۸/۰۸/۱۴۰۴

ڕۆڵی لاهووتی لە شکانی هێزەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر سمکۆدا

تاهیر قاسمی

"لاهووتی" یان "لاهووتی خان" ناسناوی یەکێک لە دەگمەنترین کەسایەتی و شاعیرانی کوردی فارسی‌نووسە کە ئەگەرچی هەتا ‏ئێستا زۆری لە بارەیەوە نووسراوە بەڵام هێشتا هەڵدەگری زیاتری لەسەر بنووسرێ و زۆر کەلێن و کەلەبەری ژیانی ئەو ‏کەسایەتییە هەن کە ئەگەر بپشکێندڕێن، شتی تازەیان تێدا دەبیندرێتەوە. یەک لەو بابەتانە، پێوەندیی نێوان شۆڕشەکەی ‏سمکۆ و ئەبولقاسمی لاهووتی‌یە.  ‎

ئەبولقاسمی ئیلهامی ناسراو بە لاهووتی ساڵی ١٨٨٧ لە شاری کرماشان لەدایک بوو. باوکی ئەحمەد ئیلاهی لەدایکبووی شاری تویسرکان، شاعیر، سۆفی و مریدێکی  شیعە مەزهەب بوو کە ئیشی کڵاشچنیی دەکرد. دایکی لە هۆزی قەڵخانی و بە ئایین  یارسان بوو. لە ژیاننامەی ئەبولقاسمی لاهووتی‌دا هاتوە کە ئەو لە سەرەتای لاوەتیدا، دوای ئەوەی پەڕیوەی شارەکانی ناوەندی ئێران ‏دەبێ، لە ژاندارمێریی شاری قۆم‌ دادەمەزرێ. ئەو کات ژاندارمێری لە ژێر سەرپەرەستیی ئەفسەرانی سوئێدی‌دا تازە دامەزرابوو و ‏هەر ئەوان بەڕێوەیان دەبرد. لاهووتی بە هۆی خوێندەواری و پیتۆڵیی خۆی زۆر زوو پلەکانی سەربازی لەو ڕێکخراوەدا دەبڕێ و ‏بۆ گەڕاندنەوەی تەکووزی و سەرکوتی چەتە و ڕێگران، تێدەکۆشێ و لە گەلێک چالاکیدا بەشداری دەکا. لە ماوەی چالاکییەکانیدا بەرەبەرە ‏لەگەڵ ئەفسەرانی سوئێدی دەکەوێتە ململانێ و سەرەنجام تۆمەتی کوژرانی چەند کەس، لەوانە ئەفسەرێکی سویدی دەدرێتە پاڵ. بەوەش بڕیاری ‏ئیعدامی بەسەردا دەسەپێ. ئەویش لە ترسان پەنا بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەبا. ماوەی نیزیک بە حەوت ساڵ لە شارەکانی باشووری ‏کوردستان لەوانە خانەقین، سلێمانی، مووسڵ و دواتر لە شاری ئیستانبووڵ دەمێنێتەوە. لەو ماوەیەدا خۆی فێری زمانەکانی ‏تورکی و فەرەنسی و ڕووسی دەکا و کۆمەڵێک جموجۆڵی ئەدەبی و سیاسیش لە خۆی نیشان دەدا. لەوانە چاپی سێ شێعر بە زمانی کوردی ‏لە گۆڤاری ژین‌دا کە ئەوانە تەنیا شێعرە کوردییەکانی ئەون کە ئێستا لەبەر دەست دان. ساڵانی ١٩٢٠ بە دواوە لە کاتێکدا کە ‏شۆڕشی سمکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشە و پەرەسەندندا بوو، لاهووتی بۆ ئێران دەگەڕێتەوە. ئەو لە ڕێی ڕەواندزەوە خۆی دەگەیەنێتە ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد. لەوێ لەلای حەسەناغای ‏مەنگوڕ (ڕەنگە مەبەست حەسەن ئاغای بایزپاشای مەنگوڕ بێ) دەمێنێتەوە‎. ‎

لەو سەردەمەدا کە سەرهەڵدانەکانی گێڵان و خۆراسان سەرکوت کرابوون، دەوڵەتی ئێران دەستی بۆ سەرکوتی شۆڕشەکەی ‏سمکۆ ئاوەڵاتر ببوو. بۆ ئەو مەبەستەش دوو هێزی ڕەوانەی ئازەربایجان و کوردستان کردبوو. هێزی یەکەم بە فەرماندەیی ‏ماژۆر مەحموودخانی پوولادین لە شەڕەفخانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی گۆلی ورمێ  جێگیر ببوو و هێزی دووهەمیش بە فەرماندەیی ‏ماژۆر حەسەنخانی مەلەکزادە لە شاری سابڵاغ مۆڵ درابوو. (کودەتای لاهووتی ل. ٣٤)‏

‎ ‎لە نێوەڕاستەکانی مانگی ڕەزبەر، لە حاڵێکدا کە حەسەنخانی مەلەکزادە خەریکبوو جێپێی هێزەکەی خۆی لە مەهاباد پتەو ‏دەکرد، سەر و گوێلاکی لاهووتی پەیدا بوو. مەلەکزادە لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەگێڕێتەوە: "... لە نووسینگەی فەرماندەیی ‏خۆم خەریکی کار بووم کە هەستم کرد یەکێک لە دەرەوە خەریکە لەگەڵ دەرکەوانەکە دمەقاڵە دەکا و دەڵێ مەلەک‌ گیانم ‏دەوێ... کە ڕوانیم، لاهووتیم بە جلی شڕ و دڕەوە چاو پێ کەوت. چاکەم لەگەڵ کرد و هێنامە ژوورێ، ڕوون بۆوە کە لەگەڵ ‏ئاغای ئەمیر حیشمەت و سەرهەنگ ئەفشار ئۆغڵو و دوو پلەداری دیکە لە تورکیاوە هاتوون و مۆڵەتی هاتنیشیان پێ نییە و لە ‏دوو سێ خاڵی سنووریش ڕێگایان نەداون تا چوونەتە نێو هۆزی مەنگوڕ و لەوێ حەسەناغای مەنگوڕ لای خۆی ڕایگرتبوو تا ‏مۆڵەت لە من وەربگرێ..". ".. ئەسپەکەی خۆمم لەگەڵ سێ ئەسپی دیکە بە دوای ئەمیر حیشمەت و ئەوانی دیکەدا نارد و ‏بوون بە میوانم. خێرا تێلگرافیشم بۆ والی کرد و بۆم نووسی کە لاهووتی لە ژاندارمێریدا بڕیاری ئیعدامی لەسەرە بەڵام چونکە لە ‏غەریبی‌دا بە قەد چەند جار ئیعدام سەختی و نەهامەتیی چاشتوە، وا باشە دەوڵەت لێی خۆش بێ و بۆخۆی دەیهەوێ لەگەڵ ‏ئەفسەرانی دیکە لە هۆردووی مندا خزمەت بکەن. پاش دوو سێ کاتژمێر ئاغای حاجی مۆخبێروسەڵتەنە جوابی دایەوە کە بۆ ‏ڕێز لە داوای بەڕێزت، دەوڵەت لە هەموویان خۆش دەبێ. ئەمیر حیشمەت بۆ تەورێز بنێرن و ئەفسەرەکان با بمێننەوە."  (ح. ‏ملکزادە هیربد، سرگذشت حیرت انگیز، تهران ١٣٢٨ ل. ٦٣ و ٦٤)‏

لە حاڵێکدا هێزەکانی دەوڵەت خەریک بوون خۆیان بۆ هێرش ئامادە دەکرد، سمکۆ دەستی خۆی ڕەپێش خست. بەرەبەیانیی ‏ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەر، واتە ڕۆژێک دوای هاتنی ئەمیر حیشمەت و لاهووتی، هێزەکانی سمکۆ پەلاماری سابڵاغیان دا.  ئەمیر ‏حیشمەت ڕەوانەی تەورێز کرا بەڵام لاهووتی و ئەفسەرەکانی دیکە لەگەڵ لەشکرەکەی مەلەکزادە مابوونەوە و ئامادەی ‏بەربەرەکانی بوون. ڕۆژی دواتر لە کاتی تەقە و لێکداندا، لوولەی موسەلسەکەیان لەبەر گەرما تەقی. مەلەکزادە داوا دەکا ‏‏"..ژاندارمێک بچێ لە عەمبارەکە لوولەیەکی یەدەک بێنێ بەڵام لاهووتی پێی دەڵێ با ڕادەی تەقەکەران کەم نەبنەوە و من ‏دەچم لوولەکە دێنم و... ئیتر هەر ئەو ڕۆیشتنە بوو و نەگەڕایەوە..". بەپێی نووسینی سەرهەنگ ئازەرتاش، لاهووتی دوای ‏بەجێهێشتنی مەلەکزادە.. دەچێتە کێوی داشامەجید و ئەو ئەفسەرانەی کە لەوێ دامەزرابوون [لەوانە ئەفشار ئۆغڵووی ‏هاوڕێی] تێدەگەیەنێ کە دۆخەکە زۆر خراپە، ئەوانیش تۆپ و تەقەمەنییان هەڵدەگرن و بەرەو میاندواو دەڕۆن..". بەم جۆرە ‏دوای چەند سەعات تەقە و لێکدانی قورس، بەرەنگاریی هێزەکانی ژاندارم تێکدەشکێ و زیاتر لە سێسەد کەسیان بە دەست ‏هێزەکانی سمکۆ بە دیل دەگیرێن."..

دوای هاتنی سمکۆ بۆ نێوسابڵاغ، لاهووتی چەند ڕۆژێکی دیکەش لە نێو شاردا دەمێنێتەوە. ڕۆژنامەی  "ئیتیحاد" لە بابەتێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی لاهووتی لەو شکستە و ڕووداوەکانی دواتردا کە بە ‏واژۆی "لاوێک لە لاوانی ئازادیخوازی ئازەربایجانی" نووسرابوو، ‏بڵاوی کردەوە؛ لاهووتی "ڕاستەوخۆ لە مووسڵەوە و لە ڕێی ڕەواندەزە هاتوەتە سابڵاغ و چەند ڕۆژ دوای داگیرکرانی سابڵاغیش ‏لەلایەن سمکۆوە، هەر وا لەو شارە ماوەتەوە..." (ڕۆژنامەی ئیتیحاد، ٢٥ی ثوری ١٣٠١). بێگومان مەبەستی نووسەر ‏پێوەندیی ڕاستەوخۆی لاهووتی بە کوردەکان و ئەگەری دیداری ئەو لەگەڵ سمکۆ بووە بەڵام  ئەوە کە چۆن بوو هێزەکەی سمکۆ ‏یەکسەر دوای  گەیشتنی لاهووتی و هاوڕێکانی هەڵدەکوتێتە سەر سابڵاغ و لاهووتی لە دوای هاتنی سمکۆ و هێزەکەی بۆ نێو ‏شار، چی کردوە و لە کوێ بووە و بڵێی چاویان پێک کەوتبێ، بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە‎. ‎

