۶/۱۱/۱۴۰۴

عەزیز سەلیم؛ ئازەربایجانییەک کە بوو بە کورد

تازە هاتبووم بۆ فینلاند کە لەگەڵ ناوی عەزیز سەلیم ئاشنا بووم. جاری یەکەم گەنجێکی وێنەکێشی کورد ‏کە لەگەڵمان لەوشارە بوو باسی توانایی و خاوەن شێوازیی کەسێک بە ناوی عەزیز سەلیمی بۆ کردم و ‏ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ڕابردوویەکی ناڕوون و کەسایەتییەکی ئاڵۆزی هەیە. دەیگوت؛ ئەو لە بنەڕەتدا ‏خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بەڵام خۆی وەک خەڵکی باشوور ناساندوە و نکۆڵی لەوە دەکا کە کوردی ‏ڕۆژهەڵات بێ. هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە دۆستی بەڕێزم جەبار عارف کە وەک وەرگێڕ لە ‏هێلسینکی‌یەوە هاتبوو بۆ باکووری فینلاند، باسی عەزیز سەلیم و بەسەرهاتی پڕ لە چەرمەسەریی ئەوی ‏وەک ئەشکەنجەدراوێک لە زیندانەکانی ڕێژیمی عێراقدا کرد. ئەوەشی گوت کە دەردەدڵەکانی عەزیز ‏سەلیم بۆ ناوەندی ئەشکەنجەدراون لە ڕۆژنامەی "هێلسینگین سانۆمات"دا بڵاو بوونەتەوە‎. ‎

‎ئەو دوو بیرەوەرییەم ئەم شەوانە دوای ئەوە وەبیر هاتەوە کە لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چاوم ‏بە ناو و تابڵۆیەکی عەزیز سەلیم کەوت. ستاتووس نووس ئاماژەی بە گەورەیی و بەتوانایی ئەو ‏هونەرمەندە "کوردەی باشووری کوردستان" دابوو. من ئەو پرسیارەم هەر لە مێشکدا بوو کە ئاخۆ عەزیز ‏سەلیم کوردی باشوور بوو یان ڕۆژهەڵات؟

بە دوای وڵامی ئەو پرسیارە بە لاپەڕەکانی ئینترنێتدا گەڕام و ئاکامی سەرنجڕاکێشم دەست کەوت؛ عەزیز ‏سەلیم نەک کوردی باشوور نەبوو، تەنانەت هەر کورد نەبوو بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەو کابرایە ‏ئەوەندە لە کوردایەتیدا قاڵ ببوو کە وێناچێ بیرەوەرییەکی زۆری لەو سەردەمەدا لە مێشکی خۆیدا ‏هەڵگرتبێ کە هێشتا نەببوو بە کورد‎. ‎

لە کوردیپێدیادا هاتوە: عەزیز سەلیم کوڕی سەلیم بەگی کەلارە، لە گوندی مێرزی لەنێوان پشدەر و بنگرد ‏لەساڵی ١٩١٧ (لە جێگایەکی تر ١٩١٥) لەدایک بووە، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لە کەلار بەخەڵووز ‏لەسەر دیواری ماڵ و مزگەوتەکاندا وێنەی کێشاوە، باوکی مامۆستا عەلی فاتح ئەلکازمیی بۆ گرتوە تا فێری ‏وێنەکێشانی بکات. یەکەم پێشانگای تایبەتیی خۆی لە ساڵی ١٩٣٢ لە گۆڕستانی شێخ جەعفەر لە سلێمانی ‏کردۆتەوە کە ١٢ تابلۆی لەخۆ گرتوە بەقەد کێلەکانەوە هەڵسپاردبوو، خەڵک تابلۆکانیان دڕاندبوو خۆشیان ‏بەرد باران کردبوو مەلاکانیش وتبویان "ئەمە شەیتانە و پەیدا بووە".. ساڵی ١٩٤٩ گەشتی وڵاتانی ‏دەستپێکرد و وڵاتانی (فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، فنلەندە، نەمسا، بەلجیکا، یوگسلافیا، مەجەڕ....هتد) ‏گەڕاوە و پیشانگەی تیایداندا کردووەتەوە و، زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی، ‏ڕووسی، ئەڵمانی) زانیووە.، هەروەها خاوەنی چوار دیوانە هەڵبەستی چاپکراوە. خاوەنی ٤٣  پیشانگەی ‏تایبەتیی و کۆی تابلۆکانی ٦٥٠٠ تابلۆیە.، لە ڕێکەوتی ٢٠٠٣.٠١.٥ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردوە‎.

‎هەر لە گەڕان بە دوای ناوی عەزیز سەلیم‌ و ئەمجار لە بڵاوکراوەکانی فینلانددا، تووشی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هێلسینگین ‏سانۆماتی فینلاندیش بووم کە کاتی خۆی جەبار عارف بۆی باس کردم. ڕاپۆرتەکە باسی ژیانی ڕابردووی ئەو هونەرمەندە لە زمان خۆیەوە دەکا لەو کاتەدا کە سەردانی ‏پزیشکی دەروونناسیی بەشی ئەشکەنجەدراوانی کردوە و خەم و ئازارەکانی خۆی بۆ باس کردوە. ‏ڕۆژنامەنووسی فینلاندی "ئاری لاهدێنمەکی" وتەکانی عەزیز سەلیمی لە زمان وەرگێڕ جەبار عارف نووسیوەتەوە و ئەوەی خوارەوە دەقی وەرگێڕدراوی ڕاپۆرتەکەیە:  ‎

ئەو پیاوەی ڕزگار کرا

ئاری لاهدێنمەکی ٢٣ی ٦ی ٢٠٠٠

ئەحمەد عەزیز سەلیم، تەمەن ٨٤ ساڵ، هەفتەی جارێک لە شاری "تامپێرێ"وە دێ بۆ هێلسینکی تا چاوی بەو ژنە بکەوێ کە گیانی ئەوی ڕزگار کردوە. سەلیم وێنەکێشە. پیاوێکی بەڕێزی کورتە باڵا کە ڕیشێکی ماشوبرینجیی هێشتوەتەوە. لە ناوەندی یارمەتیدانی ئەشکەنجەدراون لەسەر کورسییەک دادەنیشێ و باسی ژیانی خۆی دەکا.

چیڕۆکی خەمهێنەری سەلیم بۆ ساڵی ١٩٣٤ واتە شەست ساڵ بەر لە ناسینی پزیشکی دەروونناس یانا فۆهێر دەگەڕێتەوە. سەلیم پیاوێکی کوردی عێراقییە کە باوکی لە خەباتێکی سەربەخۆییخوازانەی بەنێوبانگدا لە ساڵی ١٩٣٦ لە دار درا. دەسەڵات هاوکات چوار برای سەلیمیشی ئیعدام کرد. سەلیم کە پزیشکیی خوێندبوو، لە ترسی گیانی خۆی تەڤلی خەباتی چەکداری و شۆڕشگێڕانەی کوردەکان بوو.  ئەو پەنای بۆ کوێستانەکان برد و دەزگیرانەکەشی بە دوایدا چوو. سەلیم بە بیری دێتەوە کە؛ "ئەو لەبەر من ڕووی لە چیا کرد". (لە کاتی ئەو قسانەدا) هێشتا نیشانەیەک لە خەم و تاڵی بە ڕوخساریەوە دیار نییە.

لە ماوەی جەنگی دووهەمی جیهانیدا لە ساڵی ١٩٤٠، خۆشەویستەکەی سەلیم بۆ گەیاندنی نامەیەک ڕەوانەی شار کرا و ئیتر لەو سەفەرە نەگەڕایەوە. سەلیم لە ساڵی ١٩٤٦ لە ئەنجامی بۆردومانێکدا بە برینداری دەستبەسەر کرا. لاقی ڕاستی بە توندی بریندار ببوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.

"لە زیندانیان کردم و بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر چالاکییەکانم دژ بە دەوڵەتی عێراق بە شارەکاندا گێڕایانم." سەلیم لە دادگادا پارێزەری نەبوو و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا. بەڵام ئەو شانسی باشی هەبوو. هاوڕێکانی بەرتیلیان بە چاوەدێرانی زیندا دا و سەرەنجام سەلیم دوای ساڵ و نیوێک مانەوە لە زیندان‌، ڕای کرد.

ئەو لە ساڵی ١٩٦٧دا جارێکی دیکەش دەستبەسەر کرا. ئەو جار ئەشکەنجە و ئازاری سیستماتیک دەستی پێکرد. لاقی سەلیم کە لە بۆردومانەکەدا بریندار ببوو، دیسان شکا. ناچاریان کرد لەسەر دوو ئاسنی تیژ، لە حاڵێکدا کە دەست و پێیان بەستبوو، ڕاکشێ. پاشان جەللادەکان بە دار کەوتنە گیانی. هێشتا پشتی ساڕێژ نەبووەتەوە. 

سەلیمیان بە پەنجە گەورەکەی پێی، بە میچی ژوورەکەوە هەڵواسیبوو و تایەی سەیارەیەکیشیان پێوە بەستبوو. تا ماوەیەکی زۆر زگی کاری نەدەکرد و نەیدەتوانی دانیشێ.

سەلیم ئێستا بە هێمنی لەو جنایەتانە دەدوێ بەڵام وەرگێڕی بە ئەزموون جەبار عارف لەسەر ئەو کورسییەکەی خۆی، خۆی گرمۆڵە دەکا.

بنی پێیەکانی سەلیم ئێستاش دەسووتێنەوە چونکە لە زینداندا ناچار کراوە بەسەر وردە شیشەدا بڕوا و دەرزی دە نێو نینۆکی پێی ڕاکراوە. 

سەلیم دەڵێ دەمزانی چ بەڵایەکم بەسەر دێنن. باسی ئەشکەنجەدانەکەی بە گوێی شۆڕشگێڕان گەیشتبوو.  کاتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەشکەنجەدەرانی چ جۆرە مرۆڤێک بوو، کورسییەکەی دەلەرزێتەوە.

"ئەوان وەک فاشیستەکان بوون. خەڵک لای ئەوان هیچ نرخێکی نەبوو." فرمێسک لە چاوەکانی سەلیمدا قەتیس دەمێنێ و ئەو کردەوانە دەگێڕێتەوە کە کەسێکی بیانی ناتوانێ لێی تێبگا. دەسرەیەک لە گیرفانی دەردێنێ و کەمێک بێدەنگ دەبێ بەڵام زۆر زوو و بە هێمنی دەست پێدەکاتەوە.

دادگا سەلیمی بە مەرجی هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق، ئازاد کرد. "کاتێک لە زیندان ئازاد بووم، ڕاستەوخۆ گەڕامەوە لای گەلی خۆم." سەلیم لە ساڵی ١٩٧٩دا تیرۆر کرا. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بۆخۆی بە توندی بریندار بوو بەڵام هاوژینەکەی گیانی لەدەست دا. دژبەرەکانی سەلیم دەستیان هەڵنەگرت؛ ساڵی ١٩٨٦ جارێکی دیکە هەوڵیان دا تیرۆری بکەن. سەلیم ئەگەرچی ئەمجار بۆخۆی بە سڵامەتی دەرچوو بەڵام کوڕە شەش ساڵانەکەی کوژرا. پێنج منداڵی دیکە ڕزگار بوون.  

