۲/۰۶/۱۴۰۵

سەوزە و سەوزەبەستە

کاک سەعیدی سەلیمیی بابامیری کە خەریکە شێعرەکانی سوارە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەردەگێڕێ و بۆ ئەو مەبەستەش وەک خۆی دەڵێ کەلک لە کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" وەردەگرێ، پرسیاری دەستەواژەی "سەوزە بەستەی" لێکردووم کە سوارە لە سەرەتای شێعری خەوە بەردینەدا بەکاری هێناوە؛

لە چەشنی گەرووی کەو
کەوی دۆمی یەخسیری زیندانی داری
پڕی سەوزە بەستەی خرۆشانی باڕی
تەرەی باوەشی تاسەباری بناری..

 تا بەر لە لێکۆڵینەوەی شێعرەکانی سوارە و نووسینی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"، منیش وەک کاک سەعید و زۆربەی خوێنەرانی خەوە بەردینە، ئەم ڕستەیەم هەر بەو شێوەی"پڕی سەوزە، بەستەی خرۆشانی باڕی" دەخوێندەوە. دیارە ڕستەکە بەو شێوەیە مانایەکی ڕوونی نەدەدا بەڵام دڵنیا نیم کە ئاخۆ خوێندنەوەی دێڕەکە بە شێوەی "پڕی 'سەوزەبەستەی' خرۆشانی باڕی" تێبینیی خۆم بوو یان پێشتر لە جێگایەکی دیکەدا خوێندبوومەوە و نەچوومەتەوە سەری. هەرچی بێ لە لێکدانەوەی ڕستەکەدا ئەو شێوازەی دواییم بە درووست زانیوە و لەسەری دواوم. بەو حاڵەش ئەوە بۆ ئەو دۆستە بەڕێزە تازە و جێی پرسیار بوو. بە تایبەت کە دەیهەوێ شێعرەکە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەربگێڕێ، دۆزینەوەی هاوتای ئینگلیزی بۆ ئەو دەستەواژەیە حەتمەن کارێکی ئاسان نییە.  

لە دەستووری زۆرێک لە زمانانی دنیادا بە شێوەی ئاسایی ئاوەڵناو (صفت) پێش پەسندکراو (موصوف) دەکەوێ. بۆ وێنە لە زمانی فینلاندیدا Kylmä vuori واتای چیای ساردە کە سارد پێش چیا کەوتوە. ئەوە هەروەها لە زمانی ئینگلیزی (Cold mountain) و تورکی (Soğuk dağ) بە هەمان دەستوورە. لە هێندێک زمانی دیکەدا بۆ وێنە لە زمانی عەرەبیدا پێکهاتەکە پێچەوانەیە و پەسندکراو پێش ئاوەڵناو دەکەوێ: جبال بارد.

 لە زمانی کوردی و فارسیشدا بە شێوەی ئاسایی هەر وایە: کوێستانی سارد و کوهستان سرد. بەڵام لە زمانی کوردی و تا ڕادەیەک لە فارسیشدا ئەم پێکهاتەیە بۆ داکۆکی کردن و زێدەڕۆیی لە پەسنی پەسندکراودا دەتوانێ پێچەوانەش ببێتەوە. واتە ئاوەڵناو بکەوێتە پێش پەسەندکراو. بەو جیاوازییە کە لە زمانی فارسیدا، لە نێوان ئاوەڵناو و پەسندکراودا هیچ ئامرازێکی لێک گرێدانەوە داناندرێ و تەنیا دوو وشەکە پاشوپێش دەکرێن، وەک: "مرد بزرگ" کە دەبێتە "بزرگ مرد" یان "سخن شیرین" دەبێتە "شیرین سخن".

بەڵام لە زمانی کوردیدا ئەگەر کۆتایی ئاوەڵناو پیتێکی بێدەنگ بێ، ئەو لێک گرێدانەوەیە زیاتر بە هۆی ئامرازی ــە جێبەجێ دەبێ؛ 

کوێستانی سارد - ساردە کوێستان، گوڵی سوور - سوورە گوڵ، پیاوی گەورە - گەورە پیاو

 ئەم لێوەشاوەییەی زمانی کوردی هەرچەند هەمیشە باری ئەرێنیی نییە بەڵام بە بارە جوانەکەیدا گەلێک دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی پێشکەش بە ئەدەب و فەرهەنگی ئەم زمانە کردووە و هەروەها بۆ ناوی تایبەتیش بەکار دێ. سوارەی نەمر بە پەی بردن بەو تایبەتمەندییەی زمانی کوردی، گەلێک دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی لەسەر ئەم بنەمایە لە شێعرەکانیدا بەکار هێناون. وەک؛ شەنگە سوار، سوورە گوڵ، سوورە قەڵا، گەورە ماڵ، تازە ماسی، تازە بەهار، بەرزە فڕ، بەرزە مژ، شەنگە ژن، نەرمە هەنگاو، گەرمە یاو، دوورە شار، نەرمە لاوێن، شیوە جۆبار، دەشتە چۆم، تاریکە تاراوگە، خاکینە خەون، کوێرە کانی، شینە باهۆ، زەردە ماسی و هتد.

سوارە لە شێعری خەوە بەردینەدا بێ لەبەرچاوگرتنی درێژیی شێعرەکەش، لەچاو شێعرەکانی دیکەی، پتر لەو پێکهاتەیە کەلکی وەرگرتوە کە "سەوزە بەستە" یەکێکیانە. 

سەوزە بەستە وەک شینە باهۆ، سوورە قەڵا و هتد لە وشەی پەسندکراو و ڕەنگێک وەک ئاوەڵناو پێکهاتووە. لەنێو ئەو جۆرە پێکهاتانەدا کە سوارە بەکاری هێناون، بەشێکیان وەک زەردە ماسی و هتد. بە شێوەی ئاسایی لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکدا هەن بەڵام بەشێکیان دەگمەنن کە ڕەنگە ئەوانە خوڵقاوی سەلیقەی شاعیرانەی سوارە خۆی بن کە "سەوزە بەستە" یەکێکیانە. 

ڕەنگی سەوز کە لە زمانی کوردیدا کەسکیشی پێ دەگوترێ، سەمبۆلی تازەیی، جەوانی و جوانی‌یە. ئەمەش لە ڕستەی "پڕی سەوزە بەستەی خرۆشانی باڕی"دا لەگەڵ وشەی "باڕ" کە برێتی لە کەوی یەکساڵەیە، تەبایە. سوارە کانیی دیلی دەستی کێو بە گەرووی باڕە کەوێک دەشوبهێنێ کە لە باوەشی بنار هەڵبڕێندراوە، لە قەفەسدا بەند کراوە و لە تاسەی گەڕانەوە بۆ زێدەکەیدا، هەوای خوێندنی لە ئەوکدایە، گەرووی پڕە لە سەوزە بەستەی خرۆشانی سەردەمی لاوی و تازە پێگەیشتوویی.

بەستە واتای گۆرانی‌یە. گۆرانییەک کە ڕیتمی خاوتری هەیە و لەگەڵ بەند کە هەوای گشت و بۆ هەڵپەڕینە، جیاوازە. بەستە سەرەڕای ڕیتمیکەکەی، دەتوانێ هەوای خەم و تاسەش بێ. واتە هەوایەک لەنێوان شین و شادیدا. هەوایەک کە هیوای تێدایە، حەز و ئارەزووی تێدایە بەڵام نە وەک مەقام خەمینە و نە وەک بەند بۆ هەڵپەڕینە. ئەمەش لەگەڵ تاسەی کەو بۆ ڕزگاری لە ڕکەی دارین و لەگەڵ کانی بۆ دەربازبوون لە ڕکەی بەردین، تەبایە.

 "سەوزە" لە ناوچەکانی موکریان و ئەردەڵاندا هەوای گۆرانی یان بەستەیەکی تایبەتیشە کە پتر لە نێوان سەقز و بۆکاندا برەوی هەیە. ئەگەر هەوای گۆرانی بەسەر سێ بەشی مەقام، بەستە و بەنددا دابەش بکەین، ئەوە سەوزە خۆی لەنێوان مەقام و بەستەدایە. واتە هەم بە ریتم و هەمیش بە شێوەی خاو دەگوترێ. خاوەن کۆمەڵێک بەندی تایبەت بە خۆیەتی و هەروەها بە بەندە زۆر و زەبەندە دوازدە بڕگەییە فۆلکلۆرییەکان دەخوێندرێ بەڵام لە نێوبڕی هەر نیوەتاکێکدا وشەی سەوزە دووپات دەکرێتەوە؛

سەوزە هۆ سەوزە، سەوزە، سەوزەکەی ماڵم

نەخۆش نەکەوی سەوزە، نەشکێنی باڵم

بازی بەختی من سەوزە نانیشتێتەوە

مەگەر بە مردن سەوزە تۆم بیر چێتەوە

سەوزە بێجگە لەو گۆرانییە بەنێوبانگە، جۆرێک مێوژیشە و وەک ڕەنگ بێجگە لە ڕەنگی سەوز یان کەسک،  واتاگەلی ڕەش ئەسمەر، گەنم ڕەنگ، ڕەنگی نێوان زەرد و سپی و هەروەها ڕەنگی شینایی دەشت و دەریشە. ئەوەش لە خۆیدا جێی پرسیارە کە چۆن ناوی سەوزە بۆ ئەو هەموو ڕەنگانە بەکار دێ کە لە جۆری خۆیاندا جیاوازن؟!

بۆ من کە لێکۆڵینەوەم لەسەر ئایینی کۆنی کورد بەتایبەت ئایینی میترا کردوە، گۆرانیی سەوزە و هەموو ئەو واتایانەش کە بۆ وشەی سەوزە هەیە، لە بنەڕەتدا دەتوانێ گۆرانییەکی ئایینی و بۆ پەسن یان پاڕانەوە لە خودا یان یەکێک لە خوداکانی ئایینی میترا بێ و نزای پێ کرابێ. ئەو خودایەش خودای مانگە. 

مانگ لە چاوی مرۆڤی سەر هەردەوە هەمیشە یەک ڕەنگ نییە. پێ بە پێی دووری و نیزیکی لە زەوی، لە تارەوە بۆ شین، بۆ سوور، نارنجی، زەرد و سەرەنجام سپی گۆڕانی بەسەردا دێ. ئەوانەش هەموو ئەو ڕەنگانەن کە کورد لە وشەی سەوزەدا کۆی کردوونەتەوە. ئەوە سەرەڕای پێوەندیی خوڵقێنەرانەی مانگ لەگەڵ سەوزایی گژ و گیا و شینایی سەر هەرد بەپێی باوەڕی میتراییەکان.

لە باوەڕی کۆنی کورددا مانگ یەکێک لە هەرە پیرۆزەکان و خودای مانگ یەک لە خودا فرە خۆشەویستەکان بووە. خودای چاکە، خودای پارێزەری ڕەوانی پاک، خودای گیا و گوڵ و سەوزایی و خودای وەزرێر و جووتیارانە. ونبوون و دەرکەوتنی ڕۆژانەی، گەورە بوون و سەرەنجام مفح بوونەوە و سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی مانگانەی هێمای ژیانەوە و لەدایکبوونەوەی بەردەوامی سرووشتە؛

سەوزە هەی سەوزە، سەوزە هاوارە

تۆ بۆ کێی ئەکەی ئەم سەرەوخوارە

 

۲/۰۲/۱۴۰۵

پێگەی کۆمەڵایەتیی هاوبەشی ڕیفۆرمیست و شاپەرەست لە ئێستای ئێراندا

تاهیر قاسمی


ڕەنگە پرسیار بێ کە بۆچی بە پێچەوانەی ڕەوتی ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ و چوار دەیەی دوای سەرکەوتنی ئینقلاب، بەختی شاپەرەستان لە دەرەوەی وڵات لەم ‏چەند ساڵەی دواییدا کراوەتەوە و ڕێژەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی بە تایبەت لە تارانەوە چوون بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە دەوری ڕەزا پەهلەویدا کۆ بوونەتەوە؟ ئەو ‏کەسانە بۆ هەتا لە نێوخۆی ئێران بوون هیچ نیشانە یان کردەوەیەکی شاپەرەستی و سەڵتەنەتخوازییان پێوە دیار نەبوو؟ بۆچی لەنێو ئەو کەسانەی پەیوەست بە ‏شاپەرەستان دەبن، پتر لە هەر توێژێک وەرزشکار و  سینەماکار و موزیسیەن و بە گشتی سێلبریتییەکان دەبیندرێن؟ ئەی باشە هۆی چییە کە زۆربەی ئەوانەی لە ‏دەوری ڕەزا پەهلەوی کۆ دەبنەوە، پێشتر لە بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیدا کاربەدەست بوون یان لە سەرۆک کۆمارە ڕیفۆرمخوازەکان نیزیک و لە ‏کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی ئەواندا چالاک بوون؟ بۆ ئەو کەسانە چ هاوبەشییەک لە نێوان کاندیداکانی باڵی ڕیفۆرمخواز لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و ڕەوتی ‏پاشایەتیخوازیدا هەیە؟ وڵامی ئەم پرسیارانە و وەرد دانەوەی کۆمەڵێک بابەتی تر دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە ماکی هەموو ئەو هاوبەشیانە لە پێگەی ‏کۆمەڵایەتیی هاوبەشی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی نێو کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی پاشایەتیخوازیدایە. ‏

