕگەی یەکەمی ژیان و خەباتی مامۆستام خوێندبۆوە و چێژم لێ وەرگرتبوو. بۆیەش بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بەرگ یان بڕگەی دووهەم بووم و هەر کە بە دەستیشم گەیشت، دەمودەست شانم لێ داخست و خوێندمەوە.

مرۆڤ بە خوێندنەوەی هەردوو بەشی بیرەوەرییەکانی کاک حەسەن، بە بێ ئەوەی هەمیشە هاوڕای بێ، بە
تەواوی هەست دەکا کە خەریکە بیرەوەریی کەسێکی قەڵەم خاوێن، ڕاستگۆ و کەم پێچ و پەنا دەخوێنێتەوە، کەسێک کە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا وێنەی زۆر نییە، کەسێک کە هەرچەند قاڵبووی ململانێی حیزبی و سیاسییە بەڵام لە بریندارکردن و بوغزاندنی ڕکابەر و نەیار و تەنانەت دوژمنیش خۆی بەدوور دەگرێ، هەوڵ دەدا ناحەقی بە خۆی نەدا بەڵام حورمەت و گەورەیی ئەوانەش دەپارێزێ کە گەورە و ڕێبەر بوون و هاوکات ڕێزی هاوڕێ و دۆستە کەمتر ناسراوەکانی خۆیشی لەبەرە. ئەوەش ئاوێنەی باڵانوێنی ژیانی سیاسیی ئەو پیاوەیە؛ جودا دەبێتەوە بەڵام جنێو نادا، حیزبی هاوتەریب دادەنێ بەڵام شەڕی لەگەڵ ناکا، ڕێبەر و ڕێکخەری جودابوونەوەکەیە بەڵام سکرتێریی بۆ ناکا...
بڕگەی دووهەمی ژیان و خەباتی کاک حەسەن لەگەڵ ئەوەدا کە وەک بڕگەی یەکەم و وەک ژیانی تایبەتی و حیزبیی خۆی، نوکتە و گێڕانەوەی خۆشیان تێدایە بەڵام نەک هەمووی هەر بەسەرهاتی خۆش نین بەڵکو بڕگەی هەرە ناخۆشی مێژووی حیزبی دێموکراتن؛ بڕگەیەک کە تێیدا ئەم حیزبە تووشی لێکدابڕان و یەکتر کوشتن دەبێ و دوو لە ڕێبەرە هەرە بە تواناکانی خۆی لە دەست دەدا. بڕگەیەکە کە پڕە لە ململانێ، لە دەرکاودەرک کردن و داوای یارمەتیکردن لەم حیزب و لەو ڕێکخراو و لە فڵان کەسایەتی بۆ ئەوەی یارمەتی و پشتیوانی بۆ ڕەوتەکەی خۆی کۆ بکاتەوە تا بتوانێ جیا بێتەوە و بەخێویان بکا و.. سەرەنجام جیابوونەوە و شەڕەقسە و شەڕەتفەنگ و کوژرانی هاوڕێیانی بەدەست لایەنەکەی دیکە و تەنانەت بە شێوەی گوماناوی لەنێو لایەنەکەی خۆیدا و دواجار هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە و پەیدابوونەوەی ململانێکان لەنێو حیزبە جیابۆوەکەی خۆی و لەنێو لایەنەکەی تریشدا و لە ئاکامدا یەکگرتنەوە..
دیارە کتێبەکە بێ کەموکووڕیش نییە. بۆ وێنە بەشێک لە ڕووداوەکان بەتایبەت لە کۆتایی کتێبەکەدا پاش و پێش کراون، گێڕانەوەی هێندێک بەسەرهات کە ڕەنگە زۆر بایخی مێژووییان نەبێ و خوێنەر ماندوو بکەن یان هێندێک ڕووداو لەباری زەمانەوە بە دەقیقی نەگێڕدراونەتەوە کە ڕەخنەکە پتر لەسەر شانی ئەو کەسانەیە لە ئامادەکردنیدا بەشدار بوون و وا دیارە بە باشی یارمەتیی مامۆستایان نەداوە.
لێرەوە تەندروستی و تەمەندرێژی بۆ کاک حەسەنی ڕەستگار دەخوازم و جارێکی دیکە سپاسی دەکەم

پێوانەی دمبڕ

 کۆمەڵێک وشە بۆ پێوانەی پێداویستی لەسەر زاران هەن بە بێ ئەوەی بێژەر بیر لەوە بکاتەوە کە لە کوێوە هاتوون و بۆ پێوانی چ جۆرە ماک و مادەیەک گونجاون. لێرەدا هەوڵ دەدرێ ئەو وشانە، ڕەگەکەیان و ئەوە کە بەکاربردنیان بۆ چ شتگەلێک شیاوە، دەستنیشان دەکرێن:

نەخت: شێوەیەکی دیکەی وشەی نۆکە کە جۆرێک دانەوێڵەیە و خۆیشی چەند جۆرە. لە زمانی کوردیدا بە شێوەگەلی؛ نخە، نخۆ، نخێ، نوخوت، نوخۆ، نووک، نوهۆ، نوەی، نوەیە، نەها، نهەک، نەهە و هۆک‌یش دەگوترێ و گشتیان یەک ڕەگیان هەیە. 

              وشەی نەخت لە زمانی کوردیدا بۆ کەم نیشاندانی شتی زۆرترە بەڵام لە بنەڕەتدا پێوانەی کێشە کە بەرامبەری ١٩٢ میلی گرامە و بە ٢٤ دەنک دەبن بە مسقاڵێکی سیرفی و بە ١٨ دەنکیش دەبن بە مسقاڵێکی شەرعی.  

هەڵبەت ئەگەری ئەوەش هەیە کە نەخت لە وشەی نەخی فارسییەوە بە واتای ڕیشاڵ یان دەزوو هاتبێ کە ئەویش هەر پێوانەی کەمییە. 

دیارە وشەی نەخت لە زمانی کوردیدا واتای دیکەشی هەیە وەک کوردێندراوی وشەی نەغد یان نەقدی عەرەبی کە واتای پووڵ و پارەیە و هەروەها بە واتای زەویی بە پیت و بەرەکەت.

نیسک: ئەویش هەر جۆرێک دانەوێڵەیە کە ڕەنگە نیوەی نۆکێک یان بڕێک زیاتر لە نیوە بێ. وشەکە بە سێوەی نسک، نەسک، نێسک و نەرسەکیش دەگوترێ. هەروەها ناوەکانی دیکەی لە زمانی کوردیدا بریتین لە: نژی، نژوو، نووژی، مەرژی، مێژوی، مارژی، نووپژی و.. 

نیسک وەک نۆک پێوانەی کەم نیشاندان و بە کەموسکە شوبهاندنە. 

پەندی پێشینیان: خوری وە تیسکی، کەرە وە نیسکی واتە بە نەختێک لە شتێکیش دەزاندرێ کە چلۆنایەتیی چۆنە. 

چۆڕ: لە کرداری چۆڕانەوە کە ئەویش لە وشەی شۆڕ و شۆڕەشۆڕ چێ بووە کە دەنگی هاتنە خوارەوەی ئاو لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە. وشەی ئابشاری فارسی (ئاوشۆڕ) و شۆڕابە و شۆرین لەو ماکەیە. 

چۆڕ لە پێوانەدا واتای دڵۆپە و بۆ کەمێک لە شتی تراو وەک ئاو، چایی یان شیر و شتی ئاوا بەکار دێ.  

ڕێزە: وردە، کەمێک لە شتێکی ورد

زەڕە: زۆر کەم لە شتی ورد

تۆز: ئەو گەردە زۆر وردەیە کە لە شتی ورد و هاڕدراو  هەڵدەستێ. غومار، تەم، خۆڵ. 

    تۆز بۆ پێوانەی کەمی شتی هاڕدراوی وەک ئارد بەکار دێ.   

تۆسقاڵ: قاڵبووی تۆز، لە بەرامبەر تۆز کە بە ئاسماندا دەچێ، ئەمەیان کەمۆکەیەک لە قاڵبووی شتێکە هێندەی تۆزێک. گومانی ئەوەش بەدوور نییە کە شێوەی هەڵەی مسقاڵ بێ. 

