۷/۰۱/۱۴۰۳

پێپیلکە یان پێپلیکەی دێو


لاوی وردبین و تێگەیشتوو کاکە هەردی سەلیمی کە ئێستا سەرقاڵی زەحمەتی پێداچوونەوە و هەڵەبڕیی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"ە تا بۆ چاپی دووهەم ئامادەی بکا، سەبارەت بە دەستەواژەی "پێپلیکەی دێو" لە شێعری "بیرەوەریی دووی ڕێبەندان"ی سوارەدا سەرنجی خۆی نووسیوە و پرسیاری لێ کردووم کە ئاخۆ لەنێوان پێپیلکە و پێپلیکەدا کامیان درووستترە. کاکە هەردی نووسیویەتی؛ "ڕاستیت دەوێ هەمیشە بە پێپیلکەم خوێندووەتەوە و بە ئادەتی لەبەرکردن و ڕاهاتنی چاو هەروام دیوە، بەڵام ئەوە ئێستا سەرنجم دا هەم لە دەقەکەدا و هەمیش لە پەڕاوێزەکەدا، بە "پێپلیکە" هاتووە، وتم بڵێی من ئەم ساڵانە هەڵەم نەکردبێ و هەر لە سەرەتاوە هەڵەم نەخوێندبێتەوە.."

کاکە هەردی نموونەی بەکارهێنانی "پێپیلکەی دێو"یشی لەو شێعرەی مامۆستا هێمن هێناوەتەوە:

وەک گۆرانی هەورامان پێو

پێ بنێمە سەر (پێپیلکەی دێو)

دیارە مامۆستا هێمن لە شێعری "بەهاری ئاڵ"دا وەک خۆی ئاماژەی پێ کردووە، ئەو تەعبیرەی لە شێعری "گەشت لە هەورامان"ی گۆران وەرگرتووە و گومان دەکەم سوارەش کە کاریگەریی زۆری گۆرانی بەسەرەوە بووە، وشە و تەعبیرەکەی هەر لەو شێعرەی گۆران وەرگرتبێ:

خانووی ئەهالیش زۆریان دوونهۆم:

هەندێ قنج و قیت، هەندێ لار و کۆم

یەک لە سەر یەکتر، بەرەو لووتکەی کێو

بۆ ئاسمان ئەچن وەک پێپیلکەی دێو!

بەڵام سەبارەت بە ڕاستی و درووستیی نێوان "پێپلیکە" و "پێپیلکە" بە تایبەت لە شێعری بیرەوەریی دووی ڕێبەندانی سوارەدا، وەک چۆن شێعرەکە لە زۆربەی چاپەکاندا نییە، ئەم بەیتەی شێعرەکە و بەو پێیە وشەکەش تەنیا لە دوو سەرچاوەی بەردەستمدا هەیە؛ یەکیان لە ماڵپەڕی ڤەژینبووکس‌ و ئەویدی لە کتێبی "زەمزەمەی زوڵاڵ" کە سەرجەم شێعر و پەخشانی سوارەیە. لە هەردووکیشیاندا بەپێچەوانەی شێعرەکەی گۆران و وەرگرتنەکەی هێمن، بەشێوەی "پێپلیکە" هاتووە.

ڤەژین:

هەڵات هەڵات لە هەموو دیاران

پێ پلیکەی دێو، تەختی تاران

زەمزەمەی زوڵاڵ:

هەڵات هەڵات لە هەموو دیاران

پێپلیکەی دێو، تەختی تاران

واتە جیاوازییان تەنیا ئەوەیە کە لە یەکەمیاندا وشەکە لێک جیا کراوەتەوە و لە دووهەمیاندا بەسەریەکەوەیە کە ئەو شێوە نووسینەی دوایی درووستترە.

بەڵام سەبارەت بە پێپلیکە و پێپیلکە، گەرچی بۆخۆشم بە هەردوو شێوەم بیستووە و پێپیلکەشم لە زاران خۆشترە، بەڵام وەک چۆن پشتم بەو دوو سەرچاوەیە بەستووە، ئاوا "پێپلیکە"ش بە درووستتر دەزانم. چونکە وای بۆ دەچم وشەکە لە سێ بەشی؛

پێ + پلە + کە (کان)

پێکهاتووە. پێ هەمان "لاق" و "پا"یە کە دەکەوێتە سەر پلە. پلە کە لێرەدا ە بە یـ گۆڕاوە، ئەوەیە کە لە فارسیشدا بە هەمان واتای پەیژە و نێردیوان هەیە و لە کوردیدا واتای دەرەجە و ڕێز و  پایەشی وەرگرتووە. "کان"یش نیشانەی کۆیە کە وەک دەزانین پلیکان بە گشتی زیاتر لە یەک پلەیە. ئەم نیشانەی کۆیە لە پێپلیکەدا کورت کراوەتەوە و بووە بە "کە" بەڵام بەشێوەی پێ/پلیکانیش وشەیەکی باو و ناسراوە. واتە ئەگەر دەنکێک بێ، ئەوە پلەیە و ئەگەر لە یەک زیاتر بێ دەبێتە پلەکان/پلیکان. پێپلیکەش لە بنەڕەتدا پێپلیکانە کە کورت کراوەتەوە و بووە بە پێپلیکە. جا ئەم پێپلیکەیە وەک زۆر وشەی تر لە هێندێک ناوچەدا پیتەکانی پاشوپێش کراون و بووە بە پێپیلکە. ئەم دیاردەی هەڵگەڕانەوەی وشە و جێگۆڕکێی پیتەکان نموونەی لە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەشدا کەم نییە؛ جوێن - جنێو، شەونەخەوی - شەونخوونی، سیخناخ - سیخ ئاخن، سەرین - سەنیر،  سیمین/سیمەن - سینەم، بەفر - بەرف...

۶/۳۰/۱۴۰۳

چەخماخەی بزووتنەوەیەک؛ لە ئایچیی سەقزەوە هەتا ئەوپەڕی دنیا

تاهیر قاسمی

هەموو شتێک لەو ئێوارە گەرمەی ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە ئێزگەی میترۆی حەقانیی شاری ‏تارانەوە دەستی پێ کرد. ئەوکاتەی مەئموورەکانی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی کچێکی کوردی غەریب لەو شارەیان ‏دەستبەسەر کرد و لەتەک ئەو کچانەی بە تۆمەتی بەدحیجابی دەستبەسەر کرابوون، لە ماشێنە وەنەکەیان خزاندن. ‏مەئموورەکان بێبەزەییانە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی کچە دەستبەسەرەکان دەبوونەوە. لەم نێوەشدا کچە کوردەکە وەک ‏هەر کوردێکی بندەستی ڕێژیمی تاران، توندتر و بێ‌بەزەییانەتر دەکەوتە بەر ئازار و ئەزیەتەوە. بە جۆرێک کە کاتێ لە هۆڵی ‏‏"وەزرا" کۆیان کردنەوە، لاقی عەرزی نەدەگرت. بەو حاڵەش جەزرەبە و ئازاری ئەو و کچەکانی دیکە هەروا بەردەوام ‏بوو. کچە دەستبەسەرکراوەکان چەند جار مەئموورەکانیان لە دۆخی نالەباری ئەو کچە غەریبە ئاگادار کردەوە، بەڵام ‏گوێیان پێ نەدرا. تا سەرەنجام کچە کوردەکە کەوتە سەر عەرز و لە هۆش چوو. بە بێهۆشی بردیانە نەخۆشخانەی کەسرا لە ‏نیزیک گرتنگەکە و لەوێ بوو کە خەڵک لەڕێی دوکتور و پەرەستارەکانی نەخۆشخانەوە لە شوناس و دۆخی ‏نالەباری "مەهسا ئەمینی" ئاگادار کرانەوە.

بەرەبەرە زاندرا کە ئەو ناوی "ژینا" و خەڵکی شاری سەقزی کوردستانە و لە ‏نەخۆشخانە بێهۆش و لە کۆمادایە. سەرەنجام دوای دوو شەو مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەبەردا نەما و ڕۆژی ٢٥ی ‏خەرمانان هەواڵی مەرگی ژینا – مەهسا ئەمینی ڕاگەیەندرا. ئەم هەواڵە وەک بۆمب بە هەموو ئێران و جیهاندا ‏تەقیەوە، بەڵام زیاتر لە هەموو شوێنێک کوردستانی تووڕە و لەسەر پێ ڕاگرت. لە تارانیش پەرستارەکان دژ بەو جینایەتە ‏وەستانەوە و لەگەڵ ژمارەیەک لە یەکسانیخوازان و چالاکانی مافی مرۆڤ لە نەخۆشخانەی کەسرا کۆبوونەوەی ‏ناڕەزایەتییان وەڕێ خست. ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکەیان لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە دنیادا بڵاو بۆوە. هێزە ‏سەرکوتکەرەکان زۆر زوو دەستیان بە سەرکوتی ناڕازییان کرد و بڵاوەیان پێ کردن. بنەماڵەی ژینا کە دوای گەیشتنی ‏هەواڵی گیران و کۆمای کچەکەیان خۆیان گەیاندبووە تاران، سەرەنجام ئێوارەی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان توانیان تەرمی ‏کچەکەیان وەربگرنەوە و بۆ ناشتن و تەسلیم بەخاککردنی، بەرەو زێدەکەی، کوردستان و شاری سەقز وەڕێ کەوتن. ‏تەرمی ژینا ئێوارەی ئەو ڕۆژە بە فڕۆکە تا تەورێز هێندرا و لەوێوە جەختیان لە بنەماڵەکەی کرد کە بەپەلە بیبەنەوە بۆ ‏سەقز و هەر بەو شەوە بینێژن. بۆ ئەو مەبەستەش وێڕای گوشار و هەڕەشە، دەست بە داوێنی زۆر لە بەرپرسانی ‏حکوومەتی و کەسایەتییەکانی ناوچە بوون؛ بەڵام باوک و بنەماڵەی ژینا تەسلیمی ئەو داوایە نەبوون.

بەیانیی ڕۆژی ‏‏٢٦ی خەرمانان، لە کاتێکدا هەزاران کەس لە خەڵکی تێکۆشەری سەقز لە گۆڕستانی ئایچیی ئەو شارە کۆ ببوونەوە، ‏تەرمی ژینا بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی‌ڕەقیب" بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا و کێلەکەی بە خەتێکی خۆش و ، بە ڕستەی "ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز"، نیشان کرا. خەڵکی تووڕە و ناڕازی لە کۆڕی ناشتنی ‏ژینا، تووڕەیی خۆیان بە دانی دروشمگەلی وەک "ژن ژیان ئازادی"، "داگیرکەری ئێرانی قاتڵی ژینامانی"، "هەتا کوردێک ‏بمێنێ کوردستانیش ئەمێنێ" و "مەرگ بۆ جاش و مەرگ بۆ خۆفرۆش" تووڕەیی و بێزاریی خۆیان لە چوار دەیە جنایەت و ‏سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان دەربڕی. دواجاریش بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی شەهیدان" ‏ماڵاواییان لە ژینا کرد. بەڵام ئەو ماڵاواییە نەک کۆتایی بەڵکوو سەرەتایەک بوو بۆ ڕاپەڕین و سەرهەڵدانێکی جەماوەری ‏کە لە مێژووی ئێران و  لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا کەم وێنە بوو. سەرهەڵدانێک کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و ‏سەرانسەری ئێرانی گرتەوە، زیاترین حەشیمەت لە سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران تێیدا بەشدار ‏بوون و بۆ ماوەی شەش مانگ بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام بوو. ‏