ماوەیەک دوای ئازادیی سابڵاغ، لاهووتی لە تەورێز سەر دەردێنێ و ئەمیر حیشمەت و هاوڕێکانی دیکەی دەگرێتەوە. لەوێ لە ‏نیزیکەوە "مخبر السلطنە" دەبینێ و بە شێعرێک داوای لێخۆشبوونی لێ دەکا؛ "زوڵمی لێم کرد چەرخی سپڵە، داد بدە تۆ دادوەر/ بۆ سزای ئەم چەرخە سپڵە، ڕێگای ئێرەم گرتە بەر"، مۆخبێروسەڵتەنە کە دەیزانی ژاندارمێری زۆر حوکمی ئاوای لە خۆڕا ‏دەرکردوە، گوێ بە حوکمەکە نادا و لاهووتی بە فەرمانبەر وەردەگرێ. ئەو دواتر نووسی کە بە ماژۆر لۆندبێرگی سویدیم سپارد کاروباری ‏بەڕێوەبەریی پێ نەسپێرن و بۆ ڕاوێژ کەلکی لێ وەربگرن. بەو حاڵەش لاهووتی لە سەرەتای سەرماوەزی ١٣٠٠ (٢٢ی ‏نۆڤامبری ١٩٢١) بە پلەی یاوەر (سەرگورد) وەردەگیرێ و وەک جێگری ماژۆر مەحموود خانی پۆلادین کە فەرماندەی گوردانی ‏موسەلسەل بوو، بۆ شەڕ لەگەڵ هێزەکانی سمکۆ ڕەوانە دەکرێ‎. ‎

لە مانگی سەرماوەزی ١٣٠٠دا دەوڵەت لەشکرێکی زۆری لە ژاندارمێری و هێزەکانی عەشایر بۆ سەر سمکۆ کۆ کردەوە. لە کۆتاییەکانی ئەو مانگەدا هێزێکی هەزار و پێنسەد کەسیی ژاندارم بە فەرماندەیی سەرهەنگ لوندبێرگی سویدی وێڕای هەزار ‏چریک لە هۆزەکانی ناوچە بە فەرماندەیی ئەمیرئەرشەد حاجی عەلیلو ڕەوانەی خۆی کرد. "له‌وێ له‌گه‌ڵ هێزی قه‌ره‌داغی چه‌ند ‏زه‌ربه‌ی کاریگه‌ر له‌ هێزی سمکۆ ده‌ده‌ن و ده‌بێته‌ جێگای شانازی بۆ ده‌وڵه‌ت و ئازه‌ربایجانیه‌کانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت" (سوئدیهای مقیم ایران ل.١٥٥). بەڵام ‏‏"سمکۆ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا هێزه‌که‌ی سه‌ریه‌ک خسته‌وه ‌و ده‌ستی کرد به‌ هێرش کردن‌. هێزی ژاندارمری به‌ به‌رپرسایه‌تی ‏سه‌رهه‌نگ لۆمبێری له‌گه‌ڵ هێزی سه‌رداری عه‌شایری قه‌ره‌داغی دژ بە هێزی سمکۆ که‌وتنه‌وه‌ شه‌ڕ و له‌م شه‌ڕه‌دا سه‌رداری ‏عه‌شایری قه‌ره‌داغی کوژراو و هێزی ژاندارمێری به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی سه‌رهه‌نگ لۆمبێری و جیگره‌که‌ی سه‌رگورد لاشون تێکشکان و ‏ به‌ره‌و شه‌ره‌فخانه‌ هه‌ڵهاتن. ته‌رمی قه‌ره‌داغیش ڕۆژێک بە ده‌ستی هێزی سمکۆوه‌ بوو. ئینجا هێزی سمکۆ دوای ژاندارمێری ‏که‌وتن و هه‌موو هێزی ژاندارمێریان تێکشکاند. پاش ئه‌م شکسته‌ پارێزگای ئازه‌ربایجان (مخبر السلطنه‌ هدایت) سه‌رهه‌نگ ‏لۆمبێری و لاشونی بۆ ته‌ورێز بانگهێشت کرد". (سوئدیها در ایران ل. ١٥٥). پاش ئەو پێکدادانە لەشکری دەوڵەت خۆی ‏نەگرت و زۆر بە قورسی تێکشکا. پاشماوەی هێزە تێکشکاوەکە بەرەو شەڕەفخانە پاشەکشەی کرد. لە شەرەفخانە، باری خراپی ‏دەروونیی سەربازە تێکشکاوەکان، سەرمای زستان و پێڕانەگەیشتن پێیان تێکەڵ بەو ناکۆکی و ناڕەزایەتییانە بوو کە لە ئەنجامی ‏تێکەڵکرانی هێزەکانی ژاندارمێری و قەزاقدا هاتبووە ئاراوە. بەم جۆرە بناخەی دەسپێکی کۆدەتایەک لەنێو هێزەکانی ژاندارمێریدا ‏دەستی پێ کرد کە ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٣٠٠ (٣٠ی ژانویەی ١٩٢٢) بە دەستبەسەرکردنی مەحموودخانی پولادین و ئەفسەرە ‏پاسەوانەکەی، چەخماخەی کۆدەتاکە لێدرا. فەرماندەکانی کۆدەتا لاهووتییان وەک سەرۆکی خۆیان هەڵبژارد و دەستیان ‏بەسەر تەورێزدا گرت. ئەو کات ساڵێک بەسەر سەرکوتی شۆڕشەکەی شێخ محەممەدی خیابانی و کوژرانی ناوبراودا ڕابردبوو و برینی ئەو سەرکوت ‏و کوشتنە بەسەر جەستەی خەڵکی شار و ناوچەکەوە هێشتا گەرم بوو. بۆیەش خەڵک تا ڕادەیەکی باش پێشوازییان لە کۆدەتا و ڕێبەرانی ‏کرد‎. ‎

ئاشکرایە کە کۆدەتاکەی لاهووتی لەژێر کارتێکەریی شۆڕشی سمکۆ و گوشاری هێزەکانی کورد بۆ سەر ئەرتەشی ئێران و دوو جار ‏تێکشکانی ئەو ئەرتەشەدا هاتە ئاراوە. بەڵام لەلایەکی دیکە خەڵکی تەورێز و دەوروبەر هێشتا نەیاندەزانی هەڵوێستی سمکۆ ‏سەبارەت بەو کۆدەتایە چۆن دەبێ و لەژێر پڕوپاگەندەی ئەو چەند ساڵەی دەسەڵاتدا، مەترسیی ئەوەیان هەبوو کە لەو ‏ئاڵۆزییەدا هێرش بکرێتە سەر شارەکەیان و تاڵان بکرێن. لەلایەکی دیکە، بەرەنگاریی توندی هێزەکانی سمکۆ ببوو بە هۆی ئەوە ‏کە حکومەت هێزێکی زۆر لە ئازەربایجان و دەوروبەری مۆڵ بدا و ئەو هێزانە بە خێرایی دژی کۆدەتاچییەکان بەکار بێنێ. دوا ‏جاریش فەرمان بە هێزێکی ژاندارمێری کە لە ئاردەوێڵ جێگیر کرابوو درا هێرش بکاتە سەر کۆدەتاچییەکان. سەرەنجام ڕۆژی ‏‏١٩ی ڕێبەندان (٨ی فێوریەی ١٩٢٢) واتە نۆ ڕۆژ دوای دەسپێکی کۆدەتا، هێرش کرایە سەر تەورێز و پاش تەقە و لێکدانێکی ‏کورتخایەن، شارەکە گیرا و کۆدەتا کۆتایی پێهات. ژمارەیەک لە سەرباز و فەرماندەکانی کۆدەتا کوژران و زۆربەشیان ‏دەستبەسەر کران بەڵام لاهووتی وێڕای ژمارەیەکی دیکە بەرەو جۆڵفا پاشەکشەیان کرد و دوای پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس، ‏پەنایان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت برد. ئیتر لاهووتی لەو سەفەرە نەگەڕایەوە. ماوەیەک لە نەخجەوان و دواتر لە تفلیس و باکۆ ‏مایەوە و پاشان چوو بۆ مۆسکۆ و سەرەنجام سەری لە دووشەنبەی پێتەختی کۆماری تاجیکستان دەرهێنا‎. ‎

ئەوە کە لاهووتی دوای حەوت ساڵ ئاوارەیی و مانەوە لە ئەستەمبووڵ، ڕاست لە جەنگەی پەرەگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی ‏نێوان سمکۆ و هێزەکانی دەوڵەتی ئێراندا گەڕایەوە بۆ ئەم وڵاتە و تەنیا ڕۆژێک دوای گەیشتنیشی بۆ سابڵاغ، شاهیدی هێرشی ‏هێزەکانی سمکۆ بۆ سەر هێزی دەوڵەت دەبێ و لە سەرکەوتنی هێزی کورد و تێکشکانی هێزی دەوڵەتدا ڕۆڵی گرینگ دەگێڕێ، ‏ناکرێ وەک ڕووداوی بە هەڵکەوت سەیر بکرێ. بە تایبەت کە دواتریش دەبینین ئەو ڕەوتی هاوکارییەی لاهووتی بە وەڕێخستن و ڕێبەریکردنی کۆدەتای تەورێز بەردەوام دەبێ. هەموو خاوەنڕایان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ‏هەنگاوەکانی لاهووتی بارودۆخی سمکۆ و شۆڕشەکەی زۆر بەهێز کرد‎.  ‎

‎ ‎محەممەدی تەمەددون کە دژی سمکۆ بووە، نووسیویەتی: «خەڵک کە بەهیوا بوون هێزی دەوڵەتی سمیتقۆ ڕام و بەردەست ‏بکا، کە خەبەری ڕاپەڕینی «لاهووتی» و کوژرانی «خاڵۆ قوربان» و ڕاکردن و بڵاوبوونی چریکەکانی ئەو و هاتنی سەید تەهایان ‏بیست بەجارێکی ناهومێد بوون. لەو لاشەوە کوردەکان بەو زاڵ بوونانە ئازاتر و باو خۆشتر و لەخۆباییتر بوون. ئەمجار سمیتقۆ ‏بێجگە لە بڵاو کردنەوەی ڕۆژنامەی کوردی «کورد» لە ورمێ ڕێکخراوێکی بۆ وەرگرتنی گومرگیش دروست کردبوو، لە هەر ‏شتێکی کە خەڵک لە ورمێڕا دەیانبردە شارەکانی تر (مەراغە، خۆ، تەورێز) گومرگی دەستاند و پەتەی چاپی بە کوردی دەدانێ. ‏کوژرانی خاڵۆ قوربان لە ڕۆژنامەی کوردەکان، کە بە ناوی کورد چاپ کراوە و بڵاو بۆتەوە، بەڵگەی بەنرخی تێدا هەن، ئێمەش ‏لێرەدا بڵاوی دەکەینەوە. (هێمن - پاشەرۆک؛ کارەساتی کوژرانی خاڵۆ قوربان)‏

هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە سمکۆ ڕاست بۆ هاوکاریی شۆڕشەکەی سمکۆ گەڕابۆوە بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە کوردبوون ناتوانێ هۆکارێکی پێوەندیی لاهووتی بە شۆڕشەکەی سمکۆوە نەبووبێ ئاستەمە لاهووتی ئەو هاوکاری و فیداکاریانەی تەنیا بە هۆی هەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی ئەنجام دابێ. هەرچەند مانەوە لە نێو کوردەکانی بندەستی ‏عوسمانی لەسەر لاهووتی بێ کاریگەری نەبوو و لە بڵاوکراوە کوردییەکانی ئەو بەشەی کوردستاندا چەندان شێعری بە زمانی کوردی بڵاو ‏کردۆتەوە کە نە پێشتر و نە دواتر شتی ئاوای لێ نەبیندرایەوە، بەڵام ئەو لەباری فکرییەوە کومونیستێکی توند و لەگەڵ ‏ئەوەشدا زۆر ئێرانیخواز بوو. تەنانەت لە یەکێک لەو شێعرە کوردییانەشدا کە لە گۆڤاری ژین‌دا بڵاوی کردۆتەوە، دەستی لەو ‏بانگەشەی ئێرانیخوازییە بەر نەداوە‎:‎