تیسک: بە ڕادەی چەند دانە خوری یان مووی درێژ لە شتێک. زیاتر پێوانەی شتی چندراوە

چک: دڵۆپە، تنۆک یان قەترەیەک لە شتی تراو

هەوا: پێوانەی کەمی؛ هەوایەک لەلامان دانیشە، هەوایەک دەنگ بەرز بکەوە،

بەش: پاژ، لەت، بڕێک لە شتێک، لەگەڵ بەخشی فارسی هاوڕیشە و لەگەڵ سەهمی عەرەبی هاوواتایە

پشک: شێوەیەکی دیکەی وشەی بەش، بەشێک لە شتێک. پشک هەروەها بە مانای کلووی بەفرە

 پاژ: پارچە، لەت، 

تیتۆڵ: بڕ یان دادڕاوێک لە پارچە و قوماشی پانتر، تیسماڵکێک لە کووتاڵ

تیزماڵک: تیسماڵک، تیتۆڵ، لەتە پەڕۆ

پل: پێوانەی گۆشت، بەڕادەی لەپی دەست

سووکەڵە: کەمکراوەی سووک، لە سووک سووکتر، شتێک کە لە هەڵگرتندا سووک بێ (هەنبانە بۆرینە)

پیچ/پیچەک: پچ، پیچ شێوەی دیکەی پووچە و مەبەست شتی کەم کێش و کەم نرخە

پچ: بنەمای بچ، بچووک

قاش: ڕەنگە لە قاچی تورکی بێ بە واتای لەتێکی بچووک لە شتێکی گەورەتر. پتر بۆ لەتی شووتی و کاڵەک و خەیار و شتی لەو بابەتە دەبێ

قیچ/قیچێک: شێوەی دیکەی وشەی قاچ و قاش

بڕ/بڕێک: بەرامبەرە کوردییەکەی وشەی قاشە کە لە کرداری بڕینە. بۆ پێوانەی هەر شتێک کە ببڕدرێ، بەکار دێ

بڕووک: بڕدراو، بڕووکێک: بڕدراوێک

لەت: بەشێک لە دوو یان چەند بەشی هەر شتێک کە بە دەستیش لەت بکرێ وەک نان

پەنچک: پەنجەک، بە ڕادەی پەنجەکانی دەست، لەتێک لە نان

چارەگ: چوار یەک، یەک بەش لە چوار بەش

چەندێک: یەک لە چەند بەش

هێند/هەند: وشەی هەند بۆ بەشێ لە هەر شتێ بەکار دێ. ئەندام خۆی واتای پاژ و پارچە و بەشە و دەستەواژەی ئەندامەکانی لەش واتای پارچەکانی لەشە. وشەکە بە شێوەگەلی هند، هندەک، هنک، هۆندک، ئەوەند، ئەوهەندە، هێندێک و هەندەکیش دەگوترێ و لەگەڵ "ئەندەک"ی فارسی بە واتای کەمۆکەیەک هاوڕیشەیە. 

ئەندازە: ئەنازە، ڕادە، پێوانە

پێوانە: ئامرازی پێوان

عەیارە: ئامرازی پێوان

قەدەر: ئەندازە، هەروەها پێوانەی زەمان، بنەمای "مقدار"ی فارسی و عەرەبی

تاو: پێوانەی کات

ماوە: پێوانەی کات و زەمان

سیگارکێش/قەننەکێش: ماوەی کێشانی سیگارێک یان قەننەیەک

قول: پڕی مشتێ گیا

دەسک: چەند قول لە گیایەک کە بە لاسکی گیا یان بە بەن دەبەسترێ

گەوز: ئەوەندەی بە یەکجار داس دەیبڕێ

سواڵە: کۆی چەند گەوز

باقە: کۆی چەند سواڵە کە بە باقەبێن دەبەسترێ

مست/مشت: پڕی دەستی نووقاو بە جۆرێک کە سەری پەنجە بگاتەوە پاژنەی دەست. پتر بۆ دانەوێڵە و هەر شتێ کە لە مشتدا هەڵبگیرێ، بەکار دێ. ئیدیۆم: لە هەر شتێ مشتێ،

لوێچ: پڕی لەپی دەستێک بە کراوەیی

لاوێچ: لا لۆچ، پڕی هەردوو لوێچی دەست بە کراوەیی

کۆش: پڕی داوێنی کراس لە شتێ

باوەش: پڕی نێوان هەردوو باسک لە شتێ

لیپ: پڕ

لیپاولیپ: پڕپڕ

لێوڕێژ: هیندە پڕ کە لێی بڕژێ

دارماڵ: زیاتر بۆ کیلەی پێوانی دانەوێڵە دەبێ دوای ئەوەی بە دارێک سەری خشت دەکرێ و هیچی زیاد یان کەم نابێ. 

کونبڕ: پڕپڕ








۷/۲۶/۱۴۰۴

قەد و قەت

دوو وشەی قەد و قەت کە لە ڕواڵەتدا لێک نیزیکن، زۆر جار تێکەڵ دەبن و نووسەر یان ئاخێوەر بە هەڵە یەکیان لە بری ئەویدی بەکار دێنێ. 
وشەی قەد بە گشتی ئەو مانایانەی خوارەوەی هەیە؛
- بەژن و باڵا کە زیاتر بە شێوەی قەد و باڵا دەگوترێ
- ئەستوورایی دەوری کەمەر (خەنجەرەکەی دەبەر قەدی نا)
- ئەستوورایی دار
- شەقڵ، دەق (جلەکانم قەد دەکەم، قەدی کراسەکەت مەشکێنە)
- ڕادە و ئەندازە؛ هەردوو بە قەد یەکن
- چین و توێ؛ قەد قەد لەسەر یەک داندراون
-  نێوان داوێن تا سەرەوەی هەر شتێک؛ قەدی کێو، قەدی دیوار، قەدی دار و.. 
بەو واتایانەوە، وشەی قەد وشەیەکی کوردییە 

لە بەرامبەردا وشەی "قەت" هەم لە "قەتع"ی عەرەبی و هەمیش لە وەقت و کات نیزیکە کە لە کوردیدا واتای پێچەوانەی وەرگرتوە؛
- قەت: هەرگیز، هیچ کات (قەت نایەم)
- قەت: قەتع، بڕین (ئەو دەنگە قەت کە، بەنەکە قەتیا). 
- قەت: پاژ، پشک، قاش
- 

۷/۲۲/۱۴۰۴

ئەو بابەت و سەرنجانەی سەبارەت بە چاپی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" نووسراون

 ڕۆژی ١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ بەرابەر بە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣ وەک بەڵێن درابوو کتێبی "ئەنگوستی پاکی محەممەد" کە خوێندنەوەی شێعرەکانی سوارە ئیلخانی‌زادە و پێوەندییان لەگەڵ خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە لەلایەن وەشانخانەی "٤٩ کتێب" لە دەرەوەی وڵات چاپ و بڵاو کرایەوە و ئێستا بەردستە. هەڵبەت لەگەڵ ئەودا "کەشکۆڵێکی پێشمەرگانە"شم چاپ کرد کە بیرەوەرییەکی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و چەند شێعری ئەو سەردەمی خۆمی لەخۆ گرتووە. هەردووی ئەوانە پێوەندییان بە دوو بڕگەی جیاواز لە مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتەوە هەیە و لەبەر ئەوەش بۆم گرینگ بوو کە لە ٢٥ی گەلاوێژدا بڵاو ببنەوە. وەک هەر نووسەرێک پێم خۆشە نووسینەکانم بخوێندرێنەوە و خوێنەر پێشوازییان لێ بکا. لەوەش زیاتر بۆم گرینگە کە کاردانەوەیان لەنێو خەڵک بەتایبەت خاوەنڕایاندا ببینمەوە بەڵام ئەوە هیچ پێوەندی بە باری مادی و ماڵی دنیاوە نییە. بۆ ئەو یەکەمین چاپە، ژمارەیەک نووسخەی کتێبەکانم بۆخۆم کڕیوەتەوە تا بە دیاری پێشکەش بە دۆستانی دەوروبەرمی بکەم بەڵام ئەگەر کەوتنە چاپی تازە، ئەوە هیوادارم و لەگەڵ وەشانخانەی ٤٩ کتێبیش پێکهاتووم کە لە داهاتی ئەوانە و کۆمەڵێک کتێبی دیکەش کە کاری کەمیان بۆ چاپ ماوە، بتوانین یارمەتیی ئەو نووسەرانە بدەین کە بە تایبەت لە ناوخۆی وڵات دەرەتانی چاپی بەرهەمەکانیان نییە.