‏ خەڵکی ناڕازی دوای بڵاوەکردنیان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی ژینا، بۆ ماڵەکانیان نەگەڕانەوە و لە شەقامەکانی ‏شاردا درێژەیان بە ناڕەزایەتی و درووشمدانی خۆیان دا. خۆپێشاندان زۆر زوو لەگەڵ هێرش و دژکردەوەی توندی هێزە ‏بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوو. ژمارەیەکی زۆر لە خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازی بریندار بوون، بەڵام ئەوە ‏خەڵکی وەزاڵەهاتووی نەترساند و لەسەر بەرەنگاربوونەوە مکوڕتری کردن. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی سەقز ‏زۆر زوو لەلایەن خەڵکی سنەوە بە درووشمی "سەقز بەتەنیا نییە، سنە پشتیوانیە" پشتیوانی کرا و سەدان کەس لە ‏خەڵکی ئەو شارە بۆ مەحکوومکردنی جیناتەتی کۆماری ئیسلامی ڕژانە سەر شەقامەکان. ‏

هاوکات لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای ‏مەحکوومکردنی جینایەتی نوێی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی، مانگرتنی گشتیی لە کوردستان ڕاگەیاند. ڕۆژی ٢٧ی ‏خەرمانان سەرجەم کوردستان شێلگیرانە بەدەم بانگەوازەکەوە هات و شەقامەکانی سەرانسەری شارەکانی کوردستان، ‏تەنانەت ئەو شارانەش کە شاری پێکەوەژیانی کورد و نەتەوەکانی دیکەن، چۆڵ و بازاڕەکان بە تەواوی داخران. بەم ‏جۆرە بازاڕ و کاسبکارانی کوردستان هەر لە سەرەتاوە تەڤلی بزووتنەوەی ژینا بوون. ئەوە دەنگدانەوەی زۆر بەرینی لە ‏ئاستی ئێران و جیهاندا لێ کەوتەوە. دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە خەڵکی کوردستان لە ماڵەکانیان هاتنە دەر و خۆپێشاندان و ‏ناڕەزایەتییەکان بەرەبەرە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەر لە ئاودانانی ئیلامەوە و تا ماکۆی ورمێی گرتەوە. ‏بەرچاوترینی ئەو ناڕەزایەتییانەش لە دیواندەرە و دێولان بوو. لاوانی ئەو شارانە بە تووڕەیی زۆرەوە ناڕەزایەتیی سەقز ‏و سنەیان درێژە پێدا کە هێزەکانی ڕێژیم ‏بە ئاگر و ئاسن وڵامی خەڵکی ئەو شارەیان دایەوە.‏ یەکەمین شەهیدانی ‏سەرهەڵدانی ژینا لەو ڕۆژەدا شەهید بوون. ‏

خوێندکارانی زانستگای تاران کە لەلایەن خوێندکارە کوردەکانەوە پێشەنگایەتی دەکران، یەکەمین ‏خۆپێشاندانیان بۆ پشتیوانی لەو ناڕەزایەتییانەی کوردستان وەڕێ خست و بۆ یەکەمین جاریش ئەوان بوون کە ‏درووشمی "ژن ژیان ئازادی"یان لە زمان بەشداران و خۆپێشاندەرانی ڕێوڕەسمی ناشتنی ژینا بۆ تاران و بۆ سەر زمانی ‏فارسی و بۆ سەرانسەری ئێران و جیهان گواستەوە. بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆ هەر لە سەرەتای ئەو ‏ناڕەزایەتییانەوە لەگەڵ خوێندکارەکان بوون. بە دوای ئەوەدا خۆپێشاندان بە هەمان درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" شارە ‏گەورەکانی وەک مەشهەد، تەورێز، ئیسفەهان، قەزوێن، کەرەج، ئەراک، نەوشەهر، قۆم، خورماوا، ئەردەبێڵ، ڕەشت، ‏هەمەدان و چەندان شاری دیکەشی گرتەوە و بەرەبەرە بۆ شار و ناوچە کەمتر ناسراوەکان بە تایبەت بۆ ئەو ‏پارێزگایانەی هی نەتەوە بندەست و ستەملێکراوەکانە، گواسترایەوە. دیارترینی ئەو ناوچانە لە دەرەوەی کوردستان ‏گێڵان، سێمیرۆمی ئیسفەهان و ئیزەی خۆزستان بوو. ‏

هاوتەریب لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتییانە، خۆپێشاندانەکان بۆ مەحکوومکردنی ئەو جینایەتە و پشتیوانی لە ‏خەڵکی نێوخۆ، دەرەوەی وڵاتیشی گرتەوە. ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر لە سەد پایتەختی وڵاتانی دنیا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی ‏بەرین وەڕێ خرا کە ترۆپکی ئەوانە ئاکسیۆنەکەی ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر لە شاری بێرلین بوو کە دەیان هەزار کەس بەشدارییان ‏تێدا کرد و دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درووشمیان دا. لەگەڵ ئەوەدا شەپۆلی ناڕەزایەتی لەسەر تۆڕە ‏کۆمەڵایەتییەکان پتر باری نێونەتەوەیی و جیهانی بەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانە دا و بە هەموو دنیادا دەنگی ‏دایەوە. بەجۆرێک کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر هاشتەگی "مەهسا" وەک ناوە فارسی و فەرمییەکەی ژینا ‏ڕێکۆردی جیهانی تۆمار کرد. ‏

لە زۆربەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا ژنان بە بڕینی قژ، بە سووتاندنی لەچکەکانیان یان بە دانی ‏درووشم لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرەنگاریدا بوون و دەیان ژن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان یان ‏لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی ئەواندا گیانیان لێ ئەستێندرا. مینوو مەجیدی لە کرماشان یەکەمین ژن بوو کە لە ئاستی ‏کوردستان و لەو خۆپێشاندانانەدا گیانی بەخت کرد. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان زۆربەی هەرە زۆری زانستگاکانی ‏ئێرانیشی گرتەوە و زۆر بە بەرینی بۆ قوتابخانە و دەبیرستانەکانیش پەلی هاویشت. تەنیا لە مانگی خەرماناندا نیزیک ‏بە سەد شاری ئێران تێکەڵ بەو ناڕەزایەتیانە بوون و بێجگە لە کوردستان، ١٧ کەس لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران ‏لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لێ ئەستێندرا. لەم نێوەدا کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە ‏هەروا لەپێشەوەی خۆپێشاندانەکاندا بوو و بۆ بەرەوپێشچوونی شۆرش قوربانیی دەدا. شارەکانی سنە، مەهاباد، شنۆ، ‏بۆکان، جوانڕۆ، سەردەشت، دێولان، دیواندەرە، سەقز، کرماشان، ئاودانان، مەریوان، ورمێ، بانە ئیلام، ئاودانان، گێڵانی ڕۆژئاوا، ‏قوروە، بیجاڕ، کامیاران، سەلاسی باوەجانی، تیکاب و قەسری شیرین یەک لە دوای یەک و بۆ پشتیوانی لە شارەکانی تر ‏دەهاتنە سەر شەقام و درووشمی نەتەوەیی و دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان دەگوتەوە. بەجۆرێک کە لەو قۆناغەی سەرەتای بزووتنەوەکەدا ‏‏٢٥ خۆپێشاندەری کورد شەهید، نیزیک بە هەزار کەس بریندار و زیاتر لە دوو سەد کەسیش دەستبەسەر کران.‏ ‏ ‏

لەم نێوەدا ڕێژیم بۆ ئەوەی سەرنجەکان بەرەو دەرەوەی سنوور هەڵدێرێ و هاوکات خەڵکی ئێران لە ‏مەترسیی خواستەکانی کورد بترسێنێ و یەکسان بە دابەشبوونی وڵاتی پێشان بدا، ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر بنکە و بارەگای ‏حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بنەماڵەکانیانی لە باشووری کوردستانی دایە بەر ڕەهێڵەی هاژەک و درۆن. لە ئاکامی ئەو ‏جینایەتەدا دەیان کەس لە ژن و منداڵ و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ‏ئێران بۆ بەگژداچوونەوەی ئەم جینایەتە جارێکی دیکە مانگرتنی گشتیی ڕاگەیاند و خەڵکی کوردستانیش بە بەرینیی ‏جاری پێشوو بەپیر بانگەوازەکەوە هاتن. بە دوای ئەوەدا و لە ڕۆژانی دواتردا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەجۆشتر ‏لە پێشوو درێژەیان کێشا.‏ 

درووشمەکانی خۆپێشاندان بەرەدەوام ڕادیکاڵتر دەبوون و زیاتر ڕوویان لە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ‏ئیسلامی دەکرد. بە جۆرێک کە درووشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی ئەوەندە گوترابوونەوە کە ببوون بە ‏وێردی سەر زاری ورد و درشتی خەڵکی ئێران. لە هەر جێگایەک وێنە و بنێری خامنەیی هەڵواسرابا، دەسووتێندرا و لە ‏هەر کوێ کۆتەڵی قاسم سولەیمانی داندرابا، دەڕووخێندرا. هاوکات لە هەموو شارەکان دیاردەی نووسینی درووشم ‏لەسەر دیوارەکان بەشێوەیەکی بەرین پەرەی ئەستاندبوو. خەڵکی وەزاڵەهاتوو ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان ‏خۆپێشاندانیان دەکرد و شەوانە بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمیان دەدایە بەر هێرش. لە کوردستان لە چەندین شاری وەک ‏شنۆ، مەهاباد و بۆکان دەست بەسەر چەند ناوەندێکی دەسەڵاتدا گیرا. لە بەرانبەردا ڕێژیمیش لە زەبروزەنگ و کوشتاری ‏خەڵک دەستی نەدەپاراست. دەزگا داپڵۆسێنەرەکان هێڵی ئینترنێتی خەڵکیان بە تەواوی خاو کردەوە. ئینستاگرام و ‏زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەست. بە باتووم لە گیانی خەڵک بەر بوون، بە تفەنگی ساچمە سەدان کەسیان ‏بریندار کرد، بیناییان لە خەڵکێکی زۆر ئەستاند. لە کوردستان بۆ وێنە لە شارەکانی جوانڕۆ، سنە و مەهاباد بە چەکی ‏گەرم و تەنانەت بە بیکەیسی و دۆشکە بەرەوڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە. بە جۆرێک کە سەدان کەسیان بە تەقەی ‏ڕاستەوخۆ کوشت و بریندار کرد. ‏ 

لە ئێران مەلاکان وەک هێمایەکی دەسەڵات، لە هەر کوێ خۆیان دەرخستبا، لەلایەن خەڵکەوە دەکەوتنە بەر ‏هێرش و کونەمشکیان لێ دەبوو بە قەیسەری؛ بەڵام مامۆستایانی ئایینیی کوردستان بە ئامادەبوونیان لە ڕێوڕەسمی ‏ناشتنی شەهیدەکان و تەنانەت بە بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکاندا، زۆر زوو خۆیان لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی ‏کوردستان ڕێکخست و ڕیزی خۆیان لە مەلاکانی حکوومەتی ئێران جیا کردەوە. ئەوان هەم بە تاک و هەم بە کۆمەڵ ‏ئەرکی نەتەوەیی خۆیان گرتە بەر و پشتیوانییان لە خەڵکی ڕاپەڕیو و داواکانیان ڕاگەیاند. هاوکات بڵیندگۆی ‏مزگەوتەکان بوو بە مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگی بزووتنەوە و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک. ‏

هەر لەم دۆخەدا بوو کە جینایەتێکی دیکە ئەمجار لە بلووچستان هاتە ئاراوە. ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەزبەر، لە ‏پەڕاوێزی نوێژی هەینیدا، خەڵکی ناڕازیی بلووچ خۆپێشاندانێکیان بۆ بەردەم فەرمانداریی زاهیدان وەڕێ خست. بەڵام ‏خۆپێشاندانی هێمنانەی بلووچەکان بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی کوردستان و ئێران و دژ بە دەستدرێژیی ‏فەرماندەیەکی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم بۆ سەر کیژۆڵەیەکی بلووچ، لەگەڵ دژکردەوەی توندی چەکدارەکانی ڕێژیم ‏بەرەوڕوو بۆوە. لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژی ئەو هێزانەدا دەیان کەس لە خەڵکی بێتاوانی شاری زاهیدان کەوتنە ‏بەر گوللەی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. لەنێو کوژراوەکاندا ژمارەیەک لە مێرمنداڵان و تازەلاوانیش دەبیندران ‏و ئەو ڕۆژە بە هەینیی خوێناوی یان هەینیی ڕەشی زاهیدان لە مێژوودا تۆمار کرا. بلووچەکان دژ بەو جینایەت و ‏کۆمەڵکوژییە هاتنە سەر شەقام و دەستیان دایە خۆپێشاندان. لەو کاتە بە دواوە، ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی هەینیی ‏زاهیدان بە ڕێبەریی مەولەوی عەبدولحەمید ئیمام جومعەی ئەو شارە تا ساڵێک دواتریش درێژەیان کێشا. ‏

لە سەرەتای حەفتەی سێهەمی خۆپێشاندانەکاندا ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی بەرینتر تاران و شار و ‏ناوچەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە. ناڕەزایەتییەکان بە تایبەت لە زانستگاکانەوە دەستیان پێ کرد کە لە مانگرتندا بوون. ‏هەژدە ڕۆژ دوای مەرگی ژینا، عەلی خامنەیی دوای ونبوون و بێدەنگییەکی درێژخایەن، لەنێو هێزە چەکدارەکاندا ‏دەرکەوت و دژ بە خۆپێشاندەران قسەی کرد و داوای تەمبێ‌کردنیانی کرد کە ئەوە ناڕەزایەتییەکانی زیاتر کرد. ڕۆژی ‏شەممە ١٦ی ڕەزبەر بەشێکی بەرچاو لە بازاڕیانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکان بوون و ‏دووکان و بازاڕیان داخست. ئەوەش لە ماوەی تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، لە ئاستی سەراسەریدا هەنگاوێکی ‏دەگمەن و کەموێنە بوو. 