زۆربەی لێکۆڵەران لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو ئینقلابەی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی سەر کەوت، ڕەگی لە ئاڵوگۆڕێکی قووڵ ‏یان ئینقلابێکی پێشتردا بوو کە لە ساڵی ١٣٤٢دا هاتە ئاراوە. ئەو ئاڵوگۆڕە قووڵە کۆمەڵایەتییە کە بە گوشاری ئەمریکا بەڵام لەلایەن شای دەسەڵاتدار خۆیەوە ‏سەرپەرەستی کرا، ناوی "ئینقلابی شا و خەڵک" یان "ئینقلابی سپی" لێ نرا. لە ئەنجامی ئەو ئینقلابەدا کە دیارترین بەشی بریتی بوو لە ئەستاندنی زەوی لە ‏فیئۆدالەکان و دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا، کۆمەڵگەی ئێرانی بە شێوەی دەسکرد و بەپێی حوکمی دەسەڵات، لە کۆمەڵگەیەکی فیئۆدالییەوە بۆ سیستمێکی ‏سەرمایەداری گۆڕی. ئەگەرچی لەپاڵ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەدا، هێندێک گۆڕانکاریی دیکەی وەک دانی مافی دەنگدان بە ژنانیش پەسند کرا بەڵام ‏موهەندیسی کرانی ئینقلابەکە لەلایەن شا خۆیەوە، نەک بواری ئەوەی نەدا کە لەپاڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکەدا، گۆڕانکاریی سیاسیش بێتە ئاراوە بەڵکو ‏کۆمەڵگەی ئێرانی پتر لە پێشوو بەرەو داخرانی سیاسی برد. ئاکامی ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بوو بە هۆی ئەوە کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی گوندەکان بە ‏مەبەستی دۆزینەوەی کار ڕوو لە شارە گەورەکان بکەن و بەم جۆرە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شاریان گۆڕی. لە ناوەندی شارەکاندا چینی مامناوەند و بۆرژوای شار ‏هەبوو کە لە خۆشی و زەرقوبەرقی شاردا دەژیا و لە پەڕاوێزی شارەکانیشدا ئەو حەشیمەتە تازە هاتوویە نیشتەجێ بوون کە زۆربەیان بە کرێکاری و حەماڵی و ‏دستفرۆشی ژیانیان تێپەڕ دەکرد. ئەوان نە ماڵ و سەرپەنایەکی ئەوتۆیان هەبوو، نە کار و داهاتێکی جێی ڕەزامەندی و نە پێڕاگەیشتنی کۆمەڵایەتی. هاوکات لە ‏گوندەکانیشدا زەوییان پێ نەبڕابوو یان زەوی بەشی ئەوەندەی نەدەکرد ژیانی خۆیانی پێ بەڕێوە بەرن. ئەم دۆخە نابەرابەر و پڕ لە ناعەداڵەتییە بوو بە هۆی ‏ئەوە کە بزووتنەوە چەپەکان زۆر زوو لە ناخی کۆمەڵگەدا ڕەگ دابکوتن و پەرە بگرن. هاوکات بزووتنەوەی مەزهەبیش بە هۆی ناڕەزایەتیی مەلاکان لە ‏دابەشکاریی زەویی وەقفی مزگەوت و حسێنییەکان و دانی مافی دەنگدان بە ژنان لەلایەک و لەباریی پێکهاتەی نەریتی و مەزهەبیی کۆمەڵگەی ئێران و ‏ناڕەزایەتیی پەڕاوێز لە مۆدێرنیتەی ژیانی چینی مامناوەند و بۆرژوای شار لەلایەکی تر دەستی بە تێکۆشان و ڕەگ داکوتان کرد. بەو پێیە دوو بزووتنەوەی چەپ ‏و مەزهەبی هاوتەریب لەگەڵ یەکتر دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی و چینی مامناوەند و بۆرژوای دەسەڵاتدار بە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕۆچوون. ئەم دوو بزووتنەوەیە ‏بە پێچەوانەی هێندێک بانگەشە و پێناسەی ئەو سەردەمیان، نەک لەگەڵ یەکتر ناتەبا و دژ نەبوون بەڵکو زۆر جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاوێتەی یەکتر ‏دەبوون و پارسەنگیان بۆ یەکتر ڕاست دەکردەوە. ئەگەر بزووتنەوە مەزهەبییەکە لە گوێن بزووتنەوە مارکسیستییەکە خۆی وەک پشتیوانی زۆرلێکراوان پێناسە ‏دەکرد و دوژمنایەتیی ئیپمریالیزمی دەکرد، بزووتنەوە مارکسیستییەکەش هێندێک جار هەوڵی دەدا لە هەڵسوکەوت و وتەی کەسایەتی و ئیمامانی شیعە بۆ ‏درێژەدان بە خەباتەکەی خۆی ئیلهام وەرگرێ و ئاوێتەی مارکسیسمیان بکا. بەڵام ئەو دوو ڕەوتە لە درێژەی تێکۆشانی خۆیاندا بە یەک ڕادە و لە ڕاستی یەکتردا ‏گەشەیان نەکرد و وەک یەک نەچوونە پێش. بەپێچەوانەی ساڵانی دەیەی چلی هەتاوی، هێڵە مەزهەبییەکە بە هۆی نفووزی مەلاکان لەنێو کۆمەڵگەدا، ‏پەلهاویشتنی بۆ نێو توێژی بازاڕی و چینی مامناوەندی شار و، پێگەی لە مزگەوتەکاندا بەرەبەرە وەپێش ڕەوتە مارکسیستییەکە کەوت. تا وای لێهات بزووتنەوەی ‏چەپ تا ڕادەیەک بوو بە پاشکۆی بزووتنەوە ئایینەکە. ئاکامی هاودەستیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەو دوو ڕەوتە سیاسییەش ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ی ئێرانی لێ ‏کەوتەوە کە بەر لەوەی ئینقلابێکی نەتەوەیی یان مەزهەبی بێ، لە راستیدا ئینقلابێکی چینایەتی بوو کە بەرگی مەزهەبی بە بەردا کرا. ئەو بەرگە مەزهەبییەش ‏بەس بوو بۆ ئەوەی دەورانی شەریکایەتی و چاوچاوێنی ئەو دوو ڕەوتە لەگەڵ یەکتر بەرەبەرە کۆتایی پێ بێ. مەزهەبییەکان کە بە ڕێبەریی خومەینی ‏دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت، ڕەوتە مارکسیستییەکەیان لە مەیدانەکە وەدەرنا. بەم جۆرە بە دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، گۆڕەپانی سیاسیی ئێران لە هەردوو ‏بەرەی چەپ و ڕاست پاک کرایەوە. کەسایەتییەکانی بەرەی ڕاست کە دەسەڵاتی پاشایەتی نوێنەرایەتیی دەکردن، ئەوانەی توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لە وڵاتانی ‏ڕۆژئاوایی گیرسانەوە و ڕێبەرانی بەرەی چەپیش یان لە زیندانەکاندا توندکران و دواتر ئیعدام کران یان وەک ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار بەرەو دەرەوەی سنوورەکان ‏پاشەکشەیان پێکرا. ‏

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە وێڕای تۆخ کردنەوەی بارە ئایینییەکەی، بە ناوی لاگری لە موستەزعەفان، دوژمنایەتیی ئیمپریالیزم، بە ‏دەوڵەتیکردنی ئابووریی وڵات، خۆ دوورگرتن لە زرق و برقی شار و بەکارهێنانی پێرسۆنێلی جل شڕ و ڕوخسار شپرز و هێندێک ئاکاری پۆپۆلیستی، هەوڵی دەدا ‏وەفاداریی خۆی بە بزووتنەوەی چەپ بەڵام بە بێ حیزبە چەپ و کومونیستەکان نیشان بدا. شەڕی ئێران و عێراق کە پتر کۆمەڵگەی ئێرانی لە دۆخی ئینقلابدا ‏هێشتەوە و هاوکات خەڵکیشی هەژارتر کرد، زیاتر یارمەتیی بە بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە کرد بەڵام بە کۆتایی هاتنی شەڕ، بەرەبەرە ڕەوتێک پەیدا بوو کە لە ‏بەرامبەر ڕەوتە سەرەکییەکەدا کە پشتی بە پێگە نەریتییەکەی کۆماری ئیسلامی لەنێو خەڵکی پەڕاوێزی شار و دانیشتوانی شارستان و گوندنشیناندا بەستبوو، ‏هەوڵی دا سەرنجی چینی مامناوەندی شار بە تایبەت شاری تاران بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئەوان خۆیان سەر بەو چینە کۆمەڵایەتییەی شار بوون کە بە هۆکاری ‏ئایینی لەگەڵ ئینقلابی ئیسلامی کەوتبوون بەڵام ئێستا لاگری کرانەوەی ئابووری، هێندێک کڕانەوەی سیاسی و ئازادیی کۆمەڵایەتی بە قازانجی پێگەی چینایەتیی ‏خۆیان بوون. ئەم ڕەوتە کە دواتر ناوی ڕیفۆرمخواز یان ئیسلاح تەڵەبی لێ نرا، پێگە کۆمەڵایەتییەکەی هەمان چینی مامناوەندی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت ‏توێژی مامناوەندی پێتەخت نشین بوو کە پێشتر پشتیوانیی شای دەکرد بەڵام بە هۆکاری ئایینی لەگەڵ خومەینی کەوتبوو یان لانیکەم لە ئینقلابەکەدا بێ ‏هەڵوێست بوو. ‏

ڕەنگە بتوانین سەرەتای هەوڵەکانی ئەم ڕەوتە بۆ ڕۆژانی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق و لەژێر ڕێبەریی ئەکبەری هاشمیی ڕەفسەنجانیدا بگەڕێنینەوە بەڵام ‏بەهۆی ئەوەی ناوبراو تەنیا خوازیاری کرانەوەی ڕێژەیی ئابووری بوو و نەیدەویست لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێگای خۆی لە ڕەوتە سەرەکییەکە جودا ‏بکاتەوە، نەشیتوانی ڕێبەریی ئەم ڕەوتە بە دەستەوە بگرێ. ئەوە بوو کە لە نێوەڕاستەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی ڕەوتی ڕیفۆرمخواز بە ڕێبەریی محەممەدی ‏خاتمی بە کردەوە هاتە نێو گۆڕەپانی سیاسیی کۆماری ئیسلامییەوە. زۆرینەی پشتیوانانی ئەم ڕەوتە هەمان چینی مامناوەند بوو بەڵام بە هۆی درووشمە نیوە ‏ئازادیخوازانەکانیان لە دۆخی پڕ لە خەفەقانی کۆماری ئیسلامیدا، زۆر جاریش دەیانتوانی سەرنجی چینە هەژارەکان و نەتەوە بندەستەکانیش بۆ لای خۆیان ‏ڕابکێشن. لەو کاتەوە ناکۆکیی نێوان دوو بەرەی ئیسلاح تەڵەب و ئۆسوولگەرای کۆماری ئیسلامی کە لە ڕاستیدا درێژەی هەمان هەوڵی چینی مامناوەند بۆ ‏بەدەستەوە گرتنەوەی دەسەڵات لە ئێراندا بوو، قۆناغی جۆراوجۆری بڕی تا سەرەنجام لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٨٨دا بە چڵەپۆپە گەیی. لەو ‏هەڵبژاردنەدا توێژی مامناوەندی پێتەخت نشین لەپشت میرحوسێن مووسەوی ڕاوەستا لە حاڵێکدا چینە هەژار و پەڕاوێزەکان لە دەوری درووشمە ‏پۆپۆلیستییەکانی مەحموودی ئەحمەدینەژاد کۆ ببوونەوە. ئاکامی ئەو ململانێ توندە لە هەڵبژاردنەکاندا بە دۆڕانی مووسەوی و بە براوە ناساندنی ‏ئەحمەدینەژاد لەلایەن باڵی دەسەڵاتداری توندئاژۆ کۆتایی هات بەڵام مووسەوی دۆڕانەکەی قەبووڵ نەکرد. لە ئاکامدا بزووتنەوەی سەوز بە ڕێبەریی ‏مووسەوی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرینی وەڕێخست. لێ ئەو خۆپێشاندانانە سەرەڕای بەشداریی زۆری حەشیمەتی تاران هیچکات نەیانتوانی پەل بۆ شار و ‏ناوچەکانی دیکە باوێژن. ئەوەش نیشانەی ئاشکرای ئەو ناکۆکییە بوو کە لەنێوان توێژی مامناوەندی تاران نشین لەگەڵ دانیشتوانی شار و ناوچەکانی دیکەدا لە ‏ئارادا بوو.‏

ئەگەرچی لە درێژەی ئەم ململانێیانەدا، دوای کۆتایی ماوەی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاد ڕەوتی ئیسلاح تەڵەب توانی لە ژێر ڕێبەریی حەسەن ڕووحانیدا ‏جارێکی دیکە کۆ ببێتەوە، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانەش کە لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارییان بە دەستەوە دەگرت، ئەوان قەت ‏نەیانتوانی بەو جۆرەی گەرەکیان بوو، دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. سەرچاوەکانی دەسەڵات بەردەوام لە دەست باڵی سەرەکیدا مانەوە و هەڵبژێردراوانی ڕەوتە ‏ڕیفۆرمیستەکەش دوای هەڵبژێرانیان پشتیان لە وادە و بەڵێنەکانیان دەکرد و دەکەوتنە ژێر هێژەمۆنیی باڵی خاوەن دەسەڵات و کڕ دەمانەوە. بە درێژایی ئەو ‏ساڵانی ململانێیە، ئەو ڕەوتە وێڕای هەوڵدان بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە، بە وەڕێخستنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی، ‏هەوڵی دەدا باڵی دەسەڵاتدار ناچار بە پاشەکشەی زیاتر بکا بەڵام هەر سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکی ئەوان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە توندترین ‏شێوە سەرکوت دەکرا. ئەوە بوو کە لە ئەنجامی هەر کام لەو ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانانەدا شەپۆلێک لە ناڕازییان ناچار دەبوون وڵات بەجێ بهێڵن و لە وڵاتانی ‏ڕۆژئاوا بگیرسێنەوە. بەرەبەرە خەڵکی ئازادیخواز چیدی باوەڕی بە وادە و بەڵێنەکانی ئەو ڕەوتە نەدەکرد و بە دەنگیانەوە نەدەهاتن و ئەو توێژەش لە ‏بەدیهێنانی ریفۆرم و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناهومێد بوون. دواجار لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨دا بوو کە خەڵک بە درووشمی ‏‏"ئیسلاح تەڵەب ئۆسوولگەرا ئیتر با بەس بێ ماجەرا" کۆتایی یاریی مشک و پشیلەی ئۆسوولگەرا و ئیسلاحتەڵەبیان ڕاگەیاند. بە جۆرێک کە ئاستی بەشداریی ‏خەڵک لە دوا هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بە ڕادەیەک کەم بوو کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش هاواری لێ هەستا.‏

‏ ئەو شەپۆلی کۆچبەرانەی کە بە درێژایی ئەو ساڵانە لە ئەنجامی شکستی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامیدا لە دەرەوەی وڵات دەگیرسانەوە، لە دۆخی ‏ئاساییدا زۆر کاریان بە خەباتی سیاسی نەبوو یان هەروا بە پشتیوانی ڕیفۆرمخوازەکان دەمانەوە و لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان لە ‏باڵیۆزخانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکردەوە، لێ لە سەردەمی سەرهەڵدانی ژینا بە دواوە کە دابڕانی یەکجاریی خەڵک لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان دیت، بە ‏تایبەت دوای پێکهاتنی هاوپەیمانیی جۆرجتاون، بەرەبەرە خولیا و خواستەکانی خۆیان لە ڕەزا پەهلەوی و ئەگەری بەدەسەڵات گەیشتنی سیستمی پاشایەتیدا ‏دزۆییەوە. ئەو هەوڵانەی کە ئەوان پێشتر بە ناوی پێکهێنانی ڕیفۆرم لە کۆماری ئیسلامیدا بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات دەیاندا، لەوە بە دوا تەرخانی ‏گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتییان کرد. ئەوەش بەو هۆیە بوو کە ئەو بەرژەوەندییە چینایەتیانەی پێشتر پێیان وا بوو بە سەرکەوتنی ڕیفۆرمیستەکان دەتوانن ‏دەستەبەری دەکەن، بە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی باشتر بۆیان جێبەجێ دەکرێ.  ‏