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

سپاس و ئەمەگناسییەکی درەنگوەخت
تاهیر قاسمی
کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" لەژێر چاپدایە و لە ڕۆژانی داهاتوو و لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژدا
دەگاتە دەست خوێنەران. بەڵام پێش ئەوەی کتێبەکە بڵاو بێتەوە، پێویستە قەرزێکی کۆن بدەمەوە و سپاس لە نووسەر و مامۆستایەک بکەم کە زۆرم کەلک لە بەرهەمێکی ئەو وەرگرت؛
دوو ساڵ لەوەپێش، لە ڕێی وەستای هاوڕێمەوە، کتێبی "کاریگەریی بیری چەپ لەسەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"م بە دەست گەیشت و بە تامەزرۆییەوە خوێندمەوە. تامەزرۆییم پتر لەبەر ئەوە بوو کە ئەگەرچی لە سەرەتای پێشمەرگایەتیمەوە لە خزمەت کاک سمایلی بازیاردا بووم و لە کۆبوونەوە حیزبییەکان یان لە سمینارە گشتییەکاندا، گەلێک جار ڕاستەوخۆ یان لە ڕێی مێدیاکانەوە چێژم لە وتە و وتارەکانی وەرگرتووە بەڵام کەمتر بابەتم لێ خوێندبۆوە. خوێندنەوەی "کاریگەریی بیری چەپ.." بارتەقای ئەو چاوەڕوانییە بوو و نیشانی دام کە تامەزرۆییم بەخۆڕایی نەبوو. دوکتور زەحمەتی زۆری بۆ نووسینی کتێبەکە کێشاوە، سەرچاوەی یەکجار زۆری پشکنیوە، زانستیانە ڕووداوەکانی شی کردۆتەوە، گەلێک کەلێن و قوژبنی نادیار یان نیوەدیاری مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی تێدا خستووەتە ڕوو و وڵامی بە زۆر پرسیاری ناڕوون داوەتەوە.
بەڵام نرخی ڕاستەقینەی کتێبی "کاریگەریی بیری چەپ.." بۆ من ئەو کاتە زیاتر خۆی نواند کە بۆ "خوێندنەوەی شێعری سوارە لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا" دەبوو کورتە مێژوویەک سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە دەیەی چلی هەتاوی، دەیەی سەرهەڵدان و گەشەی هاوکات و هاوتەریبی خەباتی پێشمەرگانەی حیزبی دێموکرات و شێعری سوارە بنووسمەوە. بۆ ئەو کارە لاپەڕی زۆر کتێبانم هەڵدانەوە و بیرەوەریی گەلێک نووسەر و تێکۆشەری ئەو سەردەمم خوێندنەوە بەڵام هیچیان هیندەی کتێبەکەی دوکتور سمایلی بازیار گشتگیر و ورد بە فریای کارەکەی من نەهاتن.
دوو ساڵ لەوەپێش، دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی "کاریگەریی بیری چەپ لەسەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" زۆر کەس بە حەق لەسەریان نووسی و بە باشی نرخاندیان بەڵام من بە چەند هۆ نەمتوانی بنووسم و لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە خۆم بوارد؛
یەکەم؛ پێم وا بوو لەو فەزایەدا هەرچی بنووسم دەکەوێتە خانەی لاساییەوە
دووهەم؛ پێم وا بوو نەفسی خوێندنەوەی کتێبی کەسێکی ئازیز، بیانوویەکی باش و جێ متمانەی خەڵک نییە بۆ ڕانان و نرخاندنی
سێهەم: پێم وا بوو هەرچی بنووسم، دەرحەقی ئەو لێکۆڵینەوە بەبایخە نابێ. وەک چۆن ئەم چەند دێڕەش بە هیچ جۆر بارتەقای ئەو کتێبە بەنرخە نییە بەڵام بیانوویەکە بۆ دەستخۆشی و ماندوونەبوونییەک کە دەبوو پێشتر لە نووسەر و مامۆستای بەڕێزمی بکەم.
لێرەوە سەبارەت بەو کارە بەپێزە و بەو کەلکە زۆرەی کە بۆ نووسینی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" لەو بەرهەمە بە نرخەم وەرگرت، سپاس و پێزانینی خۆم بۆ نووسەری کتێبی "کاریگەریی بیری چەپ لەسەر بزافی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک نموونە" دەردەبڕم و ساغی و سڵامەتی بۆ دوکتور بازیاری ئازیز دەخوازم.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

ناساندنی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" لە ستوونی بەر لە ماڵاوایی ڕۆژنامەی کوردستان‌دا

‏"ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"؛ ‏ دیارییەک بۆ جێژنی حەفتا و نۆ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژ، حەفتا و نۆهەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، کتێبی "ئێعجازی ‏ئەنگوستی پاکی محەممەد" چاپ و بڵاو کرایەوە. کتێبەکە وەک لە پێناسەیدا هاتووە؛ خوێندنەوەی شێعرەکانی شاعیری ‏ناسراو و بە ناو و دەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سوارەی ئیلخانی‌زادە لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە ‏کە لەلایەن نووسەر و هاوکاری "کوردستان" تاهیر قاسمی نووسراوە و خاتوو شەهلا دەباغی، ژنەچالاکی دیاری نێو خەباتی ‏سیاسی و ئەدەبیی کوردی ڕۆژهەڵات ‏پێیدا چۆتەوە و وەشانخانەی "٤٩ کتێب" چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. ‏ ‏ سوارە ئیلخانیزادە ئەگەرچی لە بواری نووسینی چیڕۆک و بابەتی ئەدەبیشدا گەلێک بەرهەمی بەنرخی لێ بەجێ ‏ماوە بەڵام ئەو زیاتر وەک شاعیر و یەک لە بناخەدانەرانی شێعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە ‏ژمارەی شێعرەکانی زۆر نین بەڵام "خەوە بەردینە" وەک دیوانی شێعرەکانی کەلێنێکی گرینگی لە مێژووی شێعری کوردی ‏بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕ کردۆتەوە. ئەو شێعرانەی کە بەبڕوای نووسەری "ئیعجازی ئەنگوستی پاکی ‏محەممەد" نیزیک بە تەواویان لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا نووسراون و تریفەی تێکۆشانی ئەم ‏حیزبە تا ساڵانی کۆتایی تەمەنی شاعیریش هەروا دەفتەری شێعری ئەویان ڕووناک کردۆتەوە.‏ پڕانیی شێعرەکانی سوارە بە هۆی بارودۆخی پۆلیسیی سەردەم و دوای ئەوەی شاعیر لە زیندانی حەمەڕەزا شا ‏ڕزگار بوو، لەسەر ڕێبازی ئەدەبیی سەمبۆلیک و بەو پێیەش لە ڕەمز و ڕازدا نووسران. ئەوەش وای کرد کە هەتا ئەم ‏دواییانەش هەموو پەیامەکانی شێعری سوارە بۆ وەچەکانی دوای خۆی بەتەواوی ڕوون و ئاشکرا نەبن. لێکۆڵەر لە ئیعجازی ‏ئەنگوستی پاکی محەممەددا، هەوڵی داوە بە ناساندنی سەمبۆلەکان و شکاندنی کۆدی وشەکان مەبەست و هەڵوێستی ‏شاعیر لە ساڵ و سەردەمە جیاوازەکاندا بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە و لەم ڕێگایەوە خوێنەری کورد لەگەڵ بیر و ‏هەڵوێستەکانی سوارە ئاشنا بکا. ‏ ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد بە پێشەکییەک لەلایەن نووسەرەوە دەست پێ دەکا کە تێیدا باس لە ‏سەرەتای ئاشنایی خۆی لەگەڵ شێعری سوارە و هۆکار و مەبەستەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە و چۆنییەتیی دەسپێک و بە ئاکام ‏گەیشتنی کراوە. پاشان کورتە مێژوویەکی سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە دەیەی چلی هەتاوی ‏‏(شەستی زایینی) لەخۆ گرتووە کە زۆربەی هەرە زۆری شێعرەکانی سوارەش هەر لەو دەیەیەدا و لەژێر تیشکی تێکۆشانی ‏ئەو سەردەمی حیزبی دێموکراتدا نووسراون. لەم بەشەدا نووسەر باسی لە تێکۆشان و جموجۆڵە سیاسی و ئەدەبییەکان لە ‏هەردوو بەری دیوی گەرمێن و هەروەها لە زانستگای تاراندا کردووە کە سەنگەرێکی دیکەی خەباتی کوردایەتی و ‏تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بوو. بە دوای ئەوانەدا نووسەر باسی لە جیهانبینیی سوارە و ڕوانگەی ئەو بۆ کوردایەتی بە ‏گەڕانەوە بۆ نێوەرۆکی بەرهەمەکانی کردووە و لەم بەشەدا بەتایبەتی لە شێعری "بیرەوەریی دووی ڕێبەندان" دواوە. پاشان ‏یەک بە یەک شێعرە بەناوبانگەکانی سوارەی بەپێی مێژوو و بۆنەی نووسینیان هەر لە شێعری "بانگەوازی پەنجەرە" تا ‏‏"خێڵی درۆ" و سەرەنجام "خەوە بەردینە" و "تۆ دەریامی" لێکداوەتەوە و بە سەرنجدان بە نێوەرۆک و پەیامی ئەو شێعرانە، ‏ڕوونی کردۆتەوە کە هەر کامیان پێوەندی بە کێها ڕووداوی سیاسی و کام تێکۆشان و جموجۆڵی حیزبەوە هەیە. هاوکات لە ‏ڕێگای ئەم شێعرانەوە پێوەندیی نێوان ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خوێندکارە کوردەکانی زانستگای تاران کە ‏سوارەش یەک لەوان بوو، شی کردۆتەوە. ‏ هەڵبژاردنی ناوی "ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" وەک ناوی کتێبەکە، لە دێڕێک شێعری بەناوبانگی ‏‏"خەوە بەردینە" وەرگیراوە کە بە بەرزترین شێعری سوارە هەژمار دەکرێ. نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکە و لە لێکدانەوەی ‏شێعری خەوە بەردینەشدا ڕوونی کردۆتەوە کە خەوە بەردینە حەماسەی دامەزران و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانە ‏و ڕستەی هەڵبژێردراو بۆ ناوی کتێبەکەش ئاماژە بە دەور و ڕۆڵی پێغەمبەرانەی پێشەوا قازی محەممەد لە دامەزران و ‏دانانی ڕێوشوێنی خەباتی ئەو حیزبە و ڕەوتی تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکا. ‏
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