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شار و ناوچەیەک زیاتر و لە شار و ناوچەیەکی دیکە کەمتر بەڵام هەر وا ‏‏بەردەوام و لە پەرەگرتندا بوو کە مەرگی ژینا چل ڕۆژی پڕ کردەوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بۆ ڕۆژی ‏‏٤ی خەزەڵوەر مانگرتنی گشتی ڕاگەیاند کە بە هەشتەمین مانگرتنی گشتی لەو ماوەیەدا هەژمار دەکرا و لەگەڵ ‏پێشوازیی بەرینی خەڵک بەرەوڕوو بوو. لە سەقز لەکاتێکدا کە جۆرێک حکوومەتی نیزامی هاتبووە ئاراوە و ‏ڕاگەیەندرابوو کە هەموو ڕێگاکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە گیراون، بە ‏هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێران بە بۆنەی چلەی مەرگی ژینا کۆ بوونەوە و ‏درووشمی دژ بە ڕێژیم و یەکسانیی کۆمەڵگە و مافی کوردیان بەرز کردەوە. ئەوەش بە گەورەترین کۆبوونەوە و ‏خۆپێشاندان لەو ماوەیەدا دادەنرا. ڕێژیم لەبەرانبەر ئەو حەشیمەتە بەرینەدا دۆش داما و بەکردەوە نەیتوانی ‏بەرهەڵستی خەڵک بێ. ئەو کۆبوونەوەیە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان و لەوە بە دوا بێجگە لە کۆبوونەوەی بەرینی ‏ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بۆ ناشتنی شەهیدەکان، چلەی شەهیدبوونیشیان بوو بە بۆنەیەکی دیکە بۆ جۆشدانەوەی ‏هەرچی زیاتری ڕاپەڕین. هەر لە چلەی ژینادا خوێندکارانی زۆربەی زانستگاکانی ئێران کۆبوونەوەی بەرینی ‏ناڕەزایەتییان پێک هێنا و کرێکارانی چەندان ناوچەی پیشەییش مانیان گرت. 

ئێوارەی ڕۆژی چلەی ژینا خەڵکی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران دیسان هاتنەوە سەر شەقام و ‏خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان سەرلەنوێ جۆش درانەوە. هاوکات ڕێژیم بە توندی دەستی بە سەرکوتی خۆپێشاندەران ‏کرد. بە جۆرێک کە لە چوار ڕۆژی داهاتوودا لە کوردستان ١٦ کەس شەهید و سەدان کەسیش بریندار بوون. قورسایی ‏شەهید و بریندارەکان لە شارەکانی سنە، مەهاباد، قەسری شیرین. دێولان و بانە بوون. هەر لە درێژەی ئەو ‏خۆپێشاندان و سەرکوتانەدا بوو کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەر تازە لاوێکی کەم تەمەن بەناوی کۆمار دەرئۆفتادە ‏لە شاری پیرانشار شەهید بوو. لە کاتی ناشتنی تەرمی کۆماردا، حەسەن دەرئۆفتادە باوکی کۆمار بە دڵی بە خەم و بە ‏‏چاوی بە گریانەوە، بەڵام وەک شانازییەکی بنەماڵەیی مەرگی کۆرپەکەی پێشکەش بە کوردستان کرد. ئەمەش ‏وەرچەرخانێکی گرینگی لە سەرهەڵدانی ژینادا هێنایە ‏ئاراوە و ئەمجار بنەماڵەکانی شەهیدانی ژینا لە هەموو شار و ‏ناوچەکان بە شانازییەوە خاوەندارەتییان لە مەرگی ‏کۆرپەکانیان دەکرد. هاوکات خەڵک و بەشدارانیش بە درووشمی ‏‏""دایە مەگری بۆ ڕۆڵە - شەرت بێ بستێنین تۆڵە" ‏پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو بنەماڵانە ڕادەگەیاند. ‏

ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەر بەبۆنەی ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ١٣٩٨، چالاکان و لایەنە سیاسییەکان بۆ ‏ماوەی سێ ڕۆژ مانگرتنی گشتی و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕاگەیاند. خەڵک لە شاری تاران و چەندین شاری دیکەی ‏ئێران و کوردستان پێشوازییان لە بانگەوازەکە کرد. ئەوەش گوڕ و تینی تازەی بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان دایەوە. ‏ئەم هەنگاوە لە ڕۆژی ٣ی سەرماوەزیشدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی سەد ڕۆژ بەسەر مەرگی ژینا و دەسپێکی ‏خۆپێشاندانەکان دووپات کرایەوە. ‏

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژینا تا بەرەبەری نەورۆزی ١٤٠٢ی هەتاوی، بۆ ماوەی شەش مانگ ‏بەجۆش و خرۆشەوە لە کوردستان و سەرانسەری ئێراندا بەردەوام بوو. لەو بزووتنەوەیەدا سەرجەم چین و توێژەکانی ‏کۆمەڵگە هەر لە ژنانەوە تا قوتابیان، خوێندکاران، بازاڕیان، مامۆستایانی زانکۆ، مامۆستایانی قوتابخانە، مامۆستایانی ‏ئایینی، کرێکاران، وەرزشکاران، هونەرمەندان، بەندکراوان، نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکان بەشدارییان تێدا کرد و ‏تێچوویان بۆ دا. لە ئاستی نێونەتەوەییشدا سەرهەڵدان کاردانەوەی بەرینی لێ کەوتەوە و کۆماری ئیسلامی هیندەی دیکە تەریک کردەوە. لەوانە پشتیوانی کەسایەتی و لایەنە جۆراوجۆرە جیهانییەکان، ناونانی چەندین شەقام و گۆڕەپانی گرینگ لە شار و پایتەختەکانی جیهان بە ناوی ژینا، هەوڵەکان بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە پارلمانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، پەسندکرانی یاسای مەهسا لە کۆنگرەی ئەمریکا بۆ سزادانی زیاتری کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیی لێبڕاوانەی پارلمانی ئۆرووپا لە بزووتنەوەی ژینا کە بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە بنەماڵەی ژینای لێ کەوتەوە. دوایین کاردانەوەی ئەو بزووتنەوە سەراسەرییە لە خۆپێشاندانی میلیۆنیی ژنانی هیند لە مانگی گەلاوێژی ڕابردوودا بوو کە تێیدا درووشمی "ژن ژیان ئازادی"یان بە زمانی کوردی بەرز کردەوە.

سەرەڕای بەرین‌بوونەوەی بزووتنەوەی ژینا بە سەرانسەری ئێران و جیهانیشدا بەڵام دانیشتووانی کەڵانشارەکان لەنێوخۆی ئێران بە شێوەی چاوەڕوانکراو و بە هەراوی بەشداریی ڕاستەوخۆیان ‏لە بزووتنەوەکەدا نەکرد. ئەوەش یەک لە هۆکارەکانی سەر نەکەوتنی شۆڕش بوو. وێڕای ئەوە سەرکوتی زۆر و بێبەزەییانەی هێزە ‏سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەلایەک و نەبوونی هێز و ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز بۆ ڕێبەریی خەڵک و وەک جێگرەوەی ‏ڕێژیم، ئاسۆیەکی ڕوونیان لەو خۆپێشاندان و قوربانیدانانە پێشانی خەڵکی خۆپێشاندەر نەدا و بەرەبەرە ئەژنۆی ‏خەڵکیان لە درێژەدان بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەو شێوەیەی کە هەبوو شل کردەوە. لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ ئەوەدا کە خەڵکی ‏خەباتکار بەردەوام بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی نێوخۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانیان وەڕێ دەخست ‏بەڵام نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتووی بەهێز، هەوڵی سەڵتەنەتخوازەکان بۆ دەستداگرتن بەسەر خۆپێشاندانەکان ‏کە بەداخەوە هێندێک کەس و لایەنیشیان کێشایە نێو پڕۆژە و پیلانەکەی خۆیانەوە، شەقامیان زیاتر دڵسارد و ‏ناهومێد کرد و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوون بە بەشێک لە هێزی سەرکوت و هۆی دامرکاندنەوەی بزووتنەوەی ژینا لەو شکڵ و شێوانەی کە لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا بەردەوام بوو. بەڵام دامرکانەوەی خۆپێشاندانەکان کۆتایی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی نەبوو. سەرەڕای ئەوەی بزووتنەوەکە بە هەمان نەفەسی ئەو شەش مانگە بەردەوام نەبوو، ترسێکی وەهای خستۆتە دڵی ڕێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کە لە هەموو کەس و لایەنێک باشتر دەزانن کە کۆتایی نەهاتووە و ژیلەموی ژێر خۆڵەمێشە. بۆ ئەوەی پێش لە بڵێسە سەندنەوەی بگرن لەو کاتەوە بەردەوام لە دوو ئەهرۆمی سەرکوتی بە ئاشکرا و پاشەکشەی بە خشکەیی کەلک وەردەگرێ. لەلایەک بە گرتن و ئیعدامی تێکۆشەران گەرەکییەتی خەڵک بترسێنێ و لەلایەکی دیکە لە ئاستی هەرە بەرزدا یاری بە لابردن و هێنانی مۆرەکانی خۆی دەکا تا خەڵکیان پێ سەرقاڵ و سەرگەرم بکا. بەو حاڵەش‏ کۆمەڵگە وەک ڕووبارێک بەردەوام خەریکە ڕێگای نوێ و شێوازی نوێ بۆ خەبات بە مەبەستی ڕووخاندنی ڕێژیم و گەیشتن بەو ئامانجانە دەدۆزێتەوە کە لە درووشمی ژن ژیان ئازادیدا بەرجەستە کراون.

بەشداری بۆ هەرچی زیاتر بە نەتەوەیی‌کردنی بۆنەکانی نەورۆز، بەشداریی بەرین لە پێشوازی یان بەڕێکردنی قارەمانانی بوارە جۆراوجۆرەکان، ملنەدانی ژنان بە حیجابی زۆرملێ، خۆڕاگری و بەگژداچوونەوەی تێکۆشەران بە تایبەت ژنانی تێکۆشەری نێو زیندانەکان، ڕۆڵی گرینگی بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوە لە زیندووڕاگرتنی یاد و ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکانیان، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەردەوامی مامۆستایانی قوتابخانە، کرێکاران، پەرستاران، خانەنشینان، مامۆستایانی ئایینی، هونەرمەندان، خوێندکاران و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە و کۆمەڵگەی مەدەنی بە گشتی و تێکۆشانی حیزبە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆییەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ گەیاندنی هەرچی زیاتری پەیام و خواستەکانی ئەو بزووتنەوەیە نیشانەکانی ئاشکرای لەسەرپێبوونی بزووتنەوەیەکن کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقزەوە چەخماخەی لێ درا و تا ئەوپەڕی دنیای تەنیوەتەوە.