سەلیم لە مانگی مارسی ١٩٩٥دا گەیشتە فینلاند. لە بنەڕەتدا بۆ پێشانگایەکی هونەری لە سوید بانگهێشت کرابوو بەڵام بە هۆی تێکچوونی فڕۆکەکە، بە هەڵکەوت لە فینلاند مایەوە.

سەلیم ئێستا مافی نیشتەجێبوونی هەیە و لەگەڵ بنەماڵەکەی لە فینلاند دەژین. چارەسەرکردنی سەلیم لە ناوەندی بەهێزکردنەوەی کەسانی ئەشکەنجەدراو هەر لە ڕۆژانی سەرەتای هاتنی بۆ فینلاند دەستی پێ کرد. وەک سەلیم خۆی دەڵێ، ئەو کات پەرجۆیەک هاتە ئاراوە. یانا فۆهێر بیری دێتەوە کە سەلیم ساڵانێک لەوەپێس بە دەزگیران بوو.

ناوی "دوکتور یانا" بەردەوام لە نێو قسەکانی سەلیمدا بە زمانی کوردی بەر گوێ دەکەوێ. سەلیم کاتێ سپاسی پزیشکەکەی دەکا، لە دەربڕینی وشەی ڕێز و پێزانین پارێز ناکا؛

"ئەو کچە بە ڕاستی پاک و مرۆڤدۆستە. ئەو منی هان دا کە دیسان دەست بە وێنەکێشی بکەمەوە و بنووسم و مێژووی کوردستان بخوێنمەوە." ماوەیەکی زۆری پێ چوو تا بڕیاری یەکگرتنەوەی سەرلەنوێی بنەماڵەی سەلیم درا و مۆڵەتی مانەوەی پێدرا. ئەو لە باری دەروونییەوە سەردەمێکی سەختی تێپەڕ کرد.

سەلیم دەڵێ: ئەگەر دوکتور یانا نەبوایە، سێ جار دەستی بۆ خۆکوژی دەبرد. ئەو گیانی منی ڕزگار کرد.

عەزیز سەلیم لە چەند وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکانیشدا بەسەرهاتی خۆی بەو شێوەیەی سەرەوە و هێندێک جاریش بڕێک بە جیاواز باس کردوە وا دیارە کوردیپێدیا و ماڵپەڕ و شوێنەکانی تریش ژیننامەکەیان هەر لە زمان خۆیەوە نووسیوە بەڵام ئەو تێکۆشەرانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە نیزیکەوە دیتوویانە و کاریان لەگەڵ کردوە، بە جۆرێکی جیاواز باس لە ڕەچەڵەک و بەسەرهاتەکەی دەکەن. ‏بەپێی گێڕانەوەیەکی مەلا ڕەسووڵی پێشنماز، عەزیز سەلیم لە بنەڕەتدا تورکێکی ئازەربایجانی ئێران و بە ‏گومان خەڵکی تەورێز بوو. ناوی "عەزیز سەلیم" زۆر دواتر و دوای ئەوەی پەڕەوازەی باشووری کوردستان ‏بۆی، داندرا بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەسیش ناو و ناسناوە ڕاستەقینەکەی ئەوی نەدرکاندوە. دەگوترێ ‏ئەفسەری فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بووە، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دۆستایەتیی لەگەڵ ‏هێندێک لە چالاکانی کۆمار بەستووە و دوای ڕووخانی حکومەتی میللیی ئازەربایجان، پەنای بۆ کوردستان ‏هێناوە. لە کاری وێنەگری و وێنەکێشیدا زۆر شارەزا بووە و ساڵی ١٩٥٤ دووکانێکی وێنەگریی بە ناوی ‏سەهەند لە شاری نەغەدە داناوە. سەهەند ناوی کوێستانێکی بەرزی نیزیک تەورێزە و گومان دەکرێ ئەوە ‏ناوی خۆیشی بووبێ یان وەک ناسناو بۆخۆی هەڵبژاردبێ. دواتر دەیگوێزێتەوە بۆ مەهاباد و لەوێ خۆی ‏بە ناوی "بەحرولعلوم" دەناسێنێ. لەوێ ئاشنایی لەگەڵ جەلیل گادانی و فایق موعینی‌ و تێکۆشەرانی ‏دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا پەیدا دەکا. لە سەرەتاکانی دەیەی شەستی زایینی پەڕیوەی ‏باشووری کوردستان دەبێ و ساڵی ١٩٦٣ ماوەیەک لە گەڵاڵە و زینوێ شێخی لای ئەندامانی حیزبی ‏دێموکراتی کوردستان دەگیرسێتەوە.  لەوێ سەرەتا خۆی وەک مام ڕەحیم دەناسێنێ. چونکە شارەزای ‏دەرزی لێدان و برین پێچان بوو، داوا لە فایق موعینی دەکا هێندێک کەرەسەی سەرەتایی پزیشکی بۆ ‏پەیدا بکا و ئەمجار خۆی وەک دوکتور ڕەحیم دەناسێنێ و خزمەت بە خەڵک دەکا. دواتر لەسەر ڕێنوێنیی ‏مەلا ڕەسووڵ پێشنماز لە شاری قەڵادزێ دەگیرسێتەوە و لەلای "زاهیری ڕەسام" کە زۆر هاوکاری ‏کوردەکانی ڕۆژهەڵات بوو، وەک شاگرد عەکاس دادەمەزرێ. هە ئەوانیش کار ئاسانی بۆ دەکەن و بە ناوی ‏عەزیز سەلیم، لەدایکبووی گوندی هەڵشوێی نیزیک سنوور، تەسکەرەی بۆ دەردێنن. ئیتر تا کۆتایی تەمەن ‏بەو ناو و ناسناوەوە دەگیرسێتەوە. دوای بەیانی یازدەی ئازار و لە سەردەمی حوکمی زاتیی کوردەکانی ‏باشووردا، عەزیز سەلیم لە شاری شەقڵاو دەگیرسێتەوە. لەوێ دووکانێکی وێنەگری دەکاتەوە، ژن دێنێتەوە ‏و مناڵیش دەخاتەوە. ئیتر ئەو ماوەیە هەر لە شارەکانی شەقڵاوە و هەولێر بە کاری وێنەگری و ‏وێنەکێشییەوە خەریک دەبێ و لەو ڕێگایەوە خۆی دەژێنێ تا دەیەی نەوەتی هەتاوی کە سەر لە سوید ‏دەردێنێ. ساڵی ١٩٩٤ دێتە فینلاند و داوای مۆڵەتی مانەوە دەکا. دوای ساڵی ٢٠٠٠ تووشی نەخۆشیی ‏شێرپەنجە دەبێ و دەچێتەوە بۆ کوردستان. سەرەنجام ساڵی ٢٠٠٣ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد. ‏مەلا ڕەسووڵی پێشنماز وێڕای ئاماژە بە توانایی و دەستڕەنگیی ئەو لە هونەری وێنەگری و وێنەکێشیدا، ‏دەڵێ؛ "عەزیز سەلیم زیاتر لە نیو سەدە هەر دەخۆپەنادان و کوێرەوەری و دەربەدەریدا بوو بەڵام سەری ‏بۆ هیچ دەستەڵاتدار و داگیرکەرێک شۆڕ نەکرد. چەند ساڵێکیش لەگەڵ ئێمە لەو چیاو چۆڵ و کەژانە ‏پێشمەرگە بوو چی لەتوانایدا هەبا بەجێی دەگەیاند‎."

کاک حەسەنی ڕەستگاریش لە بەرگی دووهەمی کتێبی "بڕگەیەک لە ژیان و خەباتم"دا باسی بڕگەیەک لە ژیانی و تێکۆشانی عەزیز سەلیم لە قۆناغی دوای ئینقلابی ساڵی ١٩٧٨ی ئێراندا کردوە و وەک چالاکێکی ئازەربایجانی کە لەپاڵ حیزبی دێموکراتدا هەوڵی ڕێکخستنی بزووتنەوە و شۆڕش لە ئازەربایجانی داوە، نووسیویەتی؛ 

لەپاڵ کۆمیتەی شارسانی نەغەدەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا "دەستەیەکی دیکەی لێ بوو بە ناوی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بە سەرپەرەستیی عەبدولڕەحیمی بەحرەلعلووم چەند کەسێکی ئازەری لە خۆی کۆ کردبۆوە و دەفتەری سیاسی ناردبوونی بۆ کۆمیتەی شارستانی نەغەدە. [..] بەحرەلعلووم ماوەیەکی زۆر لە کوردستانی عێراق لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو و، کاری دەرمانی دەکرد بە ناوی دوکتور ڕەحیم. بەدوای بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دووکانی عەکاسی و نەققاشی دانا و ماوەیەک لە شاری شەقڵاوە گیرسایەوە. ژنی هێنا خۆی دەیگوت خەڵکی تەورێزە. ماوەیەک بە ناوی ڕەسام عەزیز سەلیم ناوی دەرکرد کە گۆیا خەڵکی گوندێکی قەڵادزێیە. ماوەیەک لە دەرەوەی کوردستان ژیا وا بزانم لە سوئێد بوو. نەخۆش کەوت پارتی خۆیان لێ کردە خاوەن و هێنایانەوە بۆ هەولێر و زۆریان یارمەتی دا لە نەخۆشخانە خەواندیان بەڵام چارەی نەخۆشیەکەی نەکرا. لە هەولێر فەوتی کرد و لە ڕێوڕەسمێکدا بەخاک سپێردرا. بەحرەلعلووم نەقاشێکی زۆر دەست‌ڕەنگین بوو. وێنەگر بوو لەکاری دەرمانی سەری دەردەچوو. ڕۆژێک لە گوندی کێلێ برووسکەیەکی بۆ هێنام بینێرم بۆ دەفتەری سیاسی لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان بڵاوی کەنەوە. منیش وەرمگرت خوێندمەوە نووسرابوو: "لە فەرماندەی ئەرتەشی سوورەوە بۆ هەموو یەکە و دەستەکانی ئەرتەشی سوور لە شاری تەورێز. پێویستە هەموو لە حاڵی ئامادەباشی دابن هەتا فەرمانی هێرشتان پێ دەگات". منیش برووسکەکەم دا بە عوسمانی کوڕی مەلا محەممەدی عوسمانی گوتم: بەڕێی کە بۆ دەفتەری سیاسی، ئەنیا ئەوەندەم لە ژێرەوەی نووسی: تکایە بڵاوی مەکەنەوە، ئەو برادەرە خەونی دیوە بۆتە فەرماندەی ئەرتەشئ سوور." باش بوو بڵاو نەکرایەوە. تابڵۆیەکی زۆر جوانی خۆی دابوومێ بە داخەوە لە بارەباردا لێیان ون کردم، ڕەوانی شاد بێ. ئەوەندی لە توانای دابوو خزمەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئازادیی کوردستانی کرد. 