لە تایبەتمەندییەکانی توێژی مامناوەندی پێتەخت نشین ئەوەیە کە هەموو ئێران بە مڵکی خۆی و دەسەڵات بە مافی بێ ئەملاوئەولای خۆی دەزانێ. لە ‏بەرامبەردا ئەوانیتر بە نۆکەر و ئەگەر ناڕازی بن، بە مڵۆزم و دوژمن دەبینێ. ئەوان زیاتر لە هەر چین و توێژێکی دیکە، لە بەری داهاتی وڵاتیان چنیوە و لە ‏سفرەی ئێرانیان خواردوە. زمانی ئەوان بە تۆبزی کراوە بە زمانی هەموو گەلانی ئێران و فەرهەنگی ئەوان، بە فەرهەنگی سەرەکی و ڕەسمیی وڵات سەپێندراوە. ‏سەرچاوەکانی دەسەڵات لە هەردوو حکوومەتی پاشایەتی و ئیسلامیدا لە خزمەت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بووە. لە پێناو پاراستنی ئەو ‏بەرژەوەندییانەشدا چەمکی خۆکردی ناسیۆنالیزمی ئێرانییان داهێناوە و خۆیان بە داشداری توندی ئەم چەمکە فەیکە لەقەڵەم دەدەن. لە سێبەری ئەو ڕوانگە ‏پاوانخوازنەیەدا ئەوان هیچ چین و توێژ و زمان و نەتەوەیەکی دیکەی ئێران بە هاوبەشی وڵات و دەسەڵات نابینن. لە باشترین حاڵەتدا نەتەوە پەڕاوێزەکان بە ‏پارێزەری سنوورەکانی خۆیان دەزانن. ئەو نەتەوانەش کە لێیان نیزیکترن یان بە جۆرێک لە دەسەڵاتەکەیاندا بەشدارن، دەدەنە بەر توانجی سووکایەتی و  زمان و ‏فەرهەنگی ئەوان دەکەن بە گاڵتەجاڕی خۆیان و نوکتە و قسەی پێکەنینی نێو مەجلیسەکانیان. بێجگە لە پاشماوەکانی ساواک، پلەدارانی ئەرتەش و ‏کاربەدەستانی پایەبەرز و وەچەکانیان کە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی بە گیرفانی پڕەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گیرسانەوە، سێلبریتییەکان، کاربەدەستانی ‏پێشووی نێو وەزارەت و دامودەزگا گرینگەکانی کۆماری ئیسلامی و خەڵکانی گیرفان پڕ کە دوای ئیختلاس و ڕفاندنی پووڵی زۆری دەوڵەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ‏گیرساونەتەوە، ئێستا بەشی سەرەکیی نیزیکانی ڕەزا پەهلەوی پێکدەهێنن کە خوازیاری گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ئێرانن. ئەوە بێجگە لەو ‏کاربەدەستە ئەمنییەتیانەی نێو دامودەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە گومان دەکرێ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەوانەی نێو ئەو ‏ڕەوتە کرابن. بە دەوری ئەوانەشەوە ئەو شەپۆلە کۆچبەرانە کۆ بوونەتەوە کە دوای هەر ناکامییەکی ڕیفۆرمیستەکان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ڕوویان لە ‏دەرەوەی وڵات کردووە. ئەم توێژە نیشانی داوە کە وێڕای پاوانخوازییەکەی، بە تەواوی بەرژەوەندیخواز و لایەنگرانی سیاسیی تۆز و بان. بەو واتایە کە ئەگەر ‏هەست بە شانسی لاوازی ڕەزا پەهلەوی بکەن یان کەس و لایەنێکی گونجاوتریان دەست بکەوێ، زۆر بە سانایی ڕووی لێ وەردەگێڕن و بە دەوری هەر کەس و ‏لایەنێکدا کە بزانن شانسی زیاتری بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەیە، کۆ دەبنەوە و هەوڵ دەدەن بە هەڕەشە و هێرش و هەر کەرەستەیەک کە لەبەردەستیان بێ، ‏خواستەکانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا ڕەزا پەهلەوی ئاراستە دەکا، نە خۆی و خواست و هەڵوێستە سیاسییەکانی بەڵکو خواستە ‏چینایەتییەکانی ئەو توێژە پاوانخوازەیە. ‏

بۆ ڕۆژنامەی کوردستان نووسراوە

۱۲/۱۰/۱۴۰۴

ماڵی ئاوەدانی خاڵوان


لە ڕۆژێکدا کە هەموومان لەنێوان شادی و نیگەرانیدا چاوەڕوانی مەرگی یەکێک لە پیسترین دیکتاتۆرەکانی سەردەم و ڕووخانی یەکێک لە حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستانین، هەواڵی کۆچی دوایی دوکتور ڕەفیق سابیر، شاعیر و مامۆستای مەزنی گەلەکەمان، هەوالێکی لەناکاو و خەمهێنەر بوو. دوای پەشێو و شێرکۆ،  ڕەفیق سابیر سێهەم شاعیری شێعری نوێ بوو کە شێعرەکانیم وەبەر دڵ کەوت و ناسیم.  سەرەتا دوو کۆمەڵە لە شیعرەکانیم لە توێی دوو کتێبێ تەسکدا بە ناوی «ڕێژنە» و «پشکۆکان دەگەشێنەوە» لە نێوەڕاستەکانی دەیەی هەشتای زایینیدا دەست کەوت. گەرچی ناوەرۆکی زۆربەی شێعرەکان سیاسی و ئەویش لە جۆرە کۆمۆنیستییەکەی بوو بەڵام سۆز و حەزێکی خەمینیان تێدا بوو و لەگەڵ ڕۆحی چەپاژۆیی ئەو سەردەمی منیش دەهاتەوە؛ 

پێ بزانی یان نەزانی

هاوڕێ «فەهد» هەموو شەوێ

سەر بە ماڵی برسی و هەژاراندا دەکا

لە سۆراغی گەورە و بچووکیان دەپرسێ

باسی کێشەی چینایەتی و 

دادپەروەری و 

کۆمۆنیزمیان بۆ دەکا

دوای کارەساتی شیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو "لاوکی هەڵەبجە"ی نووسی و بڵاوی کردەوە کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو؛ 

به‌ ته‌نیا جێم مه‌هێڵن ئه‌م شه‌و زریان ده‌مچێنێ

ته‌م و مژ دامده‌پۆشێ مانگه‌ شه‌و ده‌مڕفێنێ

كێ ده‌یزانی مه‌لینه‌ ئاوا ده‌تانتارێنن

باڵی هه‌زارتان ده‌برن شارێكتان ده‌خنكێنن

كێ ده‌یزانی به‌هاریش شه‌خته‌ و زریان ده‌هێنێ

چاوی لێمان داده‌خا چرووكان ده‌وه‌رێنێ

به‌ ته‌نیا جێم مه‌هێڵن ئه‌م شه‌و زریان ده‌مچێنێ

ته‌م و مژ دامده‌پۆشێ مانگه‌ شه‌و ده‌مڕفێنێ

كێ ده‌یزانی كه‌ ئاوا ته‌ناف هه‌ڵخه‌ن بۆ شارێ

ده‌ستی شه‌قامیش ببرن كۆڵان بده‌ن له‌ دارێ

…

شێعرێک کە لەلایەن هونەرمەندی بەتوانای کورد عەلی عابیدی کرا بە سروود و هەتا ئێستاش بەنێوبانگترین سروودی هەڵەبجە و ئەو تراژێدیایەی گەلەکەمانە. 


«وەرزی سەهۆڵبەندان» دیوانێکی دیکەی شێعرەکانی ڕەفیق بوو کە لە دوورە وڵات و دوای پەڕەوازەبوون بۆ ئۆرووپا، لە کۆتایی دەیەی ٨٠ی زایینی بڵاو کرایەوە . من ئەوم بە شێوەی کاسێت و بە دەنگی شاعیر خۆی گوێ لێ گرت کە هەروا بەسۆز سەرنجڕاکێش بوو؛ 

بۆ کوێت بەرم سێوەخانێ؟

ئەم ڕۆژگارە

نە جێی فیرارانە

نە جێی ژن هەڵگرانە

نە جێی خۆشمێرانە.

سەرداری ڕۆحە شێتەکەم

بۆ کوێت بەرم؟

بۆ کوێت بەرم؟

ئەم کەڕنەڤاڵی مردنە؛

 بۆ ئێمەیە

ئەم هەموو پەتە زبرانە؛

بۆ گەردنی سەدجار ڕووشاوی ئێمەیە

بۆ کوێت بەرم؟

بۆ کويت بەرم؟

ئەمە کوولەکەی ڕۆحەکەم بیشکێنە

ئەمە دڵە ناسۆڕەکەم …

….

بۆ کوێت بەرم سێوەخانێ؟

بەو شەوی با و بۆرانێ

ناگەمەوە کوردستانێ…


کۆڕەوەکەی ساڵی ٩١ هەوێنی شێعرێکی جوان و کاریگەری ڕەفیق بوو کە تێپەڕینی ساڵ و مانگ لە بیری نەبردوومەوە؛

..مەگری گیانە

کەی ئەمشەو کاتی گیاندانە

لەوەتەی هەین 

لە جەنگێکەوە بۆ مەرگێ

لە مەرگێکەوە بۆ جەنگێ

ڕادەکەین و 

هەر چوار وەرزمان تاوانە

تەنیا ئەمشەو خۆت ڕابگرە

بەرگەی برسێتی و ڕاونان و سەرما بگرە

سبەی هەتاوت بۆ دەکەم بە جۆلانە

سبەی دەگەین

لەو دیو ماڵی خاڵۆیانت ئاوەدانە

سبەی ژانە وردیلە و زراڤەکانت 

لە گیابەند و نان و بەیان و شیر دەگرم

دەیانکەم بە ئاڵا و چرای ئەم جیهانە

 خەرمانی ئەو شێعر و بەرهەمانەی کە ڕەفیق سابیر بۆی بەجێ هێشتووین، زۆر و دەوڵەمەندە. بە داخەوە لەو دۆخەدا دەرفەتی زیاترم بۆ ناساندن و بەسەرکردنەوەیان نییە. یەکێک لەوانە سەربوردەی درێژی ژیانێتی بە ناوی "لە ستایشی ژیاندا" کە بە شێوەی دەنگیش تۆمار کراوە. من ساڵی ڕابردوو لە ڕێگای کوردستاندا بەخت و وەختی ئەوەم هەبوو هەمووی گوێ لێ بگرم و چێژی لێ وەرگرم. 

لێرەوە سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزی شاعیری مەزنی گەلەکەمان دوکتور ڕەفیق سابیر دەنێرم و سەرساخی بۆ کۆمەڵگەی ئەدەب و شێعری کوردستان دەخوازم. 

۹/۲۵/۱۴۰۴

پێشمەرگە؛ مێژوو، واتا، ڕواڵەت و نێوەرۆک

(ئەم بابەتەی خوارەوە دوای دیمانەیەک لەگەڵ کوردکاناڵ، لەسەر داوای بەرپرسانی ڕۆژنامەی کوردستان کراوە بە بابەت.)

تاهیر قاسمی

گەلی کورد مێژوویەکی سەدان ساڵەی لە خەبات و تێکۆشانی چەکدارانە بۆ ڕزگاریی خۆی و خاکەکەی لەدەست داگیرکاری و چەوسانەوەی نەتەوەیی تۆمار کردوە. لە مێژووی نیزیکدا ڕەنگە سەرەتای ئەو خەبات و تێکۆشانە بۆ بەرەنگاریی خانی لەپزێرین لەحاند زێدەخوازیی دەسەڵاتی مەزهەبیی سەفەوی و بەرخۆدانی قەڵای دمدم و ڕووداوەکانی پێوەندیدار بەو بەرخۆدانە بگەڕێتەوە. خەبات و بەرخۆدانێک کە دواتر لە شێوەی شۆڕش و سەرهەڵدانی چەکداریدا بەردەوام بوو. شۆڕشی میرە کۆرەی ڕەواندز لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدەی زایینیدا بە دەسپێکی ئەو سەرهەڵدان و بەگژداچوونەوانە هەژمار دەکرێ کە دواتر لە سەرهەڵدانی بەدرخان، ڕاپەڕینی یەزدانشێر، شۆڕشی شێخ عوبەیدیللای نەهری، شۆڕشی سمکۆ، بەرخودانی شێخ مەحموودی حەفید، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی ئارارات و پاشان ڕاپەڕینی سەید ڕەزای دێرسیم و شۆڕشی بارزاندا درێژەی کێشا. هەر کام لەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە توانیان لە چەند مانگەوە تا چەند ساڵ درێژە بە شۆڕشەکەیان بدەن و لەو ماوەیەدا گەلێک قارەمانەتی دژ بە داگیرکەران بنوێنن. دیارە لەو مەودایەدا زۆر سەرهەڵدان و بەرەنگاریی دیکەی بە ژمارەی چەکدار کەمتر، بە ناوچەی سەرهەڵدان بەرتەسکتر و بە ئامانجی ڕاپەڕین بچووکتریش هاتوونە ئاراوە. خاڵێکی هاوبەشی هەمووی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە، ڕێکخستنی هێزی چەکدار و بەرەنگاریی چەکدارانەیان بووە بەڵام ئەوەی کە کەمتر لێی کۆڵدراوەتەوە و بە دەگمەن باسی لێ کراوە، ناوی هێزی چەکداری ئەو شۆڕشانە یان هەر کام لەو ڕاپەڕینانەیە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە بە شێوەی نەریتی، چەکدارانی هەر شۆڕشێک بە ناوی سەرکردە و ڕێبەری شۆڕشەکە یان ناوچەی سەرهەڵدانەکە یا ئەو هۆزەی بەڕێوەبەری شۆڕشەکە بووە یاخود ئەو سەرۆکهۆزەی فەرماندەیی چەکدارەکانی کردوە پێناسە کراوە. بۆیەش ئەگەر لە پەناوە ناوێکی گشتیتریش بۆ ئەو چەکدارانە لەئارادا بووبێ، لێکۆڵەران زۆر خۆیان بەو بابەتەوە ماندوو نەکردوە. بۆ وێنە لە شۆڕشەکەی سمکۆدا هێزە چەکدارەکە بە ناوی لەشکری سمکۆ یان لەشکری شکاک کە هۆزی سەرەکیی پێکهێنەری لەشکرەکە بوو، ناوی دەبرا. دیارە هێندێک جار هێزە چەکدارەکە بە ناوێکی گشتیتریش ناوی بردراوە وەک لەشکری شەریعە بە بۆنەی بارە ئایینییەکەی شۆڕشی شێخ سەعید یان لەشکری مریدان بۆ شۆڕشەکەی بارزان بەڵام ناوی زاڵ هەر بە ناوی سەرۆک و ڕێبەری هۆز یان هێزەکە بووە. لەو نێوەدا هێندێک جار ناوی گشتیی وەک جوامێر، چریک، دلاوەر، فیدایی و هیتریش بەرگوێ کەوتوون بەڵام هەم جوغرافیا و ماوەی بەکاربردنیان سنووردار بووە و هەمیش مەرج نییە ئەوانە هەمیشە ناوی هێزی ئازادیخوازی کورد بووبن، چونکە هێندێک جار داگیرکەران بۆ ناوی ئەو هێزە بەکرێگیراوانەش بەکاریان بردوون کە بۆ سەرکوتی شۆڕشەکانی کورد ڕێکیان دەخستن. هەروەها ناوی "چەتە"ش هەبوو کە هەرچەند بریتی لە چریک و پارتیزانە و واتایەکی نێگەتیڤی نییە بەڵام هەم بە هۆی هێندێک ئاکاری خراپی ئەو چەکدارە کوردانەی لە ڕابردوودا بەو ناوەوە تێکۆشانیان کردوە و هەمیش لەژێر بانگەشە و پڕوپاگەندەی داگیرکەردا، ناوەکە بێزرا و واتای دز و ڕێگر و جەردەی پێدرا. بە جۆرێک کە دواتریش ڕێژیمەکان وەک ناتۆرە دژ بە تێکۆشەرانی کورد بەکاریان دەبرد. هەروەها ناوی یاغی، حەرامی و هیتریش هەبوون کە ئەوانە ڕاستەوخۆ سازکراوی هزری دوژمنانن و لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانەوە دژ بە شۆڕشگێڕانی کورد بەکار دەبردرا.