* لە ژمارە ٧٨٩ی کوردستان‌ (شەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٣) و لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە

** لەلایەن کوردکاناڵەوە بۆ یادکردنەوەی دووهەمین ساڵوەگەڕی مەرگی ژینا و دەسپێکی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کراوە بە دیکۆمێنت

۵/۲۸/۱۴۰۳

قەڵەمقامیش

نووسینی: عەلی ئەشرەفی دەروێشیان 

تاهیر قاسمی کردوویە بە کوردی

کوڕیژگە دەمی چەقۆکەی لەسەر لاسکی بڵیندی قامیشەکە دانا و دەسکەکەی داگرت. هێشتا چەقۆ لە هەناوی قامیشدا بوو کە بریسکەیەک لە دەمی چەقۆکەوە هەستا و لە چاوی کوڕیژگەکە گەڕا. هەور گرماندی. ڕێژنە بارانێکی بەخوڕ لە ناکاو بەسەر قامیشەڵاندا پڕژا و ڕوخساری گۆلاوەکەی گڕوێ کرد. با بەنێو قامیشەڵاندا غاری دەدا و دەنگی وشکی قامیشەکان بە گشت لادا بڵاو دەبۆوە.

لەبەر گرمەی هەور، سۆنە خۆیان بەنێو قامیشەڵاندا کرد. بچووکترینیان لە ئاوەکەدا نوقم بوو و ئیدی لەسەر ئاوگیرەکە نەبیندرایەوە. باران سارد بوو و گیانی گۆلاوەکەی دادەبێشت. مژ داگەڕا و لەبەر تەم و ڕێژنە، کەش تار و ئاڵۆز بوو.

کوڕیژگە قامیشەکانی کورت کردنەوە. بنی یەکێکیانی لەسەر چاوی ڕاستی دانا و بە کونی قامیشەکەدا لە گۆلاوەکەی ڕوانی. بەنێو جەغزی مژاویی قامیشدا، لەوبەری قامیشەڵان چەند ماشێنی بینی. سێ جیپی خاکی لەوێ ڕاوەستابوون. کەسانێک کە بارانیی ڕەشیان لەبەردا بوو، خەریک بوون دادەبەزین. کڵاوی فشوفۆڵی بارانییەکان، سەریانی داپۆشیبوو و لەبەر ڕێژنە و مژ ڕووخساریان دیار نەدەکەوت. کوڕیژگە بە هێمنیی پەڵە هەورێک، بە ترسەوە بەرەو پێشەوە خزی و بە نێوان قامیشەکاندا بە سەرسوڕمانەوە تێیان ڕاما.

جلڕەشەکان، بە ڕوخساری هاشوور لێدراوی بەر بارانیان، هەشت کەسیان لە جیپەکان دابەزاند. چاوەکانیانیان بە پەڕۆیەکی سپی بەستبوون و بەخێرایی و بەنێو ڕێژنەی باراندا کە شێتانە دەباری، لە پەنا یەکتر ڕیزیان کردن. دەستی ڕاستی کەسی یەکەم بە تیتۆڵێکی سپی پێچرابوو و خوێن لەژێر تیتۆڵەکەوە دەهاتە دەر. تیتۆڵ هەر لەو پەڕۆیە بوو کە چاوەکانی پێ بەسترابوو. سمێڵە نەرم و زەردەکەی بە دەم باوە دەجووڵایەوە و دڵۆپە ڕوونەکانی باران بە دوو لایدا دەچۆڕاوە. جلڕەشەکان بە خێرایی دەهاتن و دەچوون و داوێنی بارانییە شۆڕەکان لە دەلینگانیان دەهاڵا.

کوڕیژگە کە لەبەر باران خووسابوو، قامیشەکانی لەنێو قولیدا دەگوشی. بێ جووڵە، لەجێی خۆی ڕەق هەڵاتبوو و ڕوو لەوبەری گۆلاوەکە، حەپەسابوو. جاروبار لەرەیەک ڕایدەتڵەکاند. بارانی ڕوون، چۆڕ چۆڕ و دڵۆپ دڵۆپ کەشی دەبڕی و مژ دەخزایە نێو دڵۆپەکانەوە. جلڕەشەکان چەکەکانیان لەژێر بارانییەکانیانەوە دەرکێشا و چۆکیان دادا. هەموو جێگایەک خووسابوو و ئاوی گۆلاوەکە سەرتر دەهات. یەکێکیان کاغەزێکی لە گیرفانی دەرهێنا و بە زمانێکی نەناسراو کە کوڕیژگە هیچی لێ تێنەگەیشت، خوێندیەوە. خێرا خێرا و  بە تورتە تورت دەیخوێندەوە. کاغەزەکە خووسا، داچۆڕا و بە دەستی پیاوەکەوە نووسا. بە زەحمەت کاغەزی لە دەستەکانی خۆی کردەوە و کوتکوت لەسەر هەرد فڕێی دا؛ بەڵام کوتێک بە داوێنی بارانییەکەیەوە نووسا و لێی نەبۆوە.

گرمەیەک چۆڕاوگە بلوورینیەکانی بارانی لەرزاندەوە. سۆنە لەنێو قامیشەڵان خزین. کەسی یەکەم، ئەوەی دەستی هەڵپێچرابوو، لەجێی خۆی بزووت. مستی خۆی گوشی. کەسی سێهەم و چوارەم کە تازە لاو و لاواز و باریکەڵە بوون، بە تەوژمی فیشەکەکان چەند بست هەڵبەزینەوە. لە دوورەوە شتێک تۆقی و باران بە خوڕتر لە پێشوو دایدایەوە. سۆنەیەکی ترساو، بە پەنا قاچی کوڕیژگەدا تێپەڕی و بەپەلە سەری خستە نێو پووش و پەڵاشی ژێر قامیشەڵانەکەوە؛ بەڵام کلک و لاقە زەردەکانی لەگەڵ باڵە شۆڕەکەی، بە دەرەوە مانەوە. لەرینەوەی پێی باڵندە ئاوییەکە، کوڕیژگەکەی هێندەی تر ترساند.

پاش گرمەی فیشەکەکان، بێدەنگی باڵی بەسەر هەموو لایەکدا کێشا. سۆنەی ترساو بە زەحمەت خۆی لەنێو پووش و پەڵاشی قامیشەکان دەرکێشا؛ بەڵام لەبەر دەنگی تەقەی فیشەکەکان کە بە مەودایەکی دیاریکراو، یەک بە دوای یەکدا دەهاویشتران، لە جێی خۆی چەقی. سەرە بچووک و ماووتییەکەی لەگەڵ دەنگی هەر تەقەیەک ڕادەچڵەکی. پشتە کوڵکنەکەی کە دڵۆپەکانی باران بەسەریدا دەتکانەوە، بە پتەیەکی نادیار هەشت جار لەرزایەوە. بە خێرایی خۆی لە ئاوەکە هاویشتەوە و نوقم بوو. باران لێی کردەوە و مژ ڕەویەوە. کوڕیژگە وەخۆ هاتەوە. تاساو و تەزیو، هەستی بە پێویستیی هەتاوێکی گەرم کرد. وەک هەموو ڕۆژان چاوەڕوان مایەوە تا خاڵۆ سیاوەخشی دراوسێیان بۆ بڕینی قامیش پەیدا بێ. خەریک بوو دەموچاوە خووساوەکەی بە پشتی دەست و سەرقۆڵی کۆتەکەی وشک دەکردەوە کە دەنگی خاڵۆ لە دوورەوە هات:

"هۆی... هۆ... هۆ... هۆوو.."

کوڕیژگە بە دەنگی لەرزۆک و مێشکی ئاڵۆزەوە وڵامی دایەوە:

"هەها... ها..ها... ها!"

تاوێک دواتر خاڵۆ سیاوەخش لەنێو قامیشەکانەوە هاتە دەر. لە بەرامبەریدا ڕاوەستا و سەروێنە خووساوەکەی کردەوە تا بیچۆڕێنێتەوە.

"چ با و بۆرانێکە! چ ڕۆژێکی ناخۆشە! لەخۆڕا هاتین."

کوڕیژگە چاوە قورس و تاساوەکانی لەسەر گۆلاوەکە هەڵگرت:

"لەپڕ هاتن. بە دەسڕێژ. لە هۆوێ."

"هەرچی بوو ڕابرد. تازە تا ئێرە هاتووین. باشترە کاری خۆمان دەست پێ بکەین."

کۆکەیەکی کرد و بەرەو قامیشەڵان ڕۆی. پێڵاوە نایلۆنەکانی لەسەر قوڕ و پووشە ڕزیوەکان هەڵدەخلیسکا:

"لەپێشدا دەبێ ئاگر بکەینەوە. ئاگر." 


بە دەوری ئاگرەکەدا هەڵترووشکان و هەڵم لە جلەکانیان هەستا. خاڵۆ دەمی چەقۆکەی خستە سەر نینۆکی. کوڕیژگە بە دەستە لەرزۆکەکانی ئەوبەری گۆلاوەکەی پێشان دا و بە ترسەوە گوتی؛ لە هۆوێ پشت قامیشەڵانەکە.." خاڵۆ چاوی لەو سەری کرد.

"ها! لەوێ چ بووە؟"

"لە هۆوێ شکاروانەکان کوشتارێکی زۆریان کرد."

خاڵۆ لە ڕووخساری کوڕیژگە ڕاما: 

"ئەوە بۆ ڕەنگت وەک جاوی سپی پەڕیوە. پێم نیشان دە، چ بووە براکەم؟"


کاتێ گەیشتنە ئەو شوێنەی کە کوڕیژگە نیشانی دابوو، جۆگەلەی باران و خوێن بەژێر پێیاندا دەڕۆی. خاڵۆ داهاتەوە:

"شکاروانەکان! بەو بەیانییە زووە؟!"

کوڕیژگە لەرزی:

"دەنگی فیشەک هات.. دەسڕێژ! سۆنەکان زۆر ترسان. ئەوان.."

"دەبێ گەوەزنێکیان ئەنگاوتبێ. ڕانێکی گەورە!"

کوڕیژگە هەروا مات بوو.

"هەشت دانە بوون."

"کێها؟"

"گەوەزنەکان! ڕەنگە خەونم دیتبێ."

چاوە ماندووەکانی خۆی هەڵگڵۆفی:

"وایان قسە دەکرد کە هیچ لێیان تێنەدەگەیشتم."

خاڵۆ هەڵترووشکا و بە پەنجەکانی گڵەکەی تێکوەردا:

"ئەمانە جێپێی مرۆڤن. فرە بوون. شوێنپێی گەوەزنەکانیان کوێر کردۆتەوە."

بە سەری پەنجەی دۆشاومژەی شتێکی سپیی وەک پەمۆ و نەرم وەک گێچی مردووی لەنێو جۆگەلەکە هەڵگرت:

بە فیشەک لە سەریان داون، لە نیزیکەوە!"

تاوێک بیری کردەوە و لە قامیشەڵان ڕاما:

"بەسەریاندا داون." 

کوڕیژگە گوتی: "لەوانەیە."


بە یەکەوە گەڕانەوە لای ئاگرەکە کە وا خەریک بوو دادەمرکا. خاڵۆ دەستی بە سازکردنی تووزەلە کرد و کوڕیژگە سەر و بنی قامیشە بڕاوەکانی ڕێک دەکرد و دەیخستنە نێو توورەکەکەی خۆیەوە. خاڵۆ بە وردی چاوی لە قامیشێک کرد و گوتی:

"بڕوانە! خوێن بەسەر قامیشەکاندا پڕژاوە."