وتووێژ لەگەڵ کوردکاناڵ سەبارەت بە چاپی کتێبی ئەنگوستی پاکی محەممەد

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

بەختەوەرن ئەوانی
«ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد» دەخوێننەوە!
ڕەند زارعی - ٢٤ی مای ٢٠٢٤
هاوڕێ و دۆستی زانا و بەتوانام کاک تاهیر قاسمی کە زیادم نەگوتووە ئەگەر بڵێم هەمیشە وەک مامۆستایەک لێیەوە فێربووم، بەمزووانە و بە هاوکاری ناوەندی «چلونۆ کتێب» کە لەوێش ئەگەر میوانێکی ڕەزاگرانیش بووبم، هەمیشە وەک خانەخوێیەک ڕێ پێدراو بووم، کتێبی «ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد» چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
شانازی و بەختەوەری لەوە گەورەتر کە پێش چاپبوون، بەرهەمەکەم کەوتە بەردەست و دنیایەکی لێوە فێربووم. هەروەک لە ناوی کتێبەکەوە دەردەکەوێ، ئەم بەرهەمە دەیهەوێ پەردە لە تێڕوانینی سیاسیی شاعری هەڵکەوتەی کورد، «سوارە ئیلخانی زادە» (1937 - 1976) بداتەوە. کەچی کاک تاهیر، کە دڵنیام بۆخۆشی ئاگادارە، بەحرێک لە زانیاری و وردەکاری دیکەش دەخاتە بەردەست.
سوارەی شاعری کەم لێ کەڵ ژیا، جگە لەوەی کە لە باری زمانی و جوانی و وردەکاری ئەدەبییەوە تا دەهات بەرزەفڕتر دەبوو، هەڵگری ڕێچکە و باوەڕ و تێڕوانینێکی ئەوپەڕئینسان، ئازادیخواز و نیشتیماندۆستی بوو کە لە سەردەمی خۆیدا ئەگەر تاقانە نەبووبێ، یەک لەو دەگمەن ڕۆڵانە بووە کە دایکی نیشتیمان لەگەڵ هەر هەوڵێکی سوارە گەزگەز باڵای پێ کردووە. مخابن بەشێکی زۆر لە ژیان و تێڕوانینی سوارە بۆ زۆربەمان شاراوە بوون و بە خۆشییەوە بە هەوڵ و هیممەتی کەسانی وەک نووسەری ئەم شاکارە بەشێک لەو تەمەمان بۆ دەڕەوێننەوە.
بەڵام کارەکەی کاک تاهیر هەر بەوەندەش ڕانەوەستاوە و لۆیەک لە لێفەی سەر بەشێک لە مێژووی نادیار و کپکراوی ساڵەکانی پێش بزووتنەوەی 46-47 و دۆخی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت وردەکارییەکانی ئەو دۆخەش هەڵدەداتەوە کە سوارە یان بەشێک بوو و بە شاباڵی پڕ لە شانازییەوە بەرەو لوتکە بەرزی دەکرد، یان لە نسکۆیدا تا سەر ئێسکان ژان پێوە دەچێشت.
هەموو ئەوانە لەولای ڕاوەستێ، هەمووان دەزانن کە -شێعری سوارە هەتا بیخوێنییەوە کەمە، هەتا لێی وردبییەوە لێی فێر دەبی و چێژی لێ وەردەگری -، شێعری سوارە قوڵن و زەرافەتی هێندە زەریفیان تێدایە کە تەلسیم و سیڕی خۆیان تێدایە. کاک تاهیر لەم بەرهەمەدا بەشێکی زۆر لەو تەلیسمانە بە شێوەیەکی سادە و جوان دەکاتەوە کە جیا لە فێربوون لە باری زمانەوانییەوە، تەنانەت لە باری جوانیناسی زمانیشەوە کایە بە ڕۆحی خوێنەر دەکەن.
ئەم بەرهەمە شاکارە. کاری کەسێکی کاردانە. کارزانی نووسەر لە هەموو بوارێکەوە لەم بەرهەمەدا وەستایانە وەستاوە. هیوادارم کاک تاهیر هەروا ڕاوەستاو بێ و بەخت یارمان بێ تا بەرهەمی پتری لێ بخوێنینەوە.

هەروەها ڕەند لە جێگایەکی تر نووسیویەتی:
ئەگەر لێم بپرسن یەک لەو کتێبانەی زۆری لێ فێر بووی و زۆر بەکەلک بووە بۆت چ کتێبێکە، بە دڵنیاییەوە یەک لەو کتێبانەی ناوی دەهێنم کتێبی ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەدە.
ئەم کتێبە نەک هەر لە نێوەرۆکدا، بەڵکە لە شێوازی نووسین و داڕشتن و پاراوی زمان و ڕێزمانیشەوە بۆ من جێی لێ فێربوون بوو.
کتێبەکە وەک زێڕ وایە، لە قەوارەدا بچووک، لێ لە نرخ و نێوەرۆکدا پڕبایەخە.
خوێندنەوەی زۆر هەڵناگرێ - خوا هەڵناگرێ ڕەنگە هی ڕەوانبێژی دەقەکە بێ، بەڵام هەتا ماوەیەکی زۆر هەڵتدەگرێ و مێشکت بەو بابەتانەوە خەریک دەکا کە؛ سوارە چەند بەرز بووە. نووسەر چەند وردبین بووە. مانای شێعرەکانی سوارە چەند قووڵن. زمانی سوارە چەند ساکارە، کەچی چەند ئاڵۆزە و پێویستی بە بیرێکی چەندە تیژە تا لێی تێبگەی. ئێمەمانان، لە چاو کەسانی وەک سوارە و نووسەری بەرهەمەکەش، چەندە کەم دەزانین و چەندەش خۆمان پێ زلە، کەچی لە حاند ئەوان، هێشتا لە دارەدارە و گاگۆڵکەی پێگرتنمانداین.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

خالید محەممەدزادە:
سوارەی ئیلخانیزادە وەك خۆی نەك وەك ئەوەی پێشانمان دەدرا
لە دواجاردا تاهیر قاسمی تاپۆی بنەمالًەیی و پەردەی سوری كمونیستی ئێرانی كە لە پەنجا ساڵی رابردوودا سوارەیان گەمارۆ دابوو هەلًدەداتەوە پێمان دەلێت سوارەش هاوشێوەی شاعێرانی كۆماری كوردستان عاشقی خەڵك و خاك و پێشەوا و رێبازەكەی بووە، تا ئەو ئاستەش شێعري بە باڵای ئەحمەد تۆفیڤیش دا وتوە
ئەحمەد تۆفێقت لە خوا دەخوازم
ئەحمەد بە ناوی بەرزت ئەنازم!
ئەم سوارەی تاهیر قاسمی لە كتێبە نایابەكەی دەیخاتە روو ئەو سوارە نیە كە دژبەرانی ناسیونالیزمی كوردی وێنایان دەكرد بۆمان، بەڵكو سوارەیەكە هاوشێوەی هێمن، هەژار ، سەید كامیل ئیمامی لە فۆرمێكی نوێی شێعری نەتەوەیی و نیشتمانی دا
لە راستی دا سوارە وەك خۆی لە كتێبەكەی تاهیر قاسمیە نەك لە هیچ شوێنێكی دیكە،
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