کاک حەسەن ڕەستگار لە لاپەڕە ٣٧٢ی کتێبەکەیدا جارێکی دیکە بە کورتی ئاوڕی لە عەزیز سەلیم و حیزبەکەی داوەتەوە و نووسیویەتی:  "فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان تەفرەقەیان تێ کەوت و لێک بڵاو بوون و دوکتور ڕەحیم بەحرەلعلووم ڕۆیشت بۆ لای کۆمیتە شارستانی بۆکان".

وەک هەموو ئەوانەی لە نیزیکەوە ناسیویانە و باسیان کردوە، عەزیز سەلیم سەرەڕای ڕابردووی ژیانی ئاڵۆزی پڕ لە خەبات و نەهامەتی، وێنەکێشێکی بەنێوبانگی دنیای هونەر بوو. بەشی زۆری تابڵۆکانیشی باسی ژیان و نەهامەتیەکانی مرۆڤی کورد و لە سرووشتی کوردستان و ژیانی کورد وەرگیراون کە هەر ئێستا بە نرخی زۆر لە بازاڕی هونەردا دەفرۆشرێن.

چەند نموونە لە تابڵۆکانی:


لە سەرەوەی نووسراوە:

عەیبە بۆ تۆ مەی ئەخۆی بێ فەڕ ئەبی سەرخۆش ئەبی             بێ فەرمان ناتوان هیچ و پووچ و بۆش ئەبی

ئاگری سووری جەهەننەم زۆر گەشە ئاگات نییە                    زۆر حەرامە سەرخۆشی ڕۆژی قیامەت تووش ئەبی

 لە خوارەوەشی ئەو شێعرە نووسراوە:

خوێنی تاکی ڕەز ئەخۆم سەرخۆش ئەبم شێخ و مەلا                بەس تەنانەت مەی ئەخۆم پڕجۆش ئەبم شێخ و مەلا

تۆش ئەخۆی خوێنی گەل و خوێنی کەسان سەرخۆش ئەبی         زۆر گرنگە مەی نەخۆم، وەک تۆش نەبم شێخ و مەلا

ئەمەیان وەرگێڕاوێکی خراپی ئەو شێعرەی خەیامە:

* ای صاحب فتوا، ز تو پرکارتریم          با این‌همه مستی، از تو هشیارتریم

تو خونِ کسان خوری و ما خونِ رَزان     انصاف بده، کدام خون‌خوارتریم؟

هەژار ئەم شێعرەی ئاوا وەرگێڕاوە: 

ئەی تەکیەنشین شێخی بە سۆرە و تۆرە!                 پێت وا نەبێ هەر مەستییە، کارم زۆرە
من خوێنی ترێ دەمژم و تۆ خوێنی هەژار                جوابم دەرەوە کێیە پتر خوێنخۆرە؟!

لە ژێرەوەی نووسراوە: 
خەم و ڕەنج و هەژاری پاڵەوانە           گرنگە هەرسێ یەکڕا قارەمانە
بە داخەوە بەیتی دووهەمی لە وێنەکەدا نەهاتووە بەڵام تابڵۆ و شێعرەکە بە ڕوونی دیارە دەیهەوێ چ بە 
خوێنەر بڵێ: لە پشتەوە سێ پیاو یەکیان بە نیشانەی خەم و ئەویدی ڕەنج و دوایین کەسیشیان بە جلوبەرگی
هەژارانە نوێنەرایەتیی سێ چەمکی خەم و ڕەنج و هەژاری دەکەن. لە خوارەوەش پیاوێک کە ڕەنگە وێنەکێش
خۆی بێ، هەر سێیانی لە کۆڵ ناوە..
 


شێوەی هێمنانەی ژیانی مناڵی کورد




عەزیز سەلیم لە بیرەوەرییەکانی غەنی بلووریاندا


۶/۰۲/۱۴۰۴

گوڵشەن و گوڵخەن

ڕەببی مووی لێ بێ زمانی، پەنجەکانی هەڵوەرێ

هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ

ئەو شێعرەی سەرەوە "تەرجیع بەند" یان سەربەندێکی بەنێوبانگی شێعرێکی درێژی حەمدیی شاعیرە. شاعیر بۆخۆی نرخی ئەو بەیتە شێعرەی خۆی زانیوە و لە شێعرەکەیدا دوای هەر سێزدە بەیت، جارێکی تر دووپاتی کردۆتەوە. 

بەیتەکە وەک دیارە، سەربەندی شێعرێکی نیشتمانییە و تێیدا شاعیر پەسنی جوانییەکانی نیشتمانەکەی دەکا. هاوکات تووک و نزا لەو کەسانەش دەکا کە خیانەتی لێ دەکەن. دیارە ئامانجی ئەم بابەتە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی شێعرەکە نییە و تەنیا  لەسەر دوو وشەی گوڵشەن و کوڵخەن هەڵوەستە دەکا.

وەک لە نێوەرۆکی شێعرەکەدا دیارە، شاعیر ئەم دوو وشەیەی بە درووستی وەک دوو وشەی دژبەر و پێچەوانەی یەکتر بەکار هێناوە. وشەی گوڵشەن کە دیارە مەبەست شوێنی پڕ لە گوڵ و گوڵزارە و کوڵخەن یان گوڵخەنیش بە توون و ئاگردانی حەمام واتا کراوەتەوە. هەڵبەت حەمدی هەر بۆخۆی چەند جاری دیکەش ئەو دوو وشەیەی بە هەمان مەبەست لە شێعرەکانیدا بەکار هێناوە، بۆ وێنە:

وەک کوڵخەنە گوڵشەن کە نەدا بۆیی حەوادیس

وەک گوڵشەنە کوڵخەن بە گوڵی ڕوویی حەوادیس

بەر لە حەمدی، شاعیرانی دیکەش دوو وشەکەیان لە شێعری خۆیاندا گونجاندوە. لەوانە میسباحودیوانی ئەدەب لە بەیتێکدا دەڵێ:

بەبێ تۆ کوڵخەنە؛ گوڵشەن، لە گوڵشەن بۆیە بێزارم

بە یادت گوڵشەن و کوڵخەن لەلای من هەردوو یەکسانە 

هەروەها خادیم دەڵێ:

گەر لە هەستی تێپەڕی، گوڵخەن لەگەڵ گوڵشەن یەکە

بۆ گرفتاری محەببەت، چۆڵ و سەحرایە وەتەن

دە کار کردنی ئەو دوو وشە پێچەوانەیە هەر تایبەت بە ئەدەبی کوردی نییە و پێشتریش شاعیرانی فارس بە هەمان مەبەست کەلکیان لێ وەرگرتوە. مەولەویی بەڵخی لە بەیتێکدا دەڵێ:

گر گل است اندیشە تو، گلشنی 

ور بود خاری، تو هیمەی گلخنی

واتە؛ ئەگەر بیرکردنەوەت وەک گوڵ بێ ئەوە دەبی بە گوڵزار و ئەگەریش دڕکێک لە بیرکردنەوەتدا هەبێ، ئەوە دەبی بە ئاوردووی توونی حەمامی. 

وەک دەبیندرێ وشەی کوڵخەن لە فارسی و لە شێعری بەشێک لە شاعیرانی کوردیشدا بە گوڵخەن هاتوە. هیچکام لە فەرهەنگە کوردییەکان وشەکەیان نەگرتوە و وا دیارە بە وشەیەکی بێگانە و بە گومانی بەهێز بە هی فارسیان داناوە. لە فەرهەنگە فارسییەکاندا وشەکە بە ئاورخانەی حەمام واتا کراوەتەوە. فەرهەنگی دێهخودا پتر لە واتای وشەکە ورد بۆتەوە و بە پشتبەستن بە پەڕاوێزی فەرهەنگی "بورهانی قاتع" و بەو پێیەی زمانی فارسی وشەی کوڵی بەو واتایە تێدا نییە، ڕەگی وشەکەی بە درووستی بۆ سەر زمانی کوردی گەڕاندۆتەوە و پێی وایە لە ڕەگی "گوڵ یان کوڵی کوردی بە واتای گەرمایی لەگەڵ پاشگری خان یان خانە" چێ بووە. بەو پێیە شێوەی درووستی وشەکە بەو جۆرەی حەمدی و ئەدەب دەکاریان کردوە، "کوڵخەن"ە و ئەوەی لە فارسیدا بە شێوەی "گوڵخەن" تۆمار کراوە و هێندێک لە شاعیرانی کوردیش هەر بەو شێوەیە نووسیویانە، هەڵەیە. 

وشەی کوڵ کە بە گەرما واتا کراوەتەوە، هەم دەتوانێ "کڵ" بێ بە واتای بڵێسە و گڕی ئاگر و هەمیش دەتوانێ بنەمای کرداری کوڵین و کوڵان و کوڵاندن بێ بەو جۆرەی لە توونی حەمامدا ئاو بۆ خۆشوشتن دەکوڵێنن. بەو پێیە کوڵخەن شوێن یان خانوویەکە کە بڵێسەی ئاگری تێدایە و ئاوی لێ دەکوڵێنن. 

هەرچی وشەی گوڵشەنە ئەوە ئەویش وەک کوڵخەن ئاماژە بە جێگا و شوێن دەکا بەڵام پاشگری جێگا و شوێن لەودا "شەن"ە. شەنیش لە ڕاستیدا هەمان "شوێن"ە. بەو پێیەش گوڵشەن لە بنەڕەتدا گوڵ شوێن و شوێنی گوڵە. 

شەن پاشگرێکی کۆنە کە وا دیارە زۆر زوو لەکار کەوتووە و پەرەی پێ نەدراوە. چونکە تەنیا لە چەند وشەیەکدا ماوە. لەوانە کەوشەن و ڕۆشەن. 

کەوشەن واتای سنوورە و لە بنەڕەتدا نێوانی دوو زەوی یان زەوی و زاری نێوان دوو ئاوایی‌یە. پاژی یەکەمی وشەکە "کەو" یان "کەف"ە کە بە مانای بەری پێیە. لە وشەی کەو یان کەف، کەوش چێ بووە. سرووشتییە یەکەم جار سنووری نێوان دوو زەوی بە پێ و بە شوێنی پێ دیاری کراوە. 

لە وشەی ڕۆشەندا، پاژی یەکەمی وشەکە "ڕۆ"یە کە وەک لە "نیوەڕۆ"شدا هەیە، کورتکراوەی ڕۆژ یان خۆرە. ڕۆشەن کورتکراوەی "ڕۆژ شوێن" یان شوێنی ڕۆژ و ئەو جێگایەیە کە ڕووناکایی ڕۆژی لێ دەنیشێ. 