کوڕیژگە قامیشەکانی لەنێو دەستیدا سووڕاند:

"دایە گەورەم دەیگوت هەر کات هەورەبریسکە لە قامیشەڵان بدا، قامیشەکان پەڵەی خوێنیان لەسەر دەنیشێ."

"ڕاستی گوتووە. منیش بیستوومە." چڵۆسکێکی هەڵگرت. بە ئەسپایی فووی لێ کرد تا گەشایەوە و بە مەودای دیاریکراو قەدی قامیشەکەی سووتاند و لە یەک ڕیزدا کونی کرد. دوو قامیشی کونکراوی لەپاڵ یەک دانا و بە دەزوویەکی لە مۆم هەڵکێشراو بەتوندی بەستی. پاشان بە چەقۆ دوو قامیشی کورت و باریکتری قەڵشت و لە قامیشە گەورەکانی کوتا و لەسەرەخۆ گوتی: "تووزەلەی چاکە." دەستەکانی لەبەر ئاگر گەرم کردەوە. سەروێنەکەی کە هێشتا هەر خاو بوو، لەسەری هاڵاندەوە و تووزەلەی لەسەر لێوی دانا. تووزەلە ناڵەیەکی لێهات و لەپڕ قامیشەڵان و هەموو شوێنێ بێدەنگ بوو تا دەنگ بە هەموو شوێنێکدا باژوێ:

"لێدە نەیژەن لێدە نەیژەن

چەند بەسۆز لێدەدەی نەیژەن

لێیدە لە بازاڕ و کۆڵان

منیان کوشت لە قامیشەڵان"

خاڵۆ خێرا تووزەلەکەی لە لێوی کردەوە و لە کوڕیژگەی پرسی: "یەکێک لە نێو قامیشەڵانە دوورەکان گۆرانی دەڵی، گوێت لێیە؟" کوڕیژگە کە بە سەرسوڕمانەوە چاوی لە خاڵۆ بڕیبوو، گوتی: " بۆخۆت بووی گۆرانیت گوت خاڵۆ!"

"من... خۆ من هەر تووزەلەم لێدا." بە سەرنجەوە بڕێک تووزەلەکەی سەرەوژێر کرد و لەنێو ئەوانی تری دانایەوە.

"لێدە نەیژەن لێدە نەیژەن

چەند بەسۆز لێ دەدەی نەیژەن

لێدە لە بازاڕ و کۆڵان

منیان کوشت لە قامیشەڵان"

خاڵۆ بە پەلە تووزەلەکەی لە گیرفانیدا شاردەوە:

"وایە ڕاستە. کەسێک لە دوورەوە لەگەڵ تووزەلەکەی من گۆرانی دەڵێ. چەندە بە سۆزەوە دەیڵێ."

 

ڕۆژی دوایی کوڕیژگە قامیشەکانی لەگەڵ خۆی بۆ ماڵی مامۆستاکەی برد و لە بەردەمیدا داینان. مامۆستا لە چاوە سوورهەڵگەڕاوەکانی کوڕیژگە ورد بۆوە و دەستە تورت و ناسکەکانی خستە ناو دەستی خۆیەوە.

"یاوت هەیە کوڕم! لە دەستەکانت ئاگر دەبارێ."

کوڕیژگە بە هێمنی گوتی: "دوێنێ چوومە نێو قامیشەڵان تا قەڵەمقامیشێک ببڕم. لەنێو هەورە برووسکە و ڕێژنەی باراندا گیرم کرد."

مامۆستا سەرێکی ڕاوەشاند و سەرمەشقی بۆ کوڕیژگە دادا: 

"ئەوەش سەرمەشق... چەند ڕۆژێ لە ماڵەوە بمێنەوە تا چاک دەبیتەوە. لەگەڵ مەشقەکان خۆت بخافڵێنە."


کوڕیژگە بۆ ماوەی حەوتوویەک لە ماڵەوە مایەوە و لە یاودا پیشا. کاتێ بەرەو چاکبوونەوە دەچوو، هەروا کە لەسەر جێوبانەکە ڕاکشابوو، مەشقەکانی نووسیوە. کاتێ کارەکەی تەواو بوو، چوو بۆ لای مامۆستاکەی و مەشقەکانی پێ نیشان دا. مامۆستا بە دیتنی دەستخەتەکەی، سەری سووڕ ما و واقی وڕ ما:

"حەشرت کردووە کوڕم. یانی بۆخۆت ئەوانەت نووسیوەتەوە؟"

گوێچکە ناسکەکانی کوڕیژگە وەک شیلان سوور هەڵگەڕا:

"بەڵێ مامۆستا."

مامۆستا لە کاتێکدا کە بە سەرسووڕمانەوە لە نووسراوەکەی دەڕوانی، نێوچاوانی تێکنا و گوتی: "بەڵام... ئەمە.. ئەو سەرمەشقانە نین کە من بۆم دادابووی. ئەوانەت لە کوێ..؟"

 کوڕیژە گوتی: یاوم هەبوو. بە دەست خۆم نەبوو وەک بڵیی.. قەڵەمقامیشەکە بۆخۆی بەسەر کاغەزەکەدا دەخشا."

مامۆستا چاویلکەکەی لە سەر لووتی ڕاستەوپاستە کرد و لە نووسراوەی کوڕیژگەکە ڕاما:

"من ترسم م م نییە یە.. ئەئەئەگەر

ئەم رررر خەیاڵەەە ب‌ب‌بە خەخەوی ئاڵۆزی شەودا ڕابرێ‌ێ

یان بە وڕێنەی‌‌ی‌ی یاوووو

 یان بە گیانێکی‌ی‌ی خەمباررر"

ئەمجار بە چاوی تەمگرتۆوە لە لاپەڕەکەی ڕوانی:

"زۆر جار لە خوێ‌خوێ‌ خوێنیان وەرداین‌ن‌‌ن

لە ب‌ب‌بیرت بێ‌ێ‌ێ

تاکە دەسکەوتی کوشتار کوشتار کوشتارررر

نا نانەبەرەی ب‌ب‌بێ پێخۆڕ و کەوڵی نانی بێ بەرەکەت‌ت‌تی ئێمە بوو و و."

مامۆستا زۆر تووڕە بوو؛

"من پێم گوتبووی قەت بە لەشی یاودارەوە مەنووسە."

کوڕیژگە بە ڕەوانیی شمشاڵێک دەستی بە ناڵەناڵ کرد:

"خاس بووم مامۆستا، خاس ببوومەوە."

مامۆستا گوڕاندی:

"یاو و وڕێنە!"

کوڕیژگە بیری لە لەرزینی پشتی باڵندە ئاوییەکە و لەرینەوەی پەردەی پێی کردەوە و بە ترسەوە لێوی لێک دان:

"مامۆستا بە خودا حاڵم زۆر باش بوو. تەنیا کەمێک حاڵی... حاڵم... ڕەنگە..."

ڕووخساری کوڕیژگە ئەوەندە بێ گوناه و خۆماڵی بوو کە دڵی مامۆستای نەرم کرد و چاوی لە نووسینەکانی بڕی. لە کۆڵانە دوورەکانەوە ویرەویرێک دەگەیشتە گوێی مامۆستا. وەک بڵێی هەموو باڵندەکانی دنیا، لەگەڵ سۆزی تووزەلەکە دەیانگوتەوە:

"لێدە نەیژەن، لێدە نەیژەن

لێیدە لەو شمشاڵە نەیژەن

لەنێو بازاڕ و لە کۆڵان

منیان کوشت لە قامیشەڵان"

مامۆستا بە بیستنی ئەو گۆرانییە، خەمبار بوو:

"ناچارم دیسان سەرمەشقت بۆ دابدەمەوە. قەڵەمقامیشەکەتم بدەیە!"

کوڕیژگە قەڵەمقامیشەکەی دا بە مامۆستا. مامۆستا داهاتەوە و دەستی بە نووسین کرد. کاتێ لێبۆوە، سەرمەشقەکەی لەپێش کوڕیژگە دانا:

"بە دەنگی بەرز بۆم بخوێنەوە."

کوڕیژگە بە دەنگە مەخمەرییەکەی دەستخەتی مامۆستای خوێندەوە:

"من لەوە ناترسم ئەگەر

ئەم خەیاڵە بەنێو خەوی ئاڵۆزی شەودا ڕابرێ"

مامۆستا گوڕاندی:

ئەو سەرمەشقە بخوێنەوە کە من دامداوە نەک ئەوەی خۆت!"

کوڕیژگە بە دەم لەرزەوە گوتی:

"ئەمە.. ئەو سەرمەشقەیە کە خۆت داتداوە مامۆستا!"

مامۆستا بە تووڕەییەوە کاغەزەکەی لە دەست کوڕیژگە ڕفاند و بە دیتنی دەسخەتەکەی خۆی، هەڵبەزیەوە. چاوێکی لە قەڵەمقامیشەکە کرد کە لەنێو دەستەکانیدا دەلەرزییەوە:

"ئەم قەڵەمقامیشە! بە پڕیشکەی خوێنەوە!"

کوڕیژگە بە چاوە گەرمەکانی لە باڵندە کاڵبۆوەکەی سەر بەڕەی ژوورەکە ڕاما:

"نەنکم دەیگوت هەرکات هەورە بریسکە لە قامیشەڵان بدا، قامیشەکان.."


۵/۲۲/۱۴۰۳

بۆ هەنارێکی هەڵوەریو

 تۆ هەنار و

من تەمام بوو 

لە پاییزی تەمەنمدا بتچنمەوە

کەچی لەپڕ بووی بە گەڵای ئەم پاییزەو

لە درەختی تەمەنی من جیا بوویتەوە


پاییز وەکوو جووتیارێکی دەست قەڵەشیو

چەڵاکی بای بە دەستەوەو

داری تەمەنمان دەڕنێ

ئەو جارەیان گەیشتە تۆ

چاوەڕوانم

ئاخۆ کەی نۆرەی منیش بێ


داری تەمەن 

تەنیا چەند گەڵای پێ ماوە

هاکا ئەوانیشم وەرین

ئیتر منیش ڕزگار دەبم

جێ هەبێ پێکەوە دەبین


وەرین هیندەش سامناک نییە

ئێمەین دەقمان بەم کۆت و بەندە گرتووە

گەڵا هەتاکوو نەوەرێ

کەی بە گەڵای ئەوینی خۆی گەیشتووە؟






وەرگێڕدراو

 

وەک گەڵایەکی پاییزیم، پڕ لە ڕەنگ

لە دووری تۆ پەرێشان مام و دڵتەنگ

چەندی من بۆ وەسڵی تۆ بێ ئۆقرە بم

سینگی تۆ ڕەقتر دەبێ وەک تاتە سەنگ


۵/۲۱/۱۴۰۳

حلوور

 وشەی "حلول" بەواتای چوونی شتێک بۆ ناو شتێکی. پتر باری ئایینی هەیە بە هەمان واتای "تەناسوخ" یان دۆنادۆن. بەپێی ئەو باوەڕەی کە ڕۆح دەچێتە ناو جەستەوە یان ڕۆحی کەسێک دەچێتە ناو جەستەی کەسێکی دیکەوە.

ئەمڕۆ بە هەڵکەوت ئەو مەتەڵەم کۆنەم وەبیر هاتەوە کە دەیانپرسی:
ئەمە چییە "حلوور بایە ڕووی لە خودایە" و جوابەکەشی کولانەیە. واتە با پێیدا دەچێتە ژوورێ و ڕووی لە ئاسمانە. بیرم کردەوە کە ئەم حلوور یان حللوورە دەتوانێ هەر "حلوول" بێ. لەو ڕەگە لە زمانی کوردیدا وشەی "لوور" و "لووربوون"یش هەیە. زیاتر بۆ باڵندە دەگوترێ کاتێ لە ئاسمانەوە بەرەو زەوی هەڵپە دەکا بەڵام بە مانای هاتنە خواری شتێک بۆ نێو شتێکی دیکەش دەگوترێ کە دەتوانێ هەمان حلوولی ڕۆح بۆ نێو جەستە بێ.
دیارە حلوول یان حلوور تاکە وشەی سەر بەو باوەڕە نییە کە دەتوانێ ڕەگی بۆ نێو زمانی کوردی بگەڕێتەوە و وشەی "دۆنادۆن"یش لە بنەڕەتدا تەناوتەنە بەو مانایە کە ڕۆح لە جەستە یان تەنێکەوە دەچێتە ناو تەنێکی دیکەوە.