شوانە ڕزگەیی:
ئیعجازی ئەنگوستی پاکی (پێشەوا قازی محەممەد)
بە ئێعجازی پاکی ئەنگوستی موحەممەد
شەتی نوور بەڕووی مانگی عەرزا کشاوە
ترووسکەی برووسکەی شەوی دەم بەھاری بە ھەورە
لە سەرئاسمانی زەوی ڕاخوشاوە.
ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد
(ئەنگوستی محەممەد ئاماژەیە بە پێشەوا قازی محەممەدی ھەمیشە زیندوو)
ھاوڕێی وردبین و ھێژام کاک تاھیر قاسمی خوێندنەوەیەکی وردی بۆ شێعرەکانی نەمر سوارەی ئیلخانی زادە ھەیە.
شکاندنی کۆدەکانی شێعری سوارە بێ گەڕانەوە و ئاماژە بە کەشی خوڵقانی شێعر وفەزای سیاسی ئەو سەردمەی ھەڵەیە.
نوسەری ئەوکتێبە ڕێک گەڕاوەتەوە ئەوسەردەمی و بە خوێنەر دەڵێ کە چۆن ئەو بەرھەمانە لە دایک بوون و پەیامی ئەو شێعرانە چین.
ھیوادارم شڵەقاندنی ئەو گۆمە قووڵ و مەندە ھەندێ ھاوڕێی نەمر سوارە کە لە ژیان داماون وەخۆبێنێتەوە و چیتر ڕاستییەکان نەشارنەوە .....
ماندوو نەبی کاکە تاھیرگیان و دادە شەھلای بەڕێز و سپاس بۆ وەشانخانەی ٤٩ کتێب کە پاڵپشتی نوسەرانە.
(وێنەلە لاپەڕەی ٤٩کتێب وەرگیراوە)
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

کامیل ئوستادئەحمەدی:
ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد
خۆیندنەوەی شێعری سوارە لە ژێر تیشکی
تيکۆشانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا
لە نووسینی ڕێزدار پێشمەرگەی دێرین کاک Tahir Qasimi دوێنی بە دەستم گەیشت سپاس بۆ ئەو دیاریە بە نرخە .
ماوەیەک بوو لە خۆیندنەوە دابڕاوم و زۆرتر کتێبی دەنگیم گوێ دەدایە ، نای شارمەوە دوایی سەرکوتی شۆرشی ژن ژیان ئازادی دا و نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی ئوپوزیسۆنی کوردستانی یان دەقیق تر نەقواستنەوەی ئەو دەرفەتە و رژانی ئەو هەمۆە خۆینە ی کە بە جۆگەلە لە بەر کورد رۆیشت و مخابن شۆرش ئەو جارەش بە ئامانج نەگەیشت بە حەقیقەت زۆر ماندوو بووم و بەو دۆخەی کورد رۆژهەڵاتی تێ کەوتۆە ماندوو بووم ماوەیەکە دیسان بە دوایی گویگرتن لە وتارەکانی دوکتورقاسملوو و دوکتور سەعید خەریکە ئەو قۆناغە تێ پەڕ دەکەم و یەکەم کتیب کە دەست بە خۆیندنەوەی دەکەم ئێعجاری ئەنگوستی پاکی محەممەدە کە هیوادارم سودی باشی لیوەرگرم خەرمان بەرەکەت و دەستت خۆش بی نووسەری خاوەن بەهرە و پێشمەرگەی دیرین .
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

مەنسوور مروەتی:
سوارەی ئیلخانیزادە و ژیلای حوسەینی و مارفی ئاغایی هەر سێکیان لە تەمەنی ٣٥ ساڵی و هەر سێکیان لە سێ کاتی جیاوازدا بە تەسادفی ماشین کۆچی دواییان کرد. سوارە لە تاران و ژیلا لە بان لەیلاخ و مارف لە مەهاباد هەر کامەشیان بە نۆرەی خۆیان کاریگەرییان لە سەر دنیای شیعر و ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە. بەداخەوە زۆر زوو ڕۆییشتن و لە کیسی ئەدەبیاتی کوردی چوون. مارف و ژیلا تا ڕاددیەکی باش خوێندنەوە بۆ شیعریان کراوە و تێگەییشتن لە شیعرەکانیان زۆر قورس نیە بەڵام سوارە نا. تێگەییشتن لە سوارە بڕێک زەحمەتە.
سوارە پێشەنگی ئەدەبیاتی نوێیە لە ڕۆژهەڵات، لە سەردەمێکی هەستیاری مێژووییشدا ژیاوە و شیعری وتوە کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتەوە هەیە.. ڕەحمەتی مارفی ئاغایی و کاک سەلاحی موهتەدی کاتی خۆی خەوە بەردینەیان کۆ کردەوە بەڵام هیچکات نە ئەوان و نە کەسێکی دیکەم نەبینێ بە وردی وبەقووڵی شیعرەکانی سوارە شەن و کەو بکا، هەتا بینیم و گوێم لێبوو کاک تاهیری قاسمی دەستی بۆ ئەو کارە بەنرخە بردووە. کاک تاهیر هەم لەنزیکەوە و هەمیش بە تەلەفۆن هەندێکی لەو شیکردنەوانەی بۆ باس کردم، سەرنجڕاکێش بوو و تازەیی بۆم هەبوو. چونکە منیش هەر خوێنەرێکی ئاسایی شیعرەکانی سوارە بووم و باشترە بڵێم زۆری لێ حاڵی نەبووم. ئێستا ئەو کارە بەنڕخەی تاهیری قاسمی چاپ بووە و کەلێنێکی باشی گرتووە و چ لە باری سیاسی، مێژوویی و ئەدەبیەوە شتی تازەی تێدایە و زۆریش سەرنجڕاکێشە.
دەستی کاک تاهیر بەگەرمی دەگوشم و پیرۆزبایی لێدەکەم بەو هیوایە بگاتە دەستی خوێنەران و خوێندەوارانی ئەو بوارە. ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد ناوی کتێبەکەیە.
ئەوەندەی دەڵێم محەممەدەکە لێرە مەبەست پێشەوا قازی محەممەدە....
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

دڵشاد هەورامی:
خوێندنەوەی کتێبی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد
کتێبی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد نووسینی کاک تاهیر قاسمی، خوێندنەوەی شێعری سوارەیە لە ژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا.
ئەم بەرهەمە ماندوو بوون و وردبینی پێوە دیارە و خوێنەر پاش خوێندنەوەی تێدەگات کە نووسەر ئارشیفێکی گەورە و گرانی هەڵداوەتەوە بۆ چەند دێرێک، کتێبی سەدان لاپەرەیی خوێندووەتەوە بۆ چەند ڕەستەیەک و ئەم کتێبە بەری ماندوو بوونە.
بژار کردنی ڕاستی و داستانی دروست لە مێژووی ئێمەدا زۆر جار تا ئاستی مەحاڵ بوون ئاستەمە، سپاس بۆ کاک تاهیر کە شانی وەبەر داماڵینی گەرد و تۆزی سەر شێعر و مەرام و ئاواتی سوارە داوە، گەرد و تۆزێک کە خێڵی درۆ بەرپایان کردبوو.
خوێندنەوەی “ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد” لای من:
1. ئاشنا بوون و تێگەیشتنی زیاتر لە سوارە وەک شاعێرێکی ڕەچەشکێن و داهێنەر و لە هەمانکاتدا شۆڕشگێر.
2. بیر کەوتنەوە و کۆ بوونەوە و نەزم گرتنی کۆی ئەو زانیاریە پرش و بڵاوانە کە لە سەر سوارە و شێعری سوارە بە درێژایی ساڵانێک خوێندبوونمەوە و بیستبوونم.
3. سەفەر کردن بە موعجیزەی گێرانەوەی مێژوو بۆ جیهانێک کە سوارە و هاوپێڕەکانی تێدا ژیان.
4. زیاتر و باشتر لە دۆخی کۆمەڵگای کورد و دۆخی شۆڕش گەیشتن، دەور کردنەوە و سەر لە نوێ تورە بوون لە هەڵوێستی بۆدەڵانە و ترسنۆکانەی هێندێک و خەم خواردن و شانازی کردن بە هەڵوێست و هیمەت و فیداکاری ئەوانەوە کە لە پێ کورد بوون و ئینسان بوونی خۆیاندا تا سەر مانەوە.
وە لە کۆتایتدا
کتێبەکە بە قەڵەمێکی ئەدیبانە نووسراوە، هەرچەند دەقێکی ئەدەبی زۆر دەوڵەمەند و زمان کوردی ڕووت و پاڕاوە بەڵام وەک خوێنەرێک پێم وایە، گەر بە زمانێکی سادەتر و ئەمرۆیتر نووسرابا دەیتوانی سەختی و پڕ ڕەمز و ڕازی شێعری سوارە نەرمتر و ئاسانتر بداتە دەستەوە.
نووسەر لە بەشی ئاوردانەوە لە مێژوودا سادەتر و ڕەوانتر باسەکانی نووسیوەتەوە، کەچی لە شرۆڤە کردنی دەقە شێعریەکاندا لام وایە دەکەوێتە ژێر کاریگەری سەبکی نووسین و نەفەس و ڕیتم و تەنانەت ئەدەبیاتی سەردەمی سوارە و خوێنەر ناچار بە چەند جار خوێندنەوە دەکات (بە دڵنیاییەوە لە هەمانکاتدا دەتوانێت خاڵی بەهێزی ئەم کتێبە بێت، مادام خوێنەر لێ فێر دەبێت).
ماندوو نەبیت کاک تاهیر.
دڵشاد هەورامی-
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