نموونەی تازەتری پاشگری شەن ڕەنگە لە نانەشان یان نانەشەندا هەبێ کە بریتی لەو سەلەیەیە نانی لەسەر هەڵدەچنن و بەو پێیە نانە شوێن یان شوێنی نانە. هەروەها وشەی شانە لە شانە زەرگەتە و شانەی مێش هەنگوینیشدا واتای شوێنە و پێوەندیی بە شانەی قژ داهێنانەوە نییە.

بە کورتی هەردوو وشەی کوڵخەن و گوڵشەن، ئەگەرچی زیاتر لە شێعری فارسیدا بەکار هاتوون، بەڵام پێکهاتەیەکی کوردییان هەیە و ڕەگیان لە زمانی کوردیدایە. بۆیەش کورد هەم دەتوانێ وشەکان بە مڵکی خۆی بزانێ و هەمیش لەسەر بنەما و چۆنییەتیی پێکهاتنی هەردوو وشە، ناوی نوێ بۆ شوێن داڕێژێ. 



۵/۱۵/۱۴۰۴

عەلی خەندان (نیزیک بە تەواوە)

 شایەران لە موکریان تەنیا شایی گێڕ نەبوون و زۆربەیان قسەزان و مەجلیس خۆش بوون. قسە و نوکتە خۆشەکانیان زۆرزوو دەبوو بە وێردی سەر زاری خەڵک و دەم بە دەم دەگەڕا. نوکتەکانیشیان تەنیا بۆ پێکەنین نەبوو و زۆر جار دەبوون بە هەڵوێستێکی سیاسی یان دەربڕینی دەردێکی کۆمەڵایەتی. لە موکریان گەلێک لە شایەران بە قسەخۆشیش بەنێوبانگ بوون بەڵام لە نێویاندا ڕەسووی نادری و عەلی خەندان سەرتۆپ بوون.  

عەلی فەیزی کە لە نێو خەڵکدا بە "عەلی خەندان" بەنێوبانگ بوو، بەپێی وێنەیەک لە پێناسەکەی بڵاو کراوەتەوە، لەدایکبووی ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی (١٩٢٢ی زایینی) لە ئاوایی قاڕنجە گەورەی سەر چۆمی تەتەهووی ناوچەی مەجیدخان بوو بەڵام بۆخۆی تەمەنی خۆی بۆ زۆر زیاتر لەوە دەگەڕاندەوە. ئەو دواتر لە ئاواییەکانی گۆلئ مەرزینگ، قەڵای ڕەسووڵە سیت و بۆ ماوەی زۆر زیاتر لە گوندی حاجیلەکی ئەو ناوچەیە نیشتەجێ بوو. لەپاڵ کاری کشتوکاڵدا، گۆرانیشی دەگوت و شایەریشی دەکرد. بەرەبەرە وەک شایەر نێوبانگی دەرکرد. لە شایەری و گۆرانیبێژیدا وێڕای خۆشکردنی دڵی خەڵک و ڕازاندنەوەی گەڕی و شایی و ڕەشبەڵەک، گەلێک ئاواز و گۆرانیشی بە خەرمانی پڕ بەرهەمی هونەری موزیکی کوردییەوە زیاد کرد. بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا بۆ قسەزانی، نوکتەبێژی و قسە لەڕووییش بەنێوبانگ بوو و بە جۆک و جەفەنگەکانی لە هەمانکاتدا کە بزەی دەخستە سەر لێوی خەڵک، لە هەناوی ئەوانیش دەدوا و قسەی دڵی ئەوانی دەکرد. 


عەلی خەندان لە زەماوەندێکی گۆندی داشبەند
ساڵی 1341

قەدیمیانی پیروەلی باغی هەمیشە بە شانازییەوە دەیانگێڕاوە کە لە داوەتێکدا، پەسنی دەوڵەمەندیی گوندەکەیانی کردووە؛ نانی نیوەڕۆیان هێنا. عەلی خەندان سەیرێکی چێشتەکەی کرد و دیار بوو ڕقی لە پەتاتەیە، گوتی؛ هەی لە بێستانچییەکەت بەم یەڕەڵماسی (پەتاتە) لە هەموو چێشتێکدا هەی. کاک ڕەحیم کە خاوەنماڵ بوو، بە پێکەنینەوە گوتی؛ وەڵا خۆ ئی بێستانی خۆمانە! دەست بە نانخواردن کرا و عەلی خەندان پیوازێکی لە زاری نا، گوتی؛ وەی لە بێستانچیەکەت بەم پیواز، پەککوو چەند تیژە! کاک ڕەحیم دیسان هەڵیدایە و گوتی؛ وەڵا ئەوەش هەر بۆخۆمان دامانچاندبوو. عەلی خەندان گوتی؛ دەی وەڵاهی سوور دەزانم گۆشتەکە ئی مەڕی خۆتانە، لەپەکەش هەر ئی خۆتانە، ڕۆن و ڕوبەکەش هەر ئی خۆتانە، دەی هەر سێک تەڵاقم کەوێ ئەنگۆ بۆخۆتان دەوڵەتن و بە خۆتان نەزانیوە.


عەلی خەندان و دەسەڵاتی ئاغاوەت

شایەران ئەگەرچی شاباش و خەڵاتیان لەدەست ئاغا و خان و بەگ وەردەگرت و لە ڕاستیدا ئەوان دەستڕۆیشتووترین و خۆشبژیوترین توێژی کۆمەڵگە بوون بەڵام بە گشتی کەسانی حەقوێژ و ڕاستگۆ و لە هەمانکاتدا سەرکێش و زۆرتر لەگەڵ خەڵک بوون. 

دەگێڕنەوە؛

عەلی خەندان لە داوەتێک لەلایەن ئاغایەکەوە بە ئەسپێکی جوان خەڵات کرابوو. سوڵتاناغا کە ئاغای گوندەکەی عەلی خەندان دەبێ، بۆ ئەوەی وەبیری بێنێتەوە کە ڕەعییەتە، لە قەڵای ڕەسووڵەسیتەوە بە بێگار دەینێرێ بۆ وەتەمیش تا بچێ لەوێ سەری مریشکانی بۆ بدا.  عەلی خەندان زۆری لە دڵ گران دێ و ناچێ. دوای نیوەڕۆ کە تووشی عەلی خەندان دەبێ، دەڵێ ها! سەری مریشکەکانت دا؟ عەلی خەندان دەڵێ بەڵێ ئاغا چووم. دەڵێ چۆن بوون؟ دەڵێ وەڵا یەکیان ١٦ - ١٧ جووچکەی لەبەردا بوو و ئەویدیکەش ئەوەندەی جووچکە هەڵێنابوو دڵم نەهات بیانبژێرم گوتم نەکا بەچاوا بن! دەڵێ بە بابەوەت دە قوڕێ نێم خۆ هەمووی سێ ڕۆژ ناومنەتەوە! بەسەری عەلیاغا دەرت دەکەم! 
عەلی خەندانیش چادرێکی دەبێ، دەچێ لە نێوەڕاستی چۆمی هەڵیدەدا و تێیدا دادەنیشێ. ئاغا دەنێرێ لەوێش دەری بکەن! ئەویش خەبەر بۆ ئاغا دەنێرێ کە ئەو بەرە مڵکی تۆیە و ئەم بەریش مڵکی قازی حاجیاباتە و ئەو نێوەڕاستەش بۆ من، وەڵا ناڕۆم! ئاغا گەلێک بەو فکرەی عەلی خەندان پێدەکەنێ و دەیبەخشێ!


عەلی خەندان و ئایین

دوعای ژن بۆ بابی مێرد

ڕۆژێک عەلی خەندان دەچێتەوە ماڵێ و هەرچی لە دەرگا دەدا خێزانی دەرگای لێ ناکاتەوە. منداڵێک بەسەر دەرگادا دەنێرێتە حەوشە دەرگای بۆ دەکاتەوە. کە دەچێتە ژوورێ دەبینێ خێزانی ئەوە تەسبێحێکی گەورەی ڕاخستووە و خەریکی دۆعا کردنە. عەلی خەندان دەڵێ: ئێستا ئەوە بۆ دەرگام لێ ناکەیەوە، لە گۆڕی ئەو کەسە بەم خەتم و تەلیلەی بۆ دەکەی!

خێزانیشی هیچ ناڵێ و دوعا و تەلیلەی خۆی درێژە پێ دەدا. دوای دوو سێ خولەک کە لێدەبێتەوە، دەڵێ: عەلی گیان! بەخێر بێیەوە، ئەوە خەتم و تەلیلەم بۆ باوکت دەکرد!


جنێو ناگا و دوعاش ناگا

کابرایەک کە خراپەی زۆری بۆ عەلی خەندان ببوو، دەمرێ و خەبەری مردنەکەی پێ دەدەن. ئەویش دەڵێ هەی لە گۆڕەکەی بەم. لەو دەمەدا مەلا لەوێ دەبێ و دەڵێ کاعەلی گوناحە، پاش مردووان ڕەحمەت باشە، نابێ جنێو بدەی، دەبێ فاتیحای بۆ بخوێنێ. عەلی خەندانیش دەڵێ ببوورە مامۆستا، ئەو سەگبابە زۆری خراپە بۆ من بووە دەنا جەنابت ڕاست دەفەرمووی، ئەرێ مامۆستا جنێو دەگا؟ مەلاش دەڵێ ناوەڵا هیچ ناگا بەڵام جوان نییە و... عەلی خەندانیش دەڵی دەی مامۆستا هەرسێک تەڵاقم کەوێ ئەگەر جنێو نەگا، فاتیحاش ناگا! 

خانووی بەرەو قوبلە

کابرایەک دەچێتە بونگاکەی عەلی خەندان و داوای لێ دەکا خانوویەکی باشی بۆ پەیدا بکا بەڵام ڕووی لە قوبلە بێ. عەلی خەندانیش خانوویەکی زۆر باشی بۆ دەدۆزێتەوە بەڵام ڕووی لە میانداواوە و لە قوبلە نییە. بە یەکەوە دەچن سەردانی خانووەکە دەکەن و عەلی خەندان بۆ ئەوەی کابرا لە بەرەو قوبلە بوونی خانووەکە دڵی ئاو بخواتەوە، هەرچەند وەختی نوێژیش نەبووە، لەخۆڕا نوێژێکیش دادەبەستێ. بەو جۆرە مەعامەلە سەر دەگرێ و کابرا دەچێ دە خانووەکەوە. ڕۆژێک کە میوانێکیشی دەبێ، بەرماڵ ڕادەخا نوێژ بکا کە میوانەکەی دەڵێ چۆن ئاوا نوێژ دەکەی خۆ ئەو خانوویە ڕووی لە قوبلە نییە. کابرا دێتەوە لای عەلی خەندان و دەڵی کاعەلی درۆت لەگەڵ کردووم و خانووەکە ڕووی لە قوبلە نییە. عەلی خەندانیش کە دەزانێ خانووەکە پووڵی چاک دەکا، دەڵێ کاکە ئەگەر پێی ناڕازی، بمدەوە. ئەویش دەڵێ نەوەڵا پێی ناڕازی نیم بەڵام درۆت لەگەڵ کردووم! عەلی خەندانیش دەڵێ: کاکە ئەتۆ موسوڵمان نی، دەنا میاندواو و مەڵکەندی بەری قوبلەیان گرتووە دەنا ئەو لایەش هەر قوبلەیە!