ئیران وەتەنی کوردە و کورد میللەتی ئیران

خەسمی لەگەڵ خاکی وەتەن زیللەت و نەنگە

هەر کەس کە دەڵێ کورد لە ئیران لێ جیا بوو،

یا خائینی کوردانە، وە یا شێت و جەفەنگە

وەک گوترا، لاهووتی کۆمۆنیستێکی توند و پێڕەوی بێ ئەملاوئەولای یەکێتیی سۆڤییەت بوو. باوەڕێک کە تا کۆتایی ژیانی پێی وەفادار مایەوە. دەگوترێ لە ١٩٢٠، واتە ساڵێک ‏بەر لە گەڕانەوەی بۆ ئێران، لە ئیستانبووڵەوە سەردانی باکۆی کردوە و وەک نوێنەری کۆمۆنیستەکانی ئێران لە کۆنفرانسێکی ئەواندا ‏بەشداریی کردوە. لەوێش لە نیزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی سۆڤییەت و کۆمۆنیستەکانی ئازەربایجان ئاشنا بووە. گومان دەکرێ ئامانجی لەو گەڕانەوەیە و هاوکاریی هێزەکەی سمکۆ بۆ شکاندن و لاوازکردنی لەشکری ئێران و دواجار وەڕێخستنی ‏کۆدەتایەکی کومونیستی لە تەورێز، لەژێر ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی بۆلشویکە تازە بە دەسەڵات گەیشتووەکانی سۆڤییەتدا بووبێ. بە ‏تایبەت کە دەبینین دوای شکان و پەنابردنی لاهووتی بۆ سۆڤییەت، لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرێ و لەو دەگمەن ‏ئێرانیانە بووە کە دوای پەنابردنی بۆ ئەو وڵاتە ئاوا بە گەرمی ڕێزی لێ گیراوە.  ‎

ژێدەر‎: ‎

کودتای لاهوتی - کاوە بیات

شەریف فەلاح؛ لاهووتی شاعیری لەبیرکراوی کورد

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ سوێدییانه‌ی دژی سمکۆ شه‌ڕیان کردووه‌ ـ حه‌مید ته‌یموری

لاهوتی و شاعران انقلابی - دکتر شروین وکیلی


۸/۰۱/۱۴۰۴

دیدار دوای ٣٥ ساڵ

  ماوەی سێ ساڵ بوو لە نەغەدە دەمخوێند کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژێکی بەهاری ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی (١٩٩٢) لەسەر پۆلی خوێندن هەڵیانهەستاندم و لە دەفتەری سەرۆکی خوێندنگە، دوای هێندێک و تانە و تۆمەتبارکردن، پەروەندەکەمیان لەبن هەنگەڵ نام و بۆ هەمیشە لە خوێندن بێبەری و بێبەشیان کردم. 

من بێجگە لەوە کە قوتابییەکی سەربزێو بووم و لە چالاکییە هونەرییەکاندا بە ڕەنگ و بۆی کوردانەوە بەشداری و زۆر جاریش سەرپەرەستیم دەکرد، کارێکی ئەوتۆم نەکردبوو. بەڵام ئەوان لێم بە گومان بوون. پێیان وا بوو خوێندکارەکان هان دەدەم، پێیان وا بوو نووسەری درووشمی سەر دیوارەکانم و مانەوەی زیاترمیان بە قازانجی خۆیان و نیزامیان نەدەزانی. 

بەبێ ئەو دەرکردنەش، من ئۆگرییەکی ئەوتۆم بە خوێندن نەمابوو. باری سیاسی و خەفەقانی زاڵ بەسەر شاری نەغەدە و دۆخی پڕ لە ستەم و هەڵاواردنی بەڕێوەبەریی هونەرستان و وانە ناتەباکانی کشتوکاڵ لەگەڵ ئۆگریی زۆری من بە شێعر و ئەدەبیات، ڕۆحی خوێندنیان تێدا نەهێشتبووم. لەگەڵ ئەوەشدا بە بیستنی ئەو بڕیارە زاڵمانەیە و بێبەش کرانم لە خوێندن ڕاچڵەکام. وەک گۆزەیەک ئاوی ساردم بەسەردا بکەن، حەپەسا بووم بەڵام بەرگرییەکی ئەوتۆم لە خۆم نەکرد. نە غروورم ڕێگەی دەدا لەبەریان بپاڕێمەوە و نە هومێدێکم بە پاشگەزبوونەوەیان لەو بڕیارە هەبوو. دەمێک بوو هەڵیاندەسووڕاندم و ئازاریان دەدام و پێشبینیی ئەو ڕۆژەم کردبوو.

 نەغەدە شاری هاوبەشی کورد و تورکە بەڵام هەموو دەسەڵاتە ئیداری و بەڕێوەبەرییەکانی شار ئێستاش هەر لەدەست تورکەکاندایە. لە قوتابخانەکەی ئێمەشدا هەمان بەزم بوو. تەواوی بەرپرسان و کاربەدەستان، نیزیک بە تەواوی مامۆستاکان و تەنانەت ئاشپەز و سەرایەدار و.. تورک بوون. ئەگەر بە دەگمەن مامۆستایەکی کورد ڕێی لە هونەرستانەکەی ئێمە کردبا، بە هەموو توانای خۆی حەولی دەدا کوردبوونەکەی بشارێتەوە. زۆربەی کاربەدەستەکانی قوتابخانە پاسدار و چەکداری دەسەڵات بوون و ڕابردووی پیس و قرێژیان لە سەرکوتی کورداندا هەبوو. چەندانیان لە کوشتاری گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتاندا بەشدار بوون و دەستیان بە خوێنی خەڵکی بێتاوانی کورد سوور بوو. هی وایان تێدا بوو کە دەگوترا چەند کوردی هەر بە تەور کوشتبوو. 

ئێمە زۆربەمان مناڵی لادێ بووین کە لە دێهاتەکانی بۆکان، تیکاب، ساینقەڵا، میاندواو، مەهاباد، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ و نەغەدەوە لەوێ یەکمان گرتبۆوە. قوتابخانە بەشێوەی ٢٤ سەعاتە بەڕێوە دەچوو و ئێمە کە لە شارەکانی دیکەوە هاتبووین، شەوانەش لە خەوتنگەی هونەرستانەکە دەماینەوە و خواردنیشمان لەسەر قوتابخانە بوو. لەڕاستیدا هەژاری و کەمدەرەتانی ڕۆڵی سەرەکیی لە کۆبوونەوەمان لەو شوێنەدا هەبوو. هۆی ئەوەش کە ئەو ڕێژە زۆرەی منداڵی کورد لەو شوێنە وەرگیرابوون، بێ مەیلیی تورکەکان بە خوێندن لەو بوارە و لەو شوێنە بوو. تێبینی و پێشبینیی ئەوانیش درووست بوو و دواجار زۆربەی قوتابییەکانی ئەو هونەرستانە نەیانتوانی بگەنە زانستگا و ئێستا بە کار و کاسبیی دیکەوە خەریکن. 

 دێهاتەکانی ئەو کاتی کوردستان هێشتا کانگای پێشمەرگە بوون یان لانیکەم ئاسەواری سەردەمی دوای ئینقلاب و دەسەڵاتی حیزب و پێشمەرگە لەسەر بیر و زەینماندا مابوو. ئێمە وەچەیەک بووین کە چاو و گوێمان بە پێشمەرگە و شەڕ و شەهید و بەرخۆدان و سروودە نیشتمانییەکان کرابۆوە. لەنێوماندا تەنانەت ئەو منداڵانەش هەبوون کە باوک یان کەسوکاریان بەدەست بەرپرسان و کاربەدەستە چەکدارەکانی هەمان ئەو قوتابخانەیە شەهید کرابوون. شاری نەغەدەش هێشتا ئاسەواری شەڕی تورک و کوردی بەسەرەوە مابوو. ئەمانەش ڕۆحی بەرخودان و تەسلیم نەبوونی لە ئێمەدا پتەو کردبوو. کاربەدەستانی قوتابخانە ئەوانەیان لە ئێمە باشتر دەزانی. ڕووداوەکان ئەگەر کاریگەرییان لەسەر بیر و زەینی ئێمە دانابوو، ئەوان بۆخۆیان بکەر و تاوانبار بوون. بۆیەش زۆر بە چڕی چاویان لە سەرمان بوو و دۆخێکی پۆلیسی و ئەمنییەتییان بەسەر قوتابخانەدا خوڵقاندبوو. لە هەر ڕێگایەک هەوڵیان دەدا دزە بکەنە ناومان و جاسووس و سیخوڕمان لەسەر ساز بکەن بەڵام بە دەگمەن وا هەبوو کەسێکیان بۆ ڕازی بکرێ. خۆ ئەگەر کەسێکیش لە ئێمە گومانی تەسلیم بە داوای ئەوانی لەسەر با، ئەوە بەتێکڕا دەنگمان لێ دەگۆڕی، بە یەکجاری بایکۆتمان دەکرد و لە خۆمان هەڵداوارد. بانگەشە و تەبلیغاتەکانیان زەڕڕەیەک کاری لێمان نەدەکرد. خۆمان لە بەشداری لە نوێژ و تاعەتە زۆرەملێکانیان دەشاردەوە. ئەگەر جارێک لە جارانیش ناچار بە نوێژکردنیان کردباین، فشەمان پێی دەهات و بە گاڵتە تێماندەپەڕاند. ئەگەر لە جێگایەک ڕێگایان بە خوێندنەوەی سروود یان شێعر و هەر جۆرە جموجۆڵێکی هونەری دابا، ئەوە هەوڵمان دەدا فێڵیان لێ بکەین و کوردایەتیی خۆمانی تێدا بنوێنین. بۆ وێنە سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی" و سروودەکانی نەجمە و ناسرمان لەجێی سروودە حکوومەتییەکان دەخوێند و هەمیشە هەوڵمان دەدا بە کەواوپاتۆڵ و جلی کوردییەوە دەربکەوین. لە کۆتاییدا ئەوانیش لێمان لە فێڵ کەوتن و بڕیاریان دا کە لەکاتی سروود خوێندنەوەدا دەبێ وێنەی خومەینی و خامنەیی بە دەستەوە بگرین. دوای ئەو بڕیارە، منیش قوونەدزەم لێ کرد و وازم لە سروود خوێندن و کەلک وەرگرتن لەو دەرفەتانە هێنا.  