چاپی سەرلەنوێی کتێبی ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد لەلایەن یەکێتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی

کوردستانەوە

سپاس بۆ هاوڕێیانی یەکێتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت کاکە پێشەوا عەلیپوور، سکرتێری ڕێکخراوەکە کە کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"یان لەسەر ئەرکی خۆیان لە کوردستان دیزاین و چاپ و بڵاو کردەوە.
ئەم چاپە لە دوو خاڵدا جیاوازیی لەگەڵ چاپی یەکەمدا هەیە کە هاوینی ڕابردوو لەلایەن وەشانخانەی ٤٩ کتێب لە دەرەوەی وڵات چاپ و بڵاو کرایەوە؛
یەکەم؛ خوێندنەوەی شێعری شار"یش بە نێوەرۆکی کتێبەکەوە زیاد کراوە
دووهەم؛ لاوی ژیر و وردبین کاکە هەردی سەلیمی بە سەلیقە و وردبینیی زۆرەوە بە کتێبەکەدا چۆتەوە و ئەرکی هەڵەگریی ئەم چاپەی بە ئەستۆ گرت و زۆر هەڵەی بۆ ڕاست کردمەوە کە لێرەوە جارێکی دیکە سپاسی دەکەم.
ماوەتەوە بێژم کە ئەم چاپی دووهەمەی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" بە هەمان نێوەرۆک بەڵام بە دیزاینی خۆیانەوە لە دەرەوەی وڵات و لەلایەن وەشانخانەی ٤٩ کتێبیش ئێستا بەردەستە.

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

ماڵپەڕی لاوان: 

پەرتووکی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد لە کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە

پەرتووکی “ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد”  کە خوێندنەوەی شێعری سوارە ئیلخانیزادەیە لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی‌دێموکراتی کوردستان‌دا، لەلایەن کاک تاهیر قاسمی لە وڵاتی فینلاند نووسراو و ئامادەکراوە و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی چاپی دووهەمی ئەم پەرتووکەی لە کوردستان وەستۆ گرتووە .

لە بەشی یەکەمی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا خوێنەر لەگەڵ بارودۆخی  سیاسی – ‏کۆمەڵایەتیی دەیەی چلی هەتاوی (شەستی زایینی) لە کوردستان ئاشنا دەبێ کە ‏زۆربەی شێعرەکانی سوارە ئیلخانی‌زادە بەرهەمی کەش‌وهەوای سیاسیی ئەو ‏دەیەیەن. لەو بەشەدا هەوڵ دراوە گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەنێو هەردوو ‏بەشی تێکۆشەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات لە دیوی باشوور و چالاکانی ‏خوێندکاریی کورد لە زانستگەی تاران و پێوەندییان لەگەڵ یەکتر شی بکرێتەوە.

هاوکات باس لە هەل‌ومەرجی سیاسیی سەردەم لە ئاستی ئێران و جیهانیش‌دا ‏کراوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تێکۆشانی تێکۆشەرانی کورد لە ‏هەردوو بەرەی زانستگە و شاخ‌دا دادەنا. لە بەشەکانی دواتردا هەر کام لە شێعرە ‏بەناوبانگەکانی سوارە کە بە بڕوای ئەم لێکۆڵینەوەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی ‏ڕووداوە سیاسییەکانیان بەسەرەوەیە و کاردانەوەی جۆری خەبات و تێکۆشانی ‏حیزبی دێموکراتن، بەجیا بەڵام وەک ئاڵقەیەک لە زنجیرەی ڕووداوەکان، شەن‌وکەو کراون. لەم نێوەشدا ڕۆڵی هەریەک لە سوارە وەک شاعیری ئەم شێعرانە و ‏هەڵسووڕاوێکی نێو کۆڕی خوێندکارەکان لەلایەک و سمایلی شەریف‌زادە وەک ‏یەک لە دیارترین ڕێبەرانی ڕاپەڕینی ساڵەکانی ٤٦– ٤٧ـی حیزبی دێموکراتی ‏کوردستان کە لەگەڵ سوارە و خوێندکارەکانی دیکە لە پێوەندی‌دا بووە، پتر بە‏هێند گیراوە. ‏

ناوەرۆکی ئەم پەرتووکە بەنرخە بریتییە لە:
ئاوڕێک لە تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای دەیەی چلی هەتاوی‌دا
سوارە؛ جیهانبینی و کوردایەتی
شار؛ زایەڵەی سیاسەت و ستراتێژیی کومیتەی شۆڕشگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
بانگەوازی پەنجەرە؛ جاڕی بڕیاری دەسپێکردنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
خێڵی درۆ؛ لۆمەی خوێندکارانی بێ‌بەڵێن و پەیمان‌شکێن
شەنگەسوار؛ شینی شەهیدبوونی سمایلی شەریف‌زادە
کچی بەیان؛ نرخاندنی ڕاپەڕینی چەکدارانەی کومیتەی شۆڕشگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
خەوەبەردینە؛ حەماسەی مێژووی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سروەی بەیانی؛ نیگەران لە بێدەنگ‌بوونەوەی خەبات

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

"ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"
کەریم فەرخەپوور
٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٤
دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبە کە بە زەحمەت و ماندووبوونی زۆری هاوڕێی هێژام کاک تاهیر قاسمی و هاوکاریی شەهلا خانمی دەبباغی نووسراوە، ویستم لێرەوە سپاسی بکەم و دەستخۆشی پێ‌بڵێم.
سوارە ئیلخانیزادە شاعیری مەزنی کورد کەسێکی ناسراوە و لە ڕێی شێعرەکانییەوە سەری بە هەموو ماڵێکدا کردووە و بۆتە ئاشنا و هاوڕێی ڕووناکبیران و ئەدەبدۆستان و نیشتمانپەروەرانی کورد.
بەشێکی شێعرەکانی سوارە بە کۆد نووسراون و هەموو کەس لێیان تێناگا و سەریان لێ‌دەرناکا، چونکە ئەو کاتەی کە سوارە شێعری بۆ شۆڕشگێران نووسیوە وڵات لەژێر دەستی "ساواک"دا بووە و ئەوەش کۆسپێکی گەورە بووە لەبەردەم هەست و قەڵەمی ئەودا.
کاک تاهیر قاسمی کە کەسێکی بە توانایە و خۆیشی هەستی شێعر و شاعیرانەی هەیە و خۆی دەرنەخستوە، هاتووە دێڕ بە دێڕ و دەکرێ بڵێـم وشە بە وشەی نیزیک بە تەواوی شێعرەکانی سوارەی لێکداوەتەوە، کۆدەکانی شکاندوون و کاری خوێنەری ئاسان کردووە. کاک تاهیر بە شەونخوونی زۆر کتێب و بابەت و وتاری لەو پێوەندییەدا خوێندۆتەوە، لە ڕای هەموو ئەو کەسانە تێگەیشتوە کە قسەیان لەسەر سوارە و شێعرەکانی کردووە بەڵام بە دەگمەن بە لای ئەم بابەتەدا چوون و ڕەنگە هێندێکیان ویستبیان کۆد و ماناکان بگۆڕن و بە پێچەوانە و بە مەبەست لەسەریان نووسیبێ، بەڵام کاک تاهیر هەموویانی لە پەنا یەک ڕیز کردووە و وێڕای ئەوەی کە بیروڕای سوارەی باشتر بە خەڵک ناساندووە، نیەتی ئەویشی بۆ خوێنەر شی کردۆتەوە.
ڕەنگە بۆ زۆربەمان ڕوون نەبووبێ کە مەبەست لە "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" محەممەد چییە و ڕەنگە زۆر کەس پێیوابووبێ مەبەستی محەممەدی عەڕەبە، بەڵام لێرە دەرەکەوێ کە مەبەستی پێشەوا قازی محەممەدی کوردە. بەشێکی‌تری شێعرەکانی بۆ کۆماری کوردستان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە لەو سەردەمدا گۆمی مەندی حەمەڕەزاشایان شڵەقاند و سوارەش بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئاگاداری بەشێکی جموجۆڵەکانیان بووە و هاوکار و هاوڕێێان بووە. کاک تاهیر بیروڕای سوارەی بە شێوەیەکی زۆر جوان و بە بەڵگەوە و بۆ خوێنەران شێ‌کردۆتەوە و بە شکاندنی کۆدی شێعرەکان بیروباوەڕی سوارەی باشتر بە خوێنەران ناساندووە.
دیسانیش سپاس بۆ کاک تاهیر و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو ڕێگەیەدا زەحمەتیان کێشاوە و هیوادارم بەردەوام و سەرکەوتوو بێ و لەم بوارەدا خزمەتی زیاتری لە دەست بێ.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