بیست و چوار سەعاتەش نوێژی بۆ بکەی هەر دەتکوژێ

دۆستێک گێڕایەوە: لەلای عەلی خەندان دانیشتبووم؛ پیاوێک بەپەلە خۆی بە ژوورێدا کرد، گوتی: کاعەلی بەرماڵی لێیە نوێژەکەم دەچێ؟
کاعەلی گوتی: جا بۆ وا بەپەلەی بابەکەم؟! بەخودای بیست و چوار سەعاتە نوێژی بۆ بکەی، هەر دەتکووژێ!


دەسنوێژ بگرن و نوێژ مەکەن

دەیەی حەفتای هەتاوی سەردەمانێک  ناوچەکەمان تووشی بێ بارانی و ویشکەساڵی ببوو ، وەرزێرەکان لای عەلی خەندان سکاڵا لە حاڵی خۆیان دەکەن و دەڵێن هەر هەوری دێنێ و بارانیش نابارێ! عەلی خەندانیش بە پێکەنینەوە دەڵێ جا ئێنگۆش هەر دەست نوێژ  هەڵگرن و نوێژ مەکەن

ئەوەی زستانان نوێژ دەکا و هاوینان نایکا

ڕۆژێکی جومعەی وەرزی زستانێ عەلی خەندان و خەڵکێکی زۆری ئاوایی حاجیلەک لە دەوری سۆبەی مزگەوت کۆ ببوونەوە و  خەریکی خۆ گەرم کردنەوە و قسەکردن بوون. کاتی نوێژی جومعە مەلا وەژوور دەکەوێ تا نوێژ دابەستێ. ئەوانەی نوێژیان دەکرد لە پشت مەلا ڕیز دەبن و عەلی خەندان و چەند جەوانی ئاوایی کە نوێژیان نەدەکرد، لەو سەری ژووری مزگەوت کۆزیلکەیان دەبەستن. مەلا دەڵێ هەرکەس نوێژ نەکا دەبێ بچێتە دەرێ و نابێ بێته مزگەوت. عەلی خەندان ئەو قسەیەی زۆر لە دڵی گران دێ. دەچێته بەر دەرگا و هەرا دەکا؛ مامۆستا! ئەمن ئەوه ڕۆیشتمه دەرێ بەڵام له گۆڕی بابی ئەو کەسە بەم ئەلحان بە سەرمای زستانێ نوێژ دەکا و هاوینان نایکا. مزگەوت دای لە قاقای پێکەنین و مەلا گوتی: وەره دانیشه به خوا لەوانەیه ئەو جنێوە منیش بگرێتەوه

 خودا بیست و چوار سەعاتەش نوێژی بۆ بکەی هەر دەتکوژێ

دۆستێک گێڕایەوە: لەلای عەلی خەندان دانیشتبووم؛ پیاوێک بەپەلە خۆی بە ژوورێدا کرد، گوتی: کاعەلی بەرماڵی لێیە نوێژەکەم دەچێ؟

کاعەلی گوتی: جا بۆ وا بەپەلەی بابەکەم؟! بەخودای بیست و چوار سەعاتە نوێژی بۆ بکەی، هەر دەتکووژێ! 


کاربەدەستی خراپ و ڕۆژووی ڕەمەزان

لە بۆکان کەسێکی زۆر نەپۆڕ و لاپرەسەن کرابوو بە ڕەئیسی ئیدارەی کەشاوەرزی. هەر کەس بۆ کاری پێویست چووبا، بۆی جێبەجێ نەدەکرد و ئەمڕۆ بە سبەینێی پێ دەکرد. بە مانگی ڕەمەزانێ عەلی خەندان کاری دەکەوێتە لای ڕەئیس. لێی دەپرسێ؛ دەڵێ ها کاعەلی بۆ چی هاتووی؟ ئەویش دەڵێ وەڵا هاتووم فڵان کارەم بۆ جێبەجێ بکەی. دەڵێ بڕۆ و سبەینێ وەرەوە. عەلی خەندان دەزانێ دەیهەوێ دەستی دەستی و ئەمڕۆ بە سبەی پێ بکا، ناڕوا و پێداگری دەکا. ڕەئیس دەڵێ کاک عەلی ئەمڕۆ بەڕۆژووم و بێ تاقەتم بڕۆ دوای ڕەمەزانێ وەرەوە. عەلی خەندان دەڵێ کاکە لە ڕۆژووان گەڕێ، ئەمن تۆش دەناسم و خوداش دەناسم، هەر سێک تەڵاقم کەوێ هەر سی ڕۆژەی ڕەمەزانێ بە کۆڵێ بگێڕی، ڕۆژوویەکت لێ قەبووڵ ناکا! 

تاقە کاری چاکی خودا

لە زمان عەبووبەکری کوڕی عەلی خەندان دەگێڕنەوە: ماڵمان لە دێ بوو، زۆر فەقیر بووین و دۆمان نەبوو. ماڵێکمان جیران بوو، دوو برا بوون بە نێوی سەعید و مەحموود کە وەک کورد دەڵێ دەستیان دەگەیشتە زاری خۆیان بەڵام زۆر کوێرنان و پیسکە بوون. دۆیەکەیان لەبەر چاوی ئێمە لەسەر سەرانگوێلکەکە دەڕشت بەڵام نەیاندەدا بە ئێمە. وا هات شەوێک ئەو دوو برایە بە یەکەوە مردن. بەیانی زوو بابم لە نێو جێگاکەدا نووکە شەپێکی تێکوتام گوتی: عەبوو هەستە با بچین ئەو دوو سەگبابە بنێژین، لەوەتا خودا هەیە تاقە ئەو شۆ کارێکی چاکی کردۆ

خوا منی لەبیر چۆتەوە ئەوە لەکۆڵم نابێتەوە

کابرایەک بوو زۆری مامۆستا عەلی خەندان خۆشدەویست هەمیشە گوێی بۆ گۆرانێکانی ڕادەگرت. ڕۆژێک کوڕەکانی ئەو کابرایە بە شۆخی بە بابیان دەڵێن: عەلی خەندان مردووە. کابرا خێرا هەڵدەستێ لیباس لە بەردەکا و دەچێ بۆ بونگای مامۆستا عەلی خەندان تەماشا دەکا بونگا کراوەتەوەو کا عەلیش لەوێ دانیشتووە دەچێتە ژوورێ و کارەساتەکە بۆ کاعەلی دەگێڕێتەوە، کا عەلیش دەڵێ:وەڵڵاهی بابەکەم خودا منی لە بیر چۆتەوە بەڵام ئەو سەگبابانە لە کۆڵم نابنەوە.


عەلی خەندان و کۆمەڵگە؛


عەلی خەندان ١٣٥٤(١٩٧٥)

پشکنینی پزیشک 
دەگێڕنەوە دەڵێن ڕۆژێک عەلی خەندان خێزانی نەخۆش دەبێ ساز دەبێ دەیبا بۆ لای دوکتور مەولوودی، دوکتوور مەولوودیش هەمیشە نەخۆشی زۆر جوان دە پشکنی و دەیگوت: ئێرەت دێشێ ... بە خاتری ئەوەی کا عەلی هونەرمەند بوو دوکتوور زیاتری مایە بۆ دانابوو جوانتری پشکنیبوو هەتا کاعەلی وەجواب هاتبوو گوتبووی: بەسە دوکتوور گیان هەر شەش تەڵاقم کەوێ چل ساڵە ژنی منە بە قەت تۆم دەست لێنەداوە.

عەولاد

بە عەلی خەندان دەپرسن عەولادت بە لاوە چۆنە؟
دەڵێ جا چۆنە! هەتا چکۆڵەیە گووت بۆ دەكا و ئەگەر گەورەش بوو گووت پێدەكا.



 کوڕی من لەو سەگبابە چاکتر نابن

عەلی خەندان و کەریم خاکی لە شوێنێک شاییان دەگێڕا. نیزیک نیوەڕۆ بوو، خاوەنی شاییەکە دەمی هێنا بن گوێی عەلی خەندان و پێی گوت؛ کاک علی بابم مردووە بەڵام با خەڵک نەزانێ و وریا بە شاییەکە تێک نەچێ. کاک عەلی خەندان کە میکرۆفۆنەکەی بەدەستەوە بوو بە کەریم خاکی دەڵێ: کەریم! دا ئەو میکرۆفۆنە بگرە، دوو کوڕم هەیە تا نەمردووم بابڕۆمەوە هەردووکیان بگێم، خۆ دەزانم ئەوان لەو سەگبابە بۆ بابیان چاتر نابن!

شەوی جومعە گوویەکمان خواردووە

دەگێڕنەوە: بەڕەحمەت بێ "عەلی خەندان" بەیانییەک زوو بەرەو حەمامی نێوشاری بۆکان وەڕێ دەکەوێ. کە دەبینێ پاڵەوپەستێو و عالەم ڕاوەستاوە، هەنگاوەکانی شل دەبێتەودە. خەڵکەکە ڕادەمێنێ، بانگی لێ دەکەن و لە پاڵ ئەوان ڕادەوەستێ. حەمەساڵە بە کاعەلی دەڵێ: نوێژی نیوەڕۆشمان دەچێ، پێم وا نییە وەبەرمان کەوێ.

کاعەلی دەڵێ: بڕۆ دەچینە حەمامێکی دی.
دەڕۆن دەبینن ئەوێ داخراواە. دەگەڕێنە بەرەو شوێنێکی دی.
لەگەڵ ئەو هاتوچۆیە، برادەرێک، دوو جاریان تووش دەبێ و دەڵێ: ئەرێ کاعەلی ئەوە لە چی دەگەڕێن؟!

کاعەلی دەڵێ: وەڵا چت حەرز کەم؛ دوێشەو لەگەڵ ئەو برادەرە گوویەکمان خواردووە، هەرچی دەکەین وەک خۆمان لێ نایەتەوە!


کەر بۆ بار یان بۆ ڕۆژنامەخوێندنەوە

عەلی خەندان کەرێکی دەبێ لە بازاری حەیوانان دەیفرۆشی. کابرای کڕیار لێی دەپرسێ؛ کا عەلی من ئەو کەرەت لێ دەکڕم ئەگەر هیچ عەیبی نەبێ!؟

دەڵێ؛ نەخێر عەیب لە چاوی مندا بێ لەو کەرەدا نییە.