هەڵسوکەوتی بەرپرسان ئەو کاتە خراپتر بوو کە بەیانییەک چاومان بەو هەموو درووشمە کردەوە کە لەسەر دار و دیواری قوتابخانەکە نووسرابوو. شەوی دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بوو و دیوارەکان بە درووشمگەلی وەک "پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان" و "بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی" و.. ڕازابوونەوە. ئەگەرچی دەبوو هەستی خۆمان لە حاند ئەو چالاکییە بشارینەوە بەڵام زۆربەمان لە دڵدا ئەو بەزمەمان پێ خۆش و بە نیشانەی مان و سەرکەوتنمان دەزانی. لە بەرامبەردا قوتابخانە بەو ڕووداوە شڵەژا و بەرپرسان تووڕە و هارووژابوون. هەر زوو پاچ و پێمەڕە و کیسەیەک گەچیان دایە دەست دوو لە کوڕەکان کە شارەزاییان لە قوڕەکاریدا هەبوو، تا بەخێرایی درووشمەکان لەسەر دیوارەکان پاک بکەنەوە. ئەوانیش ڕەنگە بە ئانقەست، حاستی نووسراوەکانیان دەکڕاند و جێگاکەیان بە گێچی تازە پڕ دەکردەوە. بەجۆرێک کە هێشتا درووشمەکان بە ڕوونی دیار و دەخوێندرانەوە. من نە دەستم لەو نووسینانەدا هەبوو و نە دەشمزانی کێ نووسیونی بەڵام لەبەر سەربزێویی زۆر و سەروکارم لەگەڵ کتێب و نووسینی کوردی و کوردیپۆشیی بەردەوام،  ڕەنگە لە یەکەم کەسەکان بووم کە گومانم کەوتە سەر. چەند جار بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کرام و زۆریان هەڵسووڕاندم بەڵام نە چم لە خۆمدا شک دەبرد و نە هیچم دەزانی. لێ ئەوان دەبوو کەس یان کەسانێک لە ئێمە وەک بکەر بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەستنیشان بکەن و نەیاندەتوانی ئەو سەرکێشییە قەبووڵ بکەن. هەر ئەوەش بوو کە لەڕێی گوشار و بوغزاندن و بیانوو پێ گرتن و دەرکردن یەکە بە یەکە هەموو ئەو کەسانەیان لە خوێندن بێبەش کرد کە بە جۆرێک گومانیان لێیان هەبوو. 

کە لە قوتابخانە دەرکرام، تەمەنم گەیشتبووە ١٨ و لەژێر ئەو هەموو زوڵم و ستەم و هەڵاواردنەدا، دەمێک بوو بڕیارم دابوو ببم بە پێشمەرگە. ئەوە بوو کە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا گەیشتمە باشووری کوردستان و لە ڕیزی پێشمەرگەدا خۆم دۆزییەوە. یەکەم شوێنیش کە چووم، بنکەی هێزی گیاڕەنگ و کۆمیتەی شارستانی سەردەشت بوو کە لەوێ حوسێن محەممەدزادەم دیتەوە. حوسێن لە قوتابخانەیەکی دیکە دەیخوێند بەڵام شەوانە لە قوتابخانەکەی ئێمە دەمایەوە. نازانم چۆن زانیم کە بەر لە من بووە بە پێشمەرگە. ماوەیەک دواتر بیستمەوە تاهیر بوداغی‌ش کە بە بنەماڵە کۆمەڵە بوون، هاتووە و چوەتە ناو کۆمەڵە. هەروەها چەند ساڵ دواتر عەلی دلسووز کە خەڵکی زێوکەی پیرانشار و لە دەبیرستانەکەی حوسێن دەیخوێند، بوو بە پێشمەرگەی حیزب.  

ئەمساڵ، ٣٤ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێدەپەڕێ کە من قوتابخانە و کۆڕی دۆستانم  بەجێ هێشت. گەرچی نەپەرژام ماڵاواییان لێ بکەم و لەو نیزیک بە یەکساڵەشدا کە مامەوە نەمتوانی سەردانیان بکەم بەڵام لە پێشمەرگایەتی سەردانی ئاوایی هەر کامیانم کردبا، پرسیاری ماڵیانم دەکرد. ئەگەر نەشمتوانیبا بیانبینم، نامەیەکم بۆ دەنووسین. لە دەرەوەی وڵات و لە سایەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، لەو ماوەیەدا توانیبووم پێوەندی لەگەڵ چەند کەسیان بگرم بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا لەلایەن یەکێک لەو دۆستانەوە لینکی کاناڵێکی تێلگرامییان بۆ ناردم کە بۆ لە دەوری یەک کۆبوونەوەی قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە و دۆزینەوەی هاوڕێیانی ئەو سەردەم داندرابوو. کە سەردانم کرد، زۆربەیان وێنەی ئەو کات و ئێستایان دانابوو. هەموویان گۆڕابوون. هێندێکیان زیاتر و بەشێکیان کەمتر بەڵام سەرجەممان پیر بووین، کار و کوێرەوەریی ژیان ماندووی کردووین، مناڵ دەورەیان داوین، بەشێکیان تەنانەت نەوەشیان هەیە. 

فەردین محەممەدشاهی کە ئێستا لۆریی باری پێیە، قەڵەو بووە بەڵام هەروا بەخۆی ڕادەگا و پیریی لەخۆی دوور کردۆتەوە. مووی سەری ڕەنگ دەکا و بەپێچەوانەی ئەوکات، سمێڵیشی پاک دەتاشێ. لە قسەکردندا هەر وەک خۆیەتی. ئەو ئێوارە درەنگانەی وەبیر هێنامەوە کە بە دۆڵی کویلاباددا بە یەکەوە چووین بۆ ڕەحیمخان. بۆ سبەی تاهیر بداغیش لەگەڵ حامید عەرەبی و کەبیر شێخ تۆفیق و مستەفا حاجی ئیسماعیلزادە کە هەموویان خەڵکی ڕەحیمخانن، هات و دوو شەوی زۆر خۆشمان لەگەڵ ئەوان تێپەڕ کرد. 

مۆحسین شەریفی کە فەردین ئێستاش بە "مەحسین" بانگی دەکا، گڕووپەکەی ڕێک خستووە، لە هەمووان جوانتر و جەوانتر ماوەتەوە. خەڵکی خاتوونباغی ناوچەی محاڵی مەهابادە. لە زمان دایکیەوە چەند جار وەبیری هێنامەوە کە شەوێک بە پێشمەرگایەتی میوانیان بووم. دایکی لوتف و ڕێزی زۆر دەنوێنێ بەڵام من ئەو سەردانەم زۆر بە دەقیقی لەبیر نییە. 

محەممەد نیعمەتی‌م بە دەموچاوە خاڵخاڵییەکەی لەبیرە. منداڵی گوندی خەتایی لە ناوچەی چۆمی مەجیدخانە. جارێک بە پێشمەرگایەتی چوومە خەتایی و سەردانی ماڵی ئەوانیشم کرد. خۆی لەماڵ نەبوو بەڵام بە خوشکەکانیدا نامەیەکی دۆستانەم بۆ نارد. محەممەد ئێستا لە مەهاباد بونگای کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەی هەیە. قەڵەو بووە بەڵام زۆر نەگۆڕاوە.  

حەمەدەمینی دوودکانلووی میلان پیریی زیاتر پێوە دیارە. مووی سەری ڕووتاوەتەوە و سمێڵێکی ئەستووری داناوە. ئەگەرچی لەدایکبووی کۆسەکەرێزی نێوان مەهاباد و نەغەدەیە بەڵام لە بنەڕەتدا لە هۆزی دوودکانلوویە و ئێستاش بە قەڵافەت هەر چۆتەوە سەر ڕەگەزی کوردانی هەرێمی ماکۆ و سەڵماس. بەداخەوە کچێکی جوانەمەرگ بووە و ئەوە هۆکاری زیاتری پیربوونەکەیەتی. لە قسەکردندا بڕێک بەپەلەتر بووە بەڵام هەروا گەرم و بەڕێزە. 

ڕەحمان کە ئامۆزای حەمەدەمینە، وەک ئەو سەری ڕووتاوەتەوە. هەروا کەم قسە و بەڕێزە. لە لای تاران لە کارخانەیەک خەریکی کارە و کەمتر دەتوانێ بێتە سەر خەت.  

حوسێن کەریمی خەڵکی هەباساوای بۆکان و وەک دەڵێ ئێستا نیشتەجێی داشبەندە. سەری بەتەواوی سپی بووە و وەک پیاوانی قەدیمی لای خۆمان سمێڵێکی ئانکاردی داناوە. چەند وێنەی بە ڕانکوچۆغەوە دانا کە سیمای پیاوێکی گەڕاوە و کەیخودای گرتووە. کەیخودایانە دەدوێ و وەک پیاوی سوڵح و ئاشتی، مەجلیسیانە قسە دەکا. لە قسەکردندا هەروا بەڕێز و قسە نەقاڵە. ئێستا خەریکی کشتوکاڵە و بە بەریەوە سەودای تراکتۆر و ئاسنەواڵەش دەکا.  

حامید عەرەبی کەم پەیدایە. پیریی پێوە دیارە و عەینەکە ئەستوورەکەی پیرتری کردووە. تا ئێستا بە دەگمەن دەرکەوتووە. 

حامیدی حەمە بەگی سەری ڕووتاوەتەوە و ئەگەرچی جارێکی چاندۆتەوە، بەڵام چی پێوە دیار نییە. ئەویش وەک حامید عەرەبی هەروا عەینەکییە. لە قسەکردندا هەروا وڕێنەی هەیە و جاروبار بێ سەرەوبەرە قسە دەکا بەڵام سادە و پاک و بێ فێڵ دەدوێ. چەند وێنەی ئەو سەردەمی بۆ ناردمەوە کە زۆرم پێ خۆش بوو. باسی ئەوەشی کرد کە پێشتر هیوای برام چووەتە لای و کۆپی لە وێنەکان هەڵگرتووە. حامید لە بۆکان بونگادارە. 

برایمی سولەیمان جەهان وەک حامید حەمە بەگی خەڵکی تیکانتەپەی فەیزوڵڵابەگی‌ی بۆکانە. زۆر زیاتر لە تەمەنی خۆی پیر بووە. مووی سەری بە تەواوی ڕووتاوەتەوە و ڕدێنی مووی ڕەشی تێدا نەماوە. وەک ڕەحمانی دوودکانلوو لە تاران کار دەکا و وا دیارە هەردوویان ناپەرژێن زۆر بێنە سەر خەت و قسە بکەن. 

عەلی بابەکری لە ئێمە منداڵتر بوو بەڵام بەردەوام هەوڵی دەدا زیاتر لێمان نیزیک بێتەوە و دۆستایەتیمان بکا. ئێستاش هەروا لوتفی زۆری بۆم هەیە. ئەو سروودانەی وەبیر هێنامەوە کە ئەو سەردەم وەک گڕووپی سروود دەمانخوێند. دەیگوت دواتر بیرم لەوە دەکردەوە کە ئێمە بە خوێندنەوەی ئەو شێعرە نیشتمانیانە چاوەڕوان بووین جایزەشمان بدەنێ! عەلی ئێستا دەفتەری تاپۆی هەیە. 

عوسمان مەحموود زادە جوان ماوە. زۆرتر هەر بە شایی و داوەتانەوەیە. ئەو شێعرانەی لەبیر مابوون کە کاتی خۆی بۆم دەخوێندنەوە. داوای شێعرێکی خۆمی لێ کردم و منیش شێعری تەونم بۆ خوێندنەوە. عوسمان لە دەگمەن قوتابییەکان بوو کە دوای چەند ساڵ زەحمەت توانی بچێتە زانکۆ و لە زانستگای تەورێز خوێندی. ئێستا مامۆستای دەبیرستانە و هاوکات پارێزەریشی خوێندووە. 