لە نێو شۆڕشەکانی کورددا، شۆڕشی ئارارات بە ڕێبەریی کۆمەڵی خۆیبوون و بە فەرماندەیی ئیحسان نووری پاشا کە بە ناوی کۆماری ئاراراتیش ناو دەبرێ، توانی تا ڕادەیەک نەریتەکان بشکێنێ و بەجێی جێگیرکردنی ناوی فەرماندە و سەرکردە یان ناوی هۆزێک بەسەر چەکدار و هێزە چەکدارەکەیدا، ناوی لەشکری ئاراراتی دانا. دیارە ئەوە تاکە هەنگاوی شۆڕشی ئارارات یان ئاگری بۆ گۆڕینی چییەتیی شۆڕشی کورد نەبوو و کۆمەڵێک گۆڕانکاری و داهێنانی دیکەشی هێنایە ئاراوە کە بوون بە بنەما بۆ ئەو کۆمارەی کە پازدە ساڵ دواتر بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری مەهاباد ڕاگەیەندرا.

بەو جۆرەی لە ژمارەکانی سەرەتای ڕۆژنامەی کوردستانی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و زمانحاڵی کۆماری کوردستاندا دەردەکەوێ، کۆمار بە پێڕەوی لە تاران و دواتر تەورێز، لە سەرەتادا ناوی چەکداری خۆی بە سەرباز، فیدایی و فیداکار ناو هێناوە و دواتر وەک دەگوترێ لەسەر پێشنیاری پیرەپیاوێکی دنیادیتە، ناوی "پێشمەرگە"ی هەڵبژارد. سەبارەت بە بنەمای ئەو ناوە بۆچوونی جیاواز هەیە؛ هێندێک بۆ نەریتێکی نێو دەرباری پاشاکانی دەگەڕێننەوە کە لەوێ کەسێک بەناوی "پیش‌مەرگ" هەبووە و هەموو ژەمان دەبوو لە پێشدا ئەو خواردنە تاقی بکاتەوە کە قەرار بوو پاشا لێی بخوا. دیارە ئەوە دابێکی گشتی و باوی نێو خەڵک نەبووە و ئاستەمە ناو و پیشەیەکی ئاوا لە کۆشکی پاشایەتییەوە تا نێو کۆڵان و ماڵانی کوردستانی ئەو سەردەم شۆڕ بووبێتەوە. بە تایبەت کە کۆماری کوردستان لەلایەک هەوڵی داوە وشەی کوردیی ڕەسەن لەسەر بوار و پیشە و کاراکتەرە جۆراوجۆرەکان دابنێ و هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە بە دوای ئیلهام وەرگرتن لە سیستمی پاشایەتی و ژیاندنەوەی داب و نەریتەکانی نێو کۆشک و سەرسەرای پاشایەتیدا بووبێ. بەڵام ئەگەر وتەی پیرەپیاوە دنیادیتەکە بە بنەما وەربگرین کە وا دیارە پێشنیارەکەی لە ناخی کۆمەڵگە و لە قووڵایی مێژووی کوردستانەوە هاتووە، ڕەنگە مێژووی بەکارهێنانی ناوی پێشمەرگە وەک چەکداری ئازا بۆ زۆر کۆنتر بمانگەڕێنێتەوە. لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە لە کەوناردا کوردستان کانگایەکی گرینگ و سەرەکیی ئایینی مێهری یان میترایی بووە. لە دابەشکاریی پلەکانی ئەو ئایینەدا، پلەی سێهەم بە سەربازانی میترا دراوە کە لەنێو چوار ماکەکەدا، پلەی خاک هی ئەوە و ئەرکە سەرەکییەکەی پاراستنی مەرگە (مێهرگە، مێهرکەدە، ماڵی پیرۆزی میترایی‌یان) و نیشتمانی میترا بووە. بەو پێیە پێشمەرگە ئەو چەکدارە ئازایە بووە کە لە پێش "مەرگە"ی میترایی ڕاوەستاوە و ئەرکی پاراستن و پارێزگاری لەو شوێنە پیرۆزە و لە وڵاتی پیرۆزی میترای لە ئەستۆ بووە. ئەگەرچی بە کاڵبوونەوەی ئایینی مێهری (مەری، مێری، میترایی) لەنێو کۆمەڵگەدا سرووشتییە ناوی پێشمەرگەش بەو واتایە کاڵ بووبێتەوە بەڵام وا دیارە لە هزری پیرانی ناوچەکەدا ماوەتەوە تا سەرەنجام لە کۆماری کوردستاندا جارێکی دیکە ژیایەوە و واتایەکی نوێی پێدرایەوە.  

کۆماری کوردستان تەنیا حکوومەتێکی کورتخایەنی یازدە مانگە لە ناوچەیەکی بەرتەسکی کوردستاندا نەبوو بەڵکو ڕاستەڕێگای ڕزگاریی بە کورد نیشان دا و لە زۆر بارەوە نەخشەی دەسەڵات و خۆ بەڕێوەبەریی بۆ گەل داڕشت. یەک لەوانە بڕیاری دانانی ناوی پێشمەرگە و دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو. کۆماری کوردستان بەو بڕیارە نەک هەر ناوی پێشمەرگەی بە نەتەوەیی کرد بەڵکو شوناس و پێناس و ئامانجی پێشمەرگەشی گۆڕی و کۆتایی بەو نەریتە هێنا کە تێکۆشەری شۆڕشگێڕی کورد بەناوی چەکدار، تفەنگچی یان پیاوی فڵان سەرکردە و فیسار هۆز، خۆی و ئامانجە نەتەوەییەکەی بچووک بکرێتەوە. لەوە بەدوا پێشمەرگە لە چەکداری سەرۆک و هۆز تێپەڕی و بوو بە پێشمەرگەی کوردستان. کوردستانێک کە داگیر کراوە و مافی ژیانی ئازاد لە گەلەکەی و سەربەستی لە نیشتمانەکەی ئەستێندراوە. بەوەش پێناسەی پێشمەرگە لە چەکدارێکی ئاسایی جیا کرایەوە. پێشمەرگە ئیدی تەنیا لە پێوەندیی چەکەکەیدا تەعریف وەرناگرێ بەڵکو مرۆڤێکی تێکۆشەری کوردە کە بۆ لابردنی هەڵاواردن و سڕینەوەی ستەم بە تایبەت ستەمی نەتەوەیی تێدەکۆشێ و هەوڵ دەدا نەتەوەکەی ئەویش وەک هەموو نەتەوەکانی دنیا، نە زیاتر و نە کەمتر، مافی بەرابەر و یەکسانی هەبێ. لەم پێناوەشدا خۆبەخشانە و بێ هیچ چاوەڕوانییەکی مادی، لە ژیان و گیانی خۆی مایە دادەنێ. وێڕای ئەوە، ئەگەرچی وشەی مەرگ لە پێکهێنانی ناوی پێشمەرگەدا دەوری هەیە، بەڵام پێشمەرگە لەپێناو ژیانێکی نادیاری دواڕۆژدا، بۆ مردن و شەهیدبوون ناجەنگێ بەڵکو بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد بۆ خۆی و گەلەکەی و لەپێناو ڕزگاریی خاکەکەیدا، بۆ نەهێشتنی سیاسەتی قەڵاچۆکردنی نەتەوەکەی خەبات دەکا و پێش بە مەرگی گەلێک دەگرێ.  

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، وەستان و بێدەنگییەکی پازدە ساڵە بەسەر خەباتی چەکدارانەی پێشمەرگەدا هات، لێ کۆماری کوردستان یادگارییەکی لەوە زۆر گەورەتر و بە نرختر بوو کە بەو وەستان و بێدەنگییە ناوی پێشمەرگە لەبیر بچێتەوە یان ئامانجەکانی کاڵ ببنەوە. لە کۆتاییەکانی دەیەی سی و سەرەتای دەیەی چلی هەتاویدا تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە جێگیربوونیان لە دیوی گەرمێن و بەشی باشووری کوردستان توانیان جارێکی دیکە خۆیان وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێک بخەنەوە و خەباتی پێشمەرگانەیان بە شێوەی چەکدارانە دەست پێ کردەوە. بە تایبەتیش لە نێوەڕاستەکانی دەیەی چلی هەتاویدا خەباتێکی خوێناوییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێخست. هاوکات لە باشووری کوردستانیش شۆڕشی ئەیلوول تا ڕادەیەکی زۆر بە بنەماکانی کۆماری کوردستان وەفادار مایەوە و ناوی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەسەر هێزە چەکدارەکەی خۆی دانا. لە باکووری کوردستانیش هێندێک جموجۆڵی پێشمەرگانە و بە ناوی پێشمەرگە هاتنە ئاراوە و هەمووی ئەوانە لە بووژاندنەوە و پەرەگرتنی ناو و شوناسی پێشمەرگەدا کاریگەریی گرینگیان دانا. وێڕای ئەوانە زیندوویی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان کە هەمیشە خواستی خەڵکی کوردستان و، وەدیهێنانیان مەبەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، ئیخلاقی سیاسی و هەڵسوکەوتی درووستی زۆرینەی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ خەڵک و ئەوە کە پێشمەرگە لە ناخی ئەو خەڵکەوە هەڵقوڵاوە و، ئاستی فیداکاری، گیانبازی و ئازایەتیی پێشمەرگە لە هۆکارە گرینگەکانی خۆشەویستیی زۆری خەڵک بۆ پێشمەرگە و پەرەگرتنی ناو و شوناسی پێشمەرگە لەلای دۆست و دوژمنە. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، هێزی پێشمەرگەی کوردستان جارێکی دیکە لە سەر جوغرافیای کۆمار و بە پانتاییەکی زۆر بەرینتر ڕێک خرایەوە و گەلێک قارەمانەتی نواند کە دەورێکی گرینگ و کاریگەری دیکەی لەسەر پەرەگرتن و خۆشەویستیی ناوی پێشمەرگە دانایەوە. بە جۆرێک کە چەندان هێزی چەکداری غەیرەکورد لە ئێران و عێراقیش هەر بە ناوی پێشمەرگە لە کوردستان خەباتی خۆیان دەست پێ کرد. هەمووی ئەوانە و ڕووداوە پێوەندیدارەکانی دواتر وایان کرد کە ناوی پێشمەرگە لە ئاستی نێونەتەوەییشدا  ببێ بە ناوی کاراکتەرێکی ڕزگاریخواز و جێگای ڕێز و ستایش بۆ هەموو جیهان. لەم نێوەدا دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانیش بێکار دانەنیشتن و سەرەڕای هێرش و پەلاماری ڕاستەوخۆیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، هەوڵیان دا ناوی پێشمەرگەش بزڕێنن و پێناسەی پێشمەرگە لە هزری خەڵکی کوردستان و بێگانەدا بشێوێنن بەڵام سەریان لە بەرد درا و بۆیان نەکرا. ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی لەسەرەتادا بە دامەزراندنی "ڕێکخراوی پێشمەرگە موسوڵمانەکان" کەوتە پیلان و چەواشەکارییەوە و ویستی کڵاوێک لەو لبادە بۆخۆی بدروێ و سەرنجی خەڵکی کوردستان لە هێزی پێشمەرگەی خۆیەوە بۆ لای ئەو هێزە بەکرێگیراوە ڕابکێشێ. لەوە بێخەبەر بوو کە خەڵکی کوردستان زۆر لەوە ژیر و وریاتر بوون کە بە شتی ئاوا فریو بخۆن. کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی فرەئایینە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش هەر لە کۆماری کوردستانەوە بەجێی هەڵگرتنی پێناسەی ئایینێکی تایبەت، بۆ پاراستنی فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دامەزرا و تێکۆشا. سازمانی پێشمەرگە موسوڵمانەکانی کۆماری ئیسلامیش لە هزر و ڕوانینی خەڵکی کوردستاندا هەر لە سەرەتاوە بە ناوی جاش لەدایک بوون و هەر بە جاشیش مانەوە.

۹/۰۴/۱۴۰۴

ئاوڕێک لە ژیان و شێعرەکانی شێخ ئەحمەدی سریلاوا

 تاهیر قاسمی

شێخ ئەحمەدی سریلاوا
یەکێک لەو کەسایەتییانەی موکریان کە بەر لە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف ڕۆڵی لە ڕۆشنکردنەوەی کۆمەڵگە و هاندانی لاوان بۆ خەبات لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەکەیاندا هەبووە و تێکۆشەرانی دواتر شاهیدیان لەسەر خەبات و تێکۆشانی فەرهەنگی و سیاسیی ئەو داوە، شێخ ئەحمەدی سریلاوایە. 

سریلاوا گوندێکی ناوچەی چۆمی مەجیدخانە کە لە داوێنی کێوێک هەر بەو ناوە هەڵکەوتوە. بەری ئاواییەکە دەشتێکی پانە کە تا بناری ساریبابا بەرین بۆتەوە. بەشی زۆری ئەو دەشتە سوێر و شۆرەکاتە و کەمتر گیای لێ دەڕوێ بەڵام بەشی لای ئاوایی کە قۆڕغی پێ دەڵێن، گیایەکی نەرم و ناسکی هەر بەناوی گیاقۆڕغ لێ دەڕوێ کە دوای دروون و وشک بوونەوە، وەک ئاڵف و تفاقی ئاژەڵ بۆ زستان هەڵدەگیرێ. ساڵانی پێشوو لە بەشە سوێر و شۆرەکاتەکەی هەم مەڕ و ماڵات شۆر دەدرا و هەمیش گڵەکەی بۆ سواغی سەربان کەلکی لێ وەردەگیرا کە لەبەر سوێر و خوێواوکەکەی باران لێی تێنەدەپەڕی و سەربان بە باران دڵۆپەی نەدەکرد. لە چیڕۆکی "زارا"ی محەممەدی قازی‌دا ئاوا پەسنی سریلاوا دراوە: لەقەراخ چۆمی تەتەهوو، لەنێو دارە چنار و مێشە بییەکاندا، گوندی "قارنجە" دەبیندرێ.  لە خوار قارنجە، گوندی "حاجیابات" هەڵکەوتووە. لە لای باکووری ڕۆژئاوا کێوێکی بەتاق هەڵکەوتووی لەگوێن مانگی یەکشەوە دێتە بەر زەین کە گوندی'سریلاوا"ی لە داوێن هەڵکەوتووە".

ناوی گوندی سریلاوا لە ناوی سریلە وەرگیراوە. بەپێچەوانەی ئەوەی محەممەدی قازی پێیوایە سریلە "لە زمانی کوردیدا بەمانای سیسرەیە" چونکە "لە شەوانی بەهار و هاوین‌دا دەنگی تیژی سریلەکان تاکە هەوای مۆسیقای ئەو گوندە خامۆشە بوو"، سریلە هەروەها ناوی باڵندەیەکی ڕەش و لە سێروو بچووکتریشە کە بە پۆل دەگەڕێن و گۆشتیشیان دەخورێ. ئەو باڵندەیە بەهۆی قۆڕغ و شۆرەکاتەکەی، لە هێندێک وەرزی ساڵدا بە ڕێژەیەکی زۆر لە سریلاوا و دەوروبەری پەیدا دەبن.