کابرا کەرەکە دەباتەوە ماڵێ بەڵام پاش چەند ڕۆژان دەزانێ کە چاوی چەپی کوێرە. گورج دەیباتەوە بۆ لای عەلی خەندان و و زۆر بە توڕەییەوە دەڵێ؛ باشە پیاوی چاک! مەگەر تۆ نەتکوت کەرەکە عەیبی نیە!؟

: با وام کوت.

- دەی فەرموو ئەوەتا چاوێکی کوێرە!

: کاکە من کەرم داوێی بارت بۆ بەرێ خۆ پێم نەفرۆشتووی ڕۆژنامەت بۆ بخوێنێتەوە! بڕۆ شەش پووت بار لێ نێ، لەنگەی ناکا بەڵام ئەگەر بۆ ڕۆژنامە خوێندنەوەت لێ کڕیوم، ئەوە ڕاست دەکەی بە کار نایە و عەیبدارە!


بۆکان و تاکسیی تەلەفوونی

کە تاکسیی تەلەفوونی داکەوت، بۆکان هێشتا شارێکی چکۆڵە بوو. بەو حاڵەش تاقمێکی زۆری ئاژانسی تاکسیی تەلەفوونی دەستیان بە کار کردبوو. کاریشیان نەبوو و هەر تەلەفوونت بۆ کردبان، وەک برق‌و با، خێرا دەگەیشتنێ!.
عەلی خەندان ئێواران لە بۆنگاکەیەوە بە تاکسی دەچۆوە ماڵێ.

ئێوارەیەک تەلەفوون بۆ تاکسیی  دەکات و دەڵێ: " کاکە تاکسییەکم بۆ بنێرن بەڵام توخودا ڕاوەستن با کەوشەکانم لە پێ کەم!


ورکەنان فرۆشی سەگباب

عەلی خەندان میوانێکی دەبێ، هەر لە منداڵەکانی دەفکرێ و دەڵێ ئەرێ کاعەلی ئەو منداڵانە بۆ هیچیانوور وەک خۆت ناچن؟
ئەویش دەڵێ بۆ چما ورکەنان فرۆشی سەگباب لێ دەگەڕێ.

ئەگەر وام گوتبێ، ڕووی بابم ڕەش بێ

رۆژێک عەلی خەندان لە بۆکان لە مەنتەقەی سێڕای خاوەران راوەستابوو چاوەڕێی تاکسیی دەکرد. لە پڕدا جیبێکی
گوندی ڕەحیم خان لە ڕاستەوە: برایمی فەتاحی، کەریم شێرزاد، 
قادر بەرزنجە، عەلی خەندان، عەلی حەجەم، خالەق بابەکری
عەلی خەندان لە ڕێگایە دەست لە ماشێنێک هەڵدێنێ سواری بکا و جیبێکی تەوسەن بۆی ڕادەگرێ. ژن و مێردێک دەبن. ژنە لە پێشی جیبەکە دادەبەزێ و بۆ ڕێزنان لە عەلی خەندان دەچێتە پشتەوە سوار د ەبێ. عەلی خەندانیش لە پێشێ دادەنیشێ. ژنە زۆر بە گەرمی چاکوخۆشی لەگەڵ دەکا و عەلی خەندانیش کە نایانناسێ بە ساردی وڵامی دەداتەوە و دەڵێ ڕووت سپی بێ دایکەکەم! خودا چاکەت بۆ بکا دایکەکەم! ژنە دەڵێ ئەیەڕۆ کاک عەلی ئەوە نامانناسییەوە؟ کاک عەلی دەڵێ ناوەڵڵا براژن ناتانناسمەوە.
دەڵێ چۆن نامانناسی ماڵتە؟! خۆ بۆخۆت لە شاییەکەماندا بەشدار بووی و گۆرانیت دەکوت؟
دەڵێ: وەڵا دادە گیان لەبیرم نایە!
ژنە دەڵێ: ماڵتە کاک عەلی، نیشان بەو نیشانە، ئەگەر لە ماشێنی بووکێ دابەزیم، بە سەرتدا هەڵدەکوتم و دەتکوت: 
ئەی لەو قەد و باڵایە! گەردنی دەڵێی مینایە!
کچی پاشای ڕۆژهەڵات، بۆ کوڕی شای ڕۆژئاوایە! 

کاک عەلیش ئاوڕ دەداتەوە و دەبینێ ژنە زۆر ناحەزە، دەڵێ: وەڵڵاهی دادە گیان لە بیرم نییە بەڵام ئەگەر شتی واشم کوتبێ ڕووی بابم ڕەش بێ!

بۆ سەگباب من هەزار پێم؟

جارێک عەلی خەندان ماشێن لێیدەدا و لاقێکی دەشکێنێ. کابراش فەقیر بووە و
ماشێنی بە قەرز و قۆڵە کریوە. بۆ سوڵح کردن دەچن و عەلی خەندان دەڵێ کاکە دەبێ ملیۆنێک  بدەی. دیارە ملیۆن ئەو کات پووڵێکی زۆر بووە،کابراش
دەڵێ بۆ کاکە تۆ پێت وایە من  ملیاردێرم، عەلی
خەندانیش دەڵێ : ئەی سەگباب تۆش پێت وایە من هەزار پێم؟! ئاخە دوو لاقم هەیە، یەکییانت
شکاندووە!!


ئەتۆ ئەگەر غەیبزانی چت لە شایەرێ داوە؟!

عەلی خەندان خۆی گێڕایەوە؛ 

لە دێیەکی لای میاندواوێ  بۆ سەرشایێ دەعوەتیان کردبووین، لە داوەتەکە تورکیشی لێبوون، (بە حوکمی ئەوەی میاندواو کە کوردستانە بەڵام وەکوو بەشێک لە شارەکانی پارێزگای ورمێ تورکی ئازەریش لەوێ دەژین). منیش سولەیمان تەپڵچیم دەگەڵ خۆت برد بوو بەلام زوڕنا ژەنم پێ نەبوو، یاقوبە عەجەمیان هێنا ، یاگووب( بە ئازەری)، کوردی جوان قسە دەکرد بەڵام بەلەهجە!  کوردەکان لە حەیفی تورکەکان و تورکەکانیش لە حەیفی کوردەکان هەر شاباشیان دەدا، پاروم دەڕۆنی کەوت بوو و تەماع گرتبوومی،  هەر کەسە لە هەزارتمەنی کەمتری نەدەدا( هەزار تمەنی سی و چوار پێنج ساڵ پێش بەقەت یەک میلیۆن تمەنی ئێستایە)،  چاوم لە سولەیمان و یاقوبە عەجەمی دەکرد کە دەبێ شاباشەکەیان دەگەڵ بەش بکەم، بەخۆم و تاقە چاوێکی سێ دانە هەزارتمەنیم  هەڵگرت کە نەیانزانیوە بۆخۆمی هەڵگرم، هەر بە گۆرانی گوتنەوە یانی پشتێندەکم ڕاست دەکەمەوە ، هەزارم لە بەر پشتێندێ نا، وردە وردە ئەوی دوهەمیم لە گیرفانی کەواکەم نا و ئەوەی سێهەمیشم لە باخەڵی پاتۆڵم(شەڵواری کوردی)، نا و ئیدی  هەرسێجارە چاک سەیری دەور وبەرم دەکرد کەس ئاگای لێیە، نا شوکر کەس ئاگای لێنەبوو!

کە لێبووینەوە و بڵاوە کرا دانیشتبووین دراوی شاباشەکانمان دەژماردن ، من دەمگووت، یەک بۆتۆ یاقوب، یەک بۆ سولەیمان یەکیش بۆ من، هەتا تەواو بووین، کوتم: تەڵاقم کەوتبێ ئەوە کۆتایی بوو و نۆشی گیانتان بێ!

گوتی یاقوب هەڵی دایە: کاکە ئەلی جان، بیزانە هەزار تمەن دەبەر پشتێندت دانیە نەتزانی بێ؟ کوتی منیش وەک ئەوەی ئاوێکی ساردم پێداکەن  خەجاڵەت بوومەوە تۆ بڵێی سەگبابەی دیت بی، دەستم دەبەر پشتێندم نا گوتم: تەح تەڵاقم کەوێ راستت گوت کورە ئادی ئەوەتا،

گوتی دیسان: کاکە ئەلی ئەگەر لە باخەلی کەواکەت ویستبووت سیغار بکێشیەوە، بە گەلەت(غەڵەت)،  هەزاریش دەوێ دانییە بیزانە دا؟ گوتی ئەویشی پێ دەرهێنام، گوتم یاگوب تەواو، گوتی نا کاکە جان کوا گیرفانەکانی دیکەشت بگەڕێ، منیش ئەوەی سێهەمیم دەرهێنا هەڵسامە سەر چۆکان، گوتم سەگباب ئەتوو زوڕنا ژەنی یان علیمی غەیبت هەیە؟

کوتی عەجەمەش گوتی: زووڕنا ژەنم دا، ئەمما کەر نیم، دزی ناتوانی لە من بکەی


عەلی خەندان لە بونگاکەی خۆی ساڵی ١٣٦٠ (١٩٨١)
لە ڕاستەوە؛ عەلی سۆفی عەباسی، ئەبووبەکر شەنگە،
ئەحمەد تەها، عەلی خەندان

بوود و نابوود
عەلی خەندان لە مەعامەلەی خانوو تووشی زەرەرێکی زۆر دەبێ و دەکەوێتە سەر ساجی عەلی.
دۆستێکی کە بەو خەبەرە دەزانێ، تووشی دەبێ و دەڵێ ئەوە چییە کاعەلی، دەڵێن نابوود بووی؟
عەلی خەندانیش دەڵێ: جا  ماڵتە ئەمن کەنگێ بوود بووم کە ئێستا نابوود بم!
 
سەرۆکی ئەمریکاش بە قوڕەکاری قەرزدار دەبێ
عەلی خەندان قوڕەکاری کردبوو هەواڵانی لێی دەپرسن: کاک عەلی چۆن دەرچووی؟ قەرزدار نەبووی؟ عەلی خەندانیش دەڵێ: چۆن قەرزدار نەبووم! هەر سێ تەڵاقی وابێ لەم ڕۆژەدا بووشیش/سەرکۆماری ئەو دەمی ئەمریکا/ قوڕەکاری بکات قەرزدار دەبێ.
 
حیساب لەگەڵ حاجی شاخە
دەگێڕنەوە حاجی عەلی شاخە هەشتا هەزار تمەنی لە کن عەلی خەندان دەبێ، دەنێرێ کە عەلی خەندان قەرزەکەی بۆ بنێرێتەوە.
عەلی خەندان بۆخۆی دەچێتە خزمەت حاجی شاخە و دەڵێ: حاجی چەندت پێ قەرزدارم؟
ئەویش بە خۆشحاڵیەوە دەڵێ هەشتا هەزار تمەن.
دەڵێ زۆر باشە کەوایە بیست تمەنم دەیە.
حاجی بیست تمەنەی پێدەدا
دەڵێ جا ئەوجار بنووسە سەد تمەن.