حەسەن عەبدوڵا نەژاد کە ئەو کات زیاتر لەگەڵ عوسمان مەحموودزادە دەبوو، گۆیا لە سەردەشت مامۆستای قوتابخانەیە. جوان و جەوان ماوە و لوتفی زۆری بۆم هەیە. حەسەن گێڕایەوە کە زۆر زوو بۆ زانکۆ قەبووڵ بوو و لەگەڵ کوڕێکی تورک کە ئەویش قەبووڵ ببوو، بانگیان کردە دەفتەری دەبیرستان. قەدر و ڕێزێکی زۆری کوڕە تورکەکەیان گرت بەڵام بە منیان ڕاگەیاند کە حەتمەن هەڵەیەک کراوە دەنا تۆ قەبووڵ نابی. پاشان بۆ ئەوەی پێشی چوونە زانکۆم بگرن، نمرەی دەرسی پراتیکیان لێ هێنامە خوارێ و کردیان بە ٨!

ئەیوب ئالانی ڕدێنی زۆر سپی بووە. کوڕی باشە و لوتفی زۆرە. لە قسەکردندا زۆر فارس زەدەیە. لە وێنە و ڤیدیۆیانەی دایدەنێ، دیارە کە بنەماڵەیەکی کراوەی هەیە. خەریکی سازکردن و فرۆشتنی خانووبەرەیە. 

ڕەسووڵ هیندوو خەڵکی ئیندرقاشە. لەگەڵ ئەمیری هیندوو دوو برای ئاوەڵدوانە و زۆر بە ئەدەب و ڕێکوپێک بوون کە دواتر هاتنە دەبیرستان. باس لەوە کرا کە بەداخەوە ئەمیر کۆچی دوایی کردووە و ئەوە ئەمیری تەواو تێکشکاندووە. کرانەوەی ئەو گڕووپە ڕەسووڵی هەم خۆشحاڵ کردووە و هەمیش بیرەوەرییەکانی ئەمیر ئازاری دەدا. 

لوقمان سەلیمی خەڵکی قەڵاتەڕەشی پیرانشارە. کوڕێکی سوور و سپیی جوانکیلە بوو. لە من منداڵترە و دواتر هات بەڵام لە وێنەکەیدا زۆر پیر و تێکچڕژاوە. بەڕێز و خاوەن هەست دەردەکەوێ. ئێستا مامۆستای قوتابخانەیە. 

حەسەن غەفووری خەڵکی بۆکانە و لە باسکۆڵ خەریکی کڕین و فرۆشی گەنمە. وەک ئەو کات کورت و پڕ لە خۆشەویستی قسە دەکا. کەمتر دێ بەڵام ئەگەر هات بە گەرموگوڕی دێ. 

عەلی ئامانی خەڵکی حەمامیانە. وەک ئەو کات بەڕێز و پیاوی مەجلیسە. زۆر شتی وردی ئەو سەردەمی لەبیر ماوە. 

مستەفا خەلیلی خەڵکی گەرگوول و دانیشتووی نەغەدەیە. وا دیارە زیاتر خەریکی شاخەوانی و گەڕانە. جوان ماوە و هەروا ئۆگری موزیک و گۆرانییە. 

سەلاح ئیسماعیلی کە خەڵکی دایماو بوو، بڕێک بە لالووت دەرکەوت. ڕەنگە ڕقی ئەو کاتی لە دڵدا مابێ کە بە بوونی من و تاهیر بداغی زۆر دەرفەتی دەرکەوتن لە گڕووپی سروودی‌دا نەبوو. قەرارە کچێکی بەم زووانە شوو بکا و لە کوڕەکانی گێڕاوەتەوە بەشدار بن تا بتوانن یەکتر ببیننەوە. 

ئەسعەد محەممەدزادە خەڵکی دەلیکداشی ناوچەی شاماتە و لە مەهابادیش جیران بووین. لەبیرمە لە خانوویەکی نیوەسازدا لەگەڵ خوشکەکەی دەژیان. قژە سوورەکەی ڕووتاوەتەوە بەڵام جوان ماوە. 

ئەنوەر مێهرفام خەڵکی دەڵاوانی پیرانشارە. بەردەوام بە کەواوپاتۆڵی مرادخانییەوە وێنە دەنێرێ. کەم قسە دەکا و کە قسەش دەکا هەموو جارێ نیوەی بە چاکوخۆشییەوە تێپەڕ دەکا. 

فەرەیدوون پیشدار ئامۆزای ئەنوەرە. ئێستا لە ئاڵمانە و من پێشتر جارێک لە نۆروێژ، لە جێژنێکدا تووشی بووم. وەک دەڵێ زۆر پڕ کارە و کەمتر قسە دەکا. 

سولەیمان پادیر خەڵکی ساینقەڵا بوو کە ئێستا نیشتەجێی بۆکانە و دووکانی گۆرەوی فرۆشی داناوە

وەلی ئەنواری لەگەڵ ئەحمەد ئەحمەدی خەڵکی تیکابی هەوشار بوون. هەبوونی کوردی ئەو دوورە دەستە بۆمان سەرنج ڕاکێش بوون. ئەحمەد زیت و وریاتر بوو بەڵام وەلی کەمدوێ و گۆشەگیر بوو. زۆر جار سەرمان بەسەریدا دەکرد، دەیگوت نازانم شیعەم یان سوننیم. تەنانەت کورد و تورکەکەشی زۆر ڕوون نەبوو بەڵام ئێستا کە دەیبینمەوە، وەلی لە هەمووان کوردترە. دەنگیم نەبیستووەتەوە بەڵام بە کوردییەکی جوان، پەتی و ڕەوان دەنووسێ. زۆر جار کوڕەکانی دیکە لەسەر فارسی نووسی سەرکۆنە دەکا و وشیاریان دەکاتەوە. وەلی توانی بچێتە زانکۆ و وەک خۆی دەڵێ ئەوە ٢٦ ساڵە بەرپرسی بەشی ئاژەڵداریی ئیدارەی کشتوکاڵی تیکابە.   



 



تۆ دەریامی؛ چیڕۆکی باوەش پێکداکردنی شێعر و ئاوازێک

 

هونەر لەنێو نەتەوەیەکی بندەستدا پێش ئەوەی ئامرازی خۆشی یان خەم بێ، هەڵگری پەیامە. پەیامێک کە لە دەردی کۆمەڵگەکەی خۆی دەدوێ و هەوڵ دەدا بانگی ئازادی و سەربەستیخوازیی ئەو گەلە بە گوێی دنیا بگەیەنێ. شاعیران بە دروست‌ترین و  هەست بزوێن‌ترین شێوە ئەو پەیامانەیان لە شێعری خۆیاندا گونجاندوە لێ، نووسینی شێعر هەمیشە ڕێگایەکی ڕاست و ڕەسا بۆ گەیاندنی پەیامی شێعر نییە. هەمیشە ئەو شێعرانە زیاتر گوڵ دەکەن کە ئاوازیان لەسەر دادەندرێ و دەبن بە گۆرانی یان سروود.    

پێوەندیی نێوان شێعر و گۆرانی لە مۆسیقای کوردیدا، لە یەکەم تۆمارە دەنگییەکانەوە کە بۆمان ماوەتەوە بەرچاوە. ڕەنگە یەکەم دەنگ، دەنگی میرزا جەوادی قازی و گۆرانیی "زوڵفت بە قەدتدا کە پەرێشان و بڵاوە" بێ کە شێعری نالییە. سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی گرینگییەکی یەکجار زۆری بە وتنەوەی شێعری شاعیرانی کورد هەر لە بابەتاهیرەوە تا تاهیربەگ لە گۆرانی و مەقامەکانیدا داوە و زۆر جار وەستایانە شێعری چەند شاعیری لە گۆرانییەکدا بەکار بردوە. نموونەی دواتر گۆرانیی "بەهاران چ مەحزوون" بە دەنگی مەلا کەریمی سابڵاغی‌یە کە شێعری میسباحودیوانی ئەدەبە. لە قۆناغی دواتردا شێعر لە گۆرانییەکانی تاهیر تۆفیق و حەمەساڵح دیلان و ئەوانی‌تردا ڕەنگدانەوەی زیاتر و ڕێکوپێکتری هەیە و ئەوان هەروەها بە گوتنەوەی شێعری وەک شیرین بەهارەی برایم ئەحمەد یان ئەژدەهاکی گۆران، بەرگی خەبات و تێکۆشانی سیاسی دەکەنە بەر گۆرانییەکانیان و پەیامی سیاسیی شێعر بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەگوازنەوە. قوتابخانەیەک کە بە تایبەت لە سەروبەندی شۆڕشی ساڵی ١٩٨٧ و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران، بە ڕادەیەکی زۆر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گواسترایەوە. 

لە دەیەی چلی زایینی بە دواوە، بەرەبەرە ڕەوتی نوێبوونەوەی شێعری کوردی لەباری فۆرمەوە دەستی پێکرد و شاعیرانی کورد بە پێشەنگایەتیی گۆران، شێخ نووری شێخ ساڵح و هیتر لە باشووری کوردستان هەوڵیان دا شێعر لە بەند و بەستی عەرووز و سەروا ڕزگار بکەن. دوو دەیە پێشتر شێعری فارسی لەسەر دەستی نیما یوشیج ئەو ڕەوتی نوێبوونەوەیەی دەست پێ کردبوو. لە سەرەتای دەیەی شەستی هەتاویدا، لە ژێر کارتێکەریی ئەو دوو گۆڕانکارییە ئەدەبییەدا، ڕەوتی نوێبوونەوەی شێعر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پەلی هاویشت و هەر سێ شاعیری نوێخواز هاوار، چاوە و سوارە بە یەکەوە ئەرکەکەیان بە ئەستۆ گرت. 

ئەگەرچی ئەدەبی زارەکیی کورد لە شێوەی بەیت و حەیران و لاوک وهیتردا لەگەڵ ئەو فۆرمەی کە بە ناوی شێعری نوێ هاتە ئاراوە، نامۆ نەبوو بەڵام دەرکەوتنی شێعر بە فۆرمێکی جیاواز لەوەی تا ئەودەم باو بوو، بە ئاسانی لەلایەن کۆمەڵگەوە وەرنەگیرا و زۆرێک لە شاعیران و ئەدیبانیش تا درەنگانێک دانیان بە شێعرایەتیی ئەو جۆرە شێعرەدا نەدەهێنا. فۆرمە نوێیەکە هەروەها لەگەڵ ئەو شێوازەش ناتەبا بوو کە هەتا ئەو کات و ئێستاش لە تێکستی گۆرانی و مۆسیقای هاوچەرخی کوردی و نەتەوە جیرانەکانیشدا باوە. ئاوازدانەران خوویان بە شێعری کێشدار گرتبوو و گۆرانیبێژان گەروویان بە شێعری سەروادار ڕاهاتبوو. هەر بۆیە شێعری نوێ زۆر درەنگتر جێگای خۆی لە نێو ئاواز و گۆرانیی گۆرانیبێژان و مووزیکزاناندا کردەوە. 

هەرچەند شێعر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درەنگتر ڕەوتی نوێبوونەوەی خۆی دەست پێکرد بەڵام شێعری نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زووتر خۆی لەنێو ئاواز و گۆرانیدا دیتەوە. ئەویش دەرەنجامی هاوکاری و هاوڕێیەتیی نێوان بەنێوبانگترین شاعیری نوێخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە سوارە ئیلخانی‌زادە و هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەزیزی شاڕوخ بوو. 