سیامەند توڕابی:
کتێبی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد، خوێندنەوەی شێعری شاعێری نیشتمانپەروەری کورد ، سوارە ئیلخانی زادە لە ژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا ، لە نووسین و لێکۆڵینەوەی بەڕێز کاک تاهیر قاسمی بڵاو کراوەتەوە .
ئەرکی دیزاین و چاپکرانی ئەم کتێبە لە ئوستێی یەکیەتی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە .
بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە ، لە گەل ژانری شێعرەکانی سوارە ،نێوەرۆک و شیکردنەوەی شێعرەکان ، زیاتر زانیاریم وەدەست هێنا و بۆم روون بۆیەوە کە هەر کام لە شێعرەکان بە چە بۆنەیەکەوە هۆنرانەتەوە ، کە پێوەندیان بە دامەزرانی کۆماری کوردستان ، بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەلات و خەباتی چەکداریی 46 و 47 ی حیزبی دێمۆکرات و ... هەیە .
بێ گومان چاپ و بلاوبوونەوەی ئەم کتێبە ،کتێبخانەی وێژەی کوردی دەولەمەندتر دەکات .
لێرەدا دەست خۆشی و ماندوو نەبوونی لە بەڕێز کاک تاهیر قاسمی دەکەم و دەڵێم دەستان خۆش و خامەتان رەنگین .
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

مەجید سەدەفی:
وێرای دەست خۆشی بۆ لێکۆڵەر و نووسەر کاک تاهیر قاسمی .
خوێندنەوەی ئەم بابەتە چ لە باری نەتەوەیی و کەسایەتی سیاسی و ئەدەبی وخوێندکاری پلە بەرز و پێشمەرگانەی شەهید سمایل شەریفزادە لە روانگەی شاعیری بەتوانا و رووح شاد سوارە ئیلخانیزادە و ئەو هەلسەنگاندنە جوانەی هاورێ تاهێریش چەند قات سه ربەرزیە لە زانیاری وشارەزایی خەباتی خوێندکاران و شۆرشگێرانی ئەو سەردەمەی نیشتیمانم ، بە دژی دیکتاتۆری حەمەرزا شای گۆر بەگۆر و نۆکەرانی ، هەر وەها رووناکایی دەخاتەوە بۆ ئێستای لاوان و خوێندکارانی رۆژهەڵاتەکەم .
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

سەعید بەیگزادە:
سلاو کاک تاهیر. کتێبەکەتم بە ئیشتیا خوێندەوە. زۆرم چێژ لە نوسین و دارشتنەکەی وەرگرت. بۆ من زانیاری زۆری تێدابوو. لە شەستەکانەوە تارادەیەک دەگەڵ شێعرەکانی سوارە ئاشنایەتیم هەبووە، بەڵام ئێستا باشتری دەناسم. شێعرێکیشم لێ بیستووە و باشم نایەتەوە یاد.! پەسا پەسا پەرەگر بوو شەوی… نەوی بوو ، چەسپی زەوی بوو لەسێحری شەو پاسار هەبوو نەبوو یەک بوون، نەما نیشانەی بوون نەما نیشانەی من. وابزانم (چاوە)ش بە پەخشانێک وەردی داوەتەوە. باسێکم لەمەیان بەرچاو نەکەوت. رەنگ بێ هەر شێعری ئەویش نەبێ و من خەراپ حاڵی کرابم. رەنگ بێ هەڵەش بم.! ساڵەکانی ٦٢ و ٦٣ زۆر دەچوومە لای حاجی شێخ عەبدوڵای شەمسی بورهان و زۆریشمان باسی شێعر دەکرد. ئەو یەکێک لە دۆستان و هەروەها لایەنگرانی سوارە بوو. پەیوەندیشی دەگەل کاک سەلاحی مهتدی زۆر و باش بوو. هەم بۆچوونی حاجی و هەم روانگە وبۆچوونی سەلاحی مهتدی دەگەل روانگەی جەنابت لەسەر خەوەبەردینە یەکجار لێک دوورن. ئەوان زیاتر بەلای چەپ بوونی دا دادەشکێنن گلەیەکە دەگەرێننەوە بۆ سەر یەکێتی سۆفیەت کە دەبێ فریای وڵاتان( میللەتان) ی بێ دەرەتان بکەوێ و لە کارێز رزگاریان بکا و ئەوانیش بگەیەنێتە زەریا.!! ئەوەش زیاد بکەم خۆت روانگەی کاک سەلاح دەزانی و پێویست نییە من تەوزیحی بدەم. کاک حاجیش برایەکەی بەناوی سەلاحی شەمسی بورهان بەرپرسی (اتحادیە کومونیستها) بوو و لە مەهاباد دەکاتی دەسەلاتی حیزبدا تیرۆر کرا. هەرچەند کاک حاجی قەت بەدژی حیزب هەڵوێستی نەگرت و دەزۆر کاتی ئاستەمیشدا هاوکاری کردوین( من بەرپرسی ئەو ناوچە بووم) بەلام زیاتری لە چەپەکانی کاک سەلاح مهتدی نزیکتر بوو. ئەوەم بۆیە نوسی کە رەنگ بێ ئەم روانگەیەی ئەو دووکەسە هەوڵێک بووبێ بۆ دوورخستنەوەی سوارە لە بیر و روانگەی دێمۆکرات.! لەسەر یەک جەنابیشت بەرگێکی کوردانە و دێمۆکراتانەت بەبەردا کردووە کە کەس ناتوانی جوانتر لەوەی تۆی بۆ بدروێ. دەستت خۆش و سپاس کە بێبەشت نەکردم. ئەو پێشمەرگە بانەیەش کە دەگەل کاک سمایل بووە و، بە برینداری خۆی دەرباز کردبوو. ماوەیەک لە بانە بەیەکەوە بووین. بەداخەوە لەسەر رووداوێکی دڵتەزین ماوەیەک حیزبیش زیندانی کرد. کە پێمخۆش نییە لەسەری بنوسم. بەلام هەتا بڵێی پیاوێکی دڵسۆز و لەبەردڵان بوو.
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

سوارە ئێلخانیزادە و حیزبی دیموکراتی کوردستان
لەبەر ڕووناکیی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد"(*)
گەشتێک بە نێو کەلێن و قوژبنەکانی مێژووی هەشتا ساڵەی حیزبی دیموکراتدا (١٧)
دوکتور قادر وریا
٢٠٢٥/٠٨/٢٦