۵/۰۶/۱۴۰۳

هیجرەتی بچووکی شێخ ڕەزا

کۆچ، لەگەڵ بارە ناخۆش و ناچارییەکەی، زۆر جار کاریگەریی قووڵ لەسەر هزر و ڕەوانی کۆچبەر دادەنێ. زۆر جار تاک یان گڕووپ تووشی وەرچەرخان دەکا و ئاڵوگۆڕی قووڵی تێدا پێک دەهێنێ. دیارە کاریگەری و ئاڵوگۆڕەکان ڕەنگە هەمیشە لەسەر کۆچبەر بە ئەرێنی نەشکێنەوە بەڵام زۆربەی جار خەساریان لە دانیشتن و مانەوە پتر نەبووە. هیجرەتی محەممەد، پێغەمبەری موسوڵمانان لە مەککەوە بۆ مەدینە ئەوەندە کاریگەریی قووڵ و ئەرینی لەسەر خۆی و چارەنووسی ئیسلام دانا کە بە سەرەتای مێژووی موسوڵمانان هەژمار دەکرێ. نالی ئەگەر بۆ ئەستەمووڵ نەچووبا، ڕەنگە هیچکات قەسیدەی بەناوبانگی "قوربانی تۆزی ڕێگەتم.." لەدایک نەبووبا. کۆچ شوێنەواری قووڵی لەسەر هزری حاجی قادر بەجێ هێشت و چاو و گوێی ئەویان بەرەو بیری نەتەوەیی زیاتر کردەوە. بەشێک لە باشترین و بەنێوبانگترین شێعرەکانی هێمنیش لە ئاوارەییدا لەدایک بوون. ئەم ئاوارەیی‌یە تەنانەت شوێنی لەسەر شاعیرێکی وەک شێخ ڕەزاش داناوە و بەشێک لە بەنێوبانگترین شێعرەکانی ئەو، بەرهەمی کۆچن.

شێخ ڕەزا لە ژیانی خۆیدا دوو جار هیجرەتی چارەنووسسازی کردووە کە شوێنیان بەسەر بەرهەمەکانیدا بەجێ هێشتووە. دەتوانین ئەوانەش بە کۆچی بچووک و کۆچی گەورە لێک جیا بکەینەوە. هیجرەتی بچووک لە تەمەنی گەنجی و لە کەرکووکەوە بۆ کۆیە بووە و کۆچە گەورەکە لە تەمەنی بانتر و وەکوو نالی و حاجی لە کوردستانەوە بۆ ئەستەمووڵ بووە. دیارە شوێنەواری کۆچ لە کەرکووکەوە بۆ کۆیە کە ئامانجی ئەم بابەتەیە بەسەر بەرهەمەکانی شێخ ڕەزادا زیاتر دیارە و تەنیا لە ڕووی مەوداوە، کورت یان بچووک بووە.  

 شێخ ڕەزا برا بچووکی شێخانی تەریقەتی تاڵەبانی بووە کە لە سەردەمی پێگەیشتنی شێخ ڕەزادا، شێخ عەلی براگەورە، پیر و مورشید و شێخی گەورەی تەکیەی تاڵەبانی لە کەرکووک بووە. ئەم تەکیەیە، ماڵی سەرەکیی تەریقەتەکە بووە بەڵام شێخ غەفووری مامیشیان لە کۆیە لقێک لە تەکیەکەی کردۆتەوە. هەر لە کۆیە شێخ ساڵح و ڕەنگە شێخ مستەفاش نیشتەجێ بوون. شێخ ڕەزا وەک برا بچووک سەرەتا لە خانەقای شێخ عەلی‌دا بووە. وا دیارە هەر لە ئەوێش دەرسی خوێندووە و پێگەیشتووە. کە دەستیشی بە شێعر و شاعیری کردووە، وەک شاعیر و پەسنبێژی تەریقەت و سەناگۆی شێخ عەلی دەرکەوتووە. لەو کاتەدا کە هێشتا ناسناوی شێعریی لامیعی بۆخۆی هەڵنەبژاردبوو، چەند جارێک مەدحی شێخ عەلی کردووە و پلەی ئایینی و شێخایەتیی ئەوی بەرز نرخاندووە. بەوانەش سرووشتی‌یە سەرنجی شێخی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە:
خودا وەختێ کە حەز کا بەندەیێکی خۆی بکا خوشنوود
لە ڕێگەی دوورەوە بۆی دێ بە پێی خۆی شاهیدی مەقسوود
لە هیندستانەوە شەش مانگە ڕێ تا خاکی کوردستان
خودا شێخ ئەحمەدی هیندی ڕەوان کرد بۆ مەلا مەحموود
مەلا مەحموودی زەنگەنە یەعنی قوتبی دائیرەی ئیرشاد
لە دەوری مەرقەدی هەر دەنگی یاهوو دێت و یا مەعبوود
لەپاش ئەو ئەرشەدی ئەولادی شێخ ئەحمەد لە جێی دانیشت
بیعەینە وەک سولەیمان جێنشینی حەزرەتی داوود
بەڵێ بابی وەها ئەڵبەت دەبێ فەرزەندی وا بێنێ
ئیلاهی سەد هەزار ڕەحمەت لە قەبری والید و مەولوود
بە ڕەحمەت چوون ئەوان با بێینەوە سەر باسی ئەورەحمان
فیدات بم ئەی نەتیجەی دوودەمانی ئەحمەد و مەحموود
نەتیجەم مەقسەدە تالی موقەددیم شەرتی تەحسیلە
ئەوانەی بۆیە ئیجاد کرد خودا تا ئەم ببێ مەوجوود
ئەمێستاش شێخ عەلی نەجلی کەبیری ساحیب ئیرشادە
ئەمیش وەک باوک و باپیری لە زومرەی ئەولیا مەعدوود
ڕەزاش لەو نەسلەیە بیبەخشە یا ڕەبی کە قەت نابێ
گوڵی بێ خار و بەحری بێ بوخار و ئاگری بێ دوود

لەو شێعرە و لە شێعری دیکەشدا دیارە کە شێخ ڕەزا خۆی لە دوای شێخ عەلی دەبینێ و چاوەڕوان بووە شێخیش حیسابی جێنشین و جێگرەوەی خۆی بۆ بکا. لە زمان کاکەییەکانی دوژمنی تاڵەبانی دەڵێ:
ئەگەر بێ شێخ عەلیش دَفعُ البَلا بێ
ئیتر دنیا دەبێتە عەینی گوڵزار
بمێنێ یا نەمێنێ چی لە دەس دێ
بە تەنها شێخ ڕەزاکەی هەرزە گوفتار
 
لەگەڵ ئەوانەشدا شێخ ڕەزا زۆر لە دۆخی ژیانی خۆی ڕازی نییە. ڕەنگە لە تەمەنی مێرمنداڵی و تازەلاویدا دایک و باوکی لەدەست دابێ و لە خانەقا بێ ناز کەوتبێ. خواردنی خانەقا ئیشتیای نەبردووە و ڕەنگە جاروبار لەسەر ئەوە بۆڵەی بەسەر شێخ عەلیشدا کردبێ:
سێ ئیسم هەن بێ موسەمما هەر وەکوو ئابی بەقا        تەیری عەنقا، شاری جابوڵقا، پڵاوی خانەقا
 
هەروەها لە دەست کاربەدەستانی تەکیە و شێخ عەلی خۆیشی ناڵە و بۆڵەیەتی:
 یایا لە گەڵمان وا بە غەرەز بێ                 هەمین نانەوا و خەجێ ئاشپەز بێ 
ئەبێ شێخ ڕەزا لە برسا بمرێ                    لەگەڵ شێخ عەلی هەر بە دەغەز بێ

بەڵام شێخ عەلی ئەو حیسابە بۆ ڕەزا ناکا کە چاوەڕوانی بووە و لە شان و شەوکەتی خۆی ڕادیتووە. هیندەی گوێ ناداتێ و گرینگی پێ نادا. تەنانەت لەباری داراییشەوە پێی ڕاناگا. شێخ ڕەزا سەرەڕای برا بچووکی، لە شێعرێکدا پێ لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕادەکێشێ و دەکەوێتە نەسیحەتی شێخ عەلیی برا گەورە. لە کۆتاییشدا لەدەست بێ پارەیی و گیرفان بەتاڵی، هەوڵ دەدا سکاڵای خۆی بە گوێی شێخ بگەیەنێ: 
بێگانە هەموو ساحیبی جاهـ و جەبەرووتن        
بێچارە برای شێخ عەلی موفلیس و ڕووتن
ئەی شێخ عەلی چاکە وسووقت بە برا بێ            
باوەڕ مەکە بەم خەڵقە کە وەک توولە لە دووتن
قەومێ کە لە عەهدی پدەرت حەلقە بە گۆش بوون        
تەحقیقی بزانە بە خودا جوملە عەدووتن
ڕەحمیان نییە دەربارەیی تۆ خزم و ئەقاریب
موشفیقترە بێگانە لەمانە کە عەمووتن
نادان و قوڕمساخ و نەزانن کە ئەمانە                        
گاهێ لە سەما، گاهـ لە سەیری مەلەکووتن
ئەم تەکیەنشینانە چ دەروێش و چ سۆفی                       
هەرچەندە بە دڵ موشتەغیلی زیکر و قونووتن
وەک حاجیی مابەینی سەفا و مەروە بە تەعجیل              
بۆ لوقمە ئەمانیش بە مەسەل یوونس و حووتن
جومعانە بڕاوە بە خودا موفلیسە "لامیع" لامع               
نە پوولی حەمامی هەیە نە پارەیی تووتن

وەک لەم شێعرە و لە چەند نموونەی دواتریشدا دەردەکەوێ، شێخ ڕەزا ئەم کەم لوتفی و بە هێند نەگرتنەی خۆی لەلای شێخ عەلی، لە چاوی دەوروبەرەکانی برا گەورە کە شێخی خاوەن دەسەڵاتە، دەبینێ و هەوڵ دەدا ئەوان لە شێخ دوور و شێخ لە ئەوان وشیار بکاتەوە. ئەو کەسانەش دوو دەستەن؛ دەستەیەکیان خزم و خوێش لەوانە مامەکانیانن و دەستەی دووهەمیش مرید و دەروێش و سۆفیی تەکیەنشینن کە کاروبارەکانی تەکیە و خانەقای شێخ عەلی بەڕێوە دەبەن. وەک کەسانێک کە شێخ ڕەزا بە شامار و حەمەی وەستا فەتاح و مچە ڕێژاوی و ئەحمەی جەمە و خادیمی سوججادە ناویان دەبا؛
شێخ کە هام سوحبەتی شامار و نەدیمی حەمە بێ
شێخ کە دۆستی مچەڕێژاوی و و ئەحمەی جەمە بێ
شێخ لەبەر جەلبی دڵی ئایشە کوڕانیی ژنەکەی
شیر بکێشێت و لە ڕووی والیدە دەستەوقەمە بێ
شێخ کە قودسییەتی پیرانی تەریقەت لە کنی
هەموو ئەفسانە و ئەفسوون، هەموو گاڵتە و گەمە بێ
شێخ کە گەووادی وەکو «خادیمی سوججادە» لە لای
سەیدی حوڕڕ، لە سولالەی عەلی و فاتیمە بێ
شێخ کە قەسری حەرەمی گەیییە مەقاماتی عولا
سەر بڵند کات و بڵێ، شێخ ئەمەو قەسر ئەمە بێ
شێخ ئەوا گۆی هونەری بردەوە، کەشکەک سەڵەوات
شێخ ئەوا جێی پدەری گرتەوە، دەستی بەمە بێ