کاتێک لە سەرچاوەکانی هونەری مۆسیقا و گۆرانیی هونەرمەند عەزیزی شاڕووخ ورد دەبینەوە، دەبینین لە بادینانەوە جۆبارێک لە دەنگی کاوێساغا و حەسەن جزراوی، لە سنە و هەورامان و ئەردەڵانەوە دەراوێک لە دەنگی عەلی ئەسغەری کوردستانی، لە باشووری کوردستانەوە چەند سەرچاوەی ڕوون لە دەنگی تاهیر تۆفیق و حەمەساڵح دیلان، تێکەڵ بە کانیاوە ڕوونەکانی فۆلکلۆری ناوچەی موکریان بوون و ئەو ڕووبارە خوڕێنەیان پڕ ئاو کردوە، بەڵام سەرچاوەکانی هونەری گۆرانیی هونەرمەند شاڕوخ تەنیا هەر ئەوانە نین. کەسانی دەستڕەنگینی ئەوتۆ هەبوون کە لە نیزیکەوە ئاواز و تێکستیان بۆ گۆرانییەکانی داناوە و بۆخۆشی گەلێک شەستەبارانی لە ئاواز و تێکستی نوێ بەسەر ئەو ڕووبارەدا باراندوە. وێڕای ئەوە چەندان ئاوازیشی لەسەر شێعری شاعیرانی بەنێوبانگ داناوە کە ئەوە بەشێکی زۆر گرینگی هونەری ئەو هونەرمەندە پێکدەهێنێ. مەقامی "تۆ دەریامی" کە لەسەر شێعرێکی نەمر سوارە ئیلخانی‌زادە بە هەمان ناو داندراوە، یەک لەو ئاواز و گۆرانیانەیە کە لە جۆری خۆیدا کەموێنەیە. ناوێک دوا جار بۆ ئەو کتێبەش هەڵبژێردراوە کە بەسەرهات و گۆرانییەکانی عەزیزی شاڕوخی تێدا کۆ کراوەتەوە.

لەنێو خەرمانی گۆرانییەکانی شاڕوخ‌دا گەلێک گۆرانی و سروود و ئاوازی بەناوبانگی وەک زەمانە، نامەی یار، ترۆپکی ڕزگاری، ڕەنجی هەژاری و هیتر هەن کە ڕەنگە لەنێو خەڵکی ئاساییدا لە "تۆ دەریامی" بەنێوبانگتر، لەگەڵ ئەزموونی ژیانی پڕ لە ئازاری هونەرمەند گونجاوتر و، بۆ ناوی کتێبێکیش بەو ناوەرۆکە سەرنجڕاکێش‌تر بن. بۆیەش هەڵبژاردنی ناوی ئەو گۆرانی یان مەقامە لەنێو ئەو هەموو گۆرانییە بەناوبانگەکەدا و، ئەو ناوە لەنێو ئەو هەموو ناوە گونجاوەدا، گرێی پرسیارێک بوو کە پێویستی بە کرانەوە هەبوو.  

لە پێشەکییەکی کتێبی "تۆ دەریامی‌"دا کە بە قەڵەمی یۆسف ئەحمەد، نووسراوە، لە زمان هونەرمەند خۆیەوە ئاماژە بەو گرینگییە کراوە و هاتوە: "نەمر سوارە زۆر بە تاسەوە بوو کە ئاهەنگ بۆ یەک لە شێعرەکانی دابنێم و بیبیسێ. تەنانەت زۆر جاران دەیگوت: پێم خۆشە یەکێک لە شێعرەکانم بکەی بە گۆرانی. منیش شێعری تۆ دەریامی ئەوم کرد بە گۆرانی بەڵام بە داخەوە ئەجەل مۆڵەتی پێ نەدا و هەر ئەو ڕۆژەی کە تۆمارم کرد، فەوتی کرد. هەر بۆ شادی ڕوحی شاعیری پایەبەرز و نەمری کورد، کاک سوارە، ناوی کتێبەکەشمان ناوە "تۆ دەریامی". تۆ دەریامی هەم شێعرێکی شاکارە و هەم ئاهەنگێکی شاکار."

بەو پێیە ئاوازی تۆ دەریامی بەرهەمی ڕاستەوخۆی دۆستایەتیی نێوان سوارەی شاعیر و شاڕوخی هونەرمەندە بەڵام ئاخۆ ئەوان چۆن و لە کوێ بە یەکەوە ئاشنا بوون، پێوەندیی و دۆستایەتییان چۆن بوو و ئاوازی تۆ دەریامی کە ڕەنگە بە یەکەم ئاواز لەسەر شێعری نوێ دابندرێ، چۆناوچۆن لەدایک بوو.

 

 لە ژیاننامەی هونەرمەند عەزیز شاڕوخدا کە بە قەڵەمی خۆی نووسراوە، هاتوە؛ "لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لەلایەن ساواکەوە قۆڵبەست کرام و بۆ ماوەی سێ ساڵ واتە هەتا ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە بەندیخانە مامەوە."

دەزانین ئەوە هەمان ساڵ و هەمان ئەو شەپۆلی قۆڵبەستکردنەیە کە تێیدا سەدان تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە نێویاندا سوارە و چاوە و هاواریش وەک سێکوچکەی نوێکردنەوەی شێعر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەبوون، دەستبەسەر کران و بۆ چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی پاشایەتی گواسترانەوە. بەو پێیە سەرەتای ئاشنایەتیی شاڕوخ و سوارە بۆ ساڵی ١٩٦٤ی زایینی دەگەڕێتەوە. ئەو کاتەی هەردووکیان وەک دوو تێکۆشەری سیاسی، بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەو ڕێگایەشەوە پشتیوانی لە شۆڕشی باشووری کوردستان، لەلایەن دەزگای ڕەشی ساواکەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی تاران دەکرێن. پاش چەند مانگ هێشتنەوەیان لە زیندانە تاکەکەسییەکاندا، بە مەودایەکی جیاواز، هەردووکیان بۆ زیندانی قزڵحەسار دەگوازرێنەوە. وا دیارە شاڕوخ زووتر بۆ ئەو زیندانە گواستراوەتەوە، چونکە وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، ئەو، لەوێ دەبێ کە لە زمان عەلی حەسەنیانی‌ (هاوار) و کەسانی دیکەوە خەبەری هاتنی سوارە دەزانێ. شاروخ، سوارە ناناسێ و حەسەنیانی تاریفی ئاستی بەرزی زانایی و توانایی ئەوی بۆ دەکا: "کە سوارە هات، بە گۆچان دەڕۆی. پرسیاری کرد؛ عەزیزی شاڕوخ لە کوێیە؟ فەقەت دەچمە کن وی! منیش بەرەوپیری چووم و لەلای دانیشتم. گوتی من تا لە زیندانێ بم، لە تۆ جودا نابمەوە."

ئەو دیدارە و ئەو قسەیە و ماوەیەک هاوبەندبوون و مانەوە لە پەنای یەکتر، شەتڵی خۆشەویستیی سوارە لە دڵی شاڕوخدا دەگوورێنێ و وەک خۆی دەڵێ هەمیشە یادی کردوە و شێعرەکانیشی قەت لەبیری ئەو ناچن. بۆ ئەوەش کە ئەو ڕاستییەمان پێشان بدا، هەرچەند بڕێک بە زەحمەت کۆپلەیەک لە شێعری "کچی بەیان"ی وەبیر دێتەوە و بۆمان دەیخوێنێتەوە. شێعرێکی دیکەی سوارە کە شاڕوخ لە کۆتایی دەیەی شەستی هەتاویدا بە مەقام گوتی و زۆری دەنگ دایەوە:

خۆشەویستەکەم!

لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە

لە حەنجەرەی زەمانەوە گوێم لە زەمزەمەی خیزە وردەکانی کانییە

 سوارە بێجگە لەو دیدارە کە تێیدا ڕێز و خۆشەویستیی زۆری خۆی بۆ شاڕوخ دەردەبڕێ، لە چەند فایلی گۆرانی بە دەنگی خۆی، شێوازی گۆرانی گوتنی شاڕوخ و لاسایی کردنەوەی ئەو بە ئەدای دەنگیەوە دیارە. ئەوەش دەریدەخا کە سوارە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی خۆی و هاوار و چاوە بۆ نوێکردنەوەی شێعر، هیوای ئەوەی لە هونەر و دەنگی شاڕوخ‌دا بەدی کردوە کە هاوتەریب لەگەڵ ئەوان، ئەویش بە دانانی ئاواز و شێوازی نوێ بۆ شێعری نوێ،  بەرگی نوێ بە بەر گۆرانیی کوردیدا بکا. 

سوارە زووتر ئازاد دەبێ و شاڕوخ سێ ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە تا ساڵان دەگەنە سەرەتای دەیەی حەفتای زایینی. ئەو کات شاڕوخ زۆر بە زەحمەت جێگایەک بۆخۆی لە ڕادیۆ و تلویزیۆنی مەهاباددا دەکاتەوە تا هەم خۆی و بنەماڵەی پێ بژێنێ و هەمیش پەرە بە هونەرەکەی بدا بەڵام زۆر زوو بە قسەی جاسووس و شۆفاران کارەکەی لێ دەستێندرێتەوە و بە تانەی سیاسی بوون، پاوان لەسەر بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکانی دادەنێن. بابەتەکە دەگاتەوە ناوەند و سوارە کە ئەو کات لە بەشی کوردیی ڕادیۆی تاراندا کاری دەکرد، لەلایەن بەرپرسانی ڕادیۆوە بۆ چارەسەری کێشەکە ڕەوانەی مەهاباد دەکرێ. سوارە لە مەهەباد کارمەندانی ڕادیۆ و تلویزیۆن کۆ دەکاتەوە و سەبارەت بەو جاسووسی و شۆفارییە بە توندی دەیانداتە بەر لۆمە و تەنانەت جنێوبارانیان دەکا. پاش کۆتایی کۆبوونەوە، خەڵکەکە وەدەردەکەون و سوارە و شاڕوخ زۆر بە گەرمی باوەش بە یەکتردا دەکەنەوە. هەر لەوێ سوارە شێعری تۆ دەریامی پێشانی شاڕوخ دەدا و داوای لێدەکا ئاوازێکی بۆ دانێ و بە گۆرانی بیلێ. شاڕوخ وێڕای ئاماژە بە سەختیی دانانی ئاواز بۆ شێعرێکی ئاوا، داوای لێدەکا شێعرەکەی بۆ کورت بکاتەوە؛

"کوتی؛ شێعرێکم بۆت هێناوە، پێم خۆشە کە ئاهەنگی لەسەر دانێی. شێعرەکەم کە خوێندەوە، کوتم کاک سوارە! ئەو شێعرە بێحەد زۆرە، بۆ ئاهەنگ ناتوانی، مەگە بە حەیران بیڵێی، حەیرانیش بۆ ئەو شێعرەی نابێ، ئەوە شێعری نەوە. دەبێ بەڵام ئەو ڕەسایەی نابێ و ئەو کایەی کەم کەس لە حەیرانی حاڵی دەبێ. پێم خۆشە مەقامێکی لەسەر دانێم کە خەڵک چاکی لێ حاڵی بێ. ئەلحانیش ئەو شێعرەی بزانە خۆلاسەیەکی بکەوە و بۆم بنێرەوە. [..] کاک سوارە چۆوە بە ڕەحمەت بێ، پاشی تەقریبەن مانگێکی شێعرەکەی خۆلاسە کردبۆوە؛

تۆ دەریامی

بە ڕوانینی دوو چاوی شینی بێ بنت

بە خاوێنیت، بە ئارامیت

تۆ دەریامی

بە شەپۆلی لەنجەولارت

بە تووڕەیی جار بە جارت

تۆ دەریامی.. تۆ دەریامی.