چەند مانگێک لەمەوبەر داوام لە کاک تاهیر قاسمی کرد کە نوسخەی pdfی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد" -کە بەرهەمی نووسین و لێکۆڵینەوەی خۆیەتی-م بۆ بنێرێت. لەگەڵ ئەوەی ئەم کتێبە هەتا ئێستا دوو جار چاپ و بڵاو بووەتەوە، من هەر تووشی نەهاتبووم و نەمخوێندبۆوە. بۆیە هەر کە "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد"م بۆ هات، دەستم کرد بە خوێندنەوەی. کتێبەکە هەروەک لە پاشناوەکەشیدا هاتووە "خوێندنەوەی شێعری سوارە لە ژێر تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا"یە کە لە پێشەکییەک، یازدە وتار، لیستی سەرچاوەکان و لیزگەی ناوەکان پێک هاتووە.
وەک نیەتم لێ هێنابوو بە قووڵی خەریکی خوێندنەوەی وتار بە وتاری ئەو کتێبە بووم. لای خۆم فایلێکم کردەوە و لەگەڵ خوێندنەوەی هەر وتارێکدا، دەستکەوت و سەرنجی خۆم لە فایلەکەدا تۆمار دەکرد. گەیشتبوومە کۆتایی وتاری "خەوە بەردینە، حەماسەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان" کە بەهۆی هێندێک کار و ئەرکی ڕاسپێردراو، خوێندنەوەی ئەم کتێبەم ڕاگرت و چوومە سەر جێبەجێکردنی کارەکانی دیکە. ئەم ڕۆژانە کە لە گەرمەی یادکردنەوەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتدا گەڕامەوە سەر خوێندنەوەی کتێبەکە، تا دەستکەوت و سەرنجەکانم بکەم بە هەوێنی بابەتێک لە بۆنەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبدا، فایلی گۆرینم لێ غەیب بوو. هەرچی هارد و هەرچی فولدێری هەمە پشکنیمن، بە چەندین وشەکلیل لەنێو فایلەکانمدا بەدوایدا گەڕام، بە داخەوە دەستکەوتم نەبوو و ڕەنج بە خەسار هاتمەدەر. بەم حالەش پێم ناتەواویەکی گەورە دەبێت ئەگەر لە کەشوهەوای یادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتدا لەژێر ڕووناکیی ئەم کتێبە بە نرخەی کاک تاهیر قاسمی، یادێک لە ڕەنگدانەوەی هەوراز و نشێوەکانی ژیان و تێکۆشانی ئەم حیزبە لە شێعری سوارەدا نەکەینەوە.
ڕاستییەکەی من هیچ کات هەموو شێعر و نووسینی سوارە ئێلخانیزادەم بەسەر یەکەوە نەخوێندبۆوە. دیارە کەمتاکورتێک ئاگاداری ژیانی پڕ چەرمەسەری، چوونە بەندیخانە، کارکردنی لە رادیۆی کوردیی تاران و نووسینی بەرنامەی "تاپۆ و بوومەلێڵ"ی بووم، چەندین وتووێژ و بیرەوەریم کە باسیان لەو شاعیرە نوێخواز و شوێندانەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو، خوێندبوونەوە. جارێکیش زیندەیاد مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی لە بنکەی نوێنەرایەتیی حیزبی دیموکرات لە بەغدا بە ئامادەبوونی شەهید محەمەد حەسەنپوور و کاک سمایل بازیار، زۆر بیرەوەریی لەبارەی سوارەی جوانەمەرگ-هی ئەو کاتەی پێکەوە لە بەشی کوردیی رادیۆی تاران هاوکار بوون- بۆ گێڕاینەوە. بەڵام هەتا ئەم کۆمەڵە وتارەی کتێبی "ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد"م نە خوێندبۆوە، نەمدەزانی سوارەی ئێلخانیزادە، ئەوەندە لە خولگەی حیزبی دیموکراتدا بووە و ڕووداوەکانی ژیانی ئەم حیزبە بەم قووڵییە کاریگەرییان لەسەرداناوە و لە شێعرەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە.
تاهیر قاسمی لە پێشەکیی کتێبی ناوبراودا دەنووسێت: "سوارە بۆ خۆشی تێکۆشەرێکی سیاسی و بەپیی نێوەرۆکی شێعرەکانی، حیزبی بوو. ململانێ بۆ بەرگری و پشتیوانی لە حیزبەکەی و ڕێبازە سیاسییەکەی لە شێعرەکانیدا بە هەراوی ڕەنگی داوەتەوە. لێ ئەو هێڵە سیاسی و حیزبییە کە بە شێوەی سەمبولیک لە زۆربەی شێعرەکانیدا هاتووە، دوای کۆچە یەکجارییەکەی لەنێو ململانێ سیاسی و حیزبییەکاندا بێ خاوەن کەوت."
نووسەر، لە بەشی یەکەمی لێکۆڵینەوەکەیدا خوێنەر لە گەڵ بارودۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی دەیەی چلی هەتاوی کە زۆربەی شێعرەکانی سوارەی تێدا بەرهەم هاتووە، هەروەها هەلومەرجی سیاسیی سەردەم لە ئاستی ئێران و جیهاندا کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تێکۆشەرانی کورد لە شاخ و لە زانکۆکان هەبووە، ئاشنا دەکات. لەبەشەکانی دواتردا خوێندنەوەی خۆی بۆ هەر کام لە شێعرە بە ناوبانگەکانی سوارە (وەک شار، بانگەوازی پەنجەرە، خێڵی درۆ، شەنگەسوار، کچی بەیان، خەوە بەردینە، سروەی بەیانی، تۆ دەریامی و دوو شێعری تر) کە کاریگەریی راستەوخۆی ڕووداوە سیاسییەکانیان بەسەرەوەیە و کاردانەوەی جۆری تێکۆشان و خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانن، دەخاتە ڕوو.
تاهیر قاسمی لە ڕەوتی ئامادەکردنی ئەم لێکۆڵینەوەیە و خوێندنەوەیەی خۆی بۆ شێعرەکانی سوارەدا، هەر بە لێکدانەوە و شەنوکەو کردنی شێعرەکانی سوارە وازی نەهێناوە، بەڵکوو زۆربەی ئەو نووسین و لێکۆڵینەوانەی پێوەندییان بە شێعری سوارەوە هەبووە، هەروەها دەیان کتێب و سەرچاوەی پێوەندیدار بە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی ژیانی ئەو شاعیرەی سەنگ و سووژن کردوون بۆ ئەوەی لە کردنەوە و شکاندنی کۆدەکانی نێو شێعرەکانیدا و لە دۆزینەوەی داو و سەرەداوەکانی پێوەندیی بیر و خەیاڵ و ڕوانینی سوارە بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەران و تێکۆشەران و ڕووداوەکانی، سەرکەوتنی زیاتر بە دەست بێنێت. بەش بە حاڵی خۆم لە زۆر لە نموونەکاندا، بە سەرکەوتووم هاتە بەرچاو و سوود و چێژم لە لێکدانەوەکانی وەرگرت. هەر بۆیە بە درەنگەوە و لێرەوە دەستخۆشیی لێدەکەم. هیوادارم هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە چاوێکی کراوەتر بڕواننە باوەڕی کوردایەتی و بیر و بۆچوونی سیاسیی "سوارە ئێلخانیزادە" و شارەزای هۆگری و خۆشەویستییەکەی لە ئاست حیزبی دیموکراتی کوردستان بن، کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد" بخوێننەوە.
(*) دەستەواژەی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد"، دێرە شێعرێکی "خەوەبەردینە"، بەناوبانگترین شێعری سوارەی ئێلخایزادەیە. بە لێکدانەوەی توێژەر، مەبەستی شاعیر لە بەکارهێنانی ئەم تەعبیرە، ڕۆڵی پێشەوا قازی محەمەدە کە بە دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و بە ئەستۆ گرتنی سەرۆکایەتییەکەی، ڕێچکەی مێژووی نەتەوەی کوردی گۆڕی.

۶/۱۶/۱۴۰۴

مانگ گیران

 ئەمشەو حاڵەتی مانگ گیران هاتە ئاراوە و سەرنجی دنیای بۆ لای ڕاکێشرا. 

دیاردەی مانگ گیران ڕووداوێکی گەردوونییە و هی کاتێکە کە گۆی زەوی بکەوێتە نێوان خۆر و مانگەوە. لەو کاتەدا سێبەری زەوی دەکەوێتە سەر مانگ و ناهێڵێ تیشکی خۆر لێی بدا.بەم جۆرە مانگ یان پشکێکی مانگ بە تاری دەردەکەوێ.

 زانینی ئەو هۆکارە شتێکی زۆر کۆن نییە و خەڵکانی کەونار وەک هەر دیاردەیەکی سرووشتیی تر، پێیان وا بووە هۆکاری ئایینی و خودایی لە پشت ڕووداوەکەوەیە و ئاماژەیەکە بە تووڕەیی و ڕقی خوداکان لەگەڵ یەکتر و لە دژی خەڵک.

 مانگ گیران لە نێو نەتەوە و فەرهەنگە جیاوازەکاندا، هەر لە دێرزەمانەوە و زۆر زیاتر لە ئێستا جێی سەرنج، مایەی سەرسووڕمان و هۆی نیگەرانی بووە. لە کوردەواریدا حاڵەتەکە  کە بە دەستەواژەگەلی گیرانی مانگ، مانگ گیران، مانگیران، ماگیران، ماگیرسە یان مانگ گێریای ناوی دەبرێ، بە دوو جۆر پێناسە کراوە کە هەر کامیان هەڵگری هێما و ئاماژەیەکی جێی نیگەرانی بووە؛

- ئەگەر مانگ بە سووری بگیرێ واتە دەوروبەری سوور هەڵگەڕابێ، ئەوە "مانگ گیرانی خوێنی"ی پێ دەگوترێ و بە نیشانەی هاتنەئارای شەڕ و کوشتار لێک دراوەتەوە.

- ئەگەریش مانگ بە ڕەشی بگیرێ، واتە ئاسمان و دەوروبەرەکەی ڕەش بێ، ئەوە نیشانەی هاتنی قاتی و قڕان و گرانی بووە.

کاتێک مانگ دەگیرا، پێشینان باوەڕیان وا بوو کە نەهەنگ، جنۆکە یان دێو مانگی قووت داوە. بۆیەش ئیمانداران بۆ بەردانی مانگ نوێژیان دەکرد، دەروێشان زیکریان دەکرد و دەفیان بۆ دەکوتا و خەڵکی ئاساییش لە تەنەکەیان دەدا و بە سازکردنی تەق و تۆق و هەرا و هوریا حەوڵیان دەدا داگیرکەر ڕاو بنێن و مانگ ڕزگار بکەن. 

هەمووی ئەو باوەڕانە لەوەوە هاتوە کە لە باوەڕی ئەواندا مانگ خودای خێر و ڕەوانی پاک بوو کە لە لایەن هێزی شەڕ و خراپەوە داگیر کراوە. لەبەر ئەوەش گیرانەکەی، هۆی نیگەرانی بووە و بە نیشانەی سەرهەڵدانی شەڕ، هاتنەئارای کوشتار و خوێنڕشتن یان قاتی و قڕی لێکدراوەتەوە. هیچ ڕێگایەکیشیان غەیری پاڕانەوە و هەراوهوریا بۆ کۆتایی بەو نیگەرانییەیان لەدەست نەهاتوە.   




بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...