بەشێک لەو کەسانە بە تایبەتیش کەوتوونەتە بەر هێرش و هەجوی ڕەزا:
خادیمی سەججادەیی پێغەمبەری                      کشتی جود و سخا را لنگری
أغنیا خواهند از انعام تو                                  سینیێ شەکراو، پڵاو دوو لەنگەری
ئەو کەسەی خوانی لەبۆ دێ سوبح و شام            چیی لە ئێمە زیاترە غەیرەز کەری

بەڵام لە هەمووی ئەمانە زیاتر، شێخ ڕەزا ڕقی زۆری لە "حەمەی وەستا فەتاح"ە و گومان دەکرێ ئەو "حەمە"یەش کە لە بەیتی دەسپێکدا هاتووە، هەر مەبەست حەمەی وەستا فەتاح بێ. وا دیارە حەمە لە هەموان زیاتر لە شێخ عەلی نیزیک و جێی باوەڕی ئەو بووە و لەلای شێخ قسەی ڕۆیشتووە؛
هەزار ئەفسوون و جادووی پێوە ئاوێزانە ئەم ڕیشە
عیلاجی گەر ببێ یا گووزە[1] یا گوێزانە[2] ئەم ڕیشە
بە تەحریکی تەڵێکی سەد هەزار نەفسی بەکوشتن دا
ڕەئیسی حیلەکاران شای قوماربازانە ئەم ڕیشە
بە بای سەڕسەڕ لە شوێن خۆی ناجمێ ڕیشی ئەمەند سەختە
بە بێ حیکمەت نییە گەر جار بە جار لەرزانە ئەم ڕیشە
بەزاهیر سافە وەک زیوی سپی، ئەمما لە باتیندا
ڕەش و پیس مولووەس وەک بنی قازانە ئەم ڕیشە
بە مەکرێ ئەمڕەتێنێ حەز بکا هەر لێرە تا موکری
پەناهم دەی خودایا خاوەنی زۆرزانە ئەم ڕیشە
کە سەیرم کرد دەزانم شێخ لە من مەسروورە یا عاجز
حەمەی وەستا فەتاح بۆ حاڵی من میزانە ئەم ڕیشە
هەزار هەوسار و دەسبەند و گوریسی لێ دروست ئەکرێ
بەسەد باتمان خوری گەر بیکڕی هەرزانە ئەم ڕیشە 

هەروەها:
حەمەی وەستا فەتاح سەد بارەکەڵڵا لەم سەر و ڕیشە
کە گوێدرێژێ بەتەنیا چۆن ئەبا ئەم بارە قامیشە
لە سەد باتمان خوری زیاتر نەبێ کەمتر نییە وەزنی
سەرت چۆنی هەڵئەگرێ من سەرم سووڕماوە لەم ئیشە

وا دیارە ئەو شەڕ و کێشانە سەرەتا کێشەی بنەماڵەیی بوون کە دواتر تەکیە و خانەقای شێخ عەلییان تەنیوەتەوە. خوشکان و برایانی شێخ عەلی پێیان وا بووە شێخ ئەوانی بۆ ئایشەی هاوسەری و خزمانی لای بەرەوە فڕێ داوە. ئەوەتا شێخ ڕەزا دەگێڕێتەوە کە شێخ عەلی لەسەر هاوسەرەکەی، دەست بە خەنجەر هێرشی بۆ سەر خوشکی خۆی بردووە:
 شێخ لەبەر جەلبی دڵی ئایشە کوڕانیی ژنەکەی
شیر بکێشێت و لە ڕووی والیدە دەستەوقەمە بێ

شێخ ڕەزا  و خوشک و براکانی دیکە پێیان وا بووە شێخ عەلی ئەوانی لەبیر چۆتەوە. بەشی زۆری کێشەکانیش لەسەر ماڵی دنیا بووە و ئەوەی کە ئەوان بە هی خۆیان زانیوە پێیان وا بووە شێخ عەلی بۆ ماڵ و منداڵ و تەنانەت زاوای خۆی خەرج دەکا:
کێ دیویەتی شێخ عەلی! ماڵی خەزوور بۆ زاوا
تۆ لە کوێ تەکیە لە کوێ بزنەگەڕی مەزناوا

ئەم ڕەخنە و ململانێ و هێرشانەی شێخ ڕەزا نابن بە هۆی ئەوە کە شێخ عەلی ئەو لە خۆی نیزیک بکاتەوە و بۆ ئەو، پشت کاربەدەستان و متمانە پێکراوانی خانەقا بکا. بە پێچەوانە شێخ ڕەزا بە تاوانی "خوێڕێتی و بێکاری" دەردەکرێ بەو جۆرەی بۆخۆی دوای دەرکرانی لە شێعرێکدا دەڵێ:
هەرچەندە وتم وەختێ، کە دیم نەخوەتی ‏ قەلبی
یا ڕەب کە لەگەڵ شێخ عەلی بۆ چی شەڕم کرد
هەر دەچمەوە لای گەرچی بڵێ هاتەوە دیسان
ئەو خوێڕییە بێکارە کە من لێرە دەرم کرد

 شێخ ڕەزا دەرکرانی خۆی هەر لە بن سەری حەمەی وەستا فەتاحدا دەبینێ و وا دیارە لە ململانێدا بە حەمەی وەستا فەتاحی دۆڕاندووە:
شێخ عەلی خۆ تۆ منت ئاوارە کرد و دەربەدەر
چاکە هەجوێکت بکەم، ئەمما موفید و موختەسەر
بۆ حەمەی وەستا فەتاح ئێمەت هەموو ئاوارە کرد
ئەی حەمەی وەستا فەتاح دایکت بەکێری نێرەکەر 

کێشەی شێخ ڕەزا لەگەڵ شێخ عەلی، تاکە کێشەی نێوان ئەو بنەماڵەیەی شێخانی تاڵەبانی نەبووە. وا دیارە شێخ عەلی پێشتریش لەگەڵ مامەکانی واتە شێخ غەفوور و شێخ ساڵح لە ناکۆکی و ناتەباییدا بووە. ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێ کە ئەم لە کەرکوو و ئەمان لە کۆیە نیشتەجێ بوون. دیارە شێخ عەلی کوڕی گەورەی شێخ عەبدوڕەحمان، برای گەورەی شێخ غەفوور و شێخ ساڵح و.. بووە و بەو پێیەش میراتگری سەرەکیی شێخایەتی بووە. هەر بۆیەش دوای مەرگی باوکی، جێگای ئەوی گرتۆتەوە و بووە بە شێخی گەورە. شێخی خانەقا و مورشیدی تەکیە سەرەکیەکەی شێخانی تاڵەبانی بووە. شێخ ڕەزا دوای ئەوەی لە تەکیەی شێخ عەلی و ڕەنگە لە کەرکووکیش دەردەکرێ، پەنا بۆ کۆیە و بۆ لای مامە غەفوور دەبا کە ئەویش لقێک لە تەکیە و تەریقەتی شێخانی تاڵەبانیی لەوێ کردۆتەوە. شێخ ڕەزا کە پێشتر سەبارەت بە مامەکانی بە شێخ عەلی دەگوت "موشفیقترە بێگانە لەمانە کە عەمووتن"، ئەمجار لە دژی شێخ عەلیی برا دەکەوێتە پەسنی مام:
بەم حاڵە ئەگەر جارێکی تر بچمەوە کەرکووک
مەعلوومە بە مەردی نەڕواوە لە سەرم تووک
بۆچ بچمەوە کەرکووکی قوڕمساخ کە لەگەڵ من
ئەهلی هەموو ناسازە وەکوو ئاوی حەمامووک
پێم خۆشە لە بەر جەوری برا و لۆمەیی ئەقوام
سەد جار لە غەریبی بکەوم موفلیس و مەفلووک
ڕۆژێ بە مورادی منیش ئەڵبەت دەگەڕێ چەرخ
ئەم میچە قەراری نییە، گاهێ جکە[3] گەه بووک[4]
شاهێ کە نەبێ ڕادەبوێرین بە فەقیری
بۆ ئەهلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندووک
شەش مانگە زیاتر کە لە پاش مەرگی پدەر من
مەغدوورم[5] و مەزڵووم و جەفا دیدە و مەهتووک[6]
تا ساکنی کۆی مامە غەفوورم وەکو فەغفوور
کیسەم پڕە دائیم لە زەڕ و لیرەیی مەسکووک
پابەندی خەلایق نییە تەبعم وەکوو خەڵکی
بێ کولفەتم و ڕەندم و سەییاحم و سالووک
من خواجەیی ئەحرارم و، ئامێزشی دنیا
هێشتاکە نەمیکردووەتە بەندەیی مەملووک
وەک لامعی شاعیر نییە ئێستێ لە جیهاندا
شیرین سوخەن‌و قابیل‌و خۆش تەبع‌و ڕەزا سووک

ئاستی پێشوازی و قەدرگرانیی مامە غەفوور لەو شێعرەدا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە و دیارە کە ڕەزا چەندە ڕازییە لەو کۆچە کە کردوویەتی. ئیتر لەوێوە تۆپخانەکەشی لە دژی شێخ عەلی و شێخایەتیەکەی دادەمەزرێنێتەوە:
شێخ عەلی مەحبووبمە و بیناییی هەردوو چاومە
بێ قەیی بێ، بۆ تەبەڕووک تاقە جارێ گاومە

ئەم وەدەرنان و ئاوارەکردنە شێخ ڕەزای تەنانەت لە شاری کەرکووک و خەڵکەکەشی کردووە بە دوژمن:
کافی کلک و کافی کوون و کافی کەر تێکەڵ کرا
ئیسم و ناو و شۆرەتی کەرکووکی لێ تێکەڵ کرا 

یان:
کەبابی گۆشتی بزن، فاکیهەی بەری خڕنووک
لەمن بپرسە سەفای شارە حیزەکەی کەرکووک

هەروەها دژی خەڵک و دانیشتوانەکەی کە وا دیارە دوای شاربەدەر کرانی شێخ ڕەزا، دەنگۆیان بۆ هەڵبەستووە و قسەیان لەدوو خستووە:
مەکەن باوەڕ بەقەولی داکی خۆگێکانی کەرکووکی
ئەگەر خەڵتێ بکەن وا بزانە گا قۆڕانی کەر کۆکی 

ئەو خۆشی و دڵخۆشییەی شێخ ڕەزا زۆر ناخایەنێ و بەرەبەرە بۆڵەبۆڵ و ناکۆکی لەگەڵ مامە غەفووریش دێتە ئاراوە. ڕەنگە سەرەتا لە شتی بچووکی وەک چایەکەی مامە غەفوور دەستی پێ کردبێ:
چایەکەی مامە غەفوور زەردە وەک میزی نەخۆش
ئیحتیاج ناکا بە ئاگر، هەر بە دوو تڕ دێتە جۆش 

بەڵام بۆڵە لەسەر نان و چای مامە غەفوور زۆر زوو جێگای خۆی بۆ کێشە و ناکۆکی گەورەتر و هەجوی زۆر توند بەجێ دەهێڵێ. چونکە ئەو کە لە سەرەتای گیرسانەوەی لەلای مامە غەفوور دەیگوت؛
شەش مانگە زیاتر کە لە پاش مەرگی پدەر من
مەغدوورم و مەزڵووم و جەفا دیدە و مەهتووک
تا ساکنی کۆی مامە غەفوورم وەکو فەغفوور
کیسەم پڕە دائیم لە زەڕ و لیرەیی مەسکووک
 
هەر لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا ڕوو لە مامە غەفوور وەردەسووڕێنێ و دەڵێ:
شەش مانگە بەم ئەفسانە گلی دامەوە لای خۆی
نەمزانی ملم بشکێ، تیا چووم، زەرەرم کرد