خودایە! ئەو شێعرە چ ئاهەنگێکی لەسەر دانێم؟! چون شێعرەکە شێعری نەو بوو، بۆ لەحنی ئاسان نەدەچوو. ئەزقەزا ڕۆژێکی دەچوومەوە ماڵێ، ئەو ئاهەنگەم بۆ هات؛

تۆ دەریامی...

......................

خێرا زەبتم کرد. پاشی... لەو لەحزەیەدا یادی بەخێر هونەرمەندی گەورە سەیاحی هاتبوو.. سێ ساڵان بەرنامەی خاو و خێزانم دەنووسی، هاتوچۆی ئەوێم دەکرد. ئەگەر تەمەشام کرد سەیاحی لەوێیە. کوتم وەرە توخودا نەوارێکی زەبت کەین. بڕێکم ئاهەنگی تازە پێیە، جا دەیناڵی بۆ قەرەنەی وی. کوتم ئاوام بۆ لێدە.. لێیدا... جا نازانم گوێت لێ بووە یان نا، شاهکارە. نەوارەکەمان زەبت کرد. گوزەرا تا ئەمن بتوانم تەماس لەگەڵ کاک سوارەی بگرم و پێی بڵێم ئاهەنگەکە ئامادەیە و بۆت دەنێرم. ئەزقەزا هەر ئەو چەند ڕۆژەی بوو کە کاک سوارە ئەمری خودای کرد. ئیدی ئەمن نەمتوانی بۆی بنێرم."

 ئەوە کە شێعری "تۆ دەریامی" بۆ گۆرانی تا ڕادەیەک درێژ و دەتوانێ گۆرانیبێژ زۆر ماندوو بکا، ڕاستە، بەڵام ڕەنگە هەموو گلەییەکەی شاڕوخ هەر لەبەر درێژیی شێعرەکە نەبووبێ. ئەو کە تازە بە یارمەتیی سوارە لە درۆی خەڵک و دەهۆی ساواک ڕزگاری بووە، سروشتییە ئەگەر پارێزی لە گوتنەوەی شێعرێک کردبێ کە باسی گرمەی تۆپ لە چیاکان و خەنجەری تۆڵەی ڕق تیژ دەکا.

بەڵام ئەی کیژ

ئەی چاو نەرم

ئەی خەنجەری تۆڵەی ڕق تیژ

ئەمڕۆ من لە خەستەخانەم

نە وشیارم نە لەسەرخۆ

لایەکی بیرم لای ئەو گەنجەیە

بە دەمی برین پێکەنی

بەشوورەی وەک پۆڵای لەشی

ڕێگای چەکمەی سووری خوێن و

دەستی ڕەشی بەعسی تەنی

لایەکی بیریشم لای تۆ

نا ئەی هەنیەت وەک مانگەشەو

نا دەریای مەندی چاوبەخەو

گڕی ئاخ بەر مەدە گیانم

بە نیگای ئاشنای لێ کوژراوان مەمتاسێنە

خۆم زامارم

بە خوێی توانج

مەمکولێنەوە، مەمسووتێنەوە

مەڵێ خۆزگە دەزگیرانم

پاڵەوپشتی ژیانم

بمردایە...!

***

بەڵام ئەمڕۆ

کە هەر ساتێ دڵی دایکێ

لە کوردستان هەڵئەقرچێ

بە هەر بۆمبای سووتێنەرێک، پێشمەرگەیەک

داری چاکێک دائەقرچێ

نەتکوتبایە لایەکی بیرم لای تۆیە

مەگری و مەڵێ دەزگیرانت ڕەنجەڕۆیە

بەو زارەی لە زەردە زیزە

بە ئارامی کە شێوەی دڵمەندی تۆیە

مەڵێ بەس ئەم گوفتوگۆیە

تۆ لات وایە

من نازانم

سکاڵای دڵداری خۆشە

بەڵام ئەمڕۆ من بەشێکی کوردستانم

کیژی سەد برا کوژراوی نیشتمانم

تازەماسیی تاسەباری دەستی تینووت

ڕێی نییە بۆ دەریای سینەم

هێندی خوا خۆشەویستی

بەڵام من کیژێکی کوردم

جەهەننەمە گڕی سینەم

ئەم کورتکردنەوە یان کەمکردنەوەیە وای کردوە کە پەیامی سیاسیی شێعرەکەی بە تەواوی نەگا و زیانیشی لە کاری هونەرمەند داوە بەو حاڵەش ئاواز و دەنگ و موسیقایەک کە بە بەر ئەو شێعرەدا کراوە، کارێکی نوێ و وەک هونەرمەند خۆی بە حەق دەڵێ شاکاری خوڵقاندوە. 

 هەڵبەت تۆ دەریامی تاکە کاری شاڕوخ بۆ شێعری سوارە و شێعری نوێ بە گشتی نییە. ئەو چەند بڕگە لە شێعری درێژی "خەوە بەردینە"شی بە ئاواز خوێندوە و لە کۆتاییەکانی دەیەی هەشتای هەتاوی، شێعری کچی بەیانیشی خوێند کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. بێجگە لە شێعری سوارە، شاڕوخ هەروەها دارێنەی موسلیح شێخولئیسلامی کە بۆ شەهید سمایلی شەریفزادە وتراوە و چەند شێعری عەبدوڵا پەشێویشی بە ئاواز وتووە بەڵام وەک خۆی دەڵێ هیچیان ناگەنەوە بەو کارەی کە بۆ تۆ دەریامی ئەنجامی داوە. خۆشەویستیی شاڕوخ بۆ سوارە و بۆ ئەو شێعرە و بۆ ئاواز و گۆرانییەک کە بە هاوکاریی هونەرمەند قادری سەیاحی بە بەر ئەو شێعرەیدا کردوە بە ڕادەیەکە کە کتێبی ژیان و گۆرانییەکانی خۆی بە ناوی "تۆ دەریامی" نووسیوە کە ساڵی ٢٠٠٣ لە هەولێر و دواتر لە سەقز جارێکی دیکە لە چاپ درایەوە.  

"تۆ دەریامی" ڕەنگە یەکەم ئاواز بێ کە لەسەر شێعرێکی نوێ داندراوە. تا ئەو کات لە نێو مووزیکی کوردی و فارسیشدا نموونەی دیکەی لەو شێوەیە دەگمەن یان هەر نەبوو. ئەویش بۆ گۆرانیبێژێکی خۆڕسک کە قوتابخانەی موزیکی نەدیتبوو و بە تایبەتیش مۆسیقای نەخوێندبوو. وا دیارە سوارە وەک دوڕناسی دونیای ئەدەب و هونەر، زۆر بە وردی توانای دەنگ و هونەری هونەرمەند عەزیزی شاڕوخی هەڵنابوو و دەیزانی شکاندنی ئەو ڕچەیە هەر لە دەست ئەو دێ. یەکەم ئاواز و گۆرانی بۆ شێعری نوێی فارسی چەند ساڵێک دوای ئەو کارەی شاڕوخ ئەنجام درا و سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە ئەویش هەر لە لایەن کوردێکەوە (شەهرامی نازری) خوێندرا.

<iframe width="560" height="315" src="https://www.youtube.com/embed/qM8AHPAQPvk?si=ZHaUE7g-dm0gSB33" title="YouTube video player" frameborder="0" allow="accelerometer; autoplay; clipboard-write; encrypted-media; gyroscope; picture-in-picture; web-share" referrerpolicy="strict-origin-when-cross-origin" allowfullscreen></iframe>

بڕگەیەک لە ژیانێکی پڕ ململانێ

 دوێنێ لە ڕێگای دۆستێکەوە، کتێبی بڕگەی دووهەمی بیرەوەرییەکانی کاک حەسەن ڕەستگارم بەدەست گەیشت. لێرەوە سپاسی مامۆستا و ئەو دۆستە بەڕێزە دەکەم کە کتێبەکەیان بۆ ناردم. دەمێک بوو بڕگەی یەکەمی ژیان و خەباتی مامۆستام خوێندبۆوە و چێژم لێ وەرگرتبوو. بۆیەش بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بەرگ یان بڕگەی دووهەم بووم و هەر کە بە دەستیشم گەیشت، دەمودەست شانم لێ داخست و خوێندمەوە.

مرۆڤ بە خوێندنەوەی هەردوو بەشی بیرەوەرییەکانی کاک حەسەن، بە بێ ئەوەی هەمیشە هاوڕای بێ، بە
تەواوی هەست دەکا کە خەریکە بیرەوەریی کەسێکی قەڵەم خاوێن، ڕاستگۆ و کەم پێچ و پەنا دەخوێنێتەوە، کەسێک کە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا وێنەی زۆر نییە، کەسێک کە هەرچەند قاڵبووی ململانێی حیزبی و سیاسییە بەڵام لە بریندارکردن و بوغزاندنی ڕکابەر و نەیار و تەنانەت دوژمنیش خۆی بەدوور دەگرێ، هەوڵ دەدا ناحەقی بە خۆی نەدا بەڵام حورمەت و گەورەیی ئەوانەش دەپارێزێ کە گەورە و ڕێبەر بوون و هاوکات ڕێزی هاوڕێ و دۆستە کەمتر ناسراوەکانی خۆیشی لەبەرە. ئەوەش ئاوێنەی باڵانوێنی ژیانی سیاسیی ئەو پیاوەیە؛ جودا دەبێتەوە بەڵام جنێو نادا، حیزبی هاوتەریب دادەنێ بەڵام شەڕی لەگەڵ ناکا، ڕێبەر و ڕێکخەری جودابوونەوەکەیە بەڵام سکرتێریی بۆ ناکا...
بڕگەی دووهەمی ژیان و خەباتی کاک حەسەن لەگەڵ ئەوەدا کە وەک بڕگەی یەکەم و وەک ژیانی تایبەتی و حیزبیی خۆی، نوکتە و گێڕانەوەی خۆشیان تێدایە بەڵام نەک هەمووی هەر بەسەرهاتی خۆش نین بەڵکو بڕگەی هەرە ناخۆشی مێژووی حیزبی دێموکراتن؛ بڕگەیەک کە تێیدا ئەم حیزبە تووشی لێکدابڕان و یەکتر کوشتن دەبێ و دوو لە ڕێبەرە هەرە بە تواناکانی خۆی لە دەست دەدا. بڕگەیەکە کە پڕە لە ململانێ، لە دەرکاودەرک کردن و داوای یارمەتیکردن لەم حیزب و لەو ڕێکخراو و لە فڵان کەسایەتی بۆ ئەوەی یارمەتی و پشتیوانی بۆ ڕەوتەکەی خۆی کۆ بکاتەوە تا بتوانێ جیا بێتەوە و بەخێویان بکا و.. سەرەنجام جیابوونەوە و شەڕەقسە و شەڕەتفەنگ و کوژرانی هاوڕێیانی بەدەست لایەنەکەی دیکە و تەنانەت بە شێوەی گوماناوی لەنێو لایەنەکەی خۆیدا و دواجار هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە و پەیدابوونەوەی ململانێکان لەنێو حیزبە جیابۆوەکەی خۆی و لەنێو لایەنەکەی تریشدا و لە ئاکامدا یەکگرتنەوە..
دیارە کتێبەکە بێ کەموکووڕیش نییە. بۆ وێنە بەشێک لە ڕووداوەکان بەتایبەت لە کۆتایی کتێبەکەدا پاش و پێش کراون، گێڕانەوەی هێندێک بەسەرهات کە ڕەنگە زۆر بایخی مێژووییان نەبێ و خوێنەر ماندوو بکەن یان هێندێک ڕووداو لەباری زەمانەوە بە دەقیقی نەگێڕدراونەتەوە کە ڕەخنەکە پتر لەسەر شانی ئەو کەسانەیە لە ئامادەکردنیدا بەشدار بوون و وا دیارە بە باشی یارمەتیی مامۆستایان نەداوە.
لێرەوە تەندروستی و تەمەندرێژی بۆ کاک حەسەنی ڕەستگار دەخوازم و جارێکی دیکە سپاسی دەکەم