سریلە هاتوچۆیەتی، بە سرتە گفتوگۆیەتی                                                بە سروە پێم دەڵێ ئەوا بەهاری تازە هاتەوە (ئاوات)

سریلاوا لە مێژوودا بە هۆی چەند کەسایەتییەوە ناوبانگی لە دەوروبەری خۆی واوەتر چووە و لە لاپەڕەکانی مێژووی موکریاندا زۆر جار ناوی ئەو گوندە بچووکە بەرچاو دەکەوێ؛

یەکەم؛ چاکێک بەناوی "سەیزادەی سریلاوا" یان "شێخ‌زادەی سریلاوا" لە مەهابادە کە گڵکۆکەی لە نیزیک جەنگەڵی دەسکردی ئەو شارە هەڵکەوتبوو. لە ژیاننامەی مەلا مارفی کۆکەیی‌دا کە بە قەڵەی مستەفا کۆکەیی (١٣٩٤ی هەتاوی) نووسراوە، هاتووە: "بە وتەی بەساڵاچووانی مەهابادی و بەتایبەت لێکۆڵینەوە و پرس‌وڕای زۆری مامۆستا عوبەیدیللای ئەیوبیان، کە کاتی خۆی زۆر بەتەنگ دۆزینەوەی شوێنی ڕاستەقینەی گۆڕی مەلا مارفەوە بوو، جێگای گڵکۆی نابراو، کەوتووەتە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵاتی حەوشەی خوێندنگەی «ڕەزا پەهلەوی»ی پێشوو و ناوەندیی کچانەی ئێستا، لە شەقامی «جامی جەم»ی مەهاباد، نزیک قسنی شێخ تەها و گڵکۆی «سەیدزادەی سـریلاوا»، کە هیچ شوێنێکی لێ‌بەجێنەماوە و بە تەواوی حەوشەیەکی قیرەتاوە."

دووهەم: لە سەردەمێکەوە کە مێژوویەکی زۆر ڕوونی نییە، چەندێک لە گوندەکانی ئەو دەڤەرە، مڵکی بنەماڵەی قازی و سریلاوا شوێنی نیشتەجێبوونی قازی شێخ جەلال بووە. قازی شێخ جەلال چوار کوڕی بە ناوەکانی میرزا عەبدولخالەق، میرزا سەعید، میرزا جەواد و شێخ ئەحمەد هەبووە کە ڕەنگە ناوبانگی میرزا جەواد لە سیانەکەی دیکە زیاتر ڕۆیشتبێ. میرزا جەواد ساڵی ١٢٦٠ی ھەتاوی لە مەھاباد، یا لە گوندی «سریلاوا» لەدایک بووە. پاش تەواوکردنی دەرسە سەرەتایییەکان، بۆ خوێندن و فێربوونی زانیارییە ئایینییەکان ڕووی کردوەتە حوجرە و لەو کاتەدا کە لە مەهاباد لە حوجرە دەیخوێند، وەک وەرگێڕ و چاوساغ لەلای "ئۆسکار مان"ی ئاڵمانی دادەمەزرێ و ئەوە ژیانی دەگۆڕێ و لە تۆمارکردن و سەرەنجام نووسینەوەی کتێبی "تۆحفەی موزەففەرییە"دا یارمەتیی ئۆسکار مان دەدا و دواتر لەگەڵ "مان" دەچێ بۆ ئاڵمان.  

سێهەم؛ دوای میرزا جەواد، ناوبانگی شێخ ئەحمەد وەک ڕووناکبیر، شاعیر و سیاسەتوانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە موکریان بڵاوبووەتەوە کە وەک گوترا لەدایکبووی ئەو گوندە و مەبەستی سەرەکیی ئەم بابەتەیە.

شێخ ئەحمەد ساڵی ١٨٨٣ لە ئاوایی سریلاوا هاتوەتە دنیا. کوڕە چکۆڵەی قازی شێخ جەلال مامی باوکی پێشەوا قازی محەممەد و شێخزادە خورشید خانم کچی شێخ بەهائەددین و نەوەی شێخ سیراجەددینی نەقشبەندی‌یە. بەو پێیە شێخ ئەحمەد لەباری شێخایەتییەوە دوو بەر ئەتڵەس بووە؛ هەم لەلای شێخ‌زادەی دایکیەوە دەچووەوە سەر شێخانی نەقشبەندی و هەمیش لەلای شێخ جەلالی باوکیەوە ناسناوی شێخایەتیی پێ دەبڕا. لەبەر ئەوەش بە هەردوو هۆ یان بە هۆی یەکێک لەو دوانە بە "شێخ ئەحمەد" بەنێوبانگ بوو. لەم نێوەدا ڕەنگە تای تەرازوو بەلای دایکدا شکابێتەوە، چونکە لەسەر زمانی خەڵک زۆر جار بە ناوی "شێخ ئەحمەدی حیسامی" و بە دەگمەن وەک "شێخ ئەحمەدی قازی" ناوی دەبرا. مامۆستا هێمنیش بە شێخ ئەحمەدی حیسامی ناوی هێناوە. کەسایەتیی 'شێخ‌زادە"ی دایکی لەسەر ناسناوی بنەماڵەییش کاریگەری بەجێ هێشتوە و شۆرەتی وەچەکانی بە "حیسام قازی‌" ناسراون کە حیسامەکە پێوەندی بە شێخ حیسامەددینی جێگرەوەی شێخ بەهائەددین، بەشی دایکی بووە و قازییەکە پشکی باوکێتی. هەمووی ئەوانەش بۆ پێگەی قورسی بنەماڵەیی و بەزافتەیی شێخ‌زادە لەلایەک و کەنەفتیی قازی شێخ جەلال لەو تەمەنەدا کە بۆ جاری دووهەم زەماوەندی کردبوو، دەگەڕێتەوە.

شێخ زادەی دایکی شێخ ئەحمەد ژنی دووهەمی قازی شێخ جەلال بوو کە لە سەردەمی پیریدا زەماوەندی لەگەڵ کرد. محەممەدی قازی سەبارەت بەم وەسڵەتە دەگێڕێتەوە: "دایە گەورەی بێچارەم سەرچاوەی خەم و ماتەم بوو. پیرێژنی فەقیر خەمی خۆی کەم بوو کە خەمی ڕاگرتنی دوو منداڵی هەتیو و بێوەژنێکیشی لەسەر دڵی کۆ ببۆوە. بۆخۆی دوو داخی گەورەی دیتبوو کە بۆ حەوت پشتی بەس بوو: یەکیان هەوێیەکی جەوان بەناوی شێخ‌زادە خاتوون کە شووەکەی، واتە باوە گەورەی ئێمە، لە گەرمەی جووڵانی ئەوینی پیری‌دا بەسەری هێنابوو. ڕکابەرێکی ئەوەندە مەترسیدار کە ئەوی لەبەر چاوی مێردەکەی خستبوو و بە یەکجاری لە گۆڕەپانەکە وەدەری نابوو. ئەویتر لەم دواییەدا  مەرگی ئیمام، کوڕە گەورەکەی، واتە باوکی من بوو کە داخێکی جەرگبرژێنی لەسەر دڵی دانابوو. وەک دەیانگێڕایەوە، شێخ‌زادە خاتوون، هەوێکەی دایە گەورەم، هەرچەند بۆخۆی جوان بوو بەڵام ئەو کاتە توانیبووی ببێتە تاکەسواری گۆڕەپانەکە کە کوڕێکی بەناوی "شێخ ئەحمەد" و کچێکی بەناوی "شێخ‌زادە حومێرا خاتوون" بۆ بابە گەورە خستبۆوە و بنەماڵەی لە شێخ و شێخ‌زادان پڕ کردبوو."  

ناوی شێخ ئەحمەدی سریلاوا وەک پیاوێکی ئەدیب، تێکۆشەرێکی سیاسی و هەڵسووڕێکی خەباتی نەتەوەیی، ڕەنگە زیاتر لە هەر کەس، لەلایەن مامۆستا هێمنەوە بە گوێی وەچەی ئێمە ئاشنا کرابێ. مامۆستا لە بیرەوەری و نووسینەکانیدا لانیکەم سێ جار باسی شێخ ئەحمەدی کردوە. لە بابەتی "مامۆستای شاعیرانی موکریان"دا کە سەبارەت بە سەیفولقوزات نووسراوە، ئەوی وەک قوتابییەکی سەیف ناساندوە و نووسیویەتی: "لە شاعیرەکانی پێش ئێمەی موکریان وەک شێخ ئەحمەدی سریلاوا و دوکتۆر شەوقی و خاڵەمین و سەید کامیل، ئەگەر نەشڵێن بیری نەتەوایەتی لەوی فێر بوون دیارە ئوسلووبی لەکارهێنانی وشەی ڕەسەنی کوردی و زمانی شوان و سەپان و جووتیاریان لەوی وەرگرتووە. ئێمەش شاعیرەکانی پاش ئەوان وەک هەژار و عەتری گڵوڵانی و هێمن پەیڕەوی ئەوانمان کردوە و دیارە شاعیرەکانی لاویش وەک سوارە و هاوار و مەحموودی و مەلا غەفوور، ئەم ڕێڕەوەیان بەر نەداوە."

مامۆستا هێمن هەروەها لە پێشەکیی تاریک و ڕوون‌یشدا بەناوی "لە کوێوە بۆ کوێ" جارێکی دیکە باسی شێخ ئەحمەدی کردوە: "کۆمەڵە (ی ژێکاف) لەپێشدا کتێبێکی بچووکی شیعری بڵاو کردەوە بە ناوی دیاری کۆمەڵەی «ژ. ک» کە شیعرە نیشتمانییەکانی حاجی قادر و مەلای گەورەی کۆیە و هەژار و شێخ ئەحمەدی حیسامی تێدا چاپکرابوون و دەسبەجێ تەواوبوو."

شێعرەکەی شێخ ئەحمەد کە مامۆستا هێمن ئاماژەی پێدەکا، شینی کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی کوردی باکوورە کە بە تاوانی سەربەخۆییخوازی لەلایەن دەسەڵاتی ئاتاتورکەوە لەدار دران. شێعرەکە لە لاپەڕەی ٦٨ بەدواوەی "دیاریی کۆمەڵە"دا چاپ کراوە و ئەو پێشەکییە کورتەشی لەسەرەتادا بۆ نووسراوە:

دوای جەنگی ڕابوردو کە جمهوریەتی تورکیا ساز بوو، مەحکەمەیەک بە ناوی "مەحکەمەی سەربەخۆیی" داندرا، جەنابی شێخ عەبدولقادر شەمزینی و سەید محەممەدی کوڕی دەگەڵ هەندێ لە گەورە و ناودارانی کورد لەم مەحکەمەیەدا محاکمە کران و هەلیانهاوەسین. ئینجا شێخ ئەحمەدی سریلاوایی کە پیاوێکی بەناوبانگی موکوریانە، ئەم شینەی خوارەوەی بۆ شەهیدانی ڕێگای سەربەستیی کورد گێڕاوە" 

ئەم ئاسمانە شینە کەوا بەرگی ماتەمە                    ئیجادی وا کراوە کە قوببەی هەموو غەمە
بارانی مەرگە، بەفرە کفن، ڕەعدە نەفخی سوور        ئەو ڕووگرانە قابیزی ئەرواحی عالەمە
سەرتیپی تیپی هەورە شەماڵ بۆ سەفی قیتال           نارنجەکی تەرزەیە، تەییارەیی تەمە
ڕۆژی سیایە، ڕۆژ و شەوی تارە چەرخی پیر             هەوری لە دوودە، ئاهە تەمی وی، هەموو غەمە
ئەم چەرخە، کۆنە ماشینەکەی ژەنگی گرتووە           چەوری نەکا بە خوێنەکی، سووڕانی عەستەمە
لەم قەڕنی بیستەمی مەدەنییەت بە خوێنی کورد      ژەنگی لەسەر نەهێشتووە هێشتاکە پێی کەمە
 
تا نەڕندراوە چەرخی ستەم، ستەم کارییە                 ئەو زوڵم و جەورە قیسمەتی هەر شین و زارییە
خووسا بە خوێنی کوردی شمالی هەموو زەمین         گوڵزاری خوێنە، غونچە سفەت دڵ هەموو غەمین
هەوری خەفەت لە ئەوجی فەرەجدا موسەللەتە       شادی نەبوو لە هێچ دڵێ‌دا نەبێ بە شین
مەحشەر میسالە دەشتی شمال، کەربەلا سفەت        غەمناکە لەم موسیبەتە سوککانی حەوتەمین              
ئەکسەر لەوانە سەیدن و هاشمی نەسەب                میراسی جەددیانە شەهادەت کە پێی گەیین
فەرمانی قەتڵی عامی کەماڵ بێ کەماڵییە                 مەقسوودی مەحوی دینە لە ئیعدامی ئەهلی دین

 
وا حەسرەتا چرای ئومێدم کوژایەوە                         قەتڵی موحەڕەمی لە شمالێ برایەوە
چەنگیز کەماڵە، ئەهلی کەماڵ شاهیدی دەدا            کوانێ زەمان و عەسری مەغوول زوڵمی وا کرا
نەسسی حەدیسە تەرکی ..... ئێستە مەحکەمە           بەو زوڵمە خبثی باتینان بەرمەلا کرا
دڵ بەحری خوێنە، سۆفی مەپرسە چ فایدە               تەعدادی ناکرێ کە بڵێم چەند خەتا کرا
هاوارە قەومی کورد وەرن ڕۆژی غیرەتە                   نیسبەت بە ئێمە زوڵم و تەعەددی چها کرا

غوسسەم ئەوەندە زۆرە دڵم هێندە پڕ غەمە             سەحبانی ناطقم لە غەما لاڵ و ئەبکەمە 

بەشی یەکەمی ئەو شێعرە دەتوانێ لە شێعرێکی پیرەمێرد ئیلهامی وەرگرتبێ کە هەر لە پێوەندیی ئەو جنایەتەی دەسەڵاتی تورکدا نووسیویەتی و مێژووی ٢٤ی ئایاری ساڵی ١٩٢٥ی بەسەرەوەیە؛

                                       بۆ گیانی قارەمانانی کورد

ئەم ئاسمانە شینە کەوا بەرگی ماتەمە
تەحلیلی وا کراوە کە قوببەی غەمە، تەمە
چەرخێکی کۆنە، ماکینەکەی ژەنگی گرتووە
چەوری نەکا بە خوێن پەکی سووڕانی کەوتوە 
پیرێژنێکە، هەر شەوەی شوویەک ئەکا بە خەڵق
 سووراو بە خوێنی مێردی ئەکا پێی ئەڵێن شەفەق
گوڵگون بە خوێنی عاشقە دێوجامەی فەلەک
چنگی پڵنگی ناوەتە ژێر قاقمی بەڵەک 
گاهێ بە خوێنی ئالی نبی سوورئەبێ فیرات
 گاهـ خوێنی کوردی تێکەڵ ئەبێ دیجلە زیاد ئەکات 
سەرداری ئێمە بوو کە لەسەر دار بە پێکەنین
 بانگی ئەکرد: بە کوشتنی من میللەتم ئەژین
 ئەم خوێنی کوردە کە وەکوو خوێنی سیاوەحشە
خوێنی نەسێنرێ هەڵدەقوڵێ دائما گەشە
بۆ ئێمە لازمە هەموو ساڵێک هەتا دەژین
 ئەم ڕۆژی «٢٤» ی ئایارە بکەین بە شین