گرانی و هەژاری:


کاعەلی دەڵێت: وەڵڵا بە قسەی من دەکەی، لەو گرانییەدا بیکە بە سەرپەرەست و گەورەی ماڵ و خەرجی ماڵێی پێ بکە. تا حەوتەیەک لە زەڕە دەکەوێت!

دیسان گرانی:

عەلی خەندان لەبەر دەرکەی مریشکفرۆشییەک ڕاوەستابوو. هەر کڕیار دەهاتن و دەڕۆیشتن و ئەو هەروا لەبەر دەرکێ مابووەوە. کابرای مریشکفرۆش دەڵێت: ئەرێ کاکە گیان چت دەوێت و بۆ نایە ژووڕێ؟ وەرە با بەڕێت کەم؟

کاک عەلی دەڵێت: هەرسێ تەڵاقم کەوتبێت لە نەفەرێک دەگەڕێم سێ دانگی مریشکێکم لەگەڵ بکڕێت؛ خۆ مریشک هێندە گران بووە بەتەنێ ناکڕدرێت!

  

عەلی خەندان و حکوومەت؛

- میللەتی کەر ڕۆژێک تێرە و ساڵێک برسی!

- نەقڵی وێنەی پەستە و تفەنگەکەی

دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، پاسدارانی ڕێژیم هەر شار و لادێیەکی کوردستانیان داگیر کردبا بە مەبەستی چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە دەستیان بە گرتن و ئازاردانی خەڵک دەکرد بە تایبەت ئەوانەی ناو و ناوبانگێکیان هەبوو یان پێوەندی و دۆستایەتییەکیان لەگەڵ حیزب و پێشمەرگە هەبا. عەلی خەندانیش کە هەم گۆرانیی بۆ پێشمەرگە و بۆ دوکتور قاسملوو گوتبوو و هەمیش وێنەیەکی بە پەستەک و کەڵاشینکۆفەوە بڵاو ببۆوە، گیرا. دوای گرتن جەزرەبەی دەدەن تا دان بە تاوانەکانی خۆیدا بنێ بەڵام هیچ لە خۆیدا شک نابا و هەر دەڵێ هیچکارە بووم و چم لەسەر نییە. دەڵێن بەڵگەمان هەیە و مەحکوومی. وەختێک بەڵگەی بۆ دەهێنن، وێنەی خۆی لە بەرگی پێشمەرگایەتی و بە کەڵاشینکۆفەوە. دەڵێن ها ئەوە تۆ نی؟ ئەویش وێنەکەیان لێ وەردەگرێ، بڕێکی لێ ورد دەبێتەوە و ڕوو بە وێنەکەی خۆی دەڵێ: تف ڕووی بابت ڕەش بێ! ئاخر قەحبەباب ئەتۆ و ئەو کوڵەباڵە؟! ئاخر سەگباب ئەتۆ و ئەو کڵاشینکۆفە؟! ئاخر تۆ پێشمەرگەی؟ دەزانی تفەنگ بتەقێنێ، ئەو ئۆینە چییە دەرتهێناوە؟ بەرێوەڵا جەناب سەروان ئەوە منی سەگبابم! بەو جۆرە لێکۆڵەر دەکەوێتە پێکەنین و عەلی خەندان ڕزگار دەبێ. 

زیدی ئینقلاب و باوەڕ بە ئینقلاب

ڕەنگە هەر ئەو جارە یان جارێکی دیکە عەلی خەندان دەگرن و دەڵێن تۆ زیددی ئینقلابی! دەڵێ کاکە من زیددی ئینقلاب نیم و درۆیە. کابرای بازجوو دەڵێ بیسەلمێنە کە زیددی ئینقلاب نی. دەڵێ هەر سێک تەڵاقم کەوێ پێم خۆشە هەموو ڕۆژێ ئینقلابێک لە ئێران بکرێ. 

پایەگا سازکردن لەسەر قوونی خەڵک

تازە دەوڵەت کوردستانی داگیر کردبوو، هەر تەپۆڵکەیەکی دەگەیشتێ، خێرا پایگای لە سەر ساز دەکرد. عەلی خەندان رۆژێک لە مەجلیسێک دەڵێ خەڵکینە لەوەتا ئەو رێژیمە ( کۆماری ئیسلامی) هاتووە نەموێراوە لە سەر زگ بنووم. خەلکیش پێیان سەیر دەبێ و دەپرسن بۆ کاک حەلی؟ دەڵێ لە ترسی وەی نەوەک پاستار بێن و پایەگایەک لە سەر قوونم دانێن. هەر تەپۆڵکەیەک دەیبینی پایەگایەکیان داناوە
.

کۆماری ئیسلامی و میللەت بەخێوکردن

عەلی خەندان دەیکوت ئەگەر میللەت بە خێوکردن وەک دەوڵەتی ئێرانێ بێ بە تاقی تەنێ چینیش بەخێو دەکەم

نۆرەبڕیی سووریە

ساڵی ٢٠٠١ ئەمریکا ئەفغانستانی لەدەست تالیبان ڕزگار کرد و دوو ساڵ دواتر عێراقیشی گرت. دوای ئەوە بووش ئێران و سووریە و کۆریای باکووری وەک تەوەری شەڕەنگێزی ناودێر کرد. هەموو کەس چاوەڕوان بوون لە درێژەی ئەو هەڵمەتی ئازادکردنەدا لە ئێران یان لە سووریەش بدا. عەلی خەندان دەیگوت؛ ئەگەر سوریە نۆبەبڕیمان لێ نەکا نۆرەی خۆمانە.

 

تلویزیۆن و مزگەوت

سمایلاغای چەوگالی - عەلی خەندان
دوای ئینقلاب تلەیزوونی ئێران وەک مزگەوتی لێ هاتبوو. زۆربەی وەختان هەر مەلا قسەیان لەسەر دەکرد. عەلی خەندان لە ماڵەوە منداڵەکانی گڕووی لێ دەگرن کە دەبێ تەلەویزیۆنمان بۆ بکری.
ڕۆژێک سێ مەلا لەگەل خۆی دەباتەوە بۆ ماڵێ.
منداڵەکانی پێی دەڵێن: ئەرێ کڕیت؟
علی خەندان دەڵێ: بەڵێ،ئەوەتا، ئەوە کاناڵی یەک و دوو و سێ...











 دەیەی شەست، ئاوایی گامێشگۆلی
لە ڕاستەوە ئاغایان: مەولوود بالیسانی، حەسەن میراوایی، عەلی خەندان، وێنس قەرەداغی، نەناسراو، سمایل کۆچەری