پێوانەی دمبڕ

 کۆمەڵێک وشە بۆ پێوانەی پێداویستی لەسەر زاران هەن بە بێ ئەوەی بێژەر بیر لەوە بکاتەوە کە لە کوێوە هاتوون و بۆ پێوانی چ جۆرە ماک و مادەیەک گونجاون. لێرەدا هەوڵ دەدرێ ئەو وشانە، ڕەگەکەیان و ئەوە کە بەکاربردنیان بۆ چ شتگەلێک شیاوە، دەستنیشان دەکرێن:

نەخت: شێوەیەکی دیکەی وشەی نۆکە کە جۆرێک دانەوێڵەیە و خۆیشی چەند جۆرە. لە زمانی کوردیدا بە شێوەگەلی؛ نخە، نخۆ، نخێ، نوخوت، نوخۆ، نووک، نوهۆ، نوەی، نوەیە، نەها، نهەک، نەهە و هۆک‌یش دەگوترێ و گشتیان یەک ڕەگیان هەیە. 

              وشەی نەخت لە زمانی کوردیدا بۆ کەم نیشاندانی شتی زۆرترە بەڵام لە بنەڕەتدا پێوانەی کێشە کە بەرامبەری ١٩٢ میلی گرامە و بە ٢٤ دەنک دەبن بە مسقاڵێکی سیرفی و بە ١٨ دەنکیش دەبن بە مسقاڵێکی شەرعی.  

هەڵبەت ئەگەری ئەوەش هەیە کە نەخت لە وشەی نەخی فارسییەوە بە واتای ڕیشاڵ یان دەزوو هاتبێ کە ئەویش هەر پێوانەی کەمییە. 

دیارە وشەی نەخت لە زمانی کوردیدا واتای دیکەشی هەیە وەک کوردێندراوی وشەی نەغد یان نەقدی عەرەبی کە واتای پووڵ و پارەیە و هەروەها بە واتای زەویی بە پیت و بەرەکەت.

نیسک: ئەویش هەر جۆرێک دانەوێڵەیە کە ڕەنگە نیوەی نۆکێک یان بڕێک زیاتر لە نیوە بێ. وشەکە بە سێوەی نسک، نەسک، نێسک و نەرسەکیش دەگوترێ. هەروەها ناوەکانی دیکەی لە زمانی کوردیدا بریتین لە: نژی، نژوو، نووژی، مەرژی، مێژوی، مارژی، نووپژی و.. 

نیسک وەک نۆک پێوانەی کەم نیشاندان و بە کەموسکە شوبهاندنە. 

پەندی پێشینیان: خوری وە تیسکی، کەرە وە نیسکی واتە بە نەختێک لە شتێکیش دەزاندرێ کە چلۆنایەتیی چۆنە. 

چۆڕ: لە کرداری چۆڕانەوە کە ئەویش لە وشەی شۆڕ و شۆڕەشۆڕ چێ بووە کە دەنگی هاتنە خوارەوەی ئاو لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە. وشەی ئابشاری فارسی (ئاوشۆڕ) و شۆڕابە و شۆرین لەو ماکەیە. 

چۆڕ لە پێوانەدا واتای دڵۆپە و بۆ کەمێک لە شتی تراو وەک ئاو، چایی یان شیر و شتی ئاوا بەکار دێ.  

ڕێزە: وردە، کەمێک لە شتێکی ورد

زەڕە: زۆر کەم لە شتی ورد

تۆز: ئەو گەردە زۆر وردەیە کە لە شتی ورد و هاڕدراو  هەڵدەستێ. غومار، تەم، خۆڵ. 

    تۆز بۆ پێوانەی کەمی شتی هاڕدراوی وەک ئارد بەکار دێ.   

تۆسقاڵ: قاڵبووی تۆز، لە بەرامبەر تۆز کە بە ئاسماندا دەچێ، ئەمەیان کەمۆکەیەک لە قاڵبووی شتێکە هێندەی تۆزێک. گومانی ئەوەش بەدوور نییە کە شێوەی هەڵەی مسقاڵ بێ. 

تیسک: بە ڕادەی چەند دانە خوری یان مووی درێژ لە شتێک. زیاتر پێوانەی شتی چندراوە

چک: دڵۆپە، تنۆک یان قەترەیەک لە شتی تراو

هەوا: پێوانەی کەمی؛ هەوایەک لەلامان دانیشە، هەوایەک دەنگ بەرز بکەوە،

بەش: پاژ، لەت، بڕێک لە شتێک، لەگەڵ بەخشی فارسی هاوڕیشە و لەگەڵ سەهمی عەرەبی هاوواتایە

پشک: شێوەیەکی دیکەی وشەی بەش، بەشێک لە شتێک. پشک هەروەها بە مانای کلووی بەفرە

 پاژ: پارچە، لەت، 

تیتۆڵ: بڕ یان دادڕاوێک لە پارچە و قوماشی پانتر، تیسماڵکێک لە کووتاڵ

تیزماڵک: تیسماڵک، تیتۆڵ، لەتە پەڕۆ

پل: پێوانەی گۆشت، بەڕادەی لەپی دەست

سووکەڵە: کەمکراوەی سووک، لە سووک سووکتر، شتێک کە لە هەڵگرتندا سووک بێ (هەنبانە بۆرینە)

پیچ/پیچەک: پچ، پیچ شێوەی دیکەی پووچە و مەبەست شتی کەم کێش و کەم نرخە

پچ: بنەمای بچ، بچووک

قاش: ڕەنگە لە قاچی تورکی بێ بە واتای لەتێکی بچووک لە شتێکی گەورەتر. پتر بۆ لەتی شووتی و کاڵەک و خەیار و شتی لەو بابەتە دەبێ

قیچ/قیچێک: شێوەی دیکەی وشەی قاچ و قاش

بڕ/بڕێک: بەرامبەرە کوردییەکەی وشەی قاشە کە لە کرداری بڕینە. بۆ پێوانەی هەر شتێک کە ببڕدرێ، بەکار دێ

بڕووک: بڕدراو، بڕووکێک: بڕدراوێک

لەت: بەشێک لە دوو یان چەند بەشی هەر شتێک کە بە دەستیش لەت بکرێ وەک نان

پەنچک: پەنجەک، بە ڕادەی پەنجەکانی دەست، لەتێک لە نان

چارەگ: چوار یەک، یەک بەش لە چوار بەش

چەندێک: یەک لە چەند بەش

هێند/هەند: وشەی هەند بۆ بەشێ لە هەر شتێ بەکار دێ. ئەندام خۆی واتای پاژ و پارچە و بەشە و دەستەواژەی ئەندامەکانی لەش واتای پارچەکانی لەشە. وشەکە بە شێوەگەلی هند، هندەک، هنک، هۆندک، ئەوەند، ئەوهەندە، هێندێک و هەندەکیش دەگوترێ و لەگەڵ "ئەندەک"ی فارسی بە واتای کەمۆکەیەک هاوڕیشەیە. 

ئەندازە: ئەنازە، ڕادە، پێوانە

پێوانە: ئامرازی پێوان

عەیارە: ئامرازی پێوان

قەدەر: ئەندازە، هەروەها پێوانەی زەمان، بنەمای "مقدار"ی فارسی و عەرەبی

تاو: پێوانەی کات

ماوە: پێوانەی کات و زەمان

سیگارکێش/قەننەکێش: ماوەی کێشانی سیگارێک یان قەننەیەک

قول: پڕی مشتێ گیا

دەسک: چەند قول لە گیایەک کە بە لاسکی گیا یان بە بەن دەبەسترێ

گەوز: ئەوەندەی بە یەکجار داس دەیبڕێ

سواڵە: کۆی چەند گەوز

باقە: کۆی چەند سواڵە کە بە باقەبێن دەبەسترێ

مست/مشت: پڕی دەستی نووقاو بە جۆرێک کە سەری پەنجە بگاتەوە پاژنەی دەست. پتر بۆ دانەوێڵە و هەر شتێ کە لە مشتدا هەڵبگیرێ، بەکار دێ. ئیدیۆم: لە هەر شتێ مشتێ،

لوێچ: پڕی لەپی دەستێک بە کراوەیی

لاوێچ: لا لۆچ، پڕی هەردوو لوێچی دەست بە کراوەیی

کۆش: پڕی داوێنی کراس لە شتێ

باوەش: پڕی نێوان هەردوو باسک لە شتێ

لیپ: پڕ

لیپاولیپ: پڕپڕ

لێوڕێژ: هیندە پڕ کە لێی بڕژێ

دارماڵ: زیاتر بۆ کیلەی پێوانی دانەوێڵە دەبێ دوای ئەوەی بە دارێک سەری خشت دەکرێ و هیچی زیاد یان کەم نابێ. 

کونبڕ: پڕپڕ








۷/۲۶/۱۴۰۴

قەد و قەت

دوو وشەی قەد و قەت کە لە ڕواڵەتدا لێک نیزیکن، زۆر جار تێکەڵ دەبن و نووسەر یان ئاخێوەر بە هەڵە یەکیان لە بری ئەویدی بەکار دێنێ. 
وشەی قەد بە گشتی ئەو مانایانەی خوارەوەی هەیە؛
- بەژن و باڵا کە زیاتر بە شێوەی قەد و باڵا دەگوترێ
- ئەستوورایی دەوری کەمەر (خەنجەرەکەی دەبەر قەدی نا)
- ئەستوورایی دار
- شەقڵ، دەق (جلەکانم قەد دەکەم، قەدی کراسەکەت مەشکێنە)
- ڕادە و ئەندازە؛ هەردوو بە قەد یەکن
- چین و توێ؛ قەد قەد لەسەر یەک داندراون
-  نێوان داوێن تا سەرەوەی هەر شتێک؛ قەدی کێو، قەدی دیوار، قەدی دار و.. 
بەو واتایانەوە، وشەی قەد وشەیەکی کوردییە 

لە بەرامبەردا وشەی "قەت" هەم لە "قەتع"ی عەرەبی و هەمیش لە وەقت و کات نیزیکە کە لە کوردیدا واتای پێچەوانەی وەرگرتوە؛
- قەت: هەرگیز، هیچ کات (قەت نایەم)
- قەت: قەتع، بڕین (ئەو دەنگە قەت کە، بەنەکە قەتیا). 
- قەت: پاژ، پشک، قاش
- 

بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...