 ئەو وێکچوون و ئیلهام وەرگرتنە نیشان دەدا کە شێخ ئەحمەد و هەڤاڵانی ئاگایان لە جموجۆڵە ئەدەبییەکانی سەردەمی خۆیان بووە و چاپکراوەکانی دیوی گەرمێنیان بەدەست گەیشتووە. بنەماڵەکەشی سینگ بە سینگ ئەو قسەیان گواستوەتەوە کە گۆیا کەسێک بەناوی "دوکتور جەودەت" لەلایەن شێخ مەحموودی حەفیدەوە سەردانی شێخ ئەحمەدی کردوە و نامەی شێخی بۆ هێناوە کە تێیدا داوای لێ کردوە دژی ڕێژیمی پاشایەتی جووڵانەوە وەڕێبخەن. مامۆستا هێمن کە لە "پێشەکی"پێکەنینی گەدا"ی حەسەنی قزڵجی‌شدا جارێکی دیکە باسی شێخ ئەحمەدی کردووەتەوە، ئاماژە بەو پێوەندییە ئەدەبی - سیاسی - ڕووناکبیرییەی نێوان شێخ ئەحمەد و تێکۆشەرانی دیکەی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستاندا دەکا و دەڵێ: "لەو سەردەمە تاریک و تنووک و ئەنگوست لە چاوەدا لە مەڵبەندی موکریان بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ سیاسەتی تواندنەوەی کورد، کۆمەڵێکی نهێنی لە زانایان و ڕووناکبیران و گەورەپیاوانی کورد بە ڕابەریی مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی، سەیفی قازی، پێشەوای نەمر، قازیی بۆکان، شێخ ئەحمەدی سریلاوا و گەلێکی تر لە ڕووناکبیری ئەو سەردەمە پێک هاتبوو کە ئامانجی ئەساسی و هەرە گەورەیان پاراستن و پەرەپێدان و بووژاندنەوەی زمان و ئەدەبی کوردی بوو. کتێب و ڕۆژنامەی کوردییان کە لە عێراق بڵاو دەبوونەوە بە زەحمەت پەیدا دەکرد و بە ئیحتیاتەوە بەسەر لاوانی بڕوا پێکراودا بڵاو دەکردەوە تا فێری کوردی خوێندنەوە بن. ئەوان بەتایبەتی مامۆستا فەوزی دەستەیەک لاوی ڕووناکبیریان پێ گەیاندن کە لە دواڕۆژدا شاعیر و نووسەری زۆر خزمەتکار و بەناوبانگیان لێ هەڵکەوت. یەکێک لە دەسپەروەردەکانی و هاوبیرەکانی ئەوان کاک حەسەنی قزڵجیی خۆمانە کە هەر لەو دەمیڕا فێری کوردی خوێندنەوە ببوو. ئەوەبوو دەگەڵ سایەی شوومی پەهلەوی لاچوو تەمومژی چارەڕەشی و نەگبەتیی کورد ڕەوی. وەک ئەستێرەیەکی گەش و ڕووناک و پڕشنگدار لە ئاسمانی ئەدەبی کوردیدا درەوشایەوە. لاپەڕەی گۆوار و ڕۆژنامەکانی کوردی بە نووسراوە جوانەکانی خۆی ڕازاندەوە.

ماڵی شێخ ئەحمەد لە ئاوایی سریلاوا
 دووهەم کەس کە زۆر باسی شێخ ئەحمەدی سریلاوای کردوە،  وەرگێڕی بەنێوبانگی  زمانی فارسی‌ محەممەدی قازی‌یە. ئەو ئەگەرچی برازای شێخ ئەحمەد و ماوەیەک لەژێر باڵی ئەودا بوو، لێ بە پێچەوانەی ڕوانینەکانی مامۆستا هێمن کە لە هەر جێگایەک باسی شێخ ئەحمەدی کردبێ، وەک تێکۆشەرێکی سیاسیی کورد و شاعیرێکی نەتەوەخواز و نیشتمانپەروەر باسی کردوە، محەممەدی قازی زیاتر لە سۆنگەی کێشە بنەماڵەییەکانی سەردەمی منداڵیی خۆی لەوانە کێشەی مڵکایەتی و میرات، لەو کەسایەتییە بەنێوبانگەی موکریان دواوە. لەو سۆنگەیەشدا تۆمەتی جۆراوجۆری بەدوا خستوە و نووسیویەتی: ئەو "جەوان و بەژن ڕێک و دلێر و سوارچاک و هەستی شێعرنووسین بە زمانی کوردی هەبوو بەڵام زۆربەی کاتی خۆی بە خواردنەوە و بەڕەڵایی تێپەڕ دەکرد. دواجاریش هەر لەو ڕێگایەدا سەری خۆی دانا." لە زۆر جێگا ئەو وەک ژنباز و کەسێک کە ماڵی ئەوی خواردوە، پێناسە کردوە و تەنانەت تۆمەتی کوژرانی مامەکەی دیکەشی داوەتە پاڵ ئەو. لێ لە کۆتایی تەمەنیدا، کاتێک کە ئاستی پێداگریی نەتەوەکەی لەسەر پەرەدان بە فەرهەنگ و زمانی کوردی و ڕێزگرتن لە کەسایەتییەکانی خۆی بۆ دەرکەوتوە و دوای ئەوەی لە ڕێی گێڕانەوەکانی مامۆستا هێمنەوە شارەزای کەسایەتیی شێخ ئەحمەد و خۆشەویستی و ڕێزی ئەو لە لای خەڵک بووە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری سروە، بای داوەتەوە و دەروای زاری لەو بارەوە گۆڕیوە. تا ئاستێک کە شانازیی ئەوەی بۆ خۆی گەڕاندوەتەوە کە قوتابیی شێخ ئەحمەد بووە: "لە ئاوایی سریلاوا لەژێر چاوەدێریی دایک و مامم شێخ ئەحمەدی سریلاوا دەژیام. شێخ ئەحمەد (ئەو کەسەیە کە مامۆستا هێمن لە تاریک و ڕوون دا ناوی هێناوە) ئاواڵی مامۆستا فەوزی بوو و کۆڕێکیان بۆ بارهێنان و پەروەردە کردنی لاوان پێک هێنابوو. من یەکێک لە قوتابییەکانی مامم بووم. (محەممەد قازی - سروەی ژمارە ١٠)

کێلی گڵکۆی شێخ ئەحمەد
لە گۆڕستانی ساریبابای قەڵا
ڕوانینی نەرێنیی محەممەدی قازی بۆ شێخ ئەحمەد ڕەنگە هەر تایبەت بە ئەو نەبووبێ و وا دەردەکەوێ کەسایەتیی شێخ لەنێو بنەماڵەی قازیشدا بە گشتی زۆر خۆشەویست نەبووبێ. تا ئاستێک کە لە کتێبی "کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە موکریان"دا کە لەلایەن خەلیلی فەتاحی قازی بە زمانی فارسی نووسراوە، باسێک لە شێخ ئەحمەد و تەنانەت قازی شێخ جەلالیش لە ئارادا نییە. تەنیا حەسەنی قازی دوای ئەوەی کتێبەکەی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕا، ئەو بۆشاییەی تا ڕادەیەک پڕ کردەوە ئەگەرچی ئەویش لەوەدا بە هەڵە چووە کە شێخ ئەحمەدی بە کوڕی دووهەمی قازی شێخ جەلال داناوە لە حاڵێکدا بەپێی گێڕانەوەکەی محەممەدی قازی، شێخ ئەحمەد دوای میرزا عەبدولخالەقی ئیمام جومعە، میرزا میرزا سەعید و میرزا جەواد، کوڕی چوارەم و لە ژنی دووهەمی قازی شێخ جەلال بوو.

ئەو زانیاریانەی کە سەبارەت بە کەسایەتی و هزری شێخ ئەحمەد لەبەردەستدان بەداخەوە زۆر نین. دەگوترێ ئەو کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی وەسەر یەک نابوو و لەو ڕێگایەوە بۆ ئۆگرانی زانین و فێرخوازان ببوو بە سەرچاوەیەکی گرینگی زانست و فێربوون. لێ بەداخەوە ئەوەی هەتا ئێستا لێی بەرچاو کەوتوە ئەو شێعرەیە کە نیشتمانی ژێکاف بڵاوی کردوەتەوە و کەشکۆڵێکی دەستنووس کە کەمتر لە دە شێعری پتر ئایینیی لەخۆ گرتوە و زۆربەیان بە زمانی فارسین. لە کەشکۆڵەکەدا ئەو شێعرەی خوارەوە بە زمانی کوردی ساغ کراوەتەوە: 


دەستنووسی کەشکۆڵەکەی شێخ ئەحمەد
ئەی نەفسی ستەم پیشە هەتا کەی بە خەیاڵات   
گاه شاە و دەمێ پیادە، گەهێ برد (پڕ دوو؟) و دەمێ مات
نەردی عەمەلت حەیفە لە تەختەی ئەمەلت دا
هەر باختە ئەکەی جارێ نەبوو مات نەکەی شات
مەنزڵگەهی تۆ عالەمی باڵا بوو لەمەوبەر
کەم عەقڵییە مەغروور بی بە ساراتی خەسارات
وەقتێ بوو کە شابازی مەقامی مەلەکی بووی
ئێستا وەکوو بووم بوویە خەراباتیی باوات
جارێ وەرە ڕووی خۆت لە دەرگاهی خودا کە
مەئیووسێ نییە لای کەرەمی ڕەببی سەماوات
تا کەی بە دەنارەت بڕوا عومری عەزیزت
ئینسافێ لەمەولا بەسە هەزل و خورافات
تۆ حاجبی ئەو بە هەتا شاهیدی مەقسوود
خۆی جیلوە بدا بۆ تۆ بە ئاواتی موساوات
یەعنی وەرە لای سیڕڕی تەریقی شاهی حیسام
ئەمڕۆکە شەهەنشاهە لە ئیقلیمی ویلایات
تۆ شاهی لەسەر مڵکی حەقیقەت بە حەقیقەت
یەک دەفعە عینایات بە موراعاتی ڕەعایات
قەلبی زەرەدێکی؟ بە عەلایق نییە لایق
بشکێنە عوالق بە مەراماتی ملاقات
تەئسیری هەوای سوحبەتی عەبباد هەوایە؟
دڵ دوورە لە ئەربابی موزافاتی موسافات
ئەی مەحزەری تۆ مەزهەری ئەنواری لەتائیف
مەرغووبە لە دەرکی؟ درایاتی تۆ ئایات
دانایە کەسێ بۆ قەدەمی تۆ سەری دانا
ئاسانە لەو ئاسانە سەری فەخر و موباهات
گەردی قەدەمت کوحلی بەسەر، نووری بەسیرەت
مەتبووعە لەلای ئەهلی ئەمەل، فایقە غایات؟
ئیکسیری سەفای خزمەتی تۆ سەیقەلی قەلبە
مەوقوفە لەسەر یەک نەزەرت تەیی موقامات

ڕەحمێ بە سەگی قاپییەکەی خۆت کە حیسامی
بەم باری خەجاڵەت بە ئومیدی کەرەمت هات

بەپێی ئەو زانیارییەی لای وەچەکانی تۆمار کراوە، شێخ ئەحمەد لە ساڵی ١٩٣٣ واتە دە ساڵ بەر لە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف، لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا کۆچی دوایی کردوە و لە گۆڕستانی ساریبابا لە نیزیک قەڵای ڕەسووڵەسیت نێژراوە.  

پەڕاوێز:

دەقی لاپەڕەکانی نامیلکەی نیشتمان:

ژێدەر: 

  • بەشی زۆری زانیاری و وێنەکانی ئەم بابەتە لە بەڕێزان تەها قاسمی و دوکتور ئیسماعیل مستەفازادە وەرگیراون کە ڕۆژی ٢١ی نۆڤامبری ٢٠٢٥ سەردانی وەچەی سێخ ئەحمەد لە سریلاوایان کرد و لە نیزیکەوە ئەو زانیاریانە، وێنەکان و وێنەی ئەو لاپەڕەیە لە دەستنووسەکەیان گرتبوو. 
  • ڕێنووسی هەردوو شێعری نامیلکەکەی ژێکاف و دەستنووسەکە لەلایەن نووسەری بابەت ساخ کراونەتەوە.
سەرچاوەکانی دیکە:
  • تاریک و ڕوون - هێمن 
  • پێشەکیی بۆ پێکەنینی گەدا - حەسەن قزڵجی
  • کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی - ل ٢٣٣ و ٢٣٤ - خلیل فتاح قازی - وەرگێڕانی حەسەن قازی
  • خاطرات یک مترجم - محمد قاضی
  • دیاریی کۆمەڵەی ژێکاف بۆ لاوانی کورد
  • گۆواری سروە - ژمارە ١٠؛ من محەممەدی قازیم
  • پاشەرۆکی هێمن
  • وێنە لە تێلگرامی ئیرەج مورادی وەرگیراوە

۸/۲۸/۱۴۰۴

کۆچی دوایی سروودبێژی «بژی دێموکرات»


✍️تاهیر قاسمی


لە نێوەڕاستەکانی دەیەی نەوەتی زایینیدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی هەستپێکراو دەستی بە بووژاندنەوەی هونەر و ئەدەبیات لەنێو ‏حیزبدا کرد. وەڕێخستنی ڕۆژنامە دیوارییەکان لە زۆربەی کۆمیتە و ئۆرگانەکاندا، چاپکردنەوەی سەرلەنوێی گۆڤاری لاوان کە پتر باری ڕۆشنبیری و ئەدەبی ‏هەبوو، بەردەوامیی بەرنامەی کۆلکەزێڕینەی تایبەت بە ئەدەب و هونەر لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانەوە، کۆڕە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە بەردەوامەکانی ‏کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزب، زیادکردنی پاشکۆی ئەدەب و هونەر بۆ ڕۆژنامەی کوردستان و بووژاندنەوەی کۆڕی هونەریی حیزب بەشێک لەو هەنگاوانە ‏بوون. ئەوانەش پتر بەرهەمی کار و تێکۆشانی کەسانی قەڵەم بەدەست و خاوەن بەهرەی وەک نەمر کاک عەبدوڵڵا شەریفی، کاک قادر وریا، کاک سمایلی بازیار، ‏کاک برایم لاجانی، کاک هەیاس کاردۆ، مامۆستا پەیمان، نەمر کاک ئەحمەدی قادری و هونەرمەندی نەمر کاک تاهیر خەلیلی و هونەرمەندانی دیکەی کۆڕی هونەریی حیزب بوون. لەم نێوەدا هاوکاریی ‏ئەدیبان و هونەرمەندانی شاری کۆیە لەوانە نووسەر کاک قادر بەشدار، مامۆستای مووزیک کاک سەردار ئەحمەد و بە گشتی تیپی مووزیکی باواجیی کۆیە ‏ڕۆڵی گرینگیان لەو بووژانەوە و پەرەدانەدا هەبوو. لە سایەی ئەو هەوڵ و هاوکارییانەدا کۆمەڵێک بابەتی جوان لە ئەرشیڤی حیزبی دێموکراتدا تۆمار کران کە ‏بەشێکیان هەتا ئێستاش سەرتۆپی ئەو سروود و ئاوازانەن کە لە میدیاکانی حیزبدا بڵاو دەبنەوە. ‏یەک لەو سروودە بەناوبانگانەی کە ئەو سەردەم تۆمار ‏کرا و هەر ساڵ زیاتر و زیندووتر لە ساڵی ڕابردوو بڵاو دەبێتەوە، سروودی «بژی دێموکرات»ە.‏


‏«بژی دێموکرات» شێعری مامۆستا هێمنە کە ساڵی ١٣٢٤، واتە دوای دامەزرانی حیزبی دێموکرات نووسراوە. ڕاست پەنجا ساڵ دوای نووسرانی "بژی دێموکرات"، لە حاڵێکدا شێعرەکە لە چاپەکانی دواتری کتێبی "تاریک و ڕوون"دا کەوتبووە بەر تیغی سانسۆڕی کاربەدەستانی کۆماری ‏ئیسلامی و پاک کرابۆوە، لاوێکی دەنگخۆشی نیشتەجێی باشووری کوردستان، لە جێژنی یوبیلی زێڕینی دامەزرانی حیزبدا، شێعرەکەی کردبوو بە سروود و بانگی بژی دێموکراتی بە گوێی دۆستان و دوژمنانی ئەم حیزبە ‏و گەلی کوردستان دەگەیاند و پڕ بە گەرووی هەرای دەکرد؛
بە کوێری چاوی پیسی بێگانە
ئەمڕۆکە ڕۆژی جێژنی کوردانە
بژی دێموکرات..