۵/۱۰/۱۴۰۴

کاک سەنە


دەمێک بوو ئاگادار بووم کە تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە. نەخۆشییەک کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بڕستی لێ دەستاند. سەرەڕای جەستەی بەهێز و ڕۆحییەی بەزر و سرووشتە شۆخەکەی، هەموان دەیانزانی ئاستەمە بتوانێ بیبەزێنێ و ڕۆح دەربەرێ. ئاخر گیرۆدەبوون بە شێرپەنجە و چەند ساڵ ململانێ لەگەڵیدا، هەر بە قسە ئاسانە.
ئەمڕۆ لەسەر کار بووم کە کەژاڵی هاوسەرم تەلەفۆنی کرد و هەواڵی مەرگی ئەوی پێدام. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەبەرەکەی بە کورتی خوێندبۆوە بەڵام چونکە لە نیزیکەوە نەیدیتبوو یان ڕەنگە بۆ کەمکردنەوەی قورسایی گەیاندنی هەواڵەکە، دڵنیا نەبوو کە ئەو بێ. من یەکسەر پرسیاری جامانەکەیم کرد و بەداخەوە خۆی بوو. ئەو هەمیشە جامانەی لەسەر دەنا و لفکەی لێ شۆڕ دەکردەوە. بەوەش هیندەی دیکە شۆخ و شەنگ بوو.
حەسەنی قاسمی یان بەو جۆرەی لەنێو خەڵکدا بە حەسەنی میرزا عەوڵا دەناسرا، ئامۆزام بوو. ئێمە لە زمان نەمر ئامۆژنە مامزم کە ژنێکی کەیخودا و مەشرەف خۆش و گەورەی بنەماڵە بوو، بە کاک سەنە ناومان دەبرد. ئامۆژنم زۆر جار ناسناوی لە زاران خۆشتر و هاسانتری بۆ خۆشەویستانی خۆی هەڵدەبژارد؛ بۆ وێنە کاکە ئەبووبەکری کردبوو بە ئاوکر و مامە ڕەحمانی کردبوو بە حەمانی.
ئەگەرچی تەمەنی کاک سەنە لە بابم و ئەو وەچەیەی کە هێشتا چاویان بە چرای خوێندن ڕوون نەببۆوە، زۆر کەمتر نەبوو بەڵام هەم لە لای مامم کە میرزا و خوێندەوار بوو و هەمیش لە قوتابخانەی "سپای دانیش" توانیبووی خۆی لە دەردی نەخوێندەواری ڕزگار بکا. ئەو ساڵەی من لەدایک بووم، ئەو لە کرماشان سەرباز بوو. وا دیارە بەر لە سەربازی، زەماوەندی کردبوو و منداڵێکیشی هەبوو. چونکە من و حوسێنی کوڕە گەورەی، هاوتەمەن و ئاواڵ بووین. من کاتێک چاوم کردەوە کە کاک سەنە بە دەستی بەتاڵ ماڵی میرزا عەوڵای باوکی بەجێ هێشتبوو و لە پەنا ماڵی ئێمە، خانوویەکی فەقیرانەی بۆ چەندان منداڵی سەروپێچکەی خۆی ساز کردبوو. ئینقلاب کرابوو و ئەویش وەک هەموو هاوتەمەنەکانی سەری لە سیاسەت دەخورا. وەک خەون لەبیرمە کە لەگەڵ پۆلێک لاوی دیکەی ئاوایی بە کۆڵانێکدا ڕادەبردن و درووشمی "مامە غەنی هاتەوە یاخوڵا بەخێر بێتەوە"یان دەدا. هەستێک کە دەیان ساڵ دواتر، لە کاتی شۆڕشی ژینادا جارێکی دیکە خۆی نواندەوە و کاک سەنە کە دووکانەکەی لە کانگای سەرهەڵدانەکانی شاری مەهاباد هەڵکەوتبوو، بۆ پشتیوانی لە لاوەکان گەلێک جار گیانی خۆی خستە مەترسییەوە و تەنانەت جارێکیش بریندار بوو. بەڵام خەمی نان و بەڕێچوونی ژیان ئەو کات دەرفەتی ئەوەی پێ نەدا خۆ لە حیزبایەتی و سیاسەت بدا. بۆ دەرهێنانی بژیوی خۆی و خێزانەکەی دەستی بۆ کاری جۆراوجۆر دەبرد کە لە پیشەی خەڵکانی ئاوایی کە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بوو، نەدەچوو. بۆ وێنە لەبیرمە کە لە دۆخی گەمارۆی ئابووریی ئەو دەمی سەر کوردستان، ئەو لەگەڵ چەند هاوتەمەنی خۆی کارگەیەکی قەندیان لە قەراغ ئاوایی ساز کردبوو. بۆیە وا باشم لەبیرە چونکە شیرنایی و بۆنی شەکری قاڵکراو زۆر جار ئێمەی منداڵە ورکەی بۆ لای کارگەکە ڕادەکێشا و ئەوانیش هیچ نەبێ دەیانهێشت شەکری پێمەڕەکانیان لێ بکەینەوە و نەوسی خۆمانی پێ کوێر بکەینەوە. بەڵام وا دیار بوو هیچکام لەو هەوڵانە بایی ئەوەندە نەبوون کە بتوانێ لە دێ ماڵ و منداڵی پێ بەڕێ بچوێنێ. سەرەنجام ڕووی لە شار کرد و لە مەهاباد گیرسایەوە. لەوێ هەر لە کاری کوورەخانە تا سەودا و مەعامەلەی نێو بازاڕ، دەستی بە کاسپی و کوێرەوەری کرد. دواتر لەگەڵ پۆلێک لە هاوتەمەنەکانی خۆی کە زۆربەیان خەڵکی پیروەلی باغی و هاوچارەنووسی خۆی بوون، ئەوەندەی سرووشت و هەلومەرج بواری دابان، کاری قاچاخی و هێنانی شتومەک لە عێراقیان دەکرد و ئەگەر ڕێگاش گیرابا، ئەوە لێک کۆ دەبوونەوە و مەجلیسیان بە گاڵتە و قسەی خۆش گەرم دەکرد. هەرە مەجلیس خۆشی نێویشیان حەسەنی میرزا عەوڵا بوو.
ئەو ساڵانەی لە مەهاباد دەمخوێند، زۆر جار لەگەڵ حوسێنی کوڕی دەچوومە ماڵیان. بۆخۆشی بە تایبەت ئەگەر لە عەجەمستان کەروێشکی گرتبا، ئەوە ئێمەشی بانگهێشتی چێشتی سەنگەسیر دەکرد و هەر بۆخۆشی لێیدەنا کە دەستاوێکی خۆشی هەبوو. وێڕای کار و کوێرەوەریی ڕۆژانە، خوێنەرێکی باشی گۆڤاری سروە بوو و کتێبی کوردیی تازە چاپکراویشی لە ماڵێدا دەست دەکەوت. من هەموو جارێ دەرفەتم دەقۆستەوە و ئەو ژمارانەی گۆڤاری سروە کە لەگەڵ کاکم دەستمان نەکەوتبوون یان نەمانتوانیبوو بیانکڕین، لە ماڵی ئەو دەمخوێندنەوە یان بە ئەمانەت لێمان وەردەگرت.
دوایین جار کە چاوم بە کاک سەنە کەوت، ٣٢ ساڵ لەوە پێش بوو؛ هەمووی چەند مانگێک بوو ببووم بە پێشمەرگە کە ئەو لەگەڵ بابم سەردانی کردم و لە بناری قەندیل یەکترمان دیتەوە. دوای ئەوەی زانی نییەتی گەڕانەوەم نییە، زیاتر پرێسکەی دڵی خۆی لەسەر کوردایەتی، حیزب و خۆشەویستیی ڕێبەرانی شەهید بۆ کردمەوە. ئاگاداریی باشی لەسەر حیزب و پێشمەرگە و هێزی پێشەوا هەبوو. دیار بوو هێشتا سەری لە سیاسەت و حیزبایەتی دەخورا و ڕووداوە پێوەندیدارەکانی تاقیب دەکرد. لەبیرمە باسی کاک سۆفی، فەرماندەی پێشتری هێزی پێشەوای کرد کە چۆن کەوتووەتە ژێر گوشاری ڕێژیم و جاشەکان چۆن ئازاریان داوە و بووەتەوە بە پێشمەرگە. بەر لە ڕۆیشتن و ماڵاوایی بەڵێنی پێدام کە هەر کات بێتەوە ئەو دیوە، سەردانم بکا. بەڵێنیی دیدارێک کە بەداخەوە ئەو هیچکات بۆی نەلوا و من هەمیشە لە چاوەڕوانییدا مامەوە. دیدارێک کە وەک دەڵێن بەداخەوە کەوتە قیامەت.
ڕۆحی کاک سەنە شاد بێ و یادی بۆ هەتاهەتایە لە دڵمدا زیندووە

۴/۲۰/۱۴۰۴

جاسەنە وەک شوێنێکی ڕەمزی


سەرەنجام بانگەوازی "ئاشتەوایی" نێوان تورکیا و کوردی باکوور (پەکەکە) لەنێو بێ متمانەیی و دڕدۆنگی گەلی کورددا کە ماوەی سەدەیەکە پەنگ دەخواتەوە، بە بەڕێوەچوونی شانۆی سووتاندنی چەک لەلایەن ژمارەیەک گریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی نیزیک شاری سلێمانی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێشتر ناوی چەندین شوێن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شانۆیە لە ئارادا بوو کە یەک لەوان ئەشکەوتی جاسەنە بوو. من بە بیستنی ناوی ئەشکەوتە بە سەرنجدان بە مێژوویەک کە لەو بارەوە هەیەتی، خێرا زانیم کە ئەو شوێنە کە لەگەڵ ئامانجەکانی لایەنی کوردی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو شانۆیە، دێتەوە.  

ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش و لە نیزیک جادەی دووکان - سلێمانی، بە مەودای پەنجا کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری سلێمانی هەڵکەوتوە. ناوی جاسەنە لە دوو بەشی جا/سەنە چێ بووە. جا واتای جێگا و شوێنە و سەنە وەک لە سنە، سەحنە، سندووس، سائینقەڵا، قەڵاتی سنان، قوڵەسەن، قەڵاتاسیان و ناوی زۆر شوێنی دیکەشدا هەیە، لە بنەڕەتدا سەئنە کە لە ئایینی میترایی و لە باوەڕە کەونارەکانی کورددا ناوی خودای بەهێزی با و تۆفان و باران بووە. بەو پێیە جاسەنە وەک یەکێک لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئەو خودایە هەژمار کراوە.  

جاسەنە سەرەڕای ئەو بارە ئۆستوورەییە،  لە مێژووی کورددا ئەو کاتە گرینگیی خۆی پەیدا کردەوە کە ساڵی ١٩٢٣، دوای ئەوەی فڕۆکەکانی سپای ئینگلیز، شێخ مەحموودی حەفیدیان لە شاری سلێمانی هەڵکەند، لەو ئەشکەوتەدا خۆی گرتەوە. ئەشکەوتی جاسەنە وێڕای ئەوە کە بوو بە پەناگە و ناوەندی فەرماندەیی شێخ لە بەرامبەر سپای ئینگلیزدا، چاپخانەی تێدا دامەزراند و یەکەم رۆژنامەی خۆی بە ناوی "بانگی حەق" لە ٢ی مارسی ١٩٢٣دا لەوێ چاپ و بڵاو کردەوە. 

شێخ مەحموود کەسایەتییەکی ئایینی - نەتەوەیی بوو. ئەمە بە ناوی ڕۆژنامەکەی و وێنەی مانگی سەر ئاڵاکەشییەوە دەدرەوشێتەوە. تورکانی کەمالیست هەوڵیان دا بە لاسایی لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی عوسمانی، ئایین وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی شێخ مەحموود بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. ئامانجیشیان لەو ڕاکێشانە، گوشار بۆ سەر ئینگلیز و دەستداگرتن بەسەر ویلایەتی نەوتاویی مووسڵ بوو. بۆ ئەو مەبەستەش هێزێکی بچووکی خۆیان بە فەرماندەیی "عەلی شەفیق" کە بە ئۆزدەمیر ناسرابوو، بۆ هاوکاریی شێخ مەحموود نارد. دیارە هێزەکە لەوە بچووکتر بوو کە بتوانێ کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان دابنێ و لەگەڵ پەرەگرتنی ناکۆکییەکان، سەربازەکانیش ناوچەکەیان چۆڵ کرد. دوای ئەوەی شێخ پەنای بۆ جاسەنە برد و ناوەندی بەڕێوەبەریی خۆی لەوێ جێگیر کرد، سەر و سەکوتی ئۆزدەمیر جارێکی پەیدا دەبێتەوە. وا دیارە ئەمجار ڕاستەوخۆ لەلایەن دەسەڵاتی تورکەوە هاتبوو و چەند ڕۆژ لە جاسەنە مایەوە. دوو وێنەش لەو دیدار و مانەوەیە ئێستا لەبەردەستدایە.

لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیدا کوردەکان تەنیا گەلێک بوون کە بە خواستی خۆیان و بێ داگیرکراوی پەیوەست بەو خەلافەتە ببوون. بە درێژایی سەدان ساڵ دەسەڵاتی سوڵتانەکانی عوسمانی کوردان خاوەنی چەندان خۆبەڕێوەبەریی تایبەت بە خۆیان بوون و هاوکات ڕؤلی گرینگیان لە نێو لەشکری سوڵتان و داگیرکارییەکانیدا گێڕا. ئەوانە و لەژێر کاریگەریی ئایینی هاوبەشدا، پڕانیی کورد دژی ڕووخانی دەسەڵاتی بابیعالی بوون. دوای ڕووخانیش، جۆرێک خواست بۆ گەڕاندنەوەی سوڵتان بۆ سەر تەخت لە شۆڕشەکانی کورددا بەرچاو بوو. ڕەنگە ئەوە هۆکارێک بووبێ کە بە ڕووخانی عوسمانی، کوردان هیچ میراتێکیان لەوە پێ نەبڕا. دیارە خولیای ژیاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی تەنیا بۆ کورد و بۆ ساڵانی سەرەتای ڕووخانی بابیعالی ناگەڕێتەوە و ئێستا ئەردۆغانیش خەون بەو مێژوویەوە دەبینێ و جاروبار فوو بەو زوڕنایەدا دەکاتەوە. پەکەکەش بە هەڵبژاردنی جاسەنە وەک شوێنێکی ڕەمزی بۆ کۆتایی شەڕ و ئاشتەوایی لەگەڵ حکوومەتەکەی ئەردۆغان، ویستی ئەو پەیامە بۆ ئەنقەڕە بنێرێ  کە ئەگەر ئەو وەک خەڵیفە لەگەڵ کوردان بحاوێتەوە، ئەوە ئەوانیش وەک کورد و لەگوێن شێخی جاسەنە، ئامادەن بۆ ژیاندنەوەی ئەو خولیایە تا ئاستی گەڕاندنەوەی ویلایەتی موصڵ، دەستی لەگەڵ بدەنێ و ڕۆڵی سوارەی کورد لە لەشکری ئەردۆغاندا بگێڕێ. 




بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...