وا دیارە سەرەتا مامە غەفوور ڕەنگە لە ڕقی شێخ عەلی، کۆمەڵێک وادە و بەڵێنیی وەک مارەکردنی کچەکەی خۆی بە شێخ ڕەزا داوە بەڵام دواتر پاشگەز بۆتەوە یان بێدەنگەی لێ کردووە. شێخ ڕەزا هەروەها وا نیشان دەدا کە ئەو لە ڕووی ئاوارەیی لەلای مامە غەفوور نەگیرساوەتەوە بەڵکو شێخ غەفوور سەد مەلای بۆ مانەوەی لەسەر کردووە و سەد وادە و بەڵێنی پێ داوە تا ئەو لەلای خۆی گل بداتەوە لێ هیچکام لە بەڵێنییەکانی نەبردۆتە سەر. ئیتر لەوە بەدوا بەشێک لە بەنێوبانگترین هەجوەکانی شێخ ڕەزا ڕووی لە شێخ غەفوور بە تایبەتی ڕەشیدی کوڕیەتی و ڕەحمی بە ژن و کچ و تەنانەت کارەکەرەکانیشی نەکردووە:
ئەو ڕۆژە کە تۆرام و لە کەرکووک سەفەرم کرد
مانەندی عەقاریب[7] لە ئەقاریب[8] حەزەرم کرد
گەردوون سنێکی[9] کردم و هێنامییە کۆیە
میوانی لەکن مامە غەفووری لەچەرم[10] کرد
خواستم کە بڕۆم بۆ سەفەری ڕۆم بە سیاحەت
نەیهێشت و دووسەد ئەهلی عەمامەی لەسەرم کرد
دانیشێ، نەچێ، من کچی خۆم مارە دەکەم لێی
ئەو تالیبی دونیایە ئەوا موعتەبەرم کرد
چرووسا[11] لە بەرم جوببە[12] و فیسا[13] لە سەرم فێس[14]
نە فێسی لە سەر نام و نە جوببەی لە بەرم کرد
شەش مانگە بەم ئەفسانە گلی دامەوە لای خۆی
نەمزانی ملم بشکێ، تیا چووم، زەرەرم کرد
وەڵڵاهی دەکەم دەرحەقی ئەو بەڵکو زیاتر
ئەو کارە کە دەرباری ڕەشیدی پسەرم کرد
کارم تەڕ ئەبێ ئەموت ئەگەر لوتفی ببێ مام
ئەی لایقی ڕیشی بە خودا کاری تەڕم کرد
بۆ موجتەهیدان گەرچی جەوازی نییە تەقلید
من موجتەهیدم، هاتم و تەقلیدی کەرم کرد
ئەی گووی خلە بەم لوتفە کە ئەو کردی لەگەڵ من
لەم مەرحەمەت و لوتفە ئەوا من گوزەرم کرد
هەرچەندە وتم وەختێ، کە دیم نەخوەتی[15] قەلبی
یا ڕەب کە لەگەڵ شێخ عەلی، بۆ چی شەڕم کرد
هەر دەچمەوە لای گەرچی بڵێ هاتەوە دیسان
ئەو خوێڕییە بێکارە کە من لێرە دەرم کرد
هەرچەندە ڕەزا باعیسی بەدنامییە عەودەت[16]
لەم سووکی و بەدنامییە سەرفی نەزەرم کرد 

وا نانوێنێ کە شێخ بەپێی ئەو "سەرفی نەزەر"ەی خۆی بۆ لای شێخ عەلی گەڕابێتەوە بەڵام دەرهەق بە مامە غەفوور بەوەندە واز ناهێنێ و لە شێعرێکی درێژی دیکەدا ئەمجار توندتر هەڵدەکوتێتەوە سەر مام و مامۆژن و ڕەشیدی کوڕ و کچ و کارەکەرەکانیشی:
مامەکەم قەحبەژنە دەوڵەتی شەددادی هەیە
تالعی ڕاهبەر[17] و بەختی خودادادی هەیە
دوو سێ دێی داوەتێ سوڵتان پەیی ئیتعامی[18] تەعام
هەر یەکێکی بەقەدەر خەزنەیێ ئیرادی[19] هەیە
چ فرووش[20] و چ زورووف[21] و چ زەیاع[22] و چ عەقار[23]
لە هەموو جینسە مەتاعێ[24] سەد و هەشتادی هەیە
ئەم هەموو گەنج و خەزێنەی هەیە هێشتاکو تەرەس
نە هەوای جوود[25] و نە مەیلی کەرەم و دادی هەیە
ڕەسمی ئابائی کیرامی[26] بووە ئاساری سەخا[27]
نە لە ئابائی حەیاو نە لە ئەجدادی هەیە
گەر سەر و ڕیشی پیاوانەیە باوەڕ مەکە پێی
باتینی جوولەکەیەو زاهیری زوههادی[28] هەیە
خۆی بەهەر سووڕەت ئومێدی کەرەمم پێی هەیە لێک[29]
ڕقی زۆرم لە ڕەشیدی کوڕی گەووادی هەیە
ڕەنگی کەر، دەنگی بەقەر، هەیبەتی سەگ، خووی چەقەڵ
چاوی کوێر، مەخزەنی کێر، مەقعەدی[30] پڕ بادی هەیە
زیکر و ئەورادی[31] لەسەر کێر و زەکەر مونحەسیرە[32]
سەیری ئەو حیزە قوڕمساغە چ ئەورادی[33] هەیە
تف لە کوز داکی لەلای خۆی کوڕی هێناوەتە دەر
گوو بەڕیش بابی لە کن خۆی ئەمیش ئەولادی هەیە
ئەمە گشت باوکی سەرمەشقی لەبۆ داداوە
سەربەخۆ سالیکی ڕەهڕەو[34] نییە، ئوستادی هەیە
لە گرووهی حەرەما کارەکەر و دایک و خوشک
فاتم و عاسم و ئامان و پەریزادی هەیە
شەو و ڕۆژ چەپڵە بە کوز لێ دەدەن و هەڵدەپەڕن
فەرجیان[35] تاب و تەبی کوورەیی حەددادی[36] هەیە
بێ حەیان جوملە خوسووسەن ژنە سووزانییەکەی[37]
ڕەووشی دێڵە سەگ و قەحبەیی بەغدادی هەیە
من لە کەرکووکەوە دێنێتە کن ئەم قەحبە ژنە
لەگەڵم خەسمە فەلەک، نییەتی بێ دادی هەیە
حیز و کوونی بووە مانەندی ڕەشید تەبعی ڕەزا
هێند لەبەر جەوری فەلەک خاتری ناشادی هەیە 

چەند جارێکیش بە فەرد یان بە چوارینە هەجوی تایبەتیی ڕەشیدی کردووە؛
ڕەشە ڕەششاشی کەری ڕەش بە ڕەشت
تا ڕەشت ماوە ڕەش و سوور بە ڕەشت
چڵ و چێوی چەمی ڕەشنەش بە ڕەشت
بە لەشت، هەم بە بەشت، هەم بە ڕەشت

یان:
ئەم قنگە زلە حیزە کە موسەمما بە ڕەشیدە
بیگرە لە ڕەشی نێ لە ڕەشی بە لە ڕەشی دە

هەروەها:
ئەم قەحبە فەلەک لە داخی مردم
موحتاجی ڕەشی ڕەشیدی کردم 

گومان دەکرێ دوای ئەو داشۆران و شەڕ و کێشەیە لەگەڵ مامە غەفوور و بنەماڵەکەی، شێخ ڕەزا بۆ ماوەیەک لەلای مامە شێخ ساڵح مابێتەوە. بەپێی یەکێک لە شێعرەکان، شێخ ساڵح پیاوێکی فەقیر و بێ ئازار بووە. بەو حاڵەش لە هەجوی شێخ ڕەزا قوتار نەبووە:
گەرچی فەقیر و موفلیسە شێخ مامە ساڵحم
نەمدی کەسێ وەکوو ئەو ساحیبی کەرەم
میوانی بووم، نان و کەرەی نایە بەر دەمم
ئێستاش بەبێ موداهەنە[38] مەمنوونی ئەو کەرەم

خەڵک هەوڵیان داوە لە ڕێی شێخ ساڵحەوە، شێخ ڕەزا ناچار بە وازهێنان لە هەجو و پاشەکشە لەو جنێوانە بکەن کە بە ئەم و ئەوی داوە، بەڵام زمانی شێخ ڕەزا تیغێک نەبووە کە بە داوا و پاڕانەوە و سەرکۆنەی شێخ ساڵح لە بڕان کەوتبێ و لە وڵامدا دیسان پڕیشکەی بەر شێخ ساڵح خۆیشی کەوتووە:
تۆ کە خۆت مەیلی جنێوبازی دەکەی شێخ ساڵح
بۆ دەکەی سەرزەنشی من کە ڕەزا هەججاوە؟
غایەتی بەندە جنێوم بەدوو سێ کەس داوە
تۆ هەتا ئێستە بەقوربان، بە هەزارت داوە

لەم بەینەدا تەنیا شێخ مستەفا کە گومان دەکرێ یەکێکی دیکە لە مامەکانی شێخ ڕەزا بێ، لە هەجوی شێخ پارێزراو بووە و تەنانەت لە چوارینەیەکدا زۆر بە خەستی لەبەرامبەر "حاجی ڕەسووڵی زادە" و دوژمنانی دیکەیدا بەرگری لێ کراوە:
شێخ موستەفا لە زومرەی ئەولادی مورتەزایە
هەرکەس کە خەسمی ئەو بێ دەیگێم، لەلام خەزایە
حاجی ڕەسووڵی زادە مەفعوولی شێخ ڕەزایە
ڕەزا بەناڕەزایی وەک ماری بێ ڕەزایە



[1] - تڕ

[2] - تیغ، مووس

[3] - بەرزی، بڵیندی

[4] - نزمایی، چاڵ

[5] - زۆر لێکراو

[6] - ئەتک کراو

[7] - کۆی دووپشک، وەک دووپشکان

[8] - خزمان

[9] - سنێک، ساجوور، سەمەندۆک ، پەتێکە سەرێکی دەخرێتە ملی سەگ و سەرەکەی تری دەبەسترێ بە دارێکەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسەی کە سەری دارەکە دەگرێ سەگەکە نەیگرێ

[10] - لەجەر، ڕژد، دەستقووچاو، ڕەزیل

[11] - لە کرداری چرووسان بە واتای لاواز بوون لەبەر خەفەتخواردن یان کاری زۆر کردن

[12] - کەوای پێش ئاوەڵای مەلایانە، عەبا

[13] - خووسان

[14] -  تەقیلەی درێژی سوور لە بەرگنی ساویاو

[15] - نخوت، خۆ بەزلزانی، ڕۆح زلی

[16] - گەڕانەوە

[17] - تالعی ڕاهبەر: فاڵی ڕێنیشاندەر

[18] - اطعام؛ نان پێدان، خواردن پێدان، سەرچاوەی بژیو

[19] - ئیراد؛ دەرکەوت، داهات

[20] - ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی کاڵایەک بە دەست دێ

[21] - ظروف: کۆی قاپ و قازان

[22] - ضیاع، زەویی کشتوکاڵ

[23] - مڵک، زەوی، عەرد

[24] - مطاع، کاڵا

[25] - بەخشش

[26] - باپیرانی دلۆڤان

[27] - سخی، بە دەست و دڵ، خاوەن کەرەم؛ باب و باپیرانی دلۆڤان و بە دەست و دڵ بوون

[28] - ظاهر زوهاد؛ ڕواڵەتی تۆبەکارانە

[29] - لیک؛ لێ، بەڵام

[30] - مقعد؛ قنگ

[31] - اوراد: وێرد و دوعا خوێندن

[32] - منحصر؛ تایبەتی. دوعا و پاڕانەوەی بە تایبەتی لەبۆ کێر و نێرینەی پیاوانە

[33] - ئەوراد؛ بێجگە لەوە کە کۆی وێرد و دوعای، بە مانای گوڵ بەتایبەت گوڵی سووریشە.

[34] - سۆفیی تەریقەت

[35] - فەرج؛ قوز

[36] - کوورەی ئاسنگەری

[37] - سۆزانی، ژنی بێ شەرم

[38] - چەوری، مەبەست کەرەی بێ چەوری واتە کەرە

بابەتی نوێ:

دا - خودا

  لێکۆڵینەوە لە مێژووی کەوناری کوردستان و باوەڕ و ئایینی کۆنی کورد، بۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم گەلەش وەک  زۆرێک لە  گەلانی دیکە، لە کۆندا...