ئەو لاوە دەنگخۆش و نیشتمانپەروەرە ئیسماعیل ئیبراهیم ناسراو بە سمایل شەیدا بوو. سمایل وێڕای شنۆخانی خوشکی هاموشۆی کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتیان دەکرد و لە جێژن و بۆنە حیزبی و نەتەوەییەکاندا، بە گۆرانی و سروودی نەتەوەیی تێکۆشەرانیان دڵگەرمتر دەکرد.

هونەرمەند سمایل شەیدا لەدایکبووی شاری کۆیە بەڵام بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بنەماڵەی باوکی کە بە شەنگە بەنێوبانگن لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی ئەحمەد بریوی سەردەشت بوون کە بە هۆی هاوکاری لەگەڵ ڕاپەڕینە چەکدارییەکەی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵانی ١٩٦٧ - ١٩٦٨ ئاوارەی باشووری کوردستان بوون. سۆفی خدری باوکی دایکیشی خەڵکی گوندی سۆغالوێی پیرانشار و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوو. باوکی ئیسماعیل لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستاندا، لەلایەن پیاوانی قاسماغای جاشی بەعسەوە لە شاری کۆیە شەهید کرا. سمایل پەروەردەی ئەو بنەماڵە تێکۆشەر و خەباتکارە بوو و هونەرەکەی خستبووە خزمەت ئامانجە نەتەوەییەکانییەوە. وەک هونەرمەندێکی دەنگخۆش کە هاوکات ئامێری دەفیشی دەژەنی، گەلێک گۆرانی و سروودی لەگەڵ تیپی باواجی کۆیە و کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان تۆمار کرد. دوای ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی وەک زۆرێک لە لاوانی باشووری کوردستان بە هۆی بێدەرەتانی و هەژاری، ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد و سەرەنجام لە وڵاتی ‏ئاڵمان گیرسایەوە. ئەو لە دەرەوەی وڵاتیش، ئەگەرچی بە جەستە لە حیزبی دێموکرات دابڕابوو و لە هاوڕێیانی حیزبی دوور بوو، بەڵام ڕۆحی لەگەڵ ئەم ‏حیزبەدا مایەوە. لەم ساڵانەی دواییدا سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشییەکی سەخت ببوو، دڵی هەر لای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەبات و ‏تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەم حیزبە بوو و بە سەرمایەی هەموو نەتەوەی کوردی دەزانی. بە جۆرێک کە ٧ ساڵ دوای هێرشی مووشەکیی سپای ‏پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧دا، پڕۆفایل و کاوێرەکانی سمایل شەیدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر وێنەی قەڵای ‏دێموکراتی بۆردوومانکراو، بەڵام ڕازاوە بە وێنەی پێشەوای نەمر و گڵکۆی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان بوو. سەرەنجام ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر، لە تەمەنی ٥٢ ‏ساڵیدا لە شاری هانۆفێری ئاڵمان بەو نەخۆشییە کۆچی دوایی کرد. ‏


هەواڵی کۆچی دوایی کاک سمایل شەیدا ئەگەرچی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی خەمبار و تاسەبار کرد بەڵام بێگومان ناو و یادی ئەو وەک ‏سروودی «بژی دێموکرات» تا هەتایە لە دڵی گەلەکەی و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا بە نەمری دەمێنێتەوە. ‏
ڕەوانی شاد و یادی هەرمان





۸/۰۸/۱۴۰۴

ڕۆڵی لاهووتی لە شکانی هێزەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر سمکۆدا

تاهیر قاسمی

"لاهووتی" یان "لاهووتی خان" ناسناوی یەکێک لە دەگمەنترین کەسایەتی و شاعیرانی کوردی فارسی‌نووسە کە ئەگەرچی هەتا ‏ئێستا زۆری لە بارەیەوە نووسراوە بەڵام هێشتا هەڵدەگری زیاتری لەسەر بنووسرێ و زۆر کەلێن و کەلەبەری ژیانی ئەو ‏کەسایەتییە هەن کە ئەگەر بپشکێندڕێن، شتی تازەیان تێدا دەبیندرێتەوە. یەک لەو بابەتانە، پێوەندیی نێوان شۆڕشەکەی ‏سمکۆ و ئەبولقاسمی لاهووتی‌یە.  ‎

ئەبولقاسمی ئیلهامی ناسراو بە لاهووتی ساڵی ١٨٨٧ لە شاری کرماشان لەدایک بوو. باوکی ئەحمەد ئیلاهی لەدایکبووی شاری تویسرکان، شاعیر، سۆفی و مریدێکی  شیعە مەزهەب بوو کە ئیشی کڵاشچنیی دەکرد. دایکی لە هۆزی قەڵخانی و بە ئایین  یارسان بوو. لە ژیاننامەی ئەبولقاسمی لاهووتی‌دا هاتوە کە ئەو لە سەرەتای لاوەتیدا، دوای ئەوەی پەڕیوەی شارەکانی ناوەندی ئێران ‏دەبێ، لە ژاندارمێریی شاری قۆم‌ دادەمەزرێ. ئەو کات ژاندارمێری لە ژێر سەرپەرەستیی ئەفسەرانی سوئێدی‌دا تازە دامەزرابوو و ‏هەر ئەوان بەڕێوەیان دەبرد. لاهووتی بە هۆی خوێندەواری و پیتۆڵیی خۆی زۆر زوو پلەکانی سەربازی لەو ڕێکخراوەدا دەبڕێ و ‏بۆ گەڕاندنەوەی تەکووزی و سەرکوتی چەتە و ڕێگران، تێدەکۆشێ و لە گەلێک چالاکیدا بەشداری دەکا. لە ماوەی چالاکییەکانیدا بەرەبەرە ‏لەگەڵ ئەفسەرانی سوئێدی دەکەوێتە ململانێ و سەرەنجام تۆمەتی کوژرانی چەند کەس، لەوانە ئەفسەرێکی سویدی دەدرێتە پاڵ. بەوەش بڕیاری ‏ئیعدامی بەسەردا دەسەپێ. ئەویش لە ترسان پەنا بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەبا. ماوەی نیزیک بە حەوت ساڵ لە شارەکانی باشووری ‏کوردستان لەوانە خانەقین، سلێمانی، مووسڵ و دواتر لە شاری ئیستانبووڵ دەمێنێتەوە. لەو ماوەیەدا خۆی فێری زمانەکانی ‏تورکی و فەرەنسی و ڕووسی دەکا و کۆمەڵێک جموجۆڵی ئەدەبی و سیاسیش لە خۆی نیشان دەدا. لەوانە چاپی سێ شێعر بە زمانی کوردی ‏لە گۆڤاری ژین‌دا کە ئەوانە تەنیا شێعرە کوردییەکانی ئەون کە ئێستا لەبەر دەست دان. ساڵانی ١٩٢٠ بە دواوە لە کاتێکدا کە ‏شۆڕشی سمکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشە و پەرەسەندندا بوو، لاهووتی بۆ ئێران دەگەڕێتەوە. ئەو لە ڕێی ڕەواندزەوە خۆی دەگەیەنێتە ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد. لەوێ لەلای حەسەناغای ‏مەنگوڕ (ڕەنگە مەبەست حەسەن ئاغای بایزپاشای مەنگوڕ بێ) دەمێنێتەوە‎. ‎

لەو سەردەمەدا کە سەرهەڵدانەکانی گێڵان و خۆراسان سەرکوت کرابوون، دەوڵەتی ئێران دەستی بۆ سەرکوتی شۆڕشەکەی ‏سمکۆ ئاوەڵاتر ببوو. بۆ ئەو مەبەستەش دوو هێزی ڕەوانەی ئازەربایجان و کوردستان کردبوو. هێزی یەکەم بە فەرماندەیی ‏ماژۆر مەحموودخانی پوولادین لە شەڕەفخانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی گۆلی ورمێ  جێگیر ببوو و هێزی دووهەمیش بە فەرماندەیی ‏ماژۆر حەسەنخانی مەلەکزادە لە شاری سابڵاغ مۆڵ درابوو. (کودەتای لاهووتی ل. ٣٤)‏

‎ ‎لە نێوەڕاستەکانی مانگی ڕەزبەر، لە حاڵێکدا کە حەسەنخانی مەلەکزادە خەریکبوو جێپێی هێزەکەی خۆی لە مەهاباد پتەو ‏دەکرد، سەر و گوێلاکی لاهووتی پەیدا بوو. مەلەکزادە لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەگێڕێتەوە: "... لە نووسینگەی فەرماندەیی ‏خۆم خەریکی کار بووم کە هەستم کرد یەکێک لە دەرەوە خەریکە لەگەڵ دەرکەوانەکە دمەقاڵە دەکا و دەڵێ مەلەک‌ گیانم ‏دەوێ... کە ڕوانیم، لاهووتیم بە جلی شڕ و دڕەوە چاو پێ کەوت. چاکەم لەگەڵ کرد و هێنامە ژوورێ، ڕوون بۆوە کە لەگەڵ ‏ئاغای ئەمیر حیشمەت و سەرهەنگ ئەفشار ئۆغڵو و دوو پلەداری دیکە لە تورکیاوە هاتوون و مۆڵەتی هاتنیشیان پێ نییە و لە ‏دوو سێ خاڵی سنووریش ڕێگایان نەداون تا چوونەتە نێو هۆزی مەنگوڕ و لەوێ حەسەناغای مەنگوڕ لای خۆی ڕایگرتبوو تا ‏مۆڵەت لە من وەربگرێ..". ".. ئەسپەکەی خۆمم لەگەڵ سێ ئەسپی دیکە بە دوای ئەمیر حیشمەت و ئەوانی دیکەدا نارد و ‏بوون بە میوانم. خێرا تێلگرافیشم بۆ والی کرد و بۆم نووسی کە لاهووتی لە ژاندارمێریدا بڕیاری ئیعدامی لەسەرە بەڵام چونکە لە ‏غەریبی‌دا بە قەد چەند جار ئیعدام سەختی و نەهامەتیی چاشتوە، وا باشە دەوڵەت لێی خۆش بێ و بۆخۆی دەیهەوێ لەگەڵ ‏ئەفسەرانی دیکە لە هۆردووی مندا خزمەت بکەن. پاش دوو سێ کاتژمێر ئاغای حاجی مۆخبێروسەڵتەنە جوابی دایەوە کە بۆ ‏ڕێز لە داوای بەڕێزت، دەوڵەت لە هەموویان خۆش دەبێ. ئەمیر حیشمەت بۆ تەورێز بنێرن و ئەفسەرەکان با بمێننەوە."  (ح. ‏ملکزادە هیربد، سرگذشت حیرت انگیز، تهران ١٣٢٨ ل. ٦٣ و ٦٤)‏

لە حاڵێکدا هێزەکانی دەوڵەت خەریک بوون خۆیان بۆ هێرش ئامادە دەکرد، سمکۆ دەستی خۆی ڕەپێش خست. بەرەبەیانیی ‏ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەر، واتە ڕۆژێک دوای هاتنی ئەمیر حیشمەت و لاهووتی، هێزەکانی سمکۆ پەلاماری سابڵاغیان دا.  ئەمیر ‏حیشمەت ڕەوانەی تەورێز کرا بەڵام لاهووتی و ئەفسەرەکانی دیکە لەگەڵ لەشکرەکەی مەلەکزادە مابوونەوە و ئامادەی ‏بەربەرەکانی بوون. ڕۆژی دواتر لە کاتی تەقە و لێکداندا، لوولەی موسەلسەکەیان لەبەر گەرما تەقی. مەلەکزادە داوا دەکا ‏‏"..ژاندارمێک بچێ لە عەمبارەکە لوولەیەکی یەدەک بێنێ بەڵام لاهووتی پێی دەڵێ با ڕادەی تەقەکەران کەم نەبنەوە و من ‏دەچم لوولەکە دێنم و... ئیتر هەر ئەو ڕۆیشتنە بوو و نەگەڕایەوە..". بەپێی نووسینی سەرهەنگ ئازەرتاش، لاهووتی دوای ‏بەجێهێشتنی مەلەکزادە.. دەچێتە کێوی داشامەجید و ئەو ئەفسەرانەی کە لەوێ دامەزرابوون [لەوانە ئەفشار ئۆغڵووی ‏هاوڕێی] تێدەگەیەنێ کە دۆخەکە زۆر خراپە، ئەوانیش تۆپ و تەقەمەنییان هەڵدەگرن و بەرەو میاندواو دەڕۆن..". بەم جۆرە ‏دوای چەند سەعات تەقە و لێکدانی قورس، بەرەنگاریی هێزەکانی ژاندارم تێکدەشکێ و زیاتر لە سێسەد کەسیان بە دەست ‏هێزەکانی سمکۆ بە دیل دەگیرێن."..

دوای هاتنی سمکۆ بۆ نێوسابڵاغ، لاهووتی چەند ڕۆژێکی دیکەش لە نێو شاردا دەمێنێتەوە. ڕۆژنامەی  "ئیتیحاد" لە بابەتێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی لاهووتی لەو شکستە و ڕووداوەکانی دواتردا کە بە ‏واژۆی "لاوێک لە لاوانی ئازادیخوازی ئازەربایجانی" نووسرابوو، ‏بڵاوی کردەوە؛ لاهووتی "ڕاستەوخۆ لە مووسڵەوە و لە ڕێی ڕەواندەزە هاتوەتە سابڵاغ و چەند ڕۆژ دوای داگیرکرانی سابڵاغیش ‏لەلایەن سمکۆوە، هەر وا لەو شارە ماوەتەوە..." (ڕۆژنامەی ئیتیحاد، ٢٥ی ثوری ١٣٠١). بێگومان مەبەستی نووسەر ‏پێوەندیی ڕاستەوخۆی لاهووتی بە کوردەکان و ئەگەری دیداری ئەو لەگەڵ سمکۆ بووە بەڵام  ئەوە کە چۆن بوو هێزەکەی سمکۆ ‏یەکسەر دوای  گەیشتنی لاهووتی و هاوڕێکانی هەڵدەکوتێتە سەر سابڵاغ و لاهووتی لە دوای هاتنی سمکۆ و هێزەکەی بۆ نێو ‏شار، چی کردوە و لە کوێ بووە و بڵێی چاویان پێک کەوتبێ، بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە‎. ‎

ماوەیەک دوای ئازادیی سابڵاغ، لاهووتی لە تەورێز سەر دەردێنێ و ئەمیر حیشمەت و هاوڕێکانی دیکەی دەگرێتەوە. لەوێ لە ‏نیزیکەوە "مخبر السلطنە" دەبینێ و بە شێعرێک داوای لێخۆشبوونی لێ دەکا؛ "زوڵمی لێم کرد چەرخی سپڵە، داد بدە تۆ دادوەر/ بۆ سزای ئەم چەرخە سپڵە، ڕێگای ئێرەم گرتە بەر"، مۆخبێروسەڵتەنە کە دەیزانی ژاندارمێری زۆر حوکمی ئاوای لە خۆڕا ‏دەرکردوە، گوێ بە حوکمەکە نادا و لاهووتی بە فەرمانبەر وەردەگرێ. ئەو دواتر نووسی کە بە ماژۆر لۆندبێرگی سویدیم سپارد کاروباری ‏بەڕێوەبەریی پێ نەسپێرن و بۆ ڕاوێژ کەلکی لێ وەربگرن. بەو حاڵەش لاهووتی لە سەرەتای سەرماوەزی ١٣٠٠ (٢٢ی ‏نۆڤامبری ١٩٢١) بە پلەی یاوەر (سەرگورد) وەردەگیرێ و وەک جێگری ماژۆر مەحموود خانی پۆلادین کە فەرماندەی گوردانی ‏موسەلسەل بوو، بۆ شەڕ لەگەڵ هێزەکانی سمکۆ ڕەوانە دەکرێ‎. ‎

لە مانگی سەرماوەزی ١٣٠٠دا دەوڵەت لەشکرێکی زۆری لە ژاندارمێری و هێزەکانی عەشایر بۆ سەر سمکۆ کۆ کردەوە. لە کۆتاییەکانی ئەو مانگەدا هێزێکی هەزار و پێنسەد کەسیی ژاندارم بە فەرماندەیی سەرهەنگ لوندبێرگی سویدی وێڕای هەزار ‏چریک لە هۆزەکانی ناوچە بە فەرماندەیی ئەمیرئەرشەد حاجی عەلیلو ڕەوانەی خۆی کرد. "له‌وێ له‌گه‌ڵ هێزی قه‌ره‌داغی چه‌ند ‏زه‌ربه‌ی کاریگه‌ر له‌ هێزی سمکۆ ده‌ده‌ن و ده‌بێته‌ جێگای شانازی بۆ ده‌وڵه‌ت و ئازه‌ربایجانیه‌کانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت" (سوئدیهای مقیم ایران ل.١٥٥). بەڵام ‏‏"سمکۆ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا هێزه‌که‌ی سه‌ریه‌ک خسته‌وه ‌و ده‌ستی کرد به‌ هێرش کردن‌. هێزی ژاندارمری به‌ به‌رپرسایه‌تی ‏سه‌رهه‌نگ لۆمبێری له‌گه‌ڵ هێزی سه‌رداری عه‌شایری قه‌ره‌داغی دژ بە هێزی سمکۆ که‌وتنه‌وه‌ شه‌ڕ و له‌م شه‌ڕه‌دا سه‌رداری ‏عه‌شایری قه‌ره‌داغی کوژراو و هێزی ژاندارمێری به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی سه‌رهه‌نگ لۆمبێری و جیگره‌که‌ی سه‌رگورد لاشون تێکشکان و ‏ به‌ره‌و شه‌ره‌فخانه‌ هه‌ڵهاتن. ته‌رمی قه‌ره‌داغیش ڕۆژێک بە ده‌ستی هێزی سمکۆوه‌ بوو. ئینجا هێزی سمکۆ دوای ژاندارمێری ‏که‌وتن و هه‌موو هێزی ژاندارمێریان تێکشکاند. پاش ئه‌م شکسته‌ پارێزگای ئازه‌ربایجان (مخبر السلطنه‌ هدایت) سه‌رهه‌نگ ‏لۆمبێری و لاشونی بۆ ته‌ورێز بانگهێشت کرد". (سوئدیها در ایران ل. ١٥٥). پاش ئەو پێکدادانە لەشکری دەوڵەت خۆی ‏نەگرت و زۆر بە قورسی تێکشکا. پاشماوەی هێزە تێکشکاوەکە بەرەو شەڕەفخانە پاشەکشەی کرد. لە شەرەفخانە، باری خراپی ‏دەروونیی سەربازە تێکشکاوەکان، سەرمای زستان و پێڕانەگەیشتن پێیان تێکەڵ بەو ناکۆکی و ناڕەزایەتییانە بوو کە لە ئەنجامی ‏تێکەڵکرانی هێزەکانی ژاندارمێری و قەزاقدا هاتبووە ئاراوە. بەم جۆرە بناخەی دەسپێکی کۆدەتایەک لەنێو هێزەکانی ژاندارمێریدا ‏دەستی پێ کرد کە ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٣٠٠ (٣٠ی ژانویەی ١٩٢٢) بە دەستبەسەرکردنی مەحموودخانی پولادین و ئەفسەرە ‏پاسەوانەکەی، چەخماخەی کۆدەتاکە لێدرا. فەرماندەکانی کۆدەتا لاهووتییان وەک سەرۆکی خۆیان هەڵبژارد و دەستیان ‏بەسەر تەورێزدا گرت. ئەو کات ساڵێک بەسەر سەرکوتی شۆڕشەکەی شێخ محەممەدی خیابانی و کوژرانی ناوبراودا ڕابردبوو و برینی ئەو سەرکوت ‏و کوشتنە بەسەر جەستەی خەڵکی شار و ناوچەکەوە هێشتا گەرم بوو. بۆیەش خەڵک تا ڕادەیەکی باش پێشوازییان لە کۆدەتا و ڕێبەرانی ‏کرد‎. ‎

ئاشکرایە کە کۆدەتاکەی لاهووتی لەژێر کارتێکەریی شۆڕشی سمکۆ و گوشاری هێزەکانی کورد بۆ سەر ئەرتەشی ئێران و دوو جار ‏تێکشکانی ئەو ئەرتەشەدا هاتە ئاراوە. بەڵام لەلایەکی دیکە خەڵکی تەورێز و دەوروبەر هێشتا نەیاندەزانی هەڵوێستی سمکۆ ‏سەبارەت بەو کۆدەتایە چۆن دەبێ و لەژێر پڕوپاگەندەی ئەو چەند ساڵەی دەسەڵاتدا، مەترسیی ئەوەیان هەبوو کە لەو ‏ئاڵۆزییەدا هێرش بکرێتە سەر شارەکەیان و تاڵان بکرێن. لەلایەکی دیکە، بەرەنگاریی توندی هێزەکانی سمکۆ ببوو بە هۆی ئەوە ‏کە حکومەت هێزێکی زۆر لە ئازەربایجان و دەوروبەری مۆڵ بدا و ئەو هێزانە بە خێرایی دژی کۆدەتاچییەکان بەکار بێنێ. دوا ‏جاریش فەرمان بە هێزێکی ژاندارمێری کە لە ئاردەوێڵ جێگیر کرابوو درا هێرش بکاتە سەر کۆدەتاچییەکان. سەرەنجام ڕۆژی ‏‏١٩ی ڕێبەندان (٨ی فێوریەی ١٩٢٢) واتە نۆ ڕۆژ دوای دەسپێکی کۆدەتا، هێرش کرایە سەر تەورێز و پاش تەقە و لێکدانێکی ‏کورتخایەن، شارەکە گیرا و کۆدەتا کۆتایی پێهات. ژمارەیەک لە سەرباز و فەرماندەکانی کۆدەتا کوژران و زۆربەشیان ‏دەستبەسەر کران بەڵام لاهووتی وێڕای ژمارەیەکی دیکە بەرەو جۆڵفا پاشەکشەیان کرد و دوای پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس، ‏پەنایان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت برد. ئیتر لاهووتی لەو سەفەرە نەگەڕایەوە. ماوەیەک لە نەخجەوان و دواتر لە تفلیس و باکۆ ‏مایەوە و پاشان چوو بۆ مۆسکۆ و سەرەنجام سەری لە دووشەنبەی پێتەختی کۆماری تاجیکستان دەرهێنا‎. ‎

ئەوە کە لاهووتی دوای حەوت ساڵ ئاوارەیی و مانەوە لە ئەستەمبووڵ، ڕاست لە جەنگەی پەرەگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی ‏نێوان سمکۆ و هێزەکانی دەوڵەتی ئێراندا گەڕایەوە بۆ ئەم وڵاتە و تەنیا ڕۆژێک دوای گەیشتنیشی بۆ سابڵاغ، شاهیدی هێرشی ‏هێزەکانی سمکۆ بۆ سەر هێزی دەوڵەت دەبێ و لە سەرکەوتنی هێزی کورد و تێکشکانی هێزی دەوڵەتدا ڕۆڵی گرینگ دەگێڕێ، ‏ناکرێ وەک ڕووداوی بە هەڵکەوت سەیر بکرێ. بە تایبەت کە دواتریش دەبینین ئەو ڕەوتی هاوکارییەی لاهووتی بە وەڕێخستن و ڕێبەریکردنی کۆدەتای تەورێز بەردەوام دەبێ. هەموو خاوەنڕایان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ‏هەنگاوەکانی لاهووتی بارودۆخی سمکۆ و شۆڕشەکەی زۆر بەهێز کرد‎.  ‎

‎ ‎محەممەدی تەمەددون کە دژی سمکۆ بووە، نووسیویەتی: «خەڵک کە بەهیوا بوون هێزی دەوڵەتی سمیتقۆ ڕام و بەردەست ‏بکا، کە خەبەری ڕاپەڕینی «لاهووتی» و کوژرانی «خاڵۆ قوربان» و ڕاکردن و بڵاوبوونی چریکەکانی ئەو و هاتنی سەید تەهایان ‏بیست بەجارێکی ناهومێد بوون. لەو لاشەوە کوردەکان بەو زاڵ بوونانە ئازاتر و باو خۆشتر و لەخۆباییتر بوون. ئەمجار سمیتقۆ ‏بێجگە لە بڵاو کردنەوەی ڕۆژنامەی کوردی «کورد» لە ورمێ ڕێکخراوێکی بۆ وەرگرتنی گومرگیش دروست کردبوو، لە هەر ‏شتێکی کە خەڵک لە ورمێڕا دەیانبردە شارەکانی تر (مەراغە، خۆ، تەورێز) گومرگی دەستاند و پەتەی چاپی بە کوردی دەدانێ. ‏کوژرانی خاڵۆ قوربان لە ڕۆژنامەی کوردەکان، کە بە ناوی کورد چاپ کراوە و بڵاو بۆتەوە، بەڵگەی بەنرخی تێدا هەن، ئێمەش ‏لێرەدا بڵاوی دەکەینەوە. (هێمن - پاشەرۆک؛ کارەساتی کوژرانی خاڵۆ قوربان)‏

هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە سمکۆ ڕاست بۆ هاوکاریی شۆڕشەکەی سمکۆ گەڕابۆوە بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە کوردبوون ناتوانێ هۆکارێکی پێوەندیی لاهووتی بە شۆڕشەکەی سمکۆوە نەبووبێ ئاستەمە لاهووتی ئەو هاوکاری و فیداکاریانەی تەنیا بە هۆی هەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی ئەنجام دابێ. هەرچەند مانەوە لە نێو کوردەکانی بندەستی ‏عوسمانی لەسەر لاهووتی بێ کاریگەری نەبوو و لە بڵاوکراوە کوردییەکانی ئەو بەشەی کوردستاندا چەندان شێعری بە زمانی کوردی بڵاو ‏کردۆتەوە کە نە پێشتر و نە دواتر شتی ئاوای لێ نەبیندرایەوە، بەڵام ئەو لەباری فکرییەوە کومونیستێکی توند و لەگەڵ ‏ئەوەشدا زۆر ئێرانیخواز بوو. تەنانەت لە یەکێک لەو شێعرە کوردییانەشدا کە لە گۆڤاری ژین‌دا بڵاوی کردۆتەوە، دەستی لەو ‏بانگەشەی ئێرانیخوازییە بەر نەداوە‎:‎

ئیران وەتەنی کوردە و کورد میللەتی ئیران

خەسمی لەگەڵ خاکی وەتەن زیللەت و نەنگە

هەر کەس کە دەڵێ کورد لە ئیران لێ جیا بوو،

یا خائینی کوردانە، وە یا شێت و جەفەنگە

وەک گوترا، لاهووتی کۆمۆنیستێکی توند و پێڕەوی بێ ئەملاوئەولای یەکێتیی سۆڤییەت بوو. باوەڕێک کە تا کۆتایی ژیانی پێی وەفادار مایەوە. دەگوترێ لە ١٩٢٠، واتە ساڵێک ‏بەر لە گەڕانەوەی بۆ ئێران، لە ئیستانبووڵەوە سەردانی باکۆی کردوە و وەک نوێنەری کۆمۆنیستەکانی ئێران لە کۆنفرانسێکی ئەواندا ‏بەشداریی کردوە. لەوێش لە نیزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی سۆڤییەت و کۆمۆنیستەکانی ئازەربایجان ئاشنا بووە. گومان دەکرێ ئامانجی لەو گەڕانەوەیە و هاوکاریی هێزەکەی سمکۆ بۆ شکاندن و لاوازکردنی لەشکری ئێران و دواجار وەڕێخستنی ‏کۆدەتایەکی کومونیستی لە تەورێز، لەژێر ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی بۆلشویکە تازە بە دەسەڵات گەیشتووەکانی سۆڤییەتدا بووبێ. بە ‏تایبەت کە دەبینین دوای شکان و پەنابردنی لاهووتی بۆ سۆڤییەت، لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرێ و لەو دەگمەن ‏ئێرانیانە بووە کە دوای پەنابردنی بۆ ئەو وڵاتە ئاوا بە گەرمی ڕێزی لێ گیراوە.  ‎

ژێدەر‎: ‎

کودتای لاهوتی - کاوە بیات

شەریف فەلاح؛ لاهووتی شاعیری لەبیرکراوی کورد

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ سوێدییانه‌ی دژی سمکۆ شه‌ڕیان کردووه‌ ـ حه‌مید ته‌یموری

لاهوتی و شاعران انقلابی - دکتر شروین وکیلی


بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...