۵/۱۵/۱۴۰۴

عەلی خەندان (نیزیک بە تەواوە)

 شایەران لە موکریان تەنیا شایی گێڕ نەبوون و زۆربەیان قسەزان و مەجلیس خۆش بوون. قسە و نوکتە خۆشەکانیان زۆرزوو دەبوو بە وێردی سەر زاری خەڵک و دەم بە دەم دەگەڕا. نوکتەکانیشیان تەنیا بۆ پێکەنین نەبوو و زۆر جار دەبوون بە هەڵوێستێکی سیاسی یان دەربڕینی دەردێکی کۆمەڵایەتی. لە موکریان گەلێک لە شایەران بە قسەخۆشیش بەنێوبانگ بوون بەڵام لە نێویاندا ڕەسووی نادری و عەلی خەندان سەرتۆپ بوون.  

عەلی فەیزی کە لە نێو خەڵکدا بە "عەلی خەندان" بەنێوبانگ بوو، بەپێی وێنەیەک لە پێناسەکەی بڵاو کراوەتەوە، لەدایکبووی ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی (١٩٢٢ی زایینی) لە ئاوایی قاڕنجە گەورەی سەر چۆمی تەتەهووی ناوچەی مەجیدخان بوو بەڵام بۆخۆی تەمەنی خۆی بۆ زۆر زیاتر لەوە دەگەڕاندەوە. ئەو دواتر لە ئاواییەکانی گۆلئ مەرزینگ، قەڵای ڕەسووڵە سیت و بۆ ماوەی زۆر زیاتر لە گوندی حاجیلەکی ئەو ناوچەیە نیشتەجێ بوو. لەپاڵ کاری کشتوکاڵدا، گۆرانیشی دەگوت و شایەریشی دەکرد. بەرەبەرە وەک شایەر نێوبانگی دەرکرد. لە شایەری و گۆرانیبێژیدا وێڕای خۆشکردنی دڵی خەڵک و ڕازاندنەوەی گەڕی و شایی و ڕەشبەڵەک، گەلێک ئاواز و گۆرانیشی بە خەرمانی پڕ بەرهەمی هونەری موزیکی کوردییەوە زیاد کرد. بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا بۆ قسەزانی، نوکتەبێژی و قسە لەڕووییش بەنێوبانگ بوو و بە جۆک و جەفەنگەکانی لە هەمانکاتدا کە بزەی دەخستە سەر لێوی خەڵک، لە هەناوی ئەوانیش دەدوا و قسەی دڵی ئەوانی دەکرد. 


عەلی خەندان لە زەماوەندێکی گۆندی داشبەند
ساڵی 1341

قەدیمیانی پیروەلی باغی هەمیشە بە شانازییەوە دەیانگێڕاوە کە لە داوەتێکدا، پەسنی دەوڵەمەندیی گوندەکەیانی کردووە؛ نانی نیوەڕۆیان هێنا. عەلی خەندان سەیرێکی چێشتەکەی کرد و دیار بوو ڕقی لە پەتاتەیە، گوتی؛ هەی لە بێستانچییەکەت بەم یەڕەڵماسی (پەتاتە) لە هەموو چێشتێکدا هەی. کاک ڕەحیم کە خاوەنماڵ بوو، بە پێکەنینەوە گوتی؛ وەڵا خۆ ئی بێستانی خۆمانە! دەست بە نانخواردن کرا و عەلی خەندان پیوازێکی لە زاری نا، گوتی؛ وەی لە بێستانچیەکەت بەم پیواز، پەککوو چەند تیژە! کاک ڕەحیم دیسان هەڵیدایە و گوتی؛ وەڵا ئەوەش هەر بۆخۆمان دامانچاندبوو. عەلی خەندان گوتی؛ دەی وەڵاهی سوور دەزانم گۆشتەکە ئی مەڕی خۆتانە، لەپەکەش هەر ئی خۆتانە، ڕۆن و ڕوبەکەش هەر ئی خۆتانە، دەی هەر سێک تەڵاقم کەوێ ئەنگۆ بۆخۆتان دەوڵەتن و بە خۆتان نەزانیوە.


عەلی خەندان و دەسەڵاتی ئاغاوەت

شایەران ئەگەرچی شاباش و خەڵاتیان لەدەست ئاغا و خان و بەگ وەردەگرت و لە ڕاستیدا ئەوان دەستڕۆیشتووترین و خۆشبژیوترین توێژی کۆمەڵگە بوون بەڵام بە گشتی کەسانی حەقوێژ و ڕاستگۆ و لە هەمانکاتدا سەرکێش و زۆرتر لەگەڵ خەڵک بوون. 

دەگێڕنەوە؛

عەلی خەندان لە داوەتێک لەلایەن ئاغایەکەوە بە ئەسپێکی جوان خەڵات کرابوو. سوڵتاناغا کە ئاغای گوندەکەی عەلی خەندان دەبێ، بۆ ئەوەی وەبیری بێنێتەوە کە ڕەعییەتە، لە قەڵای ڕەسووڵەسیتەوە بە بێگار دەینێرێ بۆ وەتەمیش تا بچێ لەوێ سەری مریشکانی بۆ بدا.  عەلی خەندان زۆری لە دڵ گران دێ و ناچێ. دوای نیوەڕۆ کە تووشی عەلی خەندان دەبێ، دەڵێ ها! سەری مریشکەکانت دا؟ عەلی خەندان دەڵێ بەڵێ ئاغا چووم. دەڵێ چۆن بوون؟ دەڵێ وەڵا یەکیان ١٦ - ١٧ جووچکەی لەبەردا بوو و ئەویدیکەش ئەوەندەی جووچکە هەڵێنابوو دڵم نەهات بیانبژێرم گوتم نەکا بەچاوا بن! دەڵێ بە بابەوەت دە قوڕێ نێم خۆ هەمووی سێ ڕۆژ ناومنەتەوە! بەسەری عەلیاغا دەرت دەکەم! 
عەلی خەندانیش چادرێکی دەبێ، دەچێ لە نێوەڕاستی چۆمی هەڵیدەدا و تێیدا دادەنیشێ. ئاغا دەنێرێ لەوێش دەری بکەن! ئەویش خەبەر بۆ ئاغا دەنێرێ کە ئەو بەرە مڵکی تۆیە و ئەم بەریش مڵکی قازی حاجیاباتە و ئەو نێوەڕاستەش بۆ من، وەڵا ناڕۆم! ئاغا گەلێک بەو فکرەی عەلی خەندان پێدەکەنێ و دەیبەخشێ!


عەلی خەندان و ئایین

دوعای ژن بۆ بابی مێرد

ڕۆژێک عەلی خەندان دەچێتەوە ماڵێ و هەرچی لە دەرگا دەدا خێزانی دەرگای لێ ناکاتەوە. منداڵێک بەسەر دەرگادا دەنێرێتە حەوشە دەرگای بۆ دەکاتەوە. کە دەچێتە ژوورێ دەبینێ خێزانی ئەوە تەسبێحێکی گەورەی ڕاخستووە و خەریکی دۆعا کردنە. عەلی خەندان دەڵێ: ئێستا ئەوە بۆ دەرگام لێ ناکەیەوە، لە گۆڕی ئەو کەسە بەم خەتم و تەلیلەی بۆ دەکەی!

خێزانیشی هیچ ناڵێ و دوعا و تەلیلەی خۆی درێژە پێ دەدا. دوای دوو سێ خولەک کە لێدەبێتەوە، دەڵێ: عەلی گیان! بەخێر بێیەوە، ئەوە خەتم و تەلیلەم بۆ باوکت دەکرد!


جنێو ناگا و دوعاش ناگا

کابرایەک کە خراپەی زۆری بۆ عەلی خەندان ببوو، دەمرێ و خەبەری مردنەکەی پێ دەدەن. ئەویش دەڵێ هەی لە گۆڕەکەی بەم. لەو دەمەدا مەلا لەوێ دەبێ و دەڵێ کاعەلی گوناحە، پاش مردووان ڕەحمەت باشە، نابێ جنێو بدەی، دەبێ فاتیحای بۆ بخوێنێ. عەلی خەندانیش دەڵێ ببوورە مامۆستا، ئەو سەگبابە زۆری خراپە بۆ من بووە دەنا جەنابت ڕاست دەفەرمووی، ئەرێ مامۆستا جنێو دەگا؟ مەلاش دەڵێ ناوەڵا هیچ ناگا بەڵام جوان نییە و... عەلی خەندانیش دەڵی دەی مامۆستا هەرسێک تەڵاقم کەوێ ئەگەر جنێو نەگا، فاتیحاش ناگا! 

خانووی بەرەو قوبلە

کابرایەک دەچێتە بونگاکەی عەلی خەندان و داوای لێ دەکا خانوویەکی باشی بۆ پەیدا بکا بەڵام ڕووی لە قوبلە بێ. عەلی خەندانیش خانوویەکی زۆر باشی بۆ دەدۆزێتەوە بەڵام ڕووی لە میانداواوە و لە قوبلە نییە. بە یەکەوە دەچن سەردانی خانووەکە دەکەن و عەلی خەندان بۆ ئەوەی کابرا لە بەرەو قوبلە بوونی خانووەکە دڵی ئاو بخواتەوە، هەرچەند وەختی نوێژیش نەبووە، لەخۆڕا نوێژێکیش دادەبەستێ. بەو جۆرە مەعامەلە سەر دەگرێ و کابرا دەچێ دە خانووەکەوە. ڕۆژێک کە میوانێکیشی دەبێ، بەرماڵ ڕادەخا نوێژ بکا کە میوانەکەی دەڵێ چۆن ئاوا نوێژ دەکەی خۆ ئەو خانوویە ڕووی لە قوبلە نییە. کابرا دێتەوە لای عەلی خەندان و دەڵی کاعەلی درۆت لەگەڵ کردووم و خانووەکە ڕووی لە قوبلە نییە. عەلی خەندانیش کە دەزانێ خانووەکە پووڵی چاک دەکا، دەڵێ کاکە ئەگەر پێی ناڕازی، بمدەوە. ئەویش دەڵێ نەوەڵا پێی ناڕازی نیم بەڵام درۆت لەگەڵ کردووم! عەلی خەندانیش دەڵێ: کاکە ئەتۆ موسوڵمان نی، دەنا میاندواو و مەڵکەندی بەری قوبلەیان گرتووە دەنا ئەو لایەش هەر قوبلەیە!

بیست و چوار سەعاتەش نوێژی بۆ بکەی هەر دەتکوژێ

دۆستێک گێڕایەوە: لەلای عەلی خەندان دانیشتبووم؛ پیاوێک بەپەلە خۆی بە ژوورێدا کرد، گوتی: کاعەلی بەرماڵی لێیە نوێژەکەم دەچێ؟
کاعەلی گوتی: جا بۆ وا بەپەلەی بابەکەم؟! بەخودای بیست و چوار سەعاتە نوێژی بۆ بکەی، هەر دەتکووژێ!


دەسنوێژ بگرن و نوێژ مەکەن

دەیەی حەفتای هەتاوی سەردەمانێک  ناوچەکەمان تووشی بێ بارانی و ویشکەساڵی ببوو ، وەرزێرەکان لای عەلی خەندان سکاڵا لە حاڵی خۆیان دەکەن و دەڵێن هەر هەوری دێنێ و بارانیش نابارێ! عەلی خەندانیش بە پێکەنینەوە دەڵێ جا ئێنگۆش هەر دەست نوێژ  هەڵگرن و نوێژ مەکەن

ئەوەی زستانان نوێژ دەکا و هاوینان نایکا

ڕۆژێکی جومعەی وەرزی زستانێ عەلی خەندان و خەڵکێکی زۆری ئاوایی حاجیلەک لە دەوری سۆبەی مزگەوت کۆ ببوونەوە و  خەریکی خۆ گەرم کردنەوە و قسەکردن بوون. کاتی نوێژی جومعە مەلا وەژوور دەکەوێ تا نوێژ دابەستێ. ئەوانەی نوێژیان دەکرد لە پشت مەلا ڕیز دەبن و عەلی خەندان و چەند جەوانی ئاوایی کە نوێژیان نەدەکرد، لەو سەری ژووری مزگەوت کۆزیلکەیان دەبەستن. مەلا دەڵێ هەرکەس نوێژ نەکا دەبێ بچێتە دەرێ و نابێ بێته مزگەوت. عەلی خەندان ئەو قسەیەی زۆر لە دڵی گران دێ. دەچێته بەر دەرگا و هەرا دەکا؛ مامۆستا! ئەمن ئەوه ڕۆیشتمه دەرێ بەڵام له گۆڕی بابی ئەو کەسە بەم ئەلحان بە سەرمای زستانێ نوێژ دەکا و هاوینان نایکا. مزگەوت دای لە قاقای پێکەنین و مەلا گوتی: وەره دانیشه به خوا لەوانەیه ئەو جنێوە منیش بگرێتەوه

 خودا بیست و چوار سەعاتەش نوێژی بۆ بکەی هەر دەتکوژێ

دۆستێک گێڕایەوە: لەلای عەلی خەندان دانیشتبووم؛ پیاوێک بەپەلە خۆی بە ژوورێدا کرد، گوتی: کاعەلی بەرماڵی لێیە نوێژەکەم دەچێ؟

کاعەلی گوتی: جا بۆ وا بەپەلەی بابەکەم؟! بەخودای بیست و چوار سەعاتە نوێژی بۆ بکەی، هەر دەتکووژێ! 


کاربەدەستی خراپ و ڕۆژووی ڕەمەزان

لە بۆکان کەسێکی زۆر نەپۆڕ و لاپرەسەن کرابوو بە ڕەئیسی ئیدارەی کەشاوەرزی. هەر کەس بۆ کاری پێویست چووبا، بۆی جێبەجێ نەدەکرد و ئەمڕۆ بە سبەینێی پێ دەکرد. بە مانگی ڕەمەزانێ عەلی خەندان کاری دەکەوێتە لای ڕەئیس. لێی دەپرسێ؛ دەڵێ ها کاعەلی بۆ چی هاتووی؟ ئەویش دەڵێ وەڵا هاتووم فڵان کارەم بۆ جێبەجێ بکەی. دەڵێ بڕۆ و سبەینێ وەرەوە. عەلی خەندان دەزانێ دەیهەوێ دەستی دەستی و ئەمڕۆ بە سبەی پێ بکا، ناڕوا و پێداگری دەکا. ڕەئیس دەڵێ کاک عەلی ئەمڕۆ بەڕۆژووم و بێ تاقەتم بڕۆ دوای ڕەمەزانێ وەرەوە. عەلی خەندان دەڵێ کاکە لە ڕۆژووان گەڕێ، ئەمن تۆش دەناسم و خوداش دەناسم، هەر سێک تەڵاقم کەوێ هەر سی ڕۆژەی ڕەمەزانێ بە کۆڵێ بگێڕی، ڕۆژوویەکت لێ قەبووڵ ناکا! 

تاقە کاری چاکی خودا

لە زمان عەبووبەکری کوڕی عەلی خەندان دەگێڕنەوە: ماڵمان لە دێ بوو، زۆر فەقیر بووین و دۆمان نەبوو. ماڵێکمان جیران بوو، دوو برا بوون بە نێوی سەعید و مەحموود کە وەک کورد دەڵێ دەستیان دەگەیشتە زاری خۆیان بەڵام زۆر کوێرنان و پیسکە بوون. دۆیەکەیان لەبەر چاوی ئێمە لەسەر سەرانگوێلکەکە دەڕشت بەڵام نەیاندەدا بە ئێمە. وا هات شەوێک ئەو دوو برایە بە یەکەوە مردن. بەیانی زوو بابم لە نێو جێگاکەدا نووکە شەپێکی تێکوتام گوتی: عەبوو هەستە با بچین ئەو دوو سەگبابە بنێژین، لەوەتا خودا هەیە تاقە ئەو شۆ کارێکی چاکی کردۆ

خوا منی لەبیر چۆتەوە ئەوە لەکۆڵم نابێتەوە

کابرایەک بوو زۆری مامۆستا عەلی خەندان خۆشدەویست هەمیشە گوێی بۆ گۆرانێکانی ڕادەگرت. ڕۆژێک کوڕەکانی ئەو کابرایە بە شۆخی بە بابیان دەڵێن: عەلی خەندان مردووە. کابرا خێرا هەڵدەستێ لیباس لە بەردەکا و دەچێ بۆ بونگای مامۆستا عەلی خەندان تەماشا دەکا بونگا کراوەتەوەو کا عەلیش لەوێ دانیشتووە دەچێتە ژوورێ و کارەساتەکە بۆ کاعەلی دەگێڕێتەوە، کا عەلیش دەڵێ:وەڵڵاهی بابەکەم خودا منی لە بیر چۆتەوە بەڵام ئەو سەگبابانە لە کۆڵم نابنەوە.


عەلی خەندان و کۆمەڵگە؛


عەلی خەندان ١٣٥٤(١٩٧٥)

پشکنینی پزیشک 
دەگێڕنەوە دەڵێن ڕۆژێک عەلی خەندان خێزانی نەخۆش دەبێ ساز دەبێ دەیبا بۆ لای دوکتور مەولوودی، دوکتوور مەولوودیش هەمیشە نەخۆشی زۆر جوان دە پشکنی و دەیگوت: ئێرەت دێشێ ... بە خاتری ئەوەی کا عەلی هونەرمەند بوو دوکتوور زیاتری مایە بۆ دانابوو جوانتری پشکنیبوو هەتا کاعەلی وەجواب هاتبوو گوتبووی: بەسە دوکتوور گیان هەر شەش تەڵاقم کەوێ چل ساڵە ژنی منە بە قەت تۆم دەست لێنەداوە.

عەولاد

بە عەلی خەندان دەپرسن عەولادت بە لاوە چۆنە؟
دەڵێ جا چۆنە! هەتا چکۆڵەیە گووت بۆ دەكا و ئەگەر گەورەش بوو گووت پێدەكا.



 کوڕی من لەو سەگبابە چاکتر نابن

عەلی خەندان و کەریم خاکی لە شوێنێک شاییان دەگێڕا. نیزیک نیوەڕۆ بوو، خاوەنی شاییەکە دەمی هێنا بن گوێی عەلی خەندان و پێی گوت؛ کاک علی بابم مردووە بەڵام با خەڵک نەزانێ و وریا بە شاییەکە تێک نەچێ. کاک عەلی خەندان کە میکرۆفۆنەکەی بەدەستەوە بوو بە کەریم خاکی دەڵێ: کەریم! دا ئەو میکرۆفۆنە بگرە، دوو کوڕم هەیە تا نەمردووم بابڕۆمەوە هەردووکیان بگێم، خۆ دەزانم ئەوان لەو سەگبابە بۆ بابیان چاتر نابن!

شەوی جومعە گوویەکمان خواردووە

دەگێڕنەوە: بەڕەحمەت بێ "عەلی خەندان" بەیانییەک زوو بەرەو حەمامی نێوشاری بۆکان وەڕێ دەکەوێ. کە دەبینێ پاڵەوپەستێو و عالەم ڕاوەستاوە، هەنگاوەکانی شل دەبێتەودە. خەڵکەکە ڕادەمێنێ، بانگی لێ دەکەن و لە پاڵ ئەوان ڕادەوەستێ. حەمەساڵە بە کاعەلی دەڵێ: نوێژی نیوەڕۆشمان دەچێ، پێم وا نییە وەبەرمان کەوێ.

کاعەلی دەڵێ: بڕۆ دەچینە حەمامێکی دی.
دەڕۆن دەبینن ئەوێ داخراواە. دەگەڕێنە بەرەو شوێنێکی دی.
لەگەڵ ئەو هاتوچۆیە، برادەرێک، دوو جاریان تووش دەبێ و دەڵێ: ئەرێ کاعەلی ئەوە لە چی دەگەڕێن؟!

کاعەلی دەڵێ: وەڵا چت حەرز کەم؛ دوێشەو لەگەڵ ئەو برادەرە گوویەکمان خواردووە، هەرچی دەکەین وەک خۆمان لێ نایەتەوە!


کەر بۆ بار یان بۆ ڕۆژنامەخوێندنەوە

عەلی خەندان کەرێکی دەبێ لە بازاری حەیوانان دەیفرۆشی. کابرای کڕیار لێی دەپرسێ؛ کا عەلی من ئەو کەرەت لێ دەکڕم ئەگەر هیچ عەیبی نەبێ!؟

دەڵێ؛ نەخێر عەیب لە چاوی مندا بێ لەو کەرەدا نییە.

کابرا کەرەکە دەباتەوە ماڵێ بەڵام پاش چەند ڕۆژان دەزانێ کە چاوی چەپی کوێرە. گورج دەیباتەوە بۆ لای عەلی خەندان و و زۆر بە توڕەییەوە دەڵێ؛ باشە پیاوی چاک! مەگەر تۆ نەتکوت کەرەکە عەیبی نیە!؟

: با وام کوت.

- دەی فەرموو ئەوەتا چاوێکی کوێرە!

: کاکە من کەرم داوێی بارت بۆ بەرێ خۆ پێم نەفرۆشتووی ڕۆژنامەت بۆ بخوێنێتەوە! بڕۆ شەش پووت بار لێ نێ، لەنگەی ناکا بەڵام ئەگەر بۆ ڕۆژنامە خوێندنەوەت لێ کڕیوم، ئەوە ڕاست دەکەی بە کار نایە و عەیبدارە!


بۆکان و تاکسیی تەلەفوونی

کە تاکسیی تەلەفوونی داکەوت، بۆکان هێشتا شارێکی چکۆڵە بوو. بەو حاڵەش تاقمێکی زۆری ئاژانسی تاکسیی تەلەفوونی دەستیان بە کار کردبوو. کاریشیان نەبوو و هەر تەلەفوونت بۆ کردبان، وەک برق‌و با، خێرا دەگەیشتنێ!.
عەلی خەندان ئێواران لە بۆنگاکەیەوە بە تاکسی دەچۆوە ماڵێ.

ئێوارەیەک تەلەفوون بۆ تاکسیی  دەکات و دەڵێ: " کاکە تاکسییەکم بۆ بنێرن بەڵام توخودا ڕاوەستن با کەوشەکانم لە پێ کەم!


ورکەنان فرۆشی سەگباب

عەلی خەندان میوانێکی دەبێ، هەر لە منداڵەکانی دەفکرێ و دەڵێ ئەرێ کاعەلی ئەو منداڵانە بۆ هیچیانوور وەک خۆت ناچن؟
ئەویش دەڵێ بۆ چما ورکەنان فرۆشی سەگباب لێ دەگەڕێ.

ئەگەر وام گوتبێ، ڕووی بابم ڕەش بێ

رۆژێک عەلی خەندان لە بۆکان لە مەنتەقەی سێڕای خاوەران راوەستابوو چاوەڕێی تاکسیی دەکرد. لە پڕدا جیبێکی
گوندی ڕەحیم خان لە ڕاستەوە: برایمی فەتاحی، کەریم شێرزاد، 
قادر بەرزنجە، عەلی خەندان، عەلی حەجەم، خالەق بابەکری
عەلی خەندان لە ڕێگایە دەست لە ماشێنێک هەڵدێنێ سواری بکا و جیبێکی تەوسەن بۆی ڕادەگرێ. ژن و مێردێک دەبن. ژنە لە پێشی جیبەکە دادەبەزێ و بۆ ڕێزنان لە عەلی خەندان دەچێتە پشتەوە سوار د ەبێ. عەلی خەندانیش لە پێشێ دادەنیشێ. ژنە زۆر بە گەرمی چاکوخۆشی لەگەڵ دەکا و عەلی خەندانیش کە نایانناسێ بە ساردی وڵامی دەداتەوە و دەڵێ ڕووت سپی بێ دایکەکەم! خودا چاکەت بۆ بکا دایکەکەم! ژنە دەڵێ ئەیەڕۆ کاک عەلی ئەوە نامانناسییەوە؟ کاک عەلی دەڵێ ناوەڵڵا براژن ناتانناسمەوە.
دەڵێ چۆن نامانناسی ماڵتە؟! خۆ بۆخۆت لە شاییەکەماندا بەشدار بووی و گۆرانیت دەکوت؟
دەڵێ: وەڵا دادە گیان لەبیرم نایە!
ژنە دەڵێ: ماڵتە کاک عەلی، نیشان بەو نیشانە، ئەگەر لە ماشێنی بووکێ دابەزیم، بە سەرتدا هەڵدەکوتم و دەتکوت: 
ئەی لەو قەد و باڵایە! گەردنی دەڵێی مینایە!
کچی پاشای ڕۆژهەڵات، بۆ کوڕی شای ڕۆژئاوایە! 

کاک عەلیش ئاوڕ دەداتەوە و دەبینێ ژنە زۆر ناحەزە، دەڵێ: وەڵڵاهی دادە گیان لە بیرم نییە بەڵام ئەگەر شتی واشم کوتبێ ڕووی بابم ڕەش بێ!

بۆ سەگباب من هەزار پێم؟

جارێک عەلی خەندان ماشێن لێیدەدا و لاقێکی دەشکێنێ. کابراش فەقیر بووە و
ماشێنی بە قەرز و قۆڵە کریوە. بۆ سوڵح کردن دەچن و عەلی خەندان دەڵێ کاکە دەبێ ملیۆنێک  بدەی. دیارە ملیۆن ئەو کات پووڵێکی زۆر بووە،کابراش
دەڵێ بۆ کاکە تۆ پێت وایە من  ملیاردێرم، عەلی
خەندانیش دەڵێ : ئەی سەگباب تۆش پێت وایە من هەزار پێم؟! ئاخە دوو لاقم هەیە، یەکییانت
شکاندووە!!


ئەتۆ ئەگەر غەیبزانی چت لە شایەرێ داوە؟!

عەلی خەندان خۆی گێڕایەوە؛ 

لە دێیەکی لای میاندواوێ  بۆ سەرشایێ دەعوەتیان کردبووین، لە داوەتەکە تورکیشی لێبوون، (بە حوکمی ئەوەی میاندواو کە کوردستانە بەڵام وەکوو بەشێک لە شارەکانی پارێزگای ورمێ تورکی ئازەریش لەوێ دەژین). منیش سولەیمان تەپڵچیم دەگەڵ خۆت برد بوو بەلام زوڕنا ژەنم پێ نەبوو، یاقوبە عەجەمیان هێنا ، یاگووب( بە ئازەری)، کوردی جوان قسە دەکرد بەڵام بەلەهجە!  کوردەکان لە حەیفی تورکەکان و تورکەکانیش لە حەیفی کوردەکان هەر شاباشیان دەدا، پاروم دەڕۆنی کەوت بوو و تەماع گرتبوومی،  هەر کەسە لە هەزارتمەنی کەمتری نەدەدا( هەزار تمەنی سی و چوار پێنج ساڵ پێش بەقەت یەک میلیۆن تمەنی ئێستایە)،  چاوم لە سولەیمان و یاقوبە عەجەمی دەکرد کە دەبێ شاباشەکەیان دەگەڵ بەش بکەم، بەخۆم و تاقە چاوێکی سێ دانە هەزارتمەنیم  هەڵگرت کە نەیانزانیوە بۆخۆمی هەڵگرم، هەر بە گۆرانی گوتنەوە یانی پشتێندەکم ڕاست دەکەمەوە ، هەزارم لە بەر پشتێندێ نا، وردە وردە ئەوی دوهەمیم لە گیرفانی کەواکەم نا و ئەوەی سێهەمیشم لە باخەڵی پاتۆڵم(شەڵواری کوردی)، نا و ئیدی  هەرسێجارە چاک سەیری دەور وبەرم دەکرد کەس ئاگای لێیە، نا شوکر کەس ئاگای لێنەبوو!

کە لێبووینەوە و بڵاوە کرا دانیشتبووین دراوی شاباشەکانمان دەژماردن ، من دەمگووت، یەک بۆتۆ یاقوب، یەک بۆ سولەیمان یەکیش بۆ من، هەتا تەواو بووین، کوتم: تەڵاقم کەوتبێ ئەوە کۆتایی بوو و نۆشی گیانتان بێ!

گوتی یاقوب هەڵی دایە: کاکە ئەلی جان، بیزانە هەزار تمەن دەبەر پشتێندت دانیە نەتزانی بێ؟ کوتی منیش وەک ئەوەی ئاوێکی ساردم پێداکەن  خەجاڵەت بوومەوە تۆ بڵێی سەگبابەی دیت بی، دەستم دەبەر پشتێندم نا گوتم: تەح تەڵاقم کەوێ راستت گوت کورە ئادی ئەوەتا،

گوتی دیسان: کاکە ئەلی ئەگەر لە باخەلی کەواکەت ویستبووت سیغار بکێشیەوە، بە گەلەت(غەڵەت)،  هەزاریش دەوێ دانییە بیزانە دا؟ گوتی ئەویشی پێ دەرهێنام، گوتم یاگوب تەواو، گوتی نا کاکە جان کوا گیرفانەکانی دیکەشت بگەڕێ، منیش ئەوەی سێهەمیم دەرهێنا هەڵسامە سەر چۆکان، گوتم سەگباب ئەتوو زوڕنا ژەنی یان علیمی غەیبت هەیە؟

کوتی عەجەمەش گوتی: زووڕنا ژەنم دا، ئەمما کەر نیم، دزی ناتوانی لە من بکەی


عەلی خەندان لە بونگاکەی خۆی ساڵی ١٣٦٠ (١٩٨١)
لە ڕاستەوە؛ عەلی سۆفی عەباسی، ئەبووبەکر شەنگە،
ئەحمەد تەها، عەلی خەندان

بوود و نابوود
عەلی خەندان لە مەعامەلەی خانوو تووشی زەرەرێکی زۆر دەبێ و دەکەوێتە سەر ساجی عەلی.
دۆستێکی کە بەو خەبەرە دەزانێ، تووشی دەبێ و دەڵێ ئەوە چییە کاعەلی، دەڵێن نابوود بووی؟
عەلی خەندانیش دەڵێ: جا  ماڵتە ئەمن کەنگێ بوود بووم کە ئێستا نابوود بم!
 
سەرۆکی ئەمریکاش بە قوڕەکاری قەرزدار دەبێ
عەلی خەندان قوڕەکاری کردبوو هەواڵانی لێی دەپرسن: کاک عەلی چۆن دەرچووی؟ قەرزدار نەبووی؟ عەلی خەندانیش دەڵێ: چۆن قەرزدار نەبووم! هەر سێ تەڵاقی وابێ لەم ڕۆژەدا بووشیش/سەرکۆماری ئەو دەمی ئەمریکا/ قوڕەکاری بکات قەرزدار دەبێ.
 
حیساب لەگەڵ حاجی شاخە
دەگێڕنەوە حاجی عەلی شاخە هەشتا هەزار تمەنی لە کن عەلی خەندان دەبێ، دەنێرێ کە عەلی خەندان قەرزەکەی بۆ بنێرێتەوە.
عەلی خەندان بۆخۆی دەچێتە خزمەت حاجی شاخە و دەڵێ: حاجی چەندت پێ قەرزدارم؟
ئەویش بە خۆشحاڵیەوە دەڵێ هەشتا هەزار تمەن.
دەڵێ زۆر باشە کەوایە بیست تمەنم دەیە.
حاجی بیست تمەنەی پێدەدا
دەڵێ جا ئەوجار بنووسە سەد تمەن.

گرانی و هەژاری:


کاعەلی دەڵێت: وەڵڵا بە قسەی من دەکەی، لەو گرانییەدا بیکە بە سەرپەرەست و گەورەی ماڵ و خەرجی ماڵێی پێ بکە. تا حەوتەیەک لە زەڕە دەکەوێت!

دیسان گرانی:

عەلی خەندان لەبەر دەرکەی مریشکفرۆشییەک ڕاوەستابوو. هەر کڕیار دەهاتن و دەڕۆیشتن و ئەو هەروا لەبەر دەرکێ مابووەوە. کابرای مریشکفرۆش دەڵێت: ئەرێ کاکە گیان چت دەوێت و بۆ نایە ژووڕێ؟ وەرە با بەڕێت کەم؟

کاک عەلی دەڵێت: هەرسێ تەڵاقم کەوتبێت لە نەفەرێک دەگەڕێم سێ دانگی مریشکێکم لەگەڵ بکڕێت؛ خۆ مریشک هێندە گران بووە بەتەنێ ناکڕدرێت!

  

عەلی خەندان و حکوومەت؛

- میللەتی کەر ڕۆژێک تێرە و ساڵێک برسی!

- نەقڵی وێنەی پەستە و تفەنگەکەی

دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، پاسدارانی ڕێژیم هەر شار و لادێیەکی کوردستانیان داگیر کردبا بە مەبەستی چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە دەستیان بە گرتن و ئازاردانی خەڵک دەکرد بە تایبەت ئەوانەی ناو و ناوبانگێکیان هەبوو یان پێوەندی و دۆستایەتییەکیان لەگەڵ حیزب و پێشمەرگە هەبا. عەلی خەندانیش کە هەم گۆرانیی بۆ پێشمەرگە و بۆ دوکتور قاسملوو گوتبوو و هەمیش وێنەیەکی بە پەستەک و کەڵاشینکۆفەوە بڵاو ببۆوە، گیرا. دوای گرتن جەزرەبەی دەدەن تا دان بە تاوانەکانی خۆیدا بنێ بەڵام هیچ لە خۆیدا شک نابا و هەر دەڵێ هیچکارە بووم و چم لەسەر نییە. دەڵێن بەڵگەمان هەیە و مەحکوومی. وەختێک بەڵگەی بۆ دەهێنن، وێنەی خۆی لە بەرگی پێشمەرگایەتی و بە کەڵاشینکۆفەوە. دەڵێن ها ئەوە تۆ نی؟ ئەویش وێنەکەیان لێ وەردەگرێ، بڕێکی لێ ورد دەبێتەوە و ڕوو بە وێنەکەی خۆی دەڵێ: تف ڕووی بابت ڕەش بێ! ئاخر قەحبەباب ئەتۆ و ئەو کوڵەباڵە؟! ئاخر سەگباب ئەتۆ و ئەو کڵاشینکۆفە؟! ئاخر تۆ پێشمەرگەی؟ دەزانی تفەنگ بتەقێنێ، ئەو ئۆینە چییە دەرتهێناوە؟ بەرێوەڵا جەناب سەروان ئەوە منی سەگبابم! بەو جۆرە لێکۆڵەر دەکەوێتە پێکەنین و عەلی خەندان ڕزگار دەبێ. 

زیدی ئینقلاب و باوەڕ بە ئینقلاب

ڕەنگە هەر ئەو جارە یان جارێکی دیکە عەلی خەندان دەگرن و دەڵێن تۆ زیددی ئینقلابی! دەڵێ کاکە من زیددی ئینقلاب نیم و درۆیە. کابرای بازجوو دەڵێ بیسەلمێنە کە زیددی ئینقلاب نی. دەڵێ هەر سێک تەڵاقم کەوێ پێم خۆشە هەموو ڕۆژێ ئینقلابێک لە ئێران بکرێ. 

پایەگا سازکردن لەسەر قوونی خەڵک

تازە دەوڵەت کوردستانی داگیر کردبوو، هەر تەپۆڵکەیەکی دەگەیشتێ، خێرا پایگای لە سەر ساز دەکرد. عەلی خەندان رۆژێک لە مەجلیسێک دەڵێ خەڵکینە لەوەتا ئەو رێژیمە ( کۆماری ئیسلامی) هاتووە نەموێراوە لە سەر زگ بنووم. خەلکیش پێیان سەیر دەبێ و دەپرسن بۆ کاک حەلی؟ دەڵێ لە ترسی وەی نەوەک پاستار بێن و پایەگایەک لە سەر قوونم دانێن. هەر تەپۆڵکەیەک دەیبینی پایەگایەکیان داناوە
.

کۆماری ئیسلامی و میللەت بەخێوکردن

عەلی خەندان دەیکوت ئەگەر میللەت بە خێوکردن وەک دەوڵەتی ئێرانێ بێ بە تاقی تەنێ چینیش بەخێو دەکەم

نۆرەبڕیی سووریە

ساڵی ٢٠٠١ ئەمریکا ئەفغانستانی لەدەست تالیبان ڕزگار کرد و دوو ساڵ دواتر عێراقیشی گرت. دوای ئەوە بووش ئێران و سووریە و کۆریای باکووری وەک تەوەری شەڕەنگێزی ناودێر کرد. هەموو کەس چاوەڕوان بوون لە درێژەی ئەو هەڵمەتی ئازادکردنەدا لە ئێران یان لە سووریەش بدا. عەلی خەندان دەیگوت؛ ئەگەر سوریە نۆبەبڕیمان لێ نەکا نۆرەی خۆمانە.

 

تلویزیۆن و مزگەوت

سمایلاغای چەوگالی - عەلی خەندان
دوای ئینقلاب تلەیزوونی ئێران وەک مزگەوتی لێ هاتبوو. زۆربەی وەختان هەر مەلا قسەیان لەسەر دەکرد. عەلی خەندان لە ماڵەوە منداڵەکانی گڕووی لێ دەگرن کە دەبێ تەلەویزیۆنمان بۆ بکری.
ڕۆژێک سێ مەلا لەگەل خۆی دەباتەوە بۆ ماڵێ.
منداڵەکانی پێی دەڵێن: ئەرێ کڕیت؟
علی خەندان دەڵێ: بەڵێ،ئەوەتا، ئەوە کاناڵی یەک و دوو و سێ...











 دەیەی شەست، ئاوایی گامێشگۆلی
لە ڕاستەوە ئاغایان: مەولوود بالیسانی، حەسەن میراوایی، عەلی خەندان، وێنس قەرەداغی، نەناسراو، سمایل کۆچەری





۵/۱۰/۱۴۰۴

کاک سەنە


دەمێک بوو ئاگادار بووم کە تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە. نەخۆشییەک کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بڕستی لێ دەستاند. سەرەڕای جەستەی بەهێز و ڕۆحییەی بەزر و سرووشتە شۆخەکەی، هەموان دەیانزانی ئاستەمە بتوانێ بیبەزێنێ و ڕۆح دەربەرێ. ئاخر گیرۆدەبوون بە شێرپەنجە و چەند ساڵ ململانێ لەگەڵیدا، هەر بە قسە ئاسانە.
ئەمڕۆ لەسەر کار بووم کە کەژاڵی هاوسەرم تەلەفۆنی کرد و هەواڵی مەرگی ئەوی پێدام. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەبەرەکەی بە کورتی خوێندبۆوە بەڵام چونکە لە نیزیکەوە نەیدیتبوو یان ڕەنگە بۆ کەمکردنەوەی قورسایی گەیاندنی هەواڵەکە، دڵنیا نەبوو کە ئەو بێ. من یەکسەر پرسیاری جامانەکەیم کرد و بەداخەوە خۆی بوو. ئەو هەمیشە جامانەی لەسەر دەنا و لفکەی لێ شۆڕ دەکردەوە. بەوەش هیندەی دیکە شۆخ و شەنگ بوو.
حەسەنی قاسمی یان بەو جۆرەی لەنێو خەڵکدا بە حەسەنی میرزا عەوڵا دەناسرا، ئامۆزام بوو. ئێمە لە زمان نەمر ئامۆژنە مامزم کە ژنێکی کەیخودا و مەشرەف خۆش و گەورەی بنەماڵە بوو، بە کاک سەنە ناومان دەبرد. ئامۆژنم زۆر جار ناسناوی لە زاران خۆشتر و هاسانتری بۆ خۆشەویستانی خۆی هەڵدەبژارد؛ بۆ وێنە کاکە ئەبووبەکری کردبوو بە ئاوکر و مامە ڕەحمانی کردبوو بە حەمانی.
ئەگەرچی تەمەنی کاک سەنە لە بابم و ئەو وەچەیەی کە هێشتا چاویان بە چرای خوێندن ڕوون نەببۆوە، زۆر کەمتر نەبوو بەڵام هەم لە لای مامم کە میرزا و خوێندەوار بوو و هەمیش لە قوتابخانەی "سپای دانیش" توانیبووی خۆی لە دەردی نەخوێندەواری ڕزگار بکا. ئەو ساڵەی من لەدایک بووم، ئەو لە کرماشان سەرباز بوو. وا دیارە بەر لە سەربازی، زەماوەندی کردبوو و منداڵێکیشی هەبوو. چونکە من و حوسێنی کوڕە گەورەی، هاوتەمەن و ئاواڵ بووین. من کاتێک چاوم کردەوە کە کاک سەنە بە دەستی بەتاڵ ماڵی میرزا عەوڵای باوکی بەجێ هێشتبوو و لە پەنا ماڵی ئێمە، خانوویەکی فەقیرانەی بۆ چەندان منداڵی سەروپێچکەی خۆی ساز کردبوو. ئینقلاب کرابوو و ئەویش وەک هەموو هاوتەمەنەکانی سەری لە سیاسەت دەخورا. وەک خەون لەبیرمە کە لەگەڵ پۆلێک لاوی دیکەی ئاوایی بە کۆڵانێکدا ڕادەبردن و درووشمی "مامە غەنی هاتەوە یاخوڵا بەخێر بێتەوە"یان دەدا. هەستێک کە دەیان ساڵ دواتر، لە کاتی شۆڕشی ژینادا جارێکی دیکە خۆی نواندەوە و کاک سەنە کە دووکانەکەی لە کانگای سەرهەڵدانەکانی شاری مەهاباد هەڵکەوتبوو، بۆ پشتیوانی لە لاوەکان گەلێک جار گیانی خۆی خستە مەترسییەوە و تەنانەت جارێکیش بریندار بوو. بەڵام خەمی نان و بەڕێچوونی ژیان ئەو کات دەرفەتی ئەوەی پێ نەدا خۆ لە حیزبایەتی و سیاسەت بدا. بۆ دەرهێنانی بژیوی خۆی و خێزانەکەی دەستی بۆ کاری جۆراوجۆر دەبرد کە لە پیشەی خەڵکانی ئاوایی کە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بوو، نەدەچوو. بۆ وێنە لەبیرمە کە لە دۆخی گەمارۆی ئابووریی ئەو دەمی سەر کوردستان، ئەو لەگەڵ چەند هاوتەمەنی خۆی کارگەیەکی قەندیان لە قەراغ ئاوایی ساز کردبوو. بۆیە وا باشم لەبیرە چونکە شیرنایی و بۆنی شەکری قاڵکراو زۆر جار ئێمەی منداڵە ورکەی بۆ لای کارگەکە ڕادەکێشا و ئەوانیش هیچ نەبێ دەیانهێشت شەکری پێمەڕەکانیان لێ بکەینەوە و نەوسی خۆمانی پێ کوێر بکەینەوە. بەڵام وا دیار بوو هیچکام لەو هەوڵانە بایی ئەوەندە نەبوون کە بتوانێ لە دێ ماڵ و منداڵی پێ بەڕێ بچوێنێ. سەرەنجام ڕووی لە شار کرد و لە مەهاباد گیرسایەوە. لەوێ هەر لە کاری کوورەخانە تا سەودا و مەعامەلەی نێو بازاڕ، دەستی بە کاسپی و کوێرەوەری کرد. دواتر لەگەڵ پۆلێک لە هاوتەمەنەکانی خۆی کە زۆربەیان خەڵکی پیروەلی باغی و هاوچارەنووسی خۆی بوون، ئەوەندەی سرووشت و هەلومەرج بواری دابان، کاری قاچاخی و هێنانی شتومەک لە عێراقیان دەکرد و ئەگەر ڕێگاش گیرابا، ئەوە لێک کۆ دەبوونەوە و مەجلیسیان بە گاڵتە و قسەی خۆش گەرم دەکرد. هەرە مەجلیس خۆشی نێویشیان حەسەنی میرزا عەوڵا بوو.
ئەو ساڵانەی لە مەهاباد دەمخوێند، زۆر جار لەگەڵ حوسێنی کوڕی دەچوومە ماڵیان. بۆخۆشی بە تایبەت ئەگەر لە عەجەمستان کەروێشکی گرتبا، ئەوە ئێمەشی بانگهێشتی چێشتی سەنگەسیر دەکرد و هەر بۆخۆشی لێیدەنا کە دەستاوێکی خۆشی هەبوو. وێڕای کار و کوێرەوەریی ڕۆژانە، خوێنەرێکی باشی گۆڤاری سروە بوو و کتێبی کوردیی تازە چاپکراویشی لە ماڵێدا دەست دەکەوت. من هەموو جارێ دەرفەتم دەقۆستەوە و ئەو ژمارانەی گۆڤاری سروە کە لەگەڵ کاکم دەستمان نەکەوتبوون یان نەمانتوانیبوو بیانکڕین، لە ماڵی ئەو دەمخوێندنەوە یان بە ئەمانەت لێمان وەردەگرت.
دوایین جار کە چاوم بە کاک سەنە کەوت، ٣٢ ساڵ لەوە پێش بوو؛ هەمووی چەند مانگێک بوو ببووم بە پێشمەرگە کە ئەو لەگەڵ بابم سەردانی کردم و لە بناری قەندیل یەکترمان دیتەوە. دوای ئەوەی زانی نییەتی گەڕانەوەم نییە، زیاتر پرێسکەی دڵی خۆی لەسەر کوردایەتی، حیزب و خۆشەویستیی ڕێبەرانی شەهید بۆ کردمەوە. ئاگاداریی باشی لەسەر حیزب و پێشمەرگە و هێزی پێشەوا هەبوو. دیار بوو هێشتا سەری لە سیاسەت و حیزبایەتی دەخورا و ڕووداوە پێوەندیدارەکانی تاقیب دەکرد. لەبیرمە باسی کاک سۆفی، فەرماندەی پێشتری هێزی پێشەوای کرد کە چۆن کەوتووەتە ژێر گوشاری ڕێژیم و جاشەکان چۆن ئازاریان داوە و بووەتەوە بە پێشمەرگە. بەر لە ڕۆیشتن و ماڵاوایی بەڵێنی پێدام کە هەر کات بێتەوە ئەو دیوە، سەردانم بکا. بەڵێنیی دیدارێک کە بەداخەوە ئەو هیچکات بۆی نەلوا و من هەمیشە لە چاوەڕوانییدا مامەوە. دیدارێک کە وەک دەڵێن بەداخەوە کەوتە قیامەت.
ڕۆحی کاک سەنە شاد بێ و یادی بۆ هەتاهەتایە لە دڵمدا زیندووە

۴/۲۰/۱۴۰۴

جاسەنە وەک شوێنێکی ڕەمزی


سەرەنجام بانگەوازی "ئاشتەوایی" نێوان تورکیا و کوردی باکوور (پەکەکە) لەنێو بێ متمانەیی و دڕدۆنگی گەلی کورددا کە ماوەی سەدەیەکە پەنگ دەخواتەوە، بە بەڕێوەچوونی شانۆی سووتاندنی چەک لەلایەن ژمارەیەک گریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی نیزیک شاری سلێمانی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێشتر ناوی چەندین شوێن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شانۆیە لە ئارادا بوو کە یەک لەوان ئەشکەوتی جاسەنە بوو. من بە بیستنی ناوی ئەشکەوتە بە سەرنجدان بە مێژوویەک کە لەو بارەوە هەیەتی، خێرا زانیم کە ئەو شوێنە کە لەگەڵ ئامانجەکانی لایەنی کوردی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو شانۆیە، دێتەوە.  

ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش و لە نیزیک جادەی دووکان - سلێمانی، بە مەودای پەنجا کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری سلێمانی هەڵکەوتوە. ناوی جاسەنە لە دوو بەشی جا/سەنە چێ بووە. جا واتای جێگا و شوێنە و سەنە وەک لە سنە، سەحنە، سندووس، سائینقەڵا، قەڵاتی سنان، قوڵەسەن، قەڵاتاسیان و ناوی زۆر شوێنی دیکەشدا هەیە، لە بنەڕەتدا سەئنە کە لە ئایینی میترایی و لە باوەڕە کەونارەکانی کورددا ناوی خودای بەهێزی با و تۆفان و باران بووە. بەو پێیە جاسەنە وەک یەکێک لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئەو خودایە هەژمار کراوە.  

جاسەنە سەرەڕای ئەو بارە ئۆستوورەییە،  لە مێژووی کورددا ئەو کاتە گرینگیی خۆی پەیدا کردەوە کە ساڵی ١٩٢٣، دوای ئەوەی فڕۆکەکانی سپای ئینگلیز، شێخ مەحموودی حەفیدیان لە شاری سلێمانی هەڵکەند، لەو ئەشکەوتەدا خۆی گرتەوە. ئەشکەوتی جاسەنە وێڕای ئەوە کە بوو بە پەناگە و ناوەندی فەرماندەیی شێخ لە بەرامبەر سپای ئینگلیزدا، چاپخانەی تێدا دامەزراند و یەکەم رۆژنامەی خۆی بە ناوی "بانگی حەق" لە ٢ی مارسی ١٩٢٣دا لەوێ چاپ و بڵاو کردەوە. 

شێخ مەحموود کەسایەتییەکی ئایینی - نەتەوەیی بوو. ئەمە بە ناوی ڕۆژنامەکەی و وێنەی مانگی سەر ئاڵاکەشییەوە دەدرەوشێتەوە. تورکانی کەمالیست هەوڵیان دا بە لاسایی لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی عوسمانی، ئایین وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی شێخ مەحموود بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. ئامانجیشیان لەو ڕاکێشانە، گوشار بۆ سەر ئینگلیز و دەستداگرتن بەسەر ویلایەتی نەوتاویی مووسڵ بوو. بۆ ئەو مەبەستەش هێزێکی بچووکی خۆیان بە فەرماندەیی "عەلی شەفیق" کە بە ئۆزدەمیر ناسرابوو، بۆ هاوکاریی شێخ مەحموود نارد. دیارە هێزەکە لەوە بچووکتر بوو کە بتوانێ کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان دابنێ و لەگەڵ پەرەگرتنی ناکۆکییەکان، سەربازەکانیش ناوچەکەیان چۆڵ کرد. دوای ئەوەی شێخ پەنای بۆ جاسەنە برد و ناوەندی بەڕێوەبەریی خۆی لەوێ جێگیر کرد، سەر و سەکوتی ئۆزدەمیر جارێکی پەیدا دەبێتەوە. وا دیارە ئەمجار ڕاستەوخۆ لەلایەن دەسەڵاتی تورکەوە هاتبوو و چەند ڕۆژ لە جاسەنە مایەوە. دوو وێنەش لەو دیدار و مانەوەیە ئێستا لەبەردەستدایە.

لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیدا کوردەکان تەنیا گەلێک بوون کە بە خواستی خۆیان و بێ داگیرکراوی پەیوەست بەو خەلافەتە ببوون. بە درێژایی سەدان ساڵ دەسەڵاتی سوڵتانەکانی عوسمانی کوردان خاوەنی چەندان خۆبەڕێوەبەریی تایبەت بە خۆیان بوون و هاوکات ڕؤلی گرینگیان لە نێو لەشکری سوڵتان و داگیرکارییەکانیدا گێڕا. ئەوانە و لەژێر کاریگەریی ئایینی هاوبەشدا، پڕانیی کورد دژی ڕووخانی دەسەڵاتی بابیعالی بوون. دوای ڕووخانیش، جۆرێک خواست بۆ گەڕاندنەوەی سوڵتان بۆ سەر تەخت لە شۆڕشەکانی کورددا بەرچاو بوو. ڕەنگە ئەوە هۆکارێک بووبێ کە بە ڕووخانی عوسمانی، کوردان هیچ میراتێکیان لەوە پێ نەبڕا. دیارە خولیای ژیاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی تەنیا بۆ کورد و بۆ ساڵانی سەرەتای ڕووخانی بابیعالی ناگەڕێتەوە و ئێستا ئەردۆغانیش خەون بەو مێژوویەوە دەبینێ و جاروبار فوو بەو زوڕنایەدا دەکاتەوە. پەکەکەش بە هەڵبژاردنی جاسەنە وەک شوێنێکی ڕەمزی بۆ کۆتایی شەڕ و ئاشتەوایی لەگەڵ حکوومەتەکەی ئەردۆغان، ویستی ئەو پەیامە بۆ ئەنقەڕە بنێرێ  کە ئەگەر ئەو وەک خەڵیفە لەگەڵ کوردان بحاوێتەوە، ئەوە ئەوانیش وەک کورد و لەگوێن شێخی جاسەنە، ئامادەن بۆ ژیاندنەوەی ئەو خولیایە تا ئاستی گەڕاندنەوەی ویلایەتی موصڵ، دەستی لەگەڵ بدەنێ و ڕۆڵی سوارەی کورد لە لەشکری ئەردۆغاندا بگێڕێ. 




۲/۲۴/۱۴۰۴

چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان

 چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە بۆ هەر حیزبێکی سیاسی دەرەنجامی شکست یان تێگەیشتن لە شکستی گەیشتن بە ئامانجەکانە لەڕێی ئەو شێواز و ستراتژیەی کە تا بەر لەو بڕیارە گرتبوویەبەر. پەکەکەش لە دوا کۆنگرەی خۆیدا بە کردەوە دانی بەو ڕاستییەدا داناوە، ئیتر بۆ دەبێ کەسانێ لە وشەی شکستی تێکۆشان بە ناوی پەکەکە و ئاشبەتاڵ لە خەباتە چەکدارییەکە بپرینگێنەوە؟ ئەگەر قەبووڵ نەکردنی ئەو ڕاستییە بۆ ئەوەیە کە خەبات لە شکڵ و شێوازی دیکەدا بەردەوام دەبێ، ئەوە هەر ئێستاش لە نێوخۆی تورکیا و ئەورووپاشدا لە ئارادایە و ئەوە هیچ لە واقعییەتی ئەو شکستە سیاسی و سەربازییە ناگۆڕێ.

بە پێچەوانەی زۆر لێکدانەوە، من ئەو بڕیارەی پەکەکە بەدەر لە بانگەوازی ئۆجەلان و سەرەڕای ئەگەری بەهێزی فرتوفێڵی تورکان، بە دەرەنجامی ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەزانم و پێم وایە ئازایەتی و تەنانەت فیداکاریشی تێدابوو، چونکە؛

١- ڕێژیمی تورکیا بەو نفووزەی لە دنیای دێموکراسیدا هەیەتی، توانیبووی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بە دنیا بناسێنێ و لە سیاسەتی جیهانیدا بیکا بە گولی دوور لە ئاوایی. بەوەش هەناسەی سیاسی لەو پارتە و لق و پۆپەکانی بڕیوە و شێوازەکانی دیکەی خەباتی کوردی باکووریشی خستۆتە ئاستەنگەوە .

٢- دوای حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، ئەو بەرەیەی کە پەکەکە لە غیابی بەرەی دێموکراتیکدا، بە ئاشکرا و بە نهێنی، بە نزیک لە خۆی دەزانی (بەرەی دژ بە ئیسرائیل)، بەرەو لاوازی و توانەوەی یەکجاری چووە.

٣- سێ لە پشتیوانانی ئاشکرا و نهێنیی پەکەکە لە ناوچەکەدا واتە سووریای ئەسەد، ئێران و ئەرمەنستان یان لەناو چوون یان تووشی لاوازی و داڕمانی یەکجار زۆر هاتوون.

٤- خەباتی چەکداریی پەکەکە لە شەری خەندەقەکانەوە بەردەوام لە پاشەکشەدا بووە و زۆر زیانی کاریگەری بەر کەوتووە. جاران کە پەکەکە لە نێو خاکی تورکیا یان لانیکەم لە چیاکانی باکووری کوردستاندا شەڕی دەکرد، ئێستا لەشکری تورک شەڕەکەی بۆ قووڵایی باشووری کوردستان و بۆ سنووری نێوان عێراق و ئێران گواستۆتەوە.

٥- بەرەوپێش چوونی تکنیک و کەرەسەی شەڕ لە دەست تورکیادا تەنگی بە هەر جووڵەیەکی ئاسایی پەکەکە هەڵچنیوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ناچار بە پاشەکشەی زیاتری کردوە

٦- لەباری سیاسیشەوە، پەکەکە ستراتژییەکی ڕوونی بۆ شەڕ لە دژی تورکیا لەدەستدا نەمابوو. لەلایەک داکشان و داشکانی خواستە نەتەوەییەکان لە جیاکردنەوەی باکووری کوردستان و ویستی دامەزراندنی سەربەخۆیی چوارپارچەی کوردستانەوە بەرەو کۆنفێدرالیسمی دێموکراتیک و شۆڕ بوونەوە بەرەو خۆسەری دێموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری و.. سەرەنجام دژایەتی لەگەڵ هەر قەوارەیەکی سیاسیی نەتەوەیی و ڕازیبوون بە هێندێک دێموکراسیی زیاتر لە تورکیا، لەباری سیاسییەوە هیچی بە دەست پەکەکەوە نەهێشتووە و لەلایەکی دیکە ئەردۆغان بە پەسەندکردن و دواتر کەلکاوەژۆ کردن لە یاسای دژە تیرۆر، توانی ستراتژیی شەڕ بۆ دێموکراسی بە کردەوە شکست پێ بێنێ و خەباتی سیاسیی کوردی باکوور و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنە سەراسەریەکەشی پێ لاواز بکا.

٧- کوردی باکوور بە پێچەوانەی کوردی ڕۆژهەڵات، چ لە نێوخۆی تورکیا و چ لە ئەورووپا و شوێنەکانی دیکەش ڕێگای زۆر و شێوازی جۆراوجۆری بۆ خەبات هەیە و ناچار نییە هیندە پشت بەو خەباتە چەکدارییە پڕ تێچوو و کەم دەسکەوتە ببەستێ.

لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا پێم وایە ئەگەر پەکەکە توانیبای و تورک بواری ئەوەی دابا کە شەڕ بە ئاگربەست و بە پاراستنی هێزە چەکدارەکەی خۆی بگۆڕێ، دەیتوانی بە دەستی پڕ یان پڕترەوە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێ.

وەک قسەی کۆتایی، ئەزموون نیشانی داوە کە بە ناهومێدبوونی خەڵک لە خەباتی چەکدارانە، گەلی ئازادیخواز و مافویست هەمیشە ڕێگای گشتگیرتر، کەم تێچووتر و شێلگیرتری بۆ بەرەوپێش بردنی خەبات دۆزیوەتەوە و گەلی کوردی باکووریش لەوە بەدەر نابێ.

۲/۰۲/۱۴۰۴

سەید عەلیی سەردەشتی؛ تەمەنێک دارماڵ لە داهێنان و بەخشین

 تاهیر قاسمی

بەشدارانی بەڕێز!

 بەخێر بێن بۆ کۆڕی سەرەخۆشی و لە ڕاستیدا ڕێزگرتن لە هونەرمەندی گەورەی ئەم سەردەمەی گەلەکەمان کاک سەید عەلی سەردەشتی. 

بۆیە دەڵێم کۆڕی ڕێزگرتن، چونکە پێم وایە مەجلیسی پرسەی مرۆڤە گەورە و خاوەن بەهرەکان زیاتر لەوەی بۆ دڵدانەوە و هاوخەمی لەگەڵ زیندووەکان بێ، کۆڕی ڕێز لە کار و بەرهەم و تێکۆشانی ئەوانە. ئەوانەی کە ناوی بەرز لە دوای خۆیان بەجێ دەهێڵن؛

مەرگ و ژین وەکوو سێبەر و تاوە

ئەوەی باقی دەمێنێ هەر ناوە

ئەوەی لە مرۆڤ بەجێ دەمێنێ، نە ڕادەی پووڵ و ماڵی دنیا یان ژمارەی کوڕ و کچ و نەوە و نەتیژە بەڵکو ئەو بەرهەم و خزمەتانەیە کە لە ماوەی ژیانیدا پێشکێش بە گەل و بە مرۆڤایەتی دەکا و بەو هۆیە ناوی بە نەمری دەمێنێتەوە. هەر ئەوەش هەوێنی ژیانی تاهەتایی و هۆی هەرمان و نەمریی مرۆڤەکان لە هزر و بیری نەتەوەکەیاندایە.

ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تا ڕێز لە مرۆڤێک بگرین و یادی هونەرمەندێک بەرز ڕابگرین کە تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە پەرەدان بە هونەری نەتەوەکەی تەرخان کرد، کۆڵەبارێکی سەنگین و ڕەنگینی لە هەڵبەست و ئاواز خوڵقاند و خەرمانێک بەرهەمی بەپێزی لە بەیت و بەند و هەڵبەست و ئاواز و گۆرانی بۆ نەتەوەکەی بەجێ هێشت. بەرهەمگەلێک لە شێعر و ئاواز و گۆرانی و بەند و بەیت کە ناوی عەلی سەردەشتیشیان لە ڕیزی عەلی حەریری و عەلی بەردەشانی و هەموو ئەو بەندبێژ و بەیتسازە گەورانەدا تۆمار کرد کە حاجی قادری نەمر ئاوا بە بەرزی یادی کردن؛

دوو عەلین، شاعیرن وەکوو حەسسان        بەردەشان و حەریرە مەسکەنیان

کاک سەید عەلی سەردەشتی وەک زۆربەی هەرە زۆری ئەو هونەرمەندانەی کە تا نێوەڕاستەکانی سەدەی ڕابردووش لە کوردستان دەستیان بە کاری هونەری کرد، "نە حەرفی مەکتەبێکی خوێند و نە ئوستادێ پەلی گرت"، ئەوەی کە بەدەستی هێنا، بەهەوڵ و تێکۆشان و توانایی خۆی بوو. ئەگەر میرانی بابان و سۆران بەجۆرێک پشتیوانیی عەلییەکانی سەردەمی خۆیان بوون، مێژوو ئەوەندە دەسەڵاتەشی بە کوردەوە ڕەوا نەدی تا هونەرمەندانی سەدە و سەدەکانی ئەم دواییانەی نەتەوەی ئێمە لەوەندە پشتیوانییەش بەهرەمەند بن. ئەوەی کە کردیان و خوڵقاندیان هەمووی هەر ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانی هەژارانەی خۆیان بوو.

گرینگترین تایبەتمەندیی هونەری کاک سەید عەلی، داهێنان و خوڵقاندنی بەرهەمی نوێ بوو. ئێمە لە سەدەی ڕابردوودا هونەرمەندی گۆرانیبێژ و بەندبێژمان کەم نەبوون بەڵام زۆربەی ئەوان کەمتر خاوەنی داهێنانی نوێ بوون و ئەوەی هەیانبوو پتر لە پێشینیانی خۆیان فێر ببوون بەڵام کاک سەید عەلی سەردەشتی لەنێو ئەواندا نموونەیەکی شاز و دەگمەن بوو. بە دەگمەن وا هەبووە گۆرانی کەسانی دیکە بڵێتەوە یان تەنیا پشت بە بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان ببەستێ. زۆربەی ئەوەی گوتویەتی و تۆماری کردوە، لە هەڵبەست و تێکست و ئاواز هی خۆی بوو کە ڕادەیان نیزیک بە هەزار شێعر و ئاوازی تازەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچکات دەستی لە ڕەسەنایەتی بەر نەدا و لە ئەدەب و هونەری نەتەوەکەی دوور نەکەوتەوە. هەوڵی دا ئەوەی دەینووسێ و ‏دەیڵێ، نەبێتە بەردێکی لاپان و دیواری خوار و خێچی پێ دانەنێ بەڵکو بە هۆیانەوە خشتێک و چینێک زیاتری خستە سەر ‏دیوارەکانی ئەو کۆشکە تەرز و بەرزەی ئەدەبی فۆلکلۆری گەلەکەمان کە هونەرمەندانی ناودار و بێ ناوی مێژووی گەلەکەمان بۆمانیان هەڵچنیوە. لە دانانی بەیت و بەنددا دەتوانین وەک قوتابییەکی زیرەک ‏و بەتوانای عەلی بەردەشانی بیناسین. ڕەوانبێژی، شێوەی داڕشتن و بەکارهێنانی ‏ماکەی تەنز لە دانانی بەیتدا ئەو بۆچوونە پشتراست دەکەنەوە. لەم بارەوە وێکچوونی بەرچاو لەنێوان بۆ ‏وێنە بەیتی ئاسۆس لەگەڵ بەیتەکانی جندۆکان یان بەیتی پیوازانی عەلی بەردەشانیدا هەست پێ ‏دەکرێ. ‏لە دانانی بەستە و بەندیشدا زۆر جار کەلکی لە ‏چیڕۆک و ‏بەسەرهاتە مێژووییەکانی گەلەکەی خۆی وەرگرتوە؛

تازە قەت مەیلی نانێم منی شێخی سەنعانی

بە یەک لەحزە وەرگەڕا، دەیکرد بەرازەوانی

بوو بە شوانی بەرازان، داینا جبەی شێخانی

ئەمنیش ئاوام بەسەر هات دوێنێ لە ڕێگەی کانی

لەبەر دەستی دەرناچم سوێند بە غەوسی گەیلانی

 

شێوازێک لە کارەکانی ئەو، بە جێی وتنەوەی دەقاودەقی بابەتە فۆلکلۆرییەکان، دەوڵەمەندکردنی بابەتە فۆلکلۆرییەکانە. ئەویش بە زیادکردن و پەرەدان بە بەند و هۆنراوە فۆلکلۆرییەکان. بۆ وێنە لە گوتنی قەتاری "بەهارە"دا چەند بەندی خۆی هاویشتۆتە سەر و بەم جۆرە دەوڵەمەندتری کردوە؛

هات چۆمی بادیناوێ، کانیاوی پشتی خانێ

چۆمی سێڵوێ و دەڵاوان گرتی دەشتی لاجانی

هاتوە سەرچاوەی کەڵوێ، بردی گوڵی نیسانێ

شەپۆلی لە کەندان دا لەبەر ماڵی باڵانێ

لە دۆستان، لە برادەران، مزگێنی بێ بەهارە

 

تەیر هەستان لە بەحران، پۆل‌پۆل هاتن بە دەستوور

بەعزێکم نەدەناسین، پڕ خەت و خاڵ بوون لە دوور

چ وریان گڵەسپیە بۆ زیارەتی شێخە سوور

خۆزگە بۆ ئەو زیارەتەی دەگەڵ بایە ڕەحیم پوور

لە دۆستان لە برادەران، مزگێنی بێ بەهارە

 

 نموونەی دیکەی ئەو جۆرە کارە، لە گۆرانیی "دروونە" یان "دروێنە"دا دەبیندرێ. گۆرانییەک کە دروێنەوانان لە کاتی دروێنەکردندا بە نۆرە یان بە پۆل دەیڵێن کە دیارە بەندەکانی زۆر ڕێک و مەبەستدار نین یان لەبیر چوونەتەوە. کاک سەید عەلی تێکستێکی تایبەتیی بۆ ئەو گۆرانییە فۆلکلۆرییە نووسیوە کە قسەی دڵی لاوێکی زەحمەتکێشە تا بە بەروبووی دروێنەی ساڵ بتوانێ تێچووی زەماوەند لەگەڵ دڵدارەکەی پەیدا بکا و ژنی پێ بێنێ:

تۆوێکی زۆر دەچێنم               لە کاران دانامێنم

گەنمی باش وەدەس دێنم         ئەوساڵ ژنێی پێ دێنم

 

خەرمانێ دەکەم کۆکۆ             بە ڕەنج و بەرهەمی خۆ

گەنم و نۆک و نیسک و جۆ     دەگوێزمەوە چاو هەڵۆ

 

درۆنە درۆنە درۆنە ‏                دەسکێ داسێم بە ڕۆنە

لەو خەرمان و جێخوونە          دەغڵ و دان وەکۆبوونە ‏


کەوتە بەر داس دەغڵ و دان    تێدەکۆشم بە دڵ و گیان

گوڵی کرد بەر و بێستان           وەکۆ بوو خەلە و خەرمان

 

مەمنوونی تۆم دەسکی داس    لە فەقیریێم بوو خەلاس

گەنم بۆ زێڕ و برینجی            نۆکان دەدەم بە لیباس


خۆم ساز دەکەم یەکجاری        بووکێ دێنم بە سواری

هونەرمەندان بانگ دەکەم       بە نایە و زەرب و تاری

کاک سەید عەلی لە هۆنینەوەی هەڵبەستدا کە زۆربەیانی کردوون بە تێکستی گۆرانییەکانی، شارەزایی و تواناییەکی کەم وێنەی هەبوو. ڕەچاوکردنی کێش و سەروا لە شێعرەکانیدا هیچیان کەمتر لە شاعیرانی بەنێوبانگ نییە. تەنانەت لە باری فۆرمەوە جۆرێک نوێگەری و داهێنان لە بەشێک لە کارەکانیدا دەبیندرێ. بۆ وێنە لە چەند خشتەکی و "تەرجیع‌بەندەکانیدا کە فۆرمی بەشی بەرچاوی شێعرەکانییەتی، زۆر جار دوای سێ یان چوار بەیت، دوو بەیتەکانی کۆتایی خاوەن قافییەی تایبەت، وەک یەک و جیاوازن. واتە هەر بەندێک دوای بەشی خانە یان ڕشتە، لە بری یەک، دوو تەرجیع بەندی بۆ داناون. بەوەش ئاستی باڵادەستیی خۆی بەسەر زمان و شێعردا نیشان داوە؛

بەهاران ڕاوچی دەڕۆن بۆ ڕاوێ                             بە تاپڕ و تۆڕ و کڵاو و داوێ

سەری قەندیلی، پشت بادیناوێ                            بنەی دادەنێم لە مێکووکاوێ

دێتەوە یادم گوڕەی کەوی نێر                               قاسپەقاسپی کەو خوڕەی ئاوهەڵدێر

کەودەستی دەچمە دەشتی باساوێ                       جا چۆن من بڵێم بەهارم ناوێ

 

ئەگەر وەک قەندیل غەرقی بەفر بم                      ئەگەر وەک بولبول بە زریان سڕ بم

ئەگەر چوارچێوەی ژینم هەر شەو بێ                    پێم خۆشە لە کن یارم حازر بم

دێتەوە یادم گەزیزە و شللێر                                 قاسپەقاسپی کەو، خوڕەی ئاوهەڵدێر

باللۆرەی کیژان، هاژەی بەفراوێ                            جا چۆن من بڵێم بەهارم ناوێ

 

هەموو ئاواتم دیدەنیی یارە                                  هەموو ئاواتم کاتی بەهارە

بە ئاواتەوەم بۆ ئەو دیدارە                                   وەختی دیدەنیی ئاشق و دڵدارە

دێتەوە یادم کوێستانی زەنوێر                               قاسپە قاسپی کەو، خوڕەی ئاوهەڵدێر

هەزار غەم و دەرد لە دڵ دەرداوێ                        جا چۆن من بڵێم بەهارم ناوێ

 

ڕەوانی و خۆماڵیبوون لە کێشدا تایبەتمەندییەکی دیاری شێعرەکانییەتی. دیارە ئەو عەرووزی نەزانیوە و کێشی خۆماڵی و بڕگەییشی بەکار نەهێناوە بەڵکوو بەپێی پیشەی گۆرانیبێژییەکەی کە ئامانجی نووسینی ئەو شێعرانەش بووە، زیاتر پشتی بە مۆسیقای شێعر بەستووە و لەم بارەوە وەستایانە کاری کردوە و سەرکەوتووە:

بەس بگرە قیافە و لێدە پۆز، سەرتۆپی یاران

مەیڕێژە بە سەرما هەموو نازە وەکوو باران

من ڕاوچییەکی کۆنم و کەوتوومە کەناران

کەوتوومە دوای سۆنە لە تەنکاو و بواران

دەرناچی لەبەر قۆشەن و قۆڵقۆڵی سواران

 

چاوت کە چرای ئیشقە، هەزار خەم دەڕەوێنی

جوانیت کە بەنێوبانگە هەزار دڵ دەپسێنی

ڕووت هەر وەکوو ئاوێنە لە دوولا دەنوێنی

پێم سەیرە کەوا شازی، کەچی دڵ دەشکێنی

ئەو جوانیە مەکە گورز و مەتاڵ، تیری غەداران

دەرناچی لەبەر قۆشەن و قۆڵقۆڵی سواران

 

  لەباری نێوەرۆکەوە، خەیاڵی ناسک و چاوی جوانی بین و هەستی شاعیرانەی ئەو دەستیان بە دەستی یەک داوە و گەلێک تابڵۆی جوان و ڕازاوەیان بە شێعر و لە وشە خوڵقاندوە؛

لە قەڵاتی ڕەبەتێ دووربینێکم بۆ بێنن

هەرکەس زووتر بیبینێ مزگێنیم لێ بستێنن

نووستوە لەنێو گوڵاندا گوڵ خۆی بۆ ڕادەژێنن

هێندێک لاقی دەشێڵن، هێندێکیش باوەشێنن

 

کاک سەید عەلیی سەردەشتی لە شێعردا ئیلهامی یەکجار زۆری لە سرووشت و ژینگەی نیشتمانەکەی وەرگرتوە. شێعرەکانی، هیندەی سرووشتی کوردستان، جوان و، لەگوێن ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا ژیا، پاک و سادە و ڕەوانن. ڕەنگە هیچ هونەرمەندێک بە ڕادەی ئەو لە جوانییەکانی سرووشتی کوردستان کەلکی وەرنەگرتبێ و هیچ شاعیرێک هێندەی ئەو ناوی چیا و کەژ و گوند و ‏گوڵ و ئاژەڵ و کیژ و درەخت و جوانییەکانی دیکەی نیشتمانەکەی لە هەڵبەست و تێکستی گۆرانییەکانیدا جێ نەکردبێتەوە. لە بەرهەمەکانیدا جوغرافیای ژیان و گەڕان و تێکۆشانی هونەرمەند هەر لە هەولێرەوە تا کەنارەکانی گۆلی ورمێ کێشراوەتەوە. بەوەش ‏فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی لە وشە و جوغرافیا و دابونەریت و سرووشتی کوردستان تۆمار کردوە؛

سێوە لاسوورەی زێوەی، مەنزەرەی بەردەپانی

گوڵی دەورەی سەرچاوێی، کەوی پشتی بێورانی

کارمامزی دەشتی شنۆیەی، مەمکت هەرمێی ئالانی

لە هەڵبەست و گۆرانییەکانیدا گوێمان لە دەنگی باڵندە، هاژەی با، قاسپەی کەو، سرتە و ڕاز و نیازی کوڕ و کچی ئەویندار، کاڕەی مەڕ و هۆهۆی شوان و قاقای کیژە عێلاتی دەبێ. ئەوەندە جوان و وەستایانە دیمەنەکانی وێنا کردوە کە لەگەڵ خوێندنەوەی هەڵبەستەکانی و بە بیستنی گۆرانییەکانی چاوی خەیاڵ بە دیتنی دەشت و مێرگ و چیمەن و گوڵ و لاپاڵ و چیا و چۆڵی کوردستان ڕوون دەبێتەوە؛

خۆشە فەسڵی بەهاران، چون وەختی گوڵی سوورن

کوێستان دامێنیان شینە، سەریان دەڵێی کافوورن

کارمامزی لانەواڵان دڵ پڕ شادی و سروورن

مەڕدار دەچنە هەواران، ڕەشماڵیان کەمێک دوورن

باژاڕە دەشتی وەزنێ، قەندیل لەسەر سنوورن

 

خۆشە فەسڵی بەهاران، هەموو نێوەڕاست مانگان

کارمامزی لانەواڵان دێنە دەرێ لە لانگان

کیژۆڵەی دەست بە بازن، هەموو ئێوارە بانگان

پۆل بە پۆل دێنە خوارێ، لەنێو کوڕادە و کارگان

دڵ دەکەن شێت و شەیدا، چاو ڕەش و کوڵمە سوورن

 

ئەو کە ئاشقی سرووشتی جوانی نیشتمانەکەی بوو، جوانترین هۆنراوەکانی بەتایبەت بۆ بەهاری سەردەشت هۆنیوەتەوە. ئەو شار و ناوچە سەرسەوز و دڵڕفێنەی کە هەر کەس جارێک پێیدا ڕۆیشتبێ، قەت لەبیری ناچێتەوە:

بەهەشتێکی بەرینە خاکی سەردەشت، بەهاران

چیا و دۆڵی نابینی لەبەر شکۆفەی داران

کانی و ئاوی نابینی لەبەر سێو و هەناران

لەسەر گوڵان دەکەوێ نەرمە خوناوەی باران

قومری و بولبول دەخوێنن سبحەینان و ئێواران

 

ئەوە تەنیا سرووشت و بەهاری سەردەشت نییە کە مامۆستای ئەویندار کردوە بەڵکو مرۆڤ و گیانداری ئەو هەرێمەش بۆ ئەو هەر هیندە خۆشەویست و دڵڕفێنن. دیتنی کوڕان و کچانی شۆخ و شەنگی ئەو شارە خۆشەویستە زۆر جار هەوێنی هەڵبەستەکانییەتی؛

کۆکن لاوی سەردەشتێ                        کاتێ دەڕۆن بۆ گەشتێ

پەشمینەیان لە پشتێ                          عەینی حۆری بەهەشتێ

لەگەڵ ئەو هەموو خۆشەویستییەی بۆ نیشتمان، ئەو بە حەسرەتی ئازادیی وڵات و بە تاسەی ژیان و تێکۆشانی هونەری لە جێگایەک بوو کە ئازادی تێدا بێ. هەموو غەریبیی ژیان لە ئۆرووپای تەنیا لەبەر ئازادییەکەی کە زۆربەی ئازیزانی لەباوەش گرتوە، خۆش دەویست. دڵی بۆ ئازادیی گەل و وڵاتەکەی لێیدەدا و بە بینینی شەکانەوەی ئاڵای نەتەوەکەی گەش دەبۆوە:

ئاڵای کوردستان بەرز کراوە                        ئاڵا دێ و دەچێ بە شنەی باوە

ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ، ئاڵای شەکاوە                هەموو کوردستان دەورەیان داوە


مێژوو دەزانێ چمان پێ کرا                        هەموو کوردستان بە خوێن ئاو درا

بە خوێنی شەهید ئاڵا هەڵکرا                     سڵاوی هەولێر گەییە چوارچرا

کۆتا بابەت کە دەمهەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە لە حاڵێکدا دەگمەن وا هەبووە کاک سەید عەلی گۆرانی کەسی دیکەی گوتبێتەوە، هونەرمەندانی دیکە بە لێشاو لە گۆرانی و ئاواز و تێکستی ئەو کەلکیان وەرگرتووە بێ ئەوەی ئاماژەیان بە ناوی ئەو کردبێ. بەجۆرێک کە ئەو بۆ هونەرمەندانی هەر دوو دیوی گەرمێن و کوێستان، کارگەیەکی پڕ بەرهەم لە داهێنان و بەرهەمهێنانی ئاواز و تێکست و گۆرانی بوو. تەنانەت تێکست و ئاوازی بۆ هونەرمەندانی پڕ ئاوازەی سەردەمی خۆیشی داناوە.‏ بەو حاڵەش من نەمبیستوە جارێک گلەیی لە هونەرمەندێک کردبێ کە بۆ گۆرانی ئەوی گوتۆتەوە و بۆ ئاماژەی بە ناوی خاوەنەکەی نەکردوە. لەوانەش گرینگتر ئەو نەک هەر داهێنەری هونەر بەڵکو مامۆستای وەچەی نوێی هونەرمەندانی سەردەمی خۆی بوو. چەندان هونەرمەندی پەروەردە کرد کە ناو و ئاوازەیان بە کوردستاندا بڵاو بۆتەوە. ئێستاش کەم نین ئەو هونەرمەندانەی شانازی دەکەن کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ قوتابی مامۆستا سەید عەلی سەردەشتی بوون. سەرگوڵی ئەوانیش هونەرمەندی شۆڕشگێڕ کاک سمایل سەردەشتی بوو.

بەڕێزان!

باس و هەڵسەنگاندنی تەمەنێک تێکۆشانی هونەریی مامۆستا سەید عەلیی سەردەشتی و وەرددانەوەی خەرمانێک لە تێکست و هەڵبەست و ئاواز و گۆرانیی ئەو، ئاستەمە لە دەرفەتێکی ئاوادا مافی خۆی پێ بدرێ. بەرهەمەکانی مامۆستا ئەوەندە زۆر و زەنگینن کە هەڵدەگرێ زۆر کۆڕی تایبەت و گەورەی بۆ ساز بکرێ.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە سەری ڕێز بۆ ئەو هەموو خزمەت و داهێنان و بەخشندەییە زۆر و زەبەندە هونەرییە دادەنوێنم کە مامۆستا لە ماوەی تەمەنی پڕ بەرهەمی خۆیدا بە هونەر و بە فەرهەنگی نەتەوەکەی کرد. دڵنیام ئەستێرەی ناوی ئەو تا هەتایە لە ئاسمانی بەرزی کوردستاندا دەدرەوشێتەوە و لە گۆڕەپانی هونەری نەتەوەکەماندا ناوی کاک سەید عەلی سەردەشتی ناوێکی تاهەتایی و هەرمانە.

یادی بەرز، ڕۆحی شاد و ئێوە و ئازیزانی هەر ساغ و سڵامەت بن


تێبینی:

١- تێکستی شێعرەکان لەبەر گۆرانییەکانی هونەرمەند نووسراونەتەوە و ئەگەر لەم بارەوە هەڵەیەک هەبوو، داوای لێبوردن دەکەم

٢- نوسخەی کورتتری ئەم بابەتە لەسەر داوای چەندێک لە دۆستان بۆ کۆڕی ڕێزگرتن لە هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی کە ڕۆژی ٢٠ی نیسان لە فینلاند پێکهات، ئامادە کرابوو بەڵام بەداخەوە بە هۆی کێشەی تکنیکی و کەمیی کات، پێشکەش نەکرا

۱۲/۲۶/۱۴۰۳

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

 لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی

وێنەی کێلێک لە لوڕستان
گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و لەوێ وێڕای فاتیحادادان و نزا و پاڕانەوە، شیرینی و شەربەت بەسەر منداڵاندا دابەش دەکەن و بە جۆرێک خێرات بۆ مردووەکانیان دەبەشنەوە. ئەم نەریتە بەرگی ئیسلامی بە بەردا کراوە و بە کۆمەڵێک قسە و گێڕانەوەی پیاوان و پێشەوایانی ئایینی پشتئەستوور کراوە بەڵام لە بنەڕەتدا پێوەندیی بە ئیسلامەوە نییە و زۆر کۆنترە.

 لە بابەتی چوارشەممەسووریدا باسی ئەوەم کردوە کە هەر کام لە ڕۆژەکانی حەوتوو بەپێی پلەکانی ئایینی میترایی بەسەر یەکێک لە خوداکانی ئەو ئایینەدا دابەش کراون. ڕۆژی شەممە کەوتۆتە نێوەڕاستی ئەو حەوت ڕۆژەوە کە لەلایەک یەکەمین و لەلایەکی دیکەش حەوتەمین ڕۆژی حەوتوویە و ڕۆژی میترایە. میترا بەرامبەری خۆرە و ناوی "شەممە"ش لە شەمەش وەرگیراوە کە لە مێزۆپۆتامیا یان دووئاوان خودای خۆر بووە. 

ڕۆژی یەکشەممە هی خودای بایە کە لە پلەی یەکەمی ئایینەکەدا، دووشەممە هی دایک-خودای ئاو لە پلەی دووهەم، سێ‌شەممە هی خودای خاک لە پلەی سێهەم، چوارشەممە هی خودای ئاگر لە پلەی چوارەم و پێنج‌شەممە هی خودای مانگ یان خودای چاکە لە پلەی پێنجەمدایە. جومعە یا هەینی‌ش هی خودای شەڕ یان ئیندرایە لە پلەی شەشەم‌دا. 

خودای مانگ یان ڤاروونا کە ڕۆژی پێنج‌شەممە هی ئەوە و لە پلەی پێنجەمدایە، خودای پاراستنی تۆرەمەی گیا و گیانداران و خودای ڕۆح و ڕەوانی پاکە. دەشزانین لە باوەڕی پێشینان و خەڵکی ئێستاشدا ئەوەی لە مردوو دەمێنێتەوە، ڕوحاناتەکەیەتی. واتە لەش دەمرێ بەڵام ڕۆح نەمرە و بە زیندوویی دەمێنێتەوە.  هەر بۆیەش سەردانی گڵکۆی مردووان لە ڕۆژی پێنج‌شەممەدا پێوەندیی بە خودای مانگەوە هەیە. 

بەڵام ئاخۆ بۆچی دوایین پێنج‌شەممەی ساڵ لەو بارەوە گرینگیی زیاتری پێدراوە؟

لە حیسابی پێشینانی ئێمەدا ساڵ بە دوازدە مانگی سی ڕۆژە دابەش دەکرا کە دەیکردە ٣٦٠ ڕۆژ. بەو پێیە پێنج ڕۆژ کەمی دێنا. بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمایەسییە، دوای کۆتایی مانگی ڕەشەممە، لە ساڵی ئاساییدا پێنج ڕۆژ و لە ساڵی پڕ یان کەبیسەدا شەش ڕۆژیان بە ساڵەکەوە زیاد دەکرد. ئەو پێنج ڕۆژە کە لە فەرهەنگی کورددا بە پەنجەی تار و لە فارسیدا بە "پنجە دزدیدە" یان "بهیزک" و لە عەرەبیدا بە "خمسە المسترقە" دەناسرا، سەر بە هیچ مانگێک نەبوو و لە دەرەوەی زەمان هەژمار دەکرا. هەر بۆیەش وەک ڕۆژانی نائاسایی، ئاڵۆز و دوور لە تەکووز و ڕێکوپێکیی زەمان سەیر دەکران. ڕاست وەک ئەو ڕۆژانەی کە بە پێی دەقە ئایینییەکان هێشتا جیهان بەتەواوی نەخوڵقابوو و ڕێکوپێک نەکرابوو. دیارە ئەو چیڕۆکی خوڵقانە دەبێ لەسەر بنەمای ساڵی کەبیسە داڕێژرابێ چونکە لە زۆربەی دەقە ئایینییەکاندا - هەر لە ئایینەکانی مێزۆپۆتامیاوە تا یەهوودی و ئیسلام و تا مەسحەفا ڕەشی ئێزدی - خودا جیهانی لە شەش ڕۆژدا خوڵقاند و ڕۆژی حەوتەمی کرد بە ڕۆژی پشوو. ڕۆژی حەوتەم دەبێتە ڕۆژی شەممە کە ڕۆژی خودای خۆرە وەک بەرزترین پلەی ئایینی میترایی. ئەو قسەیەی کە دەڵێن "کەم ڕێك دەکەوێ شەممە بە نەورۆز" واتە زۆر ساڵی پێدەچێ تا ئەو ڕێککەوتە وا ڕێک دەبێتەوە کە ڕۆژی پشووی دوای خوڵقانی زەوی ڕاست بکەوێتە ڕۆژی خۆیەوە واتە ڕۆژی شەممە و یەکەم ڕۆژی نەورۆز. بەو پێیە ئێمە واتایەکی ئایینیمان بۆ ڕۆژی نەورۆز دۆزیەوە کە بە مانای ڕۆژی نوێی دوای شەش ڕۆژی ئافراندن یان یەکەم ڕۆژی دوای خوڵقانە. 

پێشینان پێیان وا بوو ڕۆحی مردووەکان لە کۆتایی ساڵدا دەگەڕێنەوە تا لە بارودۆخی وەچەکانی خۆیان ئاگادار بن. لە پشکی ٤٩ی فەروەردین یەشتی ئاڤێستادا هاتووە کە "فرەوەرە خاسە بەتوانا و پاکەکان لە کاتی جێژنی گاهەنباردا لە ئارامگەکانی خۆیانەوە دەگەڕێنەوە سەر هەرد و دە شەو لەسەر یەک بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی وەچەکانیان لێرە دەمێننەوە."  گاهەنبار هەر ئەو شەش ڕۆژەیە کە جیهانی تێدا خوڵقێندرا و بەپێی ئاڤێستا کەوتۆتە کۆتایی ساڵەوە.

 بابەتی گەڕانەوەی ڕۆحی مردووان لە ڕۆژانی پەنجەی تاردا لە کۆمەڵێک داب و نەریتی کوردەواریشدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ وێنە لە یاریی هەتەرێ و مەتەرێ یان لە کۆسە بەداس و ئەو داب و نەریتانەدا کە لە چوارشەممە سووری و شەوانی دواتردا بەڕێوە دەچن. لەو یاریانەدا یاریکەران ڕووخساریان دەمامک دەدەن بۆ ئەوەی نەبیندرێن و نەناسرێنەوە. بەو جۆرە دەیانهەوێ ڕۆڵی ڕۆحی گەڕاوەی مردووەکان بگێڕن و خەڵک بەناوی ئەوانەوە دیاری و خێراتیان بدەنێ. هەروەها لە یاریی میری نەورۆزیشدا ڕەنگدانەوەی هەیە کە تایبەت بە ڕۆژانی پەنجەی تارە و لەو ماوەیەدا شا یان دەسەڵاتدار دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی میرێکی بەقەستی بەناوی میری نەورۆزی دەکرد.

ئەم گەڕانەوەی ڕۆحی مردووەکان لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵدا و پێوەندیی ڕۆژانی پێنج‌شەممە بە خودای ڕۆح و ڕەوانە پاکەکان و، سەردانی گۆڕی مردووان لە ڕۆژانی پێنج‌شەممەدا و  ژمارەی ڕۆژەکانی پەنجەی تار کە ئەویش پێنج ڕۆژە بەڵام وەک بابەتی "شەممە بە نەورۆز" کەمتر وا ڕێک دەکەوێ کە کۆتاییەکەی بکەوێتە ڕۆژی پێنج‌شەممەوە، هۆکاری داکەوتنی ئەو نەریتەن کە زیندووەکان لە کۆتا پێنج‌شەممەی ساڵدا بەتایبەتی و  بەگرینگیی زیاترەوە سەردانی گۆڕی مردووەکانیان بکەن، لێیان بپاڕێنەوە و بۆیان بپاڕێنەوە. ڕەنگە ئەوە بە جۆرێک بەڕێکردنەوەی ڕۆحی ئەوان بۆ شوێنی پێشوویان بووبێ دوای کۆتایی ئەو ماوەیە کە میوانی زیندووەکان بوون. 